ڕاپۆرتی کوردستانی

10:06 - 09/12/2019

مەلا صدیق عەبدولعەزیز لە دوودڵی دەستنوێژەوە بۆ دوو دڵی سیاسی و بڕیار‌

پەیسەر

ناوی صدیق عبدالعزیز كاتێك كەوتە ناوانەوە كە سەدام حسین لە جێگریی ئەحمەد حەسەن بەكرەوەلە ساڵی 1979 بوو بەسەرۆك كۆماری عێراق ، لەبەر ئەوەی ئەو ئاگاداریی ئیخوانەكانی عێراقی كردبوویەوە كە كاری سیاسی و حیزبی ڕاگرن، چوون ئەو دەمێك بوو دەیزانی خەریكی چین و ئەوانەشی كاری تێدا دەكەن كێن و دابەشبوونی جوگرافییان كوێیە؟

دوای ئەوەی ئیخوانی عێراق ڕێكخستنەكانی خۆیان ئاگادار كردەوە، ڕێكخستنی كاروباری نێو دەوڵەتی ئیخوان ڕەزامەندیی نواندو كاریان ڕاوەستاند، تا ئەو كات واجیهەی ئیخوان موسلمین لە كوردستان مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز بوو، ئەویش لە سنووری هەڵەبجەو شارەزوور پشتی بەكۆمەڵێك خەڵك بەستبوو كاری لەگەڵ دەكردن كە یەكێیكیان، مامۆستا صدیق عەبدولعەزیز ی برای بوو.

 

مامۆستا صدیق لەنێو پرۆسەی پەروەردەدا مامۆستای ئامادەیی ئیسلامی بوو لە هەڵەبجە، بەڵام لە ڕووی ڕێكخستنەوە ناوێكی دیارو بەرجەستە نەبوو، دوای ئەوەی لە گەڕەكی كانی عاشقانی هەڵەبجەو لە مزگەوتی مەلاساڵح و شێخ سمایلەوە كۆمەڵە گەنجێكی لە دەور كۆبوویەوە، لە ساڵی 1979 بڕیاری بەگەڕخستنەوەی كاری بانگەوازو ڕێكخستنی ئیخوان موسلمینیان درێژە پێدا، هەرچەندە لە لایەن كەسانی شارەزاو بەرپرسی ئیخوانەوە چەندین جار ئاگادار كراوەتەوە كە ئەو كارە نەكات، بەڵام درێژەی بەكاری ڕێكخستن و بانگەواز داوە، تا كارەساتی كیمیایی بارانی هەڵەبجە 1988 و ئاوارە بوونی زۆرینەی خەڵكی ناوچەكە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان، لە وڵاتی ئێران مامۆستا سەڵاحەدین محمد بەهادین هەندێك كاریان دەستپێكردبوویەوە، بۆیە ئیخوانەكان چووبوونە پێشەوە. تا ئەو كات بە (برایانی مامۆستا صدیق یاخود  بەبرایانی هەڵەبجە جیادەكرانەوە.

لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە بیانووی یەكڕیزیی و بچووكی ئۆردوگای ئاوارەكان، دووبارە كارەكانیان یەكخستەوەو لە ژێرناوی كاری هاوبەشدا هەردوو باڵیی ئیخوان موسلمینی كوردستان یەكیان گرتەوە، بە پێی وتەی ئەو كەسانەی كە لە گەڵ خەتی مەلا صدیق دا بوون كاری هاوبەشەكە -كاتی- بووەو تەنها بۆ نێوخاكی ئێران بووە، بەپێی پەیڕەو و پرۆگرامی گشتی ئیخوان موسلیمین، هەركەس‌و گروپێك لەئیخوان، لەوڵاتێكەوە كۆچبكەن بۆ وڵاتێكیتر، دەبێت بچنە ژێر بڕیارو ڕاسپاردەی بەرپرسانی ئیخوانی ئەو وڵاتەوە كە كۆچیان بۆ كردووە، لەم ڕووەوە سەلاحەدین بەهادین‌و باڵەكەی كە ڕێبەرایەتی ئیخوانیان لەئێران دەكرد، پێیانوابوو پێوویستە مەلا صدیق عەبدولعەزیز، پەیوەستبێت بەوانەوەو بچێتەوە ڕیزی برایانی ئیخوان لەوێ، ئەوانیش قبوڵیان كرد، بە بێ ئەوەی پۆستێك یان پەلەیەك بۆ مەلا صدیق دابنرێت و ئاشكرا بكرێت.

