ڕاپۆرتی کوردستانی

04:26 - 15/12/2019

سەربازێکی تورک لە ژیاننامەکەیدا باسی چۆنیەتی کوشتنی کوردانی دەرسیم دەکات‌

پەیسەر

کۆمەڵکوژی دەرسیم کە لەلایەن سوپای تورکیا و بە فەرمانی ئەتاتورک بەرامبەر کوردانی عەلەوی دەرسیم ئەنجامدرا، بابەت و لێکۆڵینەوە و شیکاریی زۆری لەسەر نووسراوە، ڕوون و ئاشکرایە کە چ دڕندەیی و کوشتارێک بەرامبەر گەلی کورد بە ژن و منداڵ و پیر و گەنجه‌وه‌ کراوە.

بەڵگەیەکی تری کۆمەڵکوژیەکە لەلایەن ژنە ڕۆژنامەنووسێکی کوردەوە بڵاوکراوەتەوە کە ژیاننامه‌ی سەربازێکی تورکە و لە ساڵی ١٩٣٨ بەشداری لە کۆمەڵکوژی دەرسیمدا کردووە.

 

زەینەب تورکی یڵماز کچە ڕۆژنامەنووسی کورد لە ئەڵمانیا ژیاننامەی سەربازە تورکەکەی دەستکەوتووە کە ناوی یوسف کەنان ئاکنە و بە شێوەیەکی قێزەون و دوور لەبەها مرۆڤایەتیەکان باس لە کوشتنی هاوڵاتیانی کورد دەکات.

سەربازە تورکەکە (یوسف کەنان ئاکن) کە ژیاننامەکەی و کۆمەڵکوژی دەرسیمی بە زمانی عوسمانی و بە پیتی عەرەبی نووسیوه‌ بەم شێوەیە باس لە کوشتنی کورد دەکات:

 

"من کە خەڵکی شاری ئیزمیرم،  باوک و دایک و برا و کەسوکارم جێهێشت و هاتووم بۆ خزمەتی سەربازی. دوای خولی چەند مانگەی پەروەردە، منیان هێناوەتە ئێرە (دەرسیم)، لێرە دژی کوردەکان شەڕ هەیە. هاتووین سەریان بپەڕێنین و کۆتاییان پێبهێنین، بەڵام دۆخێکی زۆر ناخۆشە و بیری خێزان و خۆشەویستەکەم دەکەم".

"خۆزگە ئێستا لە ئیزمیر بوومایە، بەڵام بەداخەوە ئەم کوردانە وایانکردووە لێرەبم. دەستمان بە ئۆپەراسیۆن کرد و بەرەو شاخەکان بەرێکەوتین، کۆمەڵیک کوردمان بینی و دەستمانکرد بە کوشتنیان. گروپەکەمان زۆر کاریگەرە و لە ڕیزی پێشوەین، لە ئۆپەراسیۆنەکدا زۆر کەسمان کوشت و سەرەکانیانمان لێکردەوە و هێناماننەوە. هەموو ئەفسەرