ڕاپۆرتی کوردستانی

12:17 - 15/12/2019

لە سێ جینۆسایدەکەی سەدەی بیست ئەنفالی کورد بە جێما‌

پەیسەر

رۆژی ٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ ئەرمەنییەکانی دنیا دڵخۆشبوون بەو هەواڵەی کاتێک کۆنگرێسی ئەمریکا، بە زۆرینەی دەنگ قەتڵوعامی ئەرمەنییەکانی لە تورکیا، بە جینۆساید ناساند.
ئەرمەنییەکان دوای ١٠٤ ساڵ لەو کارەساتەی بەسەریاندا هات، توانیان گەورەترین وڵاتی دنیا بهێننە سەر ئەو باوەڕەی کە بەشێک لە میللەتەکەیان جینۆساید کراوە. لە دوای هۆڵۆکۆست ئەمە دووەم جینۆسایدی گەورەیە کە شەرعیەتی نێودەوڵەتی وەردەگرێ.


پێش کۆنگرێسی ئەمریکا، هەریەکە لە: نەتەوە یەكگرتووەكان، پەرلەمانی ئەوروپا، ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا، ئەنجومەنی كەنیسەی جیهانیی، رێكخراوی مافەكانی مرۆڤ، كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤی توركیا، میركوسوور، كۆمەڵەی ریش سپیانی مەسیحیی، یەكێتی چاكسازیخوازی یەهودییەكان قەتڵوعامی ئەرمەنییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە.


هەروەها چەندین وڵاتی تریش دان بە جینۆسایدی ئەرمەنەکاندا دەنێن لەوانە: ئەرجەنتین، چیلی، قوبروس، فەرەنسا، یۆنان، ئیتالیا، لیتوانیا، لوبنان، هۆڵەندا، پۆڵەندا، روسیا، سلۆڤاكیا، سوید، سویسرا، ئۆرۆگوای، ڤاتیكان، ڤەنزەوێلا، هەرێمی باسك و كەتالۆنیا لە ئیسپانیا، كیوبك لە كەنەدا.
قەتڵوعامی ئەرمەنەکان لە تورکیا و جولەکە لە ئەڵمانیا و کورد لە عێراق، سێ گەورەترین قەتڵوعامن لە سەدەی بیستدا بەسەر ئەو میللەتانەدا هێنرا. بەڵام ئێستا تەنیا ئەنفالی کورد ماوە کە لەسەر ئاستی جیهان وەکو جینۆساید بناسێنرێ.


کورد خۆی چیکردووە؟
تەنیا لە باشووری کوردستان، شەش تەتڵوعامی گەورە لەگەڵ دەیان تاوانی تری راگواستن و کۆمەڵکوژیی بە دەستی سوپا و حکومەتەکانی عێراق تۆماکراون. لەوانە: ئەنفالکردنی دەیان هەزار کورد، کارەساتی کیمابارانکردنی هەڵەبجە، دەرکردن و لێسەندنەوەی رەگەزنامە لە كوردانی فەیلی، ئەنفالکردنی بارزانییەكان لەگەڵ کارەساتی شنگال بە دەستی چەکدارانی داعش.
بەشێک لەو تاوان و قەتڵوعامانە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقەوە وەکو جینۆساید ناسێنراون. بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هێشتا نەخراونەتە بەرباس.


بۆچی نابێتە جیهانیی؟
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی پەیسەر، لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی کە بوونەتە لەمپەڕ لەبەردەم کورددا، قەتڵوعامەکانی کورد ناتوانن بچنە سەر سەکۆی جیهانیی تا بە جینۆساید بناسرێن.
یەکەمیان لەبەر ئەوەیە عێراق وەکو دەوڵەت، ئەندام نییە لە رێکخراوی دادگای نێودەوڵەتی(ICC) و دووەمیان لەبەر ئەوەیە بەپێی یاساكانی دادگای نێودەوڵەتی، هەر جینۆسایدێک ئەگەر دادگای ناوخۆیی ئەو وڵاتەی تاوانەکەی تێدا ئەنجام دراوە بڕیاری لەبارەوە بدات، ئەوان دادگای نێودەوڵەتی وەکو کەیس وەری ناگرێ و كاری لەسەر ناكەن. بە واتای ئەوەی ئەگەر لەناوخۆ نکوڵی لە جینۆساید بکرێ، ئەو کاتە دادگای نێودەوڵەتی کاری لەسەر دەکات.

 

سەبارەت بە هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی ئەو تاوانانەی بەرامبەر خەڵکی کوردستان کراون، فواد عوسمان وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم بۆ پەیسەر گوتی: لە زۆربەی کابینەکانی حکومەتی هەرێمدا، كارکراوە بۆ جینۆسایدەکانی كورد كە بچێـتە ئاستی نێودەوڵەتییەوە. بەڵام ئاستەنگی یاسایی و تەکنیکیی هەیە لە بەردەم هەرێمی کوردستاندا".
فواد دەڵێت: دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق قەتڵوعامەکانی بە جینۆساید ناساندووە، بەڵام هێشتا قەرەبووی زیانلێکەوتووانی نەکراوەتەوە کە بەپێی مادەی 132 ی دەستوور، دەبێ قەرەبوو بكرێنەوە. لە ئەنجومەنی وەزیرانیش بۆردێک هەیە کە کار لەوەدا دەکات جینۆساید بباتە ئاستێکی نێودەوڵەتی.