هەرچەندە كاری ژێربەژێری و نهێنی لەبەرامبەر یەكتریدا كراوەو تەنانەت ئۆردوگاكانیشیان لەنێو خۆیاندا دابەش كردبوو، بەڵام كارەكان بەڕواڵەتی پێكەوە بوو، تاراپەڕینی 1991دێتە پێشەوەو خەڵك دەگەڕێنەوە باشووری كوردستان، دووبارە كاری سەربەخۆ دەستپێدەكرێتەوە.ئیدی بەریەك كەوتن و ناكۆكی لەنێوان ئەو دوو باڵەكەی ئیخواندا چڕبوویەوە بە جۆرێك توانای شاردنەوە نەما، مزگەوتێك نەبوو كێشەی دووباڵەكەی ئیخوانی تێنەكەوێت و كۆڕو كۆبوونەوەیەكیش نەما باسی جیاوازی بیروبۆچوون و شەرعیەت و ناشەرعیەتی تێدا نەكرێت.

لەبەر ئەوەی كە ئیخوانی نێو دەوڵەتی مامۆستا سەڵاحەدینیان بە فەرمی دەناسی و پێشتریش ئمستەفا مەشهور لە تاران نامەیەكەی ئاگادار كردنەوەی دایوویە مەلا صدیق ، هەربۆیە جێگەیان لەناو ڕەسمیەتی ئیخوان موسلمین دا پێلەق بوو، هەر بۆیە دەبوو بیر لە ڕێگەیەكی دیكە بكەنەوە، سەرئەنجام بەشێك لە گەنجەكانی دەوروبەری مەلا صدیق دەستیان كردە كۆكردنەوەی بەڵگەو گەڕان بەشوێن ئەڵتەناتیڤێكی گونجاودا، بۆ ئەو مەبەستە گەشتێكی دوورو درێژیان بۆ چەند وڵاتێك دەستپێكردوو لە هەموو گەشتەكانیشدا (ئارام قادر) وەك بەرپرسی ڕێكخستنەكان لەگەڵیدا بوو دواتر لە رۆژی  22/1/1992 بزووتنەوەی ڕاپەرینی ئیسلامیی کوردستان ناسراو بە (نەهزە) ڕاگەیەنراكە صدیق عەبدولعەزیز وەك ئەمینداری ئەو حیزبە نوێیە دیاریكرا،  یەكێك لە كێشەكانی ڕاپەڕینی ئیسلامی ئەوەبوو كە خاوەنی ناسنامەیەكی دیاریكراوی خۆی نەبوو، كاری ئەوان بریتی بوو لە حاشاكردن لە ئیخوان موسلمین، بەڵام جارێكی دیكە كەوتنەوە بەردەم ونبوونێكی دیكەوە چوون نەیاندەزانی لەنێوان بزووتنەوەی ئیسلامی چەكدارو جیهادی و ئیخوان موسلمین دا كامیان هەڵبژێرن ، نەهزە شوێنێكی دیاریكراوو شوناسێكی زانراوی نەبوو، دەیانگون سەلەفین و جیهادین و پەروەردەیین و ... بەڵام هەموو ئەو شوناسانە خاوەنی خۆیان هەبوو، بۆیە كارو پێناسەكانی خۆناساندنیان بە خۆهەڵواسین دەچوو بەو دەستەو گروپە ئیسلامییانەی تردا.

بەمەبەستی دەرباز بوون لە نەبوونی شوناسی ڕاستەقینەو بچەند هۆكارێكی دیكە، كە گرنگترینیان دژایەتی كردنی باڵەكەی -عەلی باپیر-بوو لەناو بزووتنەوەی ئیسلامیدا و بەمەبەستی لاوازكردنی ئەو باڵە كە لە ژێر چەتری -مەكتەبی ڕێكخستن- دا كاریان دەكرد ، بزوتنەوەی ڕاپەڕین لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامیی یەکیان گرت كە لە لایەن دوو براوە (عەلی عەبدولعەزیز و صدیق عەبدولعەزیز)ەوە ڕابەرایەتی دەكران، بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامییان پێکهێناو پاش هەڵوەشاندنەوەی یەکبوونی ئیسلامی پەرتەوازەبوون و له‌ مانگی مایسی2001 دابه‌ش بوویەوە، كۆمەڵی ئیسلامی و جندالاسلام یان لێجیابوویەوەو بزووتنەوەی ئیسلامی هێندەی تر بچووك بوویەوە چوونكە زۆرینەی سەركردایەتیەكەی لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی و كادرە سەربازیەكانیشی لەگەڵ جندالاسلام.و بەشی زۆریان بەڕێبەرایەتی ئارام قادر لەگەڵ عەلی باپیردا کۆمەڵی ئیسلامییان دروستکردو لەم ساڵانەی دواییشداگروپەكەی ئارام قادر لەگەڵ دكتۆر بەرهەم ساڵح حیزبێكی نوێیان پێكهێنا بەناوی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی) و لە دوای گەڕانەوەی دكتۆر بەرهەم بۆ نێو زێدی خۆی كە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، ئارام قادرو گروپەكەی مانەوەو درێژەیان بە پرۆژەكەیان داوە. 

رۆڵی مەلا صدیق لەبزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامیدا جێگری براكەی (عەلی عەبدولعەزیز)بوو، بەڵام كاتێك رابەر كۆچی دوایی كرد، ڕاستەوخۆ بوویە ڕابەری گشتی. بەڵام كاریگەریی كوڕەكانی مامۆستا عەلی برا گەورەی ئەوەندە زۆر بوون كە دەرفەتێكیان بۆ ئەو نەهێشتبوویەوە بۆیە بەناچاری لە 2005 دەستی لەكار دەكێشێتەوە و لەماڵەوە دادەنیشێت. شایانی باسە ڕابەرایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی لەنێو بنەماڵەی مەلا عەبدولعەزیز پریسی نەچووەتە دەرەوە و ڕابەری یەكەم (مەلا عوسمان و دواتر مەلا عەلی وپاشان مەلا محمد مەلاعومەر، مەلا صدیق و لە ئێستاشدا عیرفان عەلی عەبدولعەزیزە).

بزووتنەوەی ئیسلامی هەرچەندە لەدوای جیابوونەوەكانی بووەتە حیزبێكی بچكۆلەو هیچ كاریگەرییەی لەسەر گۆڕەپانی كوردستان نەماوە، بەڵام بە پێی حوكمە مێژوو و ناوبانگی بنەماڵەی مامۆستا مەلا عەزیز لەناو خەڵكدا وەك نەریتێكی كۆمەڵایەتی هێشتا ڕێزیان لێدەگیرێت، ئەگینا كۆمەڵی ئیسلامی بووەتە خاوەنی زۆرینەی ئەو سەركردایەتی و ئەندامانەی كە پێشتر لە نێو بزووتنەوەی ئیسلامیدا بوون.

هەرچەندە كێشەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی لە قەبارەی خۆی گەورەتر بوون بەڵام توانیویانە هەوساری بڕیاردان لە دەستی بنەماڵەی پریسییەكاندا بهێڵنەوەو دواجار كوڕی ناوەنجی مامۆستا مەلا عەلی -حاجی عیرفان- بە ڕابەری ئەو حیزبە لە ساڵی 2012 وە هەڵببژێرنەوە، مامۆستا صدیق لەبارەی كۆنگرەی دەیەمی بزووتنەوەی ئیسلامی یەوە كە لە 2012 لە هەولێر بەستراوە، ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردوەتەوەو تیایدا ڕەنگدانەوەی كێشە ناوخۆییەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی و تەنانەت خانەوادەكەی خۆشیانی دەرخستووە، هەر لەو ڕەەنكردنەوەیەدا دەست لە كاركێشانەوەی خۆی لەو بزوتنەویە ڕاگەیاندووە. هەرچەندە هێشتا بە تەواوی یەكلایی نەبووەتەوە كە ئەو نامەیە بەو هەناسە توندەوە نوسراوە ئەو خاوەنی بێت بەڵام ئەوانەی شارەزای مێژووی بزووتنەوەی ئیسلامی بن دەڵێن: لەو سەروبەندەدا مامۆستا صدیق زۆر نیگەران بووەو خۆی نوسیویەتی، قسەیەكی دیكەش هەبوو لەو بارەیەوە گوایە كەسێكی تر نامەكەی نوسیوە بەناوی ئەوەوەو دواتر بڵاو بووەتەوە.

