ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

08:42 - 14/12/2019

داودئۆغلۆ دەیەوێت پشتگیری، ئەرمەنی، ڕۆم و سوریانیەکان بەدەستبهێنێت‌

ئەحمەد داودئۆغلۆ یەکێک لە دامەزرێنەرەکانی پارتی داد و گەشەپیدان –ئاکەپە- و سەرۆک وەزیری پێشووی توركیا، لە ئەنقەرە و لە ڕێوڕه‌سمێكدا كه‌ ڕۆژی هەینی به‌ڕێوه‌چوو پارتە نوێکەی بە ناوی (پارتی داهاتوو) ڕاگەیاند.

 پارتەکەی داودئۆغلۆ کە بە دروشمی (ئێمە داهاتوویەکمان هەیە) بە فەرمی هاتە ناو مەیدانی سیاسەتەوە، بۆچی و لە چ ڕوویەکەوە لەگەڵ ئاکەپە ناکۆکی هەیە؟ چ چینێک و چ پێکهاتەیەک پشتگیری لێدەکەن؟ ئایا وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکات، بۆ ڕێگریکردن لە دەسەڵاتی تاکڕەوانەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سیاسەت دەکات؟

داودئۆغلۆ دەیەوێت پشتگیری، ئەرمەنی، ڕۆم و سوریانیەکان بەدەستبهێنێت
نەزیح ئونور کورو مامۆستای زانکۆی کۆچ بۆ لێکۆڵینەوە و سیاسەت لەم بارەیەوە بە ماڵپەڕی یورۆنیوزی ڕاگەیاندووە، ئەحمەد داودئۆغلۆ کە بە جێبەجێکردنی هزری ئیسلام – تورک و سیاسەتی عوسمانی نوێ دەناسرێت، دەیەوێت پشتگیری، ئەرمەنی، ڕۆم و سوریانیەکان بەدەستبهێنێت. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە دەیەوێت پارتەکەی بە تەنها گوزارشت لە هێڵی تورک – سوننی نەکات. لە مێژووی تورکیادا ئەمە یەکەمین هەنگاوە کە لەلایەن پارتێکی تورکیەوە دەنرێت.

کورو باسی ئەوەش دەکات، کەسە سیکۆلارەکان و نەژادپەرستەکان بە هیچ شێوەیەک پشتگیری لە پارتی داهاتووی داودئۆغلۆ ناکەن، بەڵکو ئەو کەس و گروپانەی کە لەگەڵ سیاسەتەکانی ئاکەپە/مەهەپە ناکۆکن و گۆشەگیرکراون و ئەو لایەنانەی کە پێشتر لە ئاکەپە جیابوونەتەوە و لە گۆڕەپانی سیاسەت دوورکەوتوونەتەوە، له‌گه‌ڵ هەندێک لە کوردەکان پشتگری لە ئەحمەد داودئۆغلۆ دەکەن.

 

نەزیح ئونور کورو پێیوایە هاوپەیمانی گەل کە لە پارتی گەلی کۆماری –جەهەپە- و پارتی باش –ئیی پارتی- پێک دێت و پارتی دیموکراتی گەلان –هەدەپە- بەهۆی جەماوەرەکەیەوە شوێن پێی خۆیان بەهێز کردووە و پارتەکەی دادئۆغلۆ ناتوانێت ڕکابەرایەتیان بکات، تەنها پارتێک کە وادیارە دەبێتە ڕکابەری، پارکەتەکی عەلی باباجانە کە ئەوەندەی نەماوە ئەویش ڕابگەیەنرێت.

هەروەها دەڵێت، ئەگەرێکیش هەیە پارتی داهاتوو بە سەرۆکایەتی داودئۆغلۆ و بە پشتگیری ئیبراهیم تورهان سەرۆکی پێشووی بورسای ئەستەنبوڵ کە کەسێکی بەهێزە و ژمارەیەک پەرلەمانتاری پێشوو و کەسایەتی بیرۆکرات، هەڵمەتێک بێت لەدژی عەلی باباجان کە پێشبینی دەکرێت بە شێوەیەکی زۆر بەهێز بێتە ناو مەیدانی سیاسەتەوە.

دادوئۆغلۆ پێشتریش لەگەڵ ئەردۆغان ناکۆک بوو
عوسمان سەرت بەڕێوەبەری ئینستیتوی لێکۆڵینەوەی ئەنقەرە کە ماوەیەک ڕاوێژکاری ئەحمەد داودئۆغلۆ بوو لەبارەی هۆکارەکانی جیابوونەوەی داودئۆغلۆ بۆ یۆرۆنیوز قسەی کردووه‌.

سەرت دەڵێت، داودئۆغلۆ پێشتریش ڕەخنەی لە دەسەڵاتی ئەردۆغان دەگرت. بە تایبەتی لەگەڵ دانانی قەیومەکان نەبوو، هەروەها چەندین جار دژایەتی خۆی بەرامبەر دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان پیشانداوە. بەڵام ئێستا شتێکی جیاواز هەیە. ڕەخنە ده‌گرێت و جێگرەوەشی بۆ قسەکانی هەیە. واتە پرۆگرامێکی داناوە و هەوڵ دەدات لەگەڵ هاوڕێکانی کار بکات و تاکڕەوانە هه‌نگاو نه‌نێت. ئەمەش دەتوانێت ڕێخۆشكەربێت بۆ ئەوەی پارتەکەی فراوان و بەهێزتر ببێت.

 

هەروەها باسی ئەوە دەکات، قسەکانی داودئۆغلۆ کە باس له‌ پەروەردە بە زمانی دایک، خۆبەڕێوەبەریی خۆجێیی، کارکردن لەسەر کارامەیی کەسەکان دەکات، مەترسیەکی زۆری لەسەر داهاتووی ئاکەپە دروستکردووە.

قۆناغێکی سەخت چاوەڕوانی داودئۆغلۆ دەکات
بە پێی ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی کە لەبارەی داودئۆغلۆ و پارتە نوێکەی بڵاوکراونەتەوە، قۆناغێکی سەخت چاوەڕانی داودئۆغلۆ دەکات، بەهۆی ئەوەی لەناو سەرکردایەتی ئەو پارتەدا کەسایەتی عەلەوی، سوریانی، ڕۆم، تورکی نەتەوەپەرست، پەچەبەسەر، کورد و عه‌لمانیش هەن و ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ئەو کەسانەدا کە هەریەکەیان خاوەنی کوتلەیەکی خۆیانن کارێکی زەحمەتە و پێویستی بە عەقلێکی زۆر بەتوانا هەیە.

 

لە تورکیا کە تا ئێستاش ناکۆکی هزری و مەزهەبی و ئایینی و نەتەوەیی لە ئاستێکی باڵادایە، کۆکردنەوەیان لە ناو یەک پارتدا و بێ کێشە لە مێژووی تورکیادا ڕووینەداوە. ئەمە شتێکە کە تا ئێستا تاقینەکراوەتەوە. ئەگەر داودئۆغلۆ لەم پڕۆژەیەیدا سەرکەوتووبێت، پێشبینی دەکرێت لە ناو سیاسەتی تورکیا و بڕیارداندا جێگەیەکی تایبەت بگرێت، بەڵام لە ڕاستیدا کارێکی ئاسان نییە.

غالب دالای مامۆستا لە زانکۆی ئۆکسفورد لەبارەی تواناکانی داودئۆغلۆ و پڕۆژەکانیەوە بە یۆرۆنیوزی ڕاگەیاند، تا ئێستا لە هیچ پارتێکی تورکیادا ئەم جۆرە پڕۆژەیە سەرنەکەوتووە. بۆ نمونە ئەگەر پەروەردەی زمانی دایک بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە دڵنیاییەوە نەتەوەپەرستە تورکوكان دژی دەوەستنەوە، بەڵام ئەگەر وردە وردە مۆدێلی کۆنفدڕالی ئەوروپا لە تورکیا جێبەجێبکرێت و پلانێکی تۆکمە لە وەزارەتی ناوخۆ ئامادەبکرێت و بەم شێوەیە کێشەکان چارەسەربکرێن.

لە سەری ساڵدا دەستەی دامەزرێنەران کۆدەبنەوە
١٥٤ کەس بەشداریان لە دامەزراندنی پارتی (داهاتوو)دا کردووە ٣١ کەسیان ژنن. بڕیارە تا ١٥ ڕۆژی تر یەکەمین کۆبوونەوەیان ئەنجامبدەن. پێشبینی دەکرێت لەم کۆبوونەوەیەدا وادەی یەکەمین کۆنگرە دیاری بکرێت. لە یەکەمین کۆنگرەدا سەرۆک و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری دیاریدەکرێن. پپێشبینی دەکرێت ئیبراهیم تورهان سەرۆکی پێشووی بورسای ئەستەنبوڵ سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری پارتەکە بێت. هەروەها ده‌وترێت (ئێمە بۆ دژایەتی نەهاتووین و دەمانەوێت ببین بە جێگرەوە) دروشمی یەکەمین کۆنگرە دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠دا عەلی باباجانیش پارتەکەی بە فەرمی ڕابگەیەنێت. بە ڕای چاودێران، عەلی باباجان لە داودئۆغلۆ بەهێزترە و بە شێوەیەکی بەهێزتر دەچێتە مەیدانی سیاسەتەوە.