ڕاپۆرتی کوردستانی

01:39 - 10/12/2019

چەوساندنەوە لەژێر ناوی کارکردندا‌

پەیسەر

تایف تەحسین گەنجێکی ئێزدییەو تەمەنی ٢٠ ساڵانە، تایف تا مانگێک لەمەوپێش لە چێشتخانەیەکی ناو سلێمانیدا رۆژی حەوت سەعات کاری کردووە. لەبەرامبەر ئەو حەوت سەعاتەدا رۆژی تەنیا پێنج هەزار دیناری پێدراوە کە مانگی دەکاتە ١٥٠ هەزار دینار!
ئەم گەنجە کە خێزانەکەیان بەهۆی شەڕی داعشەوە هەڵاتوون و ئێستا لە کەمپدا دەژین، زۆر خۆشحاڵ بووە کاتێک ئەو ئیشەیان بۆ دۆزیوەتەوە لە چێشتخانەیەکدا مانگی بە ١٥٠ هەزار دینار. کەچی ئەویشی لە دەستداوە. کاتێک بۆ ئەم راپۆرتە قسەی کرد، تایف چاوەڕێی کارێکی نوێی دەکرد ئیتر کرێکەی هەرچەندبێ گرنگ نییە بۆی.
بۆ ئەوەی بگەڕێی تا گەنجانێک بدۆزیتەوە کە مانگانە بە پارەیەکی کەم کار دەکەن، ئەوا زەحمەتی زۆری ناوێ، چونکە لە زۆر شەقام و کارگە و چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستان لەو گەنجانە زۆرن کە کرێی مانگێکیان بەشی هیچ پێداویستییەکیان ناکات.
تایف لەو کرێیەی مانگانە پێیدراوە، بەشی ماڵەوەی لێداوەو ئەوەیشی کە ماوەتەوە دایناوە بۆ خەرجی رۆژانەی. کاتێ لێی دەپرسی ئایا بەشی چی دەکرد؟ ئەو وەڵام دەداتەوە " راستیت بوێ بەشی هیچ شتێکی نەدەکرد، بەڵام ئیتر هەر ئەوەبوو بێکار نەبووم و بۆ جگەرەو کارتی مۆبایل پارەی خۆم پێبوو. زۆر هەوڵمدا هاندێکی سمارتفۆنی نیو مواسەفاتیشبێ بکڕم، بەڵام هەر پارەم بۆ کۆنەبوویەوە"
تایف کە کرێی کەمی پێدراوە، لەبەر ئەوە نەبووە کە ئاوارەیە و ناچارە هەموو ئیشێک بکات، بەڵکو زۆرن ئەو گەنجانەیشی کە خەڵکی سلێمانی یان هەولێرن و مانگانە بە پارەیەکی زۆر کەم لە کارگە و چێشتخانەو نەخۆشخانەکانداکاری قورس دەکەن.



سەرکاری مافیا
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی پەیسەر، ئێستا جۆرێک لە شێوەی مافیا دروستبوون کە بەناوی "سەرکار"ــەوە کرێکار دەدۆزنەوە بۆ کارگە گەورەکان، ئەو سەرکارانە لەگەڵ خاوەنی کار یان کۆمپانیاکاندا رێک دەکەون و ژمارەیەک گەنج دەخەنە سەر ئیش، بەڵام لەنێوان خۆیاندا لەسەر پیدانی کرێ رێدەکەون و نیوەی کرێکە دەبەن بۆ خۆیان بۆ نموونە:
کاتێ سەرکار لەگەڵ خاوەنکار رێدەکەون کە مانگانەی کرێکارێک ٣٠٠ هەزار دیناربێ، ئەوا سەرکار تەنیا ١٥٠ هەزار دینار دەداتە کرێکارە گەنجەکەو ئەوی تری دەبات بۆ خۆی. لە بەرامبەر ئەو ١٥٠ هەزار دینارەدا، کرێکارەکە رۆژانە حەوت تا هەشت سەعات کاری قورسی پێدەکەن.
یان پاسەوان دانراوە بۆ کۆمپانیا و کافتریا و شوێنە گشتییەکان، بەڵام نیوەی کەمتری ئەو کرێیە دەدەن بە خودی پاسەوانەکە خۆی. بۆ نموونە گەنج هەیە رۆژانە هەشت سەعات پاسەوانە لە بەردەم کۆمپانیایەکی گەورەدا مانگی بە ٤٠٠ هەزار دینار، بەڵام سەرکارەکەی یەک ملیۆن دینار لە کۆمپانیا گەورەکە وەردەگرێ لە بری ئەو پاسەوانە!
شوێنی حەوانەوە و خواردنی کرێکاران، زۆر ناشایستە و نەگونجاوە. لە هاویندا زۆر گەرم و لە زستانیشدا سارد، بەڵام ئەوان ناچارن کە قبوڵی بکەن چونکە لەڕێی ئەو سەرکارەوە ئیشەکەیان دەست کەوتووەو ناتوانن لە قسەی دەر بچن. هەرکەسێک بیەوێ قبوڵی نەکات، ئەوا هەرزوو دەردەکرێ.
پاساوی هەموو کۆمپانیا و خاوەنکار و چێشتخانەکان ئەوەیە کە قەیرانی دارایی هەیە و داهاتیان کەمە، کەچی رۆژانە هەشت سەعات و هەندێجاریش زیاتر کار بە گەنجان دەکەن. لۆژیکی کاری دەڵێت: کار زۆربوو، بەرهەمیش زۆر دەبێ، کەچی لە کوردستان ئەم لۆژیکە خراوەتە پشتگوێ بەهۆی ئەوەی کەس نییە داکۆکی لەوانە بکات بە کرێیەکی کەم کار دەکەن.
عوسمان زیندانی چالاکوانێکی بەرگریکارە لە مافی کرێکاران لە شاری سلێمانی، راستی هەموو ئەو قسانە دەسەلمێنێ کە چۆن سەرکاری مافیا، لەگەڵ خاوەن کاری کارگە گەورەکان گەنجانی کرێکار دەچەوسێننەوە بە پارەیەکی زۆر و کرێیەکی کەم.