وازهێنان و دووركەوتنەوەی مەلا صدیق لە وەك رابەری گشتی هیچ كاردانەوەیەكی ڕاگەیاندن یان سیاسی و سەربازیشی لێنەكەوتەوە، بەڵام ئەوانەی لە نزیكەوە شارەزای دۆخەكە بوون ببوونە دوو بەشەوە، یەكێكیان پێیان وابوو باری كەوتووی بزووتنەوە بەكەسێكی وەك مامۆستا صدیق ڕاست نابێتەوە و پێویستی بە كەسێكی ڕادیكاڵ و گەنجەو بەشەكەی تریشی پێیان وابوو ئەوبێت باشترە لە حاجی عیرفان كە ڕكابەری یەكتری بوون، لەو نامەی دەست لەكاركێشانەوەیەدا كە وێنەیەكی لە میدیاكاندا بڵاو بووەتەوە هۆكارەكانی گەڕاندوەتەوە بۆ:

1-پرۆسەیەكی ناعادیلانە لەناو كۆنگرەی دەیەمدا پەیڕەو دەكرێت كە زۆرێك لە خەڵكە ماندووەكەی نێو بزووتنەوە دوورخراونەتەوە. هەرەچەندە خۆی دەڵێت مەبەستم لە خۆم نیە، بەڵام هۆكاری ڕاستەقینە ئەوەیە كە برازاكانی هیچ دەرفەتێكیان بۆ نەهێشتوەتەوە.
2-ململانێی ڕابەرایەتی ئەو حیزبە لەنێوان ڕابەری ئێستا (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز) و مامۆستا صدیق دابووە، بەڵام ئەو زۆر بە توندی هێرش دەكاتە سەر ئەو ڕكابەرەی كە ئێستا ڕابەرەو لە ڕونكردنەوەكەدا دەنوسێت: پاش وازهێنانم لە كاركردن لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی لە ساڵی 2005 لەسەر داوای برازاكانم (كوڕەكانی مامۆستا مەلا عەلی ڕابەری پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامی هەریەك لە محمد و عیرفان و ئیحسان) ڕازی بووم ببمەوە بەڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی، تا بەڵكو بتوانین كارەكە بەرەو پێشەوە بەرین و مناڵەكانی مەلا عەلی برایشم لە كاری نەشیاو بپارێزین.

3-هەرچەندە ناوبراو هیچ ئاماژەیەكی بە كارە نەشیاوەكانی ئەوكەسانە نەداوە بەڵام نیگەرانیەكانی دواتری نێو ئەو ڕوونكردنەوەیە نیشاندەری خەمێكی قووڵ و نەهامەتییە ڕانەگەیەنراوەكانی نێو بزووتنەوەی ئیسلامی ئەو كاتە بوون، چوون دریژەی پێداوەو گوتویەتی: كوڕانی مەلا عەلی برام (وەك كاری لە پێشینەیان) كەوتنە كار بۆ مەرامی تایبەتی و سەڵتەنەت خوازیی خۆیان و جارێكی تر بە(ناپاكانە) لەم كۆنگرەدا (كۆنگرەی دەیەم) سیناریۆكەی وەلانانی ڕابەری گەورە مامۆستا مەلا عوسمانیان دووبارە كردەوە، بۆیە من لێرەوە ڕایئەگەیەنم كە چیتر پەیوەندییم بە بزووتنەوەوە نەماوەو خۆم و زۆربەی بنەماڵەی مامۆستا مەلاعەزیز لە هەموو كارەكانی نەوەكانی م عەلی برام بێزار و بەرین. شایانی باسە پێشتر بەهۆكاری جیاواز لە ڕابەرایەتی دوور خرایەوەو ئەویش هەڵەبجەی بەجێهێشت و چووە شاری هەولێر، پاشان لە ساڵی 1997لە شاری لەندەن بەنەخۆشی كۆچی دوایی كرد.

