ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:29 - 14/12/2019

خامنەیی مافی ژیان بۆ ئەو ناڕازییانە بە ڕەوا نازانێ کە بڕوایان بە نافەرمانییە‌

پەیسەر

ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئەم دواییە و رووبەڕووبوونەوەی سەرکوتکارانەی توند و بێوێنەی دەوڵەت، کە تیایدا سەدان کەس گیانیان لە دەست دا و هەزاران کەس دەستبەسەر کران، دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێرانیان گۆڕیوە.

گومانی تیادا نییە کە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لەمەودوا دەگۆڕێت. سەرکوتکردنی خوێناوی و مەرگباری ناڕەزایەتییەکان و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لە رێگەی تەلەڤزیۆنی فەرمییەوە، دەستپێکی ئاراستەی نوێی دەوڵەتە.

دیارە کۆماری ئیسلامی لە رووی پێکهاتە و هەڵسوکەوتەوە، بەردەوام سیستەمێکی دەسەڵاتخواز و گشتخواز بووە و بۆ مانەوەی خۆی و پەراوێزخستنی ناڕازییان و رەخنەگرانی، بە پێی پێویست توندوتیژی بێپاساو و هێزی داپڵۆسێنەری بە کار هێناوە. بەڵام ئێستا وا دێتە پێش چاو بێتوانابوونی لە چارەسەرکردن و کۆنترۆڵکردنی قەیرانە گەورەکان و گرژییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیدا، وایکردووە دەوڵەت بەرەو ئەوە هەنگاو بنێت کە پەردە و سەرپۆشەکانی توندوتیژی هەڵماڵێ و ڕاشکاوانە بۆ بەکارهێنانی قورسترین توندوتیژی ئاشکرا، پاساو بهێنێتەوە.

 

خامنەیی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەکان و هێزی بەسیجدا، کە بە بۆنەی چلەمین ساڵیادی ئەو دامەزراوە شێوە سەربازییە ساز دراوبوو، جەختی لە سەر پەرەپێدانی چالاکییەکان و بازنەی کاریگەری بەسیج کردەوە و وتی:

"١- بەسیج لە هەموو گۆرەپانەکانی بەرگری سەخت، نیوە سەخت و نەرمدا ئامادە بێت و لە هەموو گەڕەکەکانی وڵاتدا بۆ رووبەڕووبووونەوەی رووداوە جۆراوجۆرەکان، ستراتیژ و تاکتیکی ئامادەی هەبێت. ٢- لە هیچ بوارێکدا ناخافڵ نەبن و هەوڵ بدەن لە هەموو گەڕەکەکاندا ئامادە بن. ٣- لە شەڕی نەرمدا بە شێوازی کاردانەوە مەجوڵێنیەوە، دیارە پێویستە وەڵامی دوژمن بدرێتەوە، بەڵام هەمیشە وەک یاریزانێکی لێهاتووی شەترەنج هەنگاوێک لە پێش دوژمنەوە بن و ئەکشن بجوڵێنەوە.٤- پێوەندی خۆتان لەگەڵ مزگەوتەکان بەهێز بکەن، چونکە بەسیج لە مزگەوتەکاندا لە دایک بووە. ٥- لەگەڵ ئەو کۆمەڵانەی هاوتەریبی ئامانجەکانی بەسیجن، لە زانکۆکان و دەروەی زانکۆکاندا یەکتر بەرز بکەنەوە و هاوکاری بکەن. ٦- بەسیج هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنیدا، چاپوک بێ و خۆی بە پابەندبوونە ئیدارییە باوەکان نەبەستێتەوە."

ئەم قسانە لەگەڵ بەکارهێنانی زاراوەی " شەڕانگێزەکان" بۆ ئەو ناڕازییانەی لە بەرامبەر بڕیاری ورووژێنەر و ناعەقلانی بەرزکردنەوەی لەناکاوی نرخی بەنزیندا، نافەرمانی مەدەنییان گرتە بەر، هەروەها داماڵینی واتای (مستضعف - هەژار) لە چینی (آسیب پذیر – ئەو چینەی کۆمەڵگە کە بە ئاسانی زیانی بەر دەکەوێت - لیقەوماو)، ئەو بۆچوونە بەهێز دەکات کە ڕابەری کۆماری ئیسلامی دەیەوێت دۆخەکە داخراوتر بکات و دەرفەتی زیاتر بە گەمەی باڵباڵێن لە ناو دەوڵەتدا بدات. (زاراوەی مستضعف – هەژار، لە کەلتووری کۆماری ئیسلامیدا زیاتر ئەو رەهەندەی بەرجەستە بووە کە پێشەوایانی مرۆڤایەتی و خەلیفەتوڵڵا، لە ناو ئەو چینەوە هاتوون، گوایە چیتر نایانەوێ ئەو زاراوەیە بۆ هەموو هەژارێک بەکار بێنن).