عوسمان کە سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیشە بۆ پەیسەر دەڵێت: "پیشێلکردنی زەقی یاسای کار هەیە، نەک هەر ئەوە بەڵکو چەوساندنەوەو ستەمکردنێکی زۆر هەیە لەسەر  هەندێک لەوانەی کار دەکەن لەپێناو کرێیەکی مانگانەدا. هەندێ لە کۆمپانیاکان کاتێ پرۆژەیەک دەگرنەدەست، دەرفەت لەوە دەهێنن کە گەنجێکی زۆر بە کرێیەکی بخەنە ناو پرۆژەکەوە".
عوسمان زیندانی تێبینی ئەوەیشی کردووە، هەندێک لەو گەنج و کرێکارانەی ماڵیان لە دەرەوەی شارەکانە، بۆ ئەوەی کرێ سەیارە نەدەن، رۆژانە ناڕۆنەوە بۆ ماڵی خۆیان، لەو شوێنانە دەمێننەوە کە بۆ کرێکاران دابینکراوە. لێرەش کاری زیادەیان پێدەکرێ بەبێ ئەوەی کرێی ئەو کاتە زیادەیان بدەنێ.
یاسای باش
لە کات و شوێنی کارکردن یان لە کاتی گواستنەوەی کرێکارەکاندا، زۆر بە کەمی رەچاوی پاراستنی گیانیان دەکرێ. بە تایبەت ئەوانەی بە کرێیەکی کەم کار دەکەن دەڵێن: بە هیچ جۆرێک خاوەنکار بیری لای ئەوە نییە کە مەترسیمان لەسەر هەیە یان نا. بۆ ئەوان گرنگ ئەوەیە ئیشی رۆژانەی راپەڕێنین!
کرێکار یان هەرکەسێک کە کارێک دەکات لەپێناوی حەقدەستدا، ئەگەر روبەڕووی کیشە بوویەوە یان ستەمی لێکرا، ئەوا یاسای ژمارە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧ هەیە کە هێشتا لە هەرێمی کوردستان بەرکارە. ئەم یاسایە بە جۆرێک دانراوە کە کرێ و سەلامەتی کرێکاری مسۆگەر کردووە.


بەڵام کاتێک چیرۆکی ئەو گەنجانە دەبینی بە پارەیەکی زۆر کەم کار دەکەن، تێدەگەی هیچکام لەوانەی ستەمیان لێدەکرێ یان ئەوانەی ستەم دەکەن، هیچ بایەخێک بەو یاسایە نادەن.
عارف حیتۆ بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەیسەر دەڵێت: بە یاسا چەسپاندوومانە کە نابێ کرێی مانگانە جا ئیتر هەر کارێکبێ لە ٢٨٥ هەزار کەمتربێ. بەڵام کە خاوەنکار و کرێکار پێوەی پابەند نابن، بەوجۆرەی لێدێت ئێستا دەیبیستین کە خەڵک هەیە مانگانە ١٥٠ هەزار دینار یان کەمتری پێدەدرێ.
عارف حیتۆ گوتی:" ئەگەر بەو رادەیە کرێی کەم بدرێ بە گەنجێک لەپێناو کارێکدا، ئەوە نایاساییە و بگرە هەندێجار ستەمکاریشە. ئێمە لەڕێی لیژنەیەک لە وەزارەتی کار، ساڵی ٢٠١٣ دیاریمان کردووە کە نابی کرێی کار کەمتربێ لە ٢٨٥ هەزار دینار. ئێستا بە نیازین ئەو بڕە زیاتر بکەن بۆ ٣٠٠ هەزار یان زیاتر. هەرکەسێکیش لەو پارەیە کەمتری پێدەدرێ دەتوانێ شکات بکات".

ئەم راپۆرتە لە ژمارە 6ی گۆڤاری پەیسەر لە 1ی12ی2019 دا بڵاوکراوەتەوە