4- مامۆستا سدیق عەبدولعەزیز ڕابەری پێشوو بزووتنەوەی كۆتایی ڕوونكردنەوەكەی بە دانپێدانانێك كۆتایی پێهێناوە كە پڕیەتی لە ماناو مەبەستی جۆراوجۆر كە دەڵێت: لە كۆتاییدا دەبێت دان بەوەدا بنێم كە هەموو ئەوانە لەسەر هەق بوون كە پێیان دەوتم تۆ چۆن بەو مێژووەی خۆتەوە لەناو كاری ئیسلامیدا ڕازی ئەبیت ، ببیتە ڕكابەری كەسێك كە لەوەتەی (دووگوێ)ی لێڕواوە ناسراوە بە خیانەت و كوتلەبازیی و تەنانەت گومان لە پابەند بوونی دەكرێت بە دینەوە.
ئەم كۆتاییەی نامەی دەست لەكار كێشانەوەكەی مەلا صدیق هیچی تێدا نەهێشتووەتەوەو ڕابەری ئێستای بزووتنەوەی ئیسلامی كە برازای خۆیەتی و كوڕی دووەمی مامۆستا مەلا عەلی عەبدولعەزیزە و تۆمەتباریی دەكات بەخیانەتكاریی و كوتلەبازیی لەناو خۆی حیزبەكەشدا، لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە كە گومان دەخاتە سەر لایەنی بیروباوەڕی و پابەندیی بە ئاینەوە.

 

كاری هاوبەشی ئیسلامی لەناو حیزبە ئیسلامیەكانی كوردستاندا خەمێك بووە بەردەوام پێشنیاری كادیرەكانی خوارەوە بووە، بۆ دامركاندنەوەی هەستی ئیسلامخوازانەی جەماوەرو نەهێشتنەوەی بیانوویان جاروبار گەرمی دەكەنەوەو چەند هەنگاوێك دەبڕێت ودواتر دادەمركێتەوە، بە پێی وتەی شارەزایان مامۆستا صدیق تا ئەو كاتەنەش كە نەخۆشی تەنگی پێهەڵنەچنیبوو، ئەوانەی سەردانیان كردووە، كاری هاوبەشی ئیسلامیەكانی بە پێویست زانیوە، بەڵام هێشتا ماوەتەوەو جێگەی نیگەرانی موسڵمانەكانەو سەركردەكانیش باكێكی ئەوتۆیان لێی نیە.

وەك شارەزایانی نزیك لەو كەسایەتییە باسی دەكەن مەلا صدیق هەر لە دەستنوێژگرتن و دابەستنی نوێژەكانی دوو دڵ و وەسواس نەبووە، بەڵكو لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی حیزبیشدا هەمان ئاكارو ڕەفتاری دوو دڵی ڕەنگی داوەتەوە، ئەو لە وازهێنانی لە ئیخوان موسلمین و دروستكردنی ڕاپەڕینی ئیسلامی و دروستكردنی یەكبوونی ئیسلامی و پاشان گەڕانەوە بۆ ڕابەرایەتی و دوا وێستگەش وازهێنانەكەی، لەنێو هەموو ئەو وێستگانەدا دوودڵی و یەكلایی نەبوونەوەی بەردەوامی هەبووە، هەرچەندە ئەو بەكەسێكی عەرەبی زان و ئایندارو خاوێن دادەنرێت لە ڕوانگەی گەندەڵی سیاسی و ئابوورییەوە بەڵام لە ڕووە سیاسییەكەوە بە سیاسیەكی دوو دڵ و وەسواس بەناوبانگ بوو.


 دواجار ئەمڕۆ 9/12/2019 بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکردو لە نێو ئاپۆرایەكی جەماوەرییدا لە گۆڕستانی گوڵانی خواروو لە تەنیشت براكانی تری كە هەموویان ڕابەری بزوتنەوەی ئیسلامی بوون بە خاك سپێردرا.

وێنەی ئەو دەست لەكاركێشانەوەو ڕونكردنەوەیە لە سایتی ناوەندی ئەیوبی بڵاوكراوەتەوەو ئەوانەی دەیانەوێت هەموو ڕونكردنەوەكە ببینن دەتوانن سەردانی ئەو لینكەبكەن