لەگەڵ ئەوانەیش ڕابەر بەردەوام جەخت لە سەر وشەی سەربازیی و گوزارشتی وەک (شەڕی ئەمنی) لە ئاست نائارامییەکانی ئەم دواییە دەکات، بەمەیش بە کۆمەڵگەی وت؛ هەڕەشەکانی پێشووی (کە وتبووی لە ئێران عاشوورا روو دەدات)، واتای سەپاندنی شەڕی ناوخۆ دەدەن، ئەگەر بێتو نافەرمانی و بەرگری مەدەنی پەرە بسێنێت.
لە روانگەی خامنەییەوە، ئەو بەشەی خەڵک کە بڕیارەکانی دەوڵەت وەرناگرن، هیچ مافێکیان نییە و بە ئاسانی دەکرێت لە ژێر ناوی پیاوی دوژمندا خوێنیان بڕژێنرێت، لەم قۆناغەدا بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، کە داوای دەکرد ناڕازییانیش لە پێناو وڵاتدا بەشداری دەنگدان بکەن، ئێستا خامنەیی مافی ژیان بۆ ئەو ناڕازییانە بە ڕەوا نازانێ کە بڕوایان بە نافەرمانییە.

لە قۆناغی نوێی سیاسیدا کە ئاستی خۆگربوونی دەوڵەت لە بەرامبەر ناڕەزایەتییە بژێویخوازانەکاندا گەیشتووەتە سفر، ئامرازی ڕابەر بریتییە لە بەسیج و هێزە تایبەتەکانی ئینتیزامی و سەربازیی کە ڕاهێنانی پێویستیان بۆ کۆنترۆڵکردنی شێواوی و ناڕەزایەتییەکانی ناو شارەکان پێ کراوە و بە ئامێر و کەرەستەی تایبەت پڕچەک کراون. لەم قۆناغەدا بڕیاری حکومەت ئەوەیە کە لە ئاستی سیاسەتی دەرەکیدا بەرگری بکات و تەنگانە داراییەکانی بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگا، تاوەکوو لە رێگەی پارێزکردنی ئابووری و بەکارهێنانی سەرچاوە داراییەکانی خەڵک و کەمکردنەوەی توانای کاڵا کڕینیان، لە بەرامبەر فشارە قورسەکانی ئەمریکادا خۆی رابگرێت.

قسەکانی ئەبولفەزل بەهرامی شارەزای مەزهەبیی تەلەڤزیۆنی ئێران کە لە بەرنامەی (آفتاب شرقی) کەناڵی یەکدا، لە چوارچێوەی شرۆڤەی قورئاندا خستنیە روو و پاساو و پێشنیاری بۆ کوشت و بڕی بەربڵاوی ناڕازییەکان دەدا، ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی پەردە و سەرپۆشی لاداوە و ڕاشکاوانە رایدەگەیێنێت؛ لە رێگەی بەکارهێنانی بەرزترین ئاستی توندوتیژییەوە، ناڕەزایەتییەکان لە حەمامی خوێندا دەگلێنێت. هەروەها ئازادییەکان زیاتر سنووردار دەکات و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیبوون پەرە پێ دەدات.

 

ئەم سیاسەتە لەگەڵ ئەوەی پێویستی بە ئاراستەیەکی نوێی سەربازی و گۆڕانکاریکردن لە پێکهاتە و جۆری ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە سەربازی و ئینتیزامییەکان هەیە، لە بواری دەسەڵاتی سیاسیشدا پێویستی بە کۆمەڵێک گۆڕانگاری هەیە. دەکرێ پێشبینی ئەوە بکەین کە دەوڵەت بەرەو تۆکمە بوون و تاکڕەنگبوونی زیاتر بڕوات.

هەرچەندە حەسەن ڕوحانی و حکومەتی میانڕەو بە تەواوەتی بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە خزمەتی دامەزراوەی ویلایەتی فەقێدایە و ببووە نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتی سەرکوتکردن، بەڵام هەڵوێستی لایەنە نزیکەکان لە ڕابەر و هەندێک لە فەرماندەکانی سوپا و پێشنوێژانی هەینی، ئاشکرای دەکەن کە لاوازکردن و سنووردارکردنی، خراوەتە پلانەوە.

لەم قۆناغە بە دواوە، ئەگەری زۆرە کە رۆڵی سوپای پاسداران لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، زیاتر بێ و هاتنە دی ئاواتی خەونئاسای ریفۆرمخوازان دوورتر بکەوێتەوە، کە ئەوەیش کردنەوەی دەرچەیەکی کراوەترە بۆ رکابەریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا لە لایەن دەوڵەتەوە. بە پێچەوانەوە دەوڵەت لە ئاست هەڵبژاردنەکاندا بەرەو داخرانی زیاتر دەروات و وا دەکات تەنیا هێزە بەوەفاکان بۆ دامەزراوەی ویلایەتی فەقێ بچنە ڕکابەری هەڵبژاردنەوە.

تێکەوتنی قڵشت و زۆربوونی دەنگەکان لە ناو بلۆکی دەسەڵاتدا، رووبەڕووبوونەوەی قورسی ئەمنی دژوار دەکات، چونکە پێدەچێت ببێتە ڕیسکێکی لە دەست دەرچوو. بە دوور دەزانرێ خامنەیی بەو ئاراستەیە نەڕوات کە لە پێناو جێگیرکردنی پێگەی دەوڵەت لە کەشی دوو جەمسەریی ئانتاگونیستی لە کۆمەڵگەدا، پێکهاتە و گوتاری ناو دەوڵەت تۆکم و یەکگرتوو نەکات. ئەم کارەیش لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی زیاتری سەرچاوەکانی دەسەڵات، بەڕێوەبردنی ئینتەرنێت، پەرەپێدانی تیۆری وەهمی پیلان و گوتاری بونیاتخوازی ئیسلامی شیعەوە دەکات. تەنانەت ئەگەر دەوڵەت لە ئاشتبوونەوە لەگەڵ ترەمپیش نزیک بێتەوە، کە ئەگەری ئەوە تا پێش دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ی سەرۆکایەتی کۆماری ئەمریکا لاوازە، هێشتا فشار لە سەر ناوخۆ بەردەوام دەبێ.

 

بەڵام ئایا خامنەیی دەتوانێ سیاسەتی نوێی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکات و لەم قەیرانە رزگاری بێت؟

چاودێریکردنی بارودۆخ و لێکۆڵینەوەی قووڵی رووداوەکان، لەو رووەوە گومانمان بۆ دروست دەکات، کە خامنەیی بتوانێ ئەو پارووە گەورەی ناویەتییە قوڕگی، بۆی قووت بچێت! وا دێتە پێش چاو سیستەمی دەستنیشانکردن لای خامنەیی تووشی شێواوی بووبێ و تووشبوونی بە وەهم و ماخۆلان کە لە رابردووەوە لەگەڵیەتی، چووبێتە قۆناغێکی هەستیارەوە. ئەنجامی ئەم دۆخە تایبەتە، دەبێتە لێکدانەوەی هەڵە.

خامنەیی قەیرانی زۆر و جۆراوجۆری لە پێشدایە. یەکەم، ئاستی پشتگیریکردن لە رووبەڕووبوونەوەی قورسی ئەمنی، لە ناو باڵەکانی دەوڵەتدا نزمە، هەرچەندە ڕۆحانی و بازنەی بەرتەسکی میانڕەوەکان بە تەواوەتی لەگەڵ خامنەیی هاوتەریب بوون، بەڵام لە بەرامبەردا ئەنجامی کاردانەوەی ریفۆرمخوازان ئاشکرای دەکات کە وەرگەڕانێکی راشکاوانەیان هەیە و بەرەو دوور کەوتنەوە لە دەوڵەت و ئاراستە وەرگرتن لە رێکی بەرگریکردن لە مافەکانی ناڕازییان چوون.

