ڕاپۆرتی کوردستانی

09:10 - 11/12/2019

لێڤی لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان چیدەکرد؟‌

بێرنارد هێنری لێڤی دەرهێنەری فەڕەنسی کە بە هۆی پشتگیریکردنی لە ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ی هەرێمی کوردستان، لای هەموو کوردێک ئاشنایە، سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستانی کرد.

 بێرنارد هێنری لێڤی لە تویتەرەکەیدا وێنەی خۆی لەگەڵ مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی –هەسەدە- و ڕێدوور خەلیل ئەندامی دەستەی ڕاگەیاندنی هەسەدە و نووری مەحمود گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل –یەپەگە- بڵاوکردەوە.

لێڤی لەسەر وێنەکە نووسیویەتی، 'لە کۆبانێ لە لای ڕاستم جەنەڕالی ئەفسانەیی مەزڵوم عەبدی – کۆبانێ هەیە. فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیە. شەرەفێکی گەورەیە کە دوژمنی ژمارە یەکی ئەردۆغان بیت.

هەروەها وێنەیەکی تریشی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان داناوە. لە سەر وێنەکەش نووسیویەتی، ' باوکی گەلی کورد، پێشمەرگە و پێشەنگی شەڕی سحێلا دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧. لە مێژوودا وەک شەڕڤانێکی گەورە بۆ ئازادی و مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە.

 

سەردانی بێرنارد هێنری لێڤی هاوکات بۆ هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی هەردوو پارچەی کوردستان لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا مشتومڕی زۆری ناوەتەوە.

زۆر کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا نووسیویانە، 'ئەرێ ئەم کەسە بۆ واز لە کورد ناهێنێت، سەری باشوری کرد بەقوڕا ،جا هەر ئەمەش بوو بەڵێنی کە ئیسرائیل پشتگیری ڕیفراندۆم و پارێزگاری لە کورد دەکات، وا بزانم بەتەمایە سەری ڕۆژئاواش لە قوڕنێت.'

پەیسەر پرێس لەبارەی سەردانەکەی بێرنارد هێنری لێڤی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان پەیوەندی بە بەرپرسێکی دیار و باڵای ڕۆژئاوای کوردستان کرد کە نەیویست ناوی ئاشكرا بکرێت.

ئەو بەرپرسەی ڕۆژئاوا ڕایگەیاند، لێڤی بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی سەردانی ڕۆژئاوای کردووە و هیچ پەیامێکی نە لە دەرەوە و نە لە هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژئاوای پێنەبووە. هەروەها هیچ پڕۆژەیەکیشی پێشکیش نەکردووە.

 

هەروەها باسی لەوەشکرد، سەردانی ئەم کەسایەتیە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان زۆر گەورە کراوە و بەو شێوەیە گرنگ نییە کە باسیلێدەکرێت و هیچ کاریگەریەکی لەسەر ڕۆژئاوا نییە.

بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش تا ئێستا هیچ زانیاریەکیان لەبارەی سەردانەکەی بێرنارد هێنری لێڤی بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا نەکردووە.

بێرنارد هێنری لێڤی لە کاتی ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ی هەرێمی کوردستان کە دواتر بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هاوکاری حەشدی شەعبی لە ناو کوردا ناسرا. لێڤی لە توێتێکدا کە لە ناو خەڵکی هەرێمی کوردستاندا زۆر بڵاوبووەوە، گوتبووی 'دەیسەلمێنم بەتەنها چیاکان دۆستی کورد نین'.

لێڤی پشتگیریەکی زۆری لە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان دەکرد و بانگەشەی ئەوەیدەکرد، وڵاتی ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە کورد دەکات و تەئکیدی لەسەر ئەوە دەکردەوە، دەوڵەتی کوردی دادەمەزرێنرێت. بەڵام بانگەشە و پێشبینیەکانی بە نە ک تەنها هەڵە دەرچوون، بەڵکو بووە هۆی ئەوەی کورد ژمارەیەکی زۆر ناوچە و شار بە تایبەتی شاری کەرکوک لەدەستبدات.

هەرچەندە دوای ڕووداوەکان لێڤی لە تویتێکدا ڕایگەیاند، 'خۆش بوو ئه‌و كاتانه‌ی پێشمه‌رگه‌ ته‌نانه‌ت به‌ خه‌یاڵیش له‌ چاوه‌ڕوانی خیانه‌تی ئه‌مریكا نه‌بوو'، هەروەها لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوەدادابوو 'حەشدی شەعبی کارەکانی سەدام لەدژی کوردستان تەواو دەکات. بەڵام بۆچوونەکەی نەیتوانی ڕیگا لە تۆڕەیی خەڵکی هەرێمی کوردستانی بگرێت و لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە ڕەخنەی زۆری لێکرا.

لە ساڵی ٢٠١٧ دا بێرنارد هێنری فیلمێکی بە ناوی پێشمەرگە بەرهەم هێنا و دوای ئەوەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان فیلمەکەی نمایشکرد وتی، " فیلمی پێشمەرگە ئەوە نیشاندەدات کە کورد چەند هێرشی تیرۆریستی پووچەڵکردووەتەوە بۆ سەر ناوچەکانی ئێمە، بەلام جیهان خیانەتی لە کورد کرد، ئەم فیلمە ئەوە نیشاندەدات کە جیهان قەرزاری کوردە و بۆچی خیانەتکردن لە کورد ئەوەندە شەرمە.

 

دواتر کتێبێکی بە ناوی 'کورد قاچێکی کۆترەکە' بڵاوکردەوە. کتێبەکە سەرەتای ئه‌مساڵ له‌ نیویۆرک چاپ کرا و لە کتێبەکەدا باسی لە خەباتی کوردستان بۆ رزگاری و ئازادی کردەوە و بە پشت بەستن بە بەڵگە سەلماندوویەتی کە زلهێزەکان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان پشتیان لە ملیۆنان مرۆڤ کردووە، کە سەوداسەری ئازادی و سەربەستین و نموونه‌ی ژیانێكی فره‌یی و كراوه‌یان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌.

نووسەر لە بڕگە جیاجیاکانی پەرتووکەکەیدا، باسى له‌ ريفراندۆمی سەربەخۆیی ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ی هەرێمی کوردستان كردووه‌ و له‌و باره‌يه‌وه‌ ره‌خنه‌ى له‌ هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا بە گشتیی و ئەمه‌ریکا بە تایبەت گرتووه‌.

بێرنارد هێنری لێڤی لە ساڵی ١٩٤٨ لە فەڕەنسا لەدایکبووە و بە یەکێک لە کەسایەتیەکانی بەرەی فەیلەسوفە نوێکان دادەنرێت. لە جیهان دەناسرێت و چەندین کتێب و فیلمی هەیە.