ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:49 - 14/12/2019

ئایا سودانی دەبێـتە سەرۆك وەزیرانی عێراق؟‌

پەیسەر

ماوەیەكی زۆرە خۆپیشاندانەكانی خەڵكی عێراق به‌رده‌وامن، هەر رۆژەی لەلایەكەوە باس لە گۆڕانكارییەكان دەكرێت و یەكێكیش لەو داواكارییانە گۆڕینی پۆستە باڵاكانی عێراقە، لەناو ئەوانەشدا پێداگریی زۆر لەسەر گۆڕینی سەرۆك وەزیران دەكرێت، ئەڵبەت گۆڕینێك لە دەرەوەی ماڵی شیعە نەبێت لەبەرئەوەی بەركەوتەی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كە بریتیە لە دابەشكردنی هەر سێ سەرۆكایەتیەكە لەنێوان كورد و سونە و شیعەدا، كە یەكەمیان سەرۆك كۆماری بەردەكەوێت و دووەمیان سەرۆكی پەرلەمان و ماڵی شیعەش سەرۆك وەزیران.
لەم رۆژانەدا ناوی محەمەد شیاع سودانی لە نێو میدیا و سۆشیاڵ میدیادا زۆرتر بەرگوێ دەكەوێـت، ئەو ناوەش شەقامی شیعەكانی بەتایبەتی دابەشكردووە، سودانی ناوێكی دیاری نێو كایە سیاسیەكانی عێراقە، پێش پرۆسەی ئازادی عێراق كاروچالاكی سیاسی لەناو حیزبی دەعوە ئەنجامداوە و لەو پێناوەشدا باوكی و چەند كەسێك لە خێزانەكەی لە سێدارەدراون. كەچی ماوەیەك دوای ئەوە بووەتە بەڕێوەبەری فەرمانگەی كشتوكاڵ لە سەردەمی بەعسدا.


ساڵی 2003 بەداوەو دەردەكەوێتەوە و چەندین پۆست وەردەگرێت، گرنگترینیان: ساڵی 2009 بۆ 2010 بووەتە پارێزگاری میسان لە باشووری رۆژهەڵاتی عێراق، ساڵی 2010 بۆ 2014 بووەتە وەزیری مافەكانی مرۆڤ و 2014 بۆ 2017 وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی بووە، ساڵی 2016 وەزارەتی پیشەسازیی و بازرگانی و مافەكانی مرۆڤی بە وەكالەت بەڕێوەبردووە.
سودانی 1970 لە بەغدا لەدایكبووە، تەمەنی 10 ساڵان بوو كە حیزبی بەعس باوكی و پێنج كەسی خێزانەكەی بە تاوانی ئەندام بوون لە ڕێكخستنەكانی حیزبی دەعوە لەسێدارەدا، ساڵی 1991 بەشداری خۆپیشاندانەكانی باشووری عێراق –ناسراو بە شەعبانیە- كردووە و ڕۆڵی سەرەكی هەبووە لەو خۆپیشاندانانەدا، بەڵام دیار نیە لەدوای ئەو خۆپیشاندانانە چۆن ڕێگەی دراوە ببێتە بەڕێوەبەری فەرمانگەی كشتوكاڵی میسان، لە كاتێكدا بەعس و هەموو خەڵكیش دەیانزانی كە كوڕی كێیە و ئاڕاستەی بیركردنەوەی خێزانەكەشیان چۆنە، بە پێی قسەكانی خۆی بێت بەردەوام بووە لە كارەكانی لە حیزبی دەعوەدا تاساڵی 1997. سودانی تا   2003  لەپۆسته‌كه‌یدا ماوه‌ته‌وه‌، پاش ئازادبوونی عێراق بووەتە هاوكاری ڕێكخراوی فاوی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵ.
 بڕوانامەی بكالۆریۆسی لە زانستی كشتوكاڵدا بەدەستهێناوە، ماستەری هەیە لە كارگێڕیی پرۆژەكان. ساڵی 2004 بووەتە قایمقامی شاری عەممارە، پاشان لە ساڵی 2005 بووەتە كاندیدی حیزبی دەعوە لە ئەنجومەنی پارێزگای میسان و ساڵی 2009 بۆ جاری دووەم هەڵبژێردراوەتەوە بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی هەمان پارێزگا.
دوای ئەوەی لیستەكەی نوری مالیكی لە 2009 لە پارێزگای میسان سەركەوتنی به‌دەستهێنا و زۆرینەی دەنگەكانی برد، لە 21ی نیسانی 2009دا وەك كەسی یەكەمی ئەو پارێزگا دەوڵەمەندەی باكووری عێراق دەستبەكاربووە.
ئەوانەی نیگەرانی هاتنە پێشەوەی سودانین، ئەوە دەخەنەوە پێش چاو كە چەند جارێك تاقیكراوەتەوە و نەیتوانیوە كارێك بكات جێگەی سەرنجی ئەرێنی خەڵكی عێراق بێت، چوون لە سەردەمێكدا كە ئەو وەزیری مافەكانی مرۆڤ بووە زۆرترین پێشێلكاریی بەرامبەر بە خەڵكی عێراق كراوە، ئەوە لە كاتێكدا چەندین تۆمەتی گەندەڵی لەسەر بووە. لە هەمان كاتدا ناوبراو ماوەیەك بەر لە ئێستا وەك كەسایەتی سەربەخۆ خۆی ناساندووە گوایە دەستی لە حیزبی دەعوە كێشاوەتەوە، بەڵام ئەوانەی شارەزای كەسایەتی سودانین پێیان وایە یارییەكی نوری مالیكییە و هیچی تر.


وەك رۆژنامە ئەلیكترۆنیەكان باسی دەكەن لە كاتێكدا سودانی وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بووە زیاتر لە 400 كەسی لە خزم و كەسوكارەكەی خۆی دامەزراندووە. بە فەرمانی وەزارەتەكەی دوو كەسی كردووەتە بەڕێوەبەری گشتی و لەبەرامبەر ئەوەشدا بۆ هەریەكێك لەوانە دووسەد هەزار دۆلاری وەرگرتووە، پاشان 1600 توێژەری كۆمەڵایەتی دامەزراندووە و لەڕێگەی دەڵاڵەكانییەوە هەر كەسێكیان 4000 دۆلاریان لێوەرگیراوە. لە هەمانكاتدا مامی خۆی بەناوی فوئاد سودانی كردووەتە بەرپرسی تەندەرەكانی سەرجەم پرۆژەكان و سەرجەم پرۆژەكان بە واژۆی ئەو كراون.
بەپێی سەرچاوەكان باس لەوە دەكرێت سودانی بۆیە ماویەك له‌مه‌وبه‌ر دەستی لەكار كێشاوەتەوە بۆ ئەوە بووە مالیكی و ماڵی شیعەی عێراقی بە پشتیوانی ئێرانیەكان كاریان بۆ ئەوە كردووە بیهێننە پێشەوە وبیكەنە سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق، لەناوخۆی عێراقدا لە ڕووی سەربازیشەوە حەشدی شەعبی و هێزەكانی بەدر پشتیوانی لێدەكەن.
لە سەروبەندی تەواو بوونی ماوەی یاسایی حەیدەر عەبادیدا باس لەوە دەكرا كە سودانی ببێتە جێگرەوەی عەبادی، بەغداد پۆست باسی لەوە كردووە كە هەردوو باڵیۆزی بەریتانی و تارانی لە عێراق بە نھێنی لەگەڵ نوری مالیكی كۆبوونەتەوە و سەرۆكی میلشیای بەدر و هادی عامری و عەمار حەكیم سەرۆكی ڕه‌وتی حیكمە هەموویان كۆكبوون لەسەر ئەوەی كە سودانی ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام دواجار ڕێگری كراو لە ئەنجامی بەریەككەوتنی ماڵی شیعەی عێراق لەسەر دانانی ڕێكنەكەوتن و درایە دەست عادل عەبدولمەهدی.
جێگەی ئاماژەیە كە ماوەی 12 ساڵە پۆستی سەرۆك وەزیران لەدەستی شیعەكاندایە و لەناو كاندیدەكانی خۆیاندا سەرقاڵی ئەوەن كە ئەو پۆستە یەكلایی بكەنەوە بۆ سودانی و ئەوانی دیكە بخەنە لاوە.
بەو پێیەی كە لە ئەزموونی چەند ساڵەی هەڵبژاردنەكانی دوای 2003وە وەرگیراوە، ئێران ڕۆڵی كاریگەری هەیە لەیەكلاكردنەوەی پۆستە هەستیارەكانی عێراق چاوەڕواندەكرێت سودانی ببێتە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق.


بەشێك لەو كەسانەی كە لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە رەتیدەكەنەوە سودانی ببێـتە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پێیانوایە ناوبراو لەتارانەوە بۆ بەغدا دیاری دەكرێت، ئەوانە پێیانوایە ئێران ڕۆڵی سەرەكی هەیە لەو گۆڕانكاریانەدا و دەست لە بەرۆكی عێراق بەرنادات، شایانی باسە خۆپیشاندانەكانی عێراق بەشێكی زۆری لە دژی دەستێوەرادنەكانی ئێرانە لە عێراق و بۆ ئەو مەبەستەش هەردوو كونسوڵخانەی نەجەف و كەربەلایان سووتاند وەك ناڕەزایی لەدژی ئێران.
پرسیار ئەوەیە ئاخۆ سودانی دەبێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق؟ ئەگەر سەری گرت چی لە ڕەوشی گشتی عێراق دەگۆڕێت، ئەمە لە كاتێكدا چەندجارێك لە دەسەڵاتی باڵای حكومەتدا تاقیكراوەتەوە و وەك كەسایەتیەكی ئەرێنی دەرنەكەوتووە؟