 

رێگاکانی بە نێودەوڵەتیکردن
هەرچەندە لەمپەڕە یاسایی و تەکنیکییەکانیش لەبەردەمدابن، بەڵام کورد دەتوانێ لەڕێی کۆڕو کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکانەوە، یان لەڕێی هونەر و سینەماوە جینۆسایدەکانی کوردستان بکاتە کەیسێکی نێودەوڵەتی.


ئەرمەنی و جولەکەکان رێگای زۆریان گرتووەتەبەر بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی جینۆسایدەکانیان. بەرچاوترینیان لەڕێی ئەدەب و نووسینی کتێب و سوودوەرگرتن لە بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی و لۆبیکردن بووە لەناوەندە جیهانییەکاندا.


بەڵام تائێستا کورد بەو هەموو زامەوە، فیلمێکی جدی و بەکواڵێتی بەرهەم نەهێناوە سەبارەت بە یەکێک لەو جینۆسایدانەی دژی کراون. بۆ کتێب و ئەدەب و رۆمانیش هەمان شتە و کورد دەستی بۆ ئەوانەیش نەبردووە.

 


جینۆساید چیە؟

بریتیە لە ئەنجامدانی هەر كارێك بە مەبەستی لە ناوبردنی (هەموو) یان (بەشێك) لە گروپێكی نەتەوەیی، ئاینیی، ڕەگەزیی، لە لایەن گروپێكی بەهێز دژ بە بەگروپێكی لاواز. جا بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆبێ یان نا ڕاستەوخۆ.
هەندێكی دیكە بەمشێوەیە پێناسەی دەكەن: لەناوبردنی کۆمەڵێک خەڵک یان دەستەیەکە لە خەڵک لەلایەن وڵاتێک یان پارتێکی دەسەڵاتدارەوە. دەشێ کۆمەڵکوژیی ھۆکاری ئاینیی یان نەتەوەیی یان بیری ڕەگەزپەرستانەی لەدواوەبێ.

وشەی جینۆساید بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1933 لەلایەن دادوەری پۆڵەندی (لیمكن ڕافایل)ـەوە بەکارهێنرا. ئەم دادوەرە تەواوی ئەندامانی خێزانەكەی بەدەست نازییەكانەوە لە ئەڵمانیا قەڵاچۆكرابوون.
جینۆساید وشەیەکی یۆنانییە و لە دوو بڕگەی لێکدراو پێكدێتgenose ) بە واتا (بنەچەو رەگەز)دێت cide ))یش بە مانای لە ناوبردن و سڕینەوە دێت.

ساڵی 1944 بە نووسین تۆماركرا و لە نەتەوە یەکگرتووەكان لە 9 ی دیسەمبەری 1948 بە بڕیاری 260 لە پاریس بە تاوان ناسێنرا.

جۆرەكانی جینۆساید
بەپێی توێژینەوەكان جینۆساید، دەكرێت بە چەند بەشێكەوە لەوانە:
 -  جینۆسایدی فیزیكیی یان جەستەیی و مادیی بە واتە كوشتن و لەناوبردنی چەند كەسانێك بە هەر بیانوویەكەوەبێ.
-  جینۆسایدی بایۆلۆژیی: تەگەرەخستنە بەر پەرەپێدان و تێكدانی رێژەیی ئاسایی زیادبوونی مرۆڤ. بە مانەیەكی تر نەهێشتنی وەچەخستنەوە، ئیتر بە خەساندنبێ یان لەكارخستن و ڕێگریکردن.
-  جینۆسایدی كەلتووریی: قەدەغەكردنی زمان و شێواندن و تێكدانی مێژوو، پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەكان دەگرێتەوە.
 -جینۆسایدی ئابووری: برسیكردن و قەدەغەكردن و وێرانكردنی سەرچاوە ئابورییەكان .

تاوانلێکراوەکان لە هەرکوێی دنیابن و بە هەر هۆکارێک قەتڵوعام بکرێن، دواجار چیرۆک و کارەساتەکانیان دەچنەوە سەر یەک. گۆن سانتۆ لە ساڵی 1996 سەبارەت بە شێوازەکانی جینۆساید مۆدێلكی نوێی پەرپێداو ناوی لێنا "هەشت قۆناغەكەی جینۆساید"
سانتۆ بەمجۆرە هەشت قۆناغەکە شی دەکاتەوە: پۆلینكردنی خەڵک، ناوداتاشین بۆ ناشیرینکردنیان، بە مرۆڤ نەزانین، پلان بۆ دانان، دابەشكردن، ئامادەكاریی، كۆمەڵكوژیی دواتر نكوڵیكردن لە تاوانەکە.

 

ئەم راپۆرتە لە ژمارە 6ی گۆڤاری پەیسەردا بڵاوکراوەتەوە