ئاستی نارەزایەتی لەو توندوتیژییە زۆرەی بەکار هێنرا، تەنانەت لە ناو ستافی دەوڵەتیشدا ئاستێکی شوێنی سەرنجە. بە پێی کۆمەڵێک هەواڵی نافەرمی بەشێک لە پێگە کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەت و تەنانەت هێزەکانی بەسیج، هێشتا لە حاڵەتی شۆکدا ماونەوە و بە واتا دۆخەکەیان بۆ روون نەکراوەتەوە.

ناڕازیبوونی مەرجەعە باڵاکانی سەر بە دەوڵەت لە گرانکردنی نرخی بەنزین و داواکارییان بۆ هەڵوەشانەوەی، بە هۆی تێکەڵبوونی خامنەیی بە بابەتەکە، سەرنجێکی ئەوتۆی رانەکێشا کە دیارە ئەمەش گومان دەخاتە سەر سەرکەوتووبوونی بڕیاری بە یەکپارچە کردنی دەوڵەت و بەسیج و هەموو هێزەکان بە مەبەستی بەکارهێنانی زۆرترین ئاستی توند و تیژی. ئەم مەرجەعە باڵا ناڕازییانە، وەکوو عەلەوی، گورگانی، حسێن نووری هەمەدانی و ناسر موکارم شیرازی، دوای پشتگیریکردنی خامنەیی لە بڕیاری سەرۆکەکانی هەر سێ دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دادوەری و یاسادانان بۆ گرانکردنی نرخی بەنزین، هیچ گۆڕانکارییەکیان لە هەڵوێستی ناڕازییانەی خۆیاندا نەکرد. لەمڕووەوە دەکرێ هەڵوێستەکەی خامنەیی بەرئەنجامی بەئاگابوون و نیگەرانبوونی لەوە بێت کە لە ناوخۆی بلۆکی دەسەڵاتدا، بە هۆی نەبوونی پشتگیری لە بڕیارەکە، لێکپچڕان بێتە ئاراوە.

 

ئۆپۆزیسیۆنی رووخێنەریش چالاکتر بووە و هەستیاریی دەرەکی زیادیان کردووە. هەستی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش بریندار بووە و ئاستی ناکۆکییان لەگەڵ سیستەمی سیاسی زیاتر بووە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، بە دوور دەزانڕێ کە توند و تیژینواندنی  دەوڵەت بێسنوور بێ. تایبەتمەندییە کلتوورییەکانی ئێران و تێکسمراوبوونی کۆمەڵگەی ئێران، تەنگەبەری و باریکەڕێی جدیی وا دەخەنە بەردەم هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ، کە پەڕینەوە لێیان کاری لە کردە نەهاتوو بێت. هەموو کات ئەگەری ئەوە هەیە چڕکردنەوەی توندویژی، ببێتە هۆی نزیکبوونەوەی سیستەمی سەرکوتکار لە خاڵی شکست و داڕمانی. بیرکردنەوەیەکی وا کە دەرفەت بۆ توندوتیژینواندن گونجاوە، بە رێژەیەکی زۆر بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە.

لە لایەکی دیکەوە دەکرێ پەرەپێدانی سەرکوتکاری، چەند بەشێکی ناڕازییان بەرەو رووبەڕووبوونەوەی تەواو ببات و لە ئەنجامدا کۆمەڵگە ترسی بشکێ و بە هۆیەوە دەستپێشخەری حەماسی لە لایەن ناڕازییانەوە سەر هەڵبدات، کە دەکرێ ئەوە ترس و تۆقان بە سەر کۆڵەکەکانی سیستەمی سەرکوتکاردا زاڵ بکات و بەو هاوسەنگبوونە، ئامرازی تۆقاندن لە بەرژەوەندی ناڕازییان بگۆڕێت. بە تایبەت ئیستاکە هێزگەلێک بەرامبەر حکومەت وەستاون کە سیفەتی خەباتکاری و شەڕکەربوونیان بەرچاوترە.

کەواتە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانەی شرۆڤەم کردن، بڕیاری حکومەت بۆ توند و تۆڵکردنی زیاتری دۆخەکە و سەپاندنی کەشی پۆلیسی بە بڕیارێکی یەکلابووەوە دێتە پێش چاو، بەڵام ئەگەری سەرکەوتنی لە بەزاندن و بێدەنگ کردنی ناڕەزایەتییەکاندا، ناڕوونە و گومانی جدی لە سەرە.
وەرگێڕ: شەهرام عەبدوڵا
سەرچاوە: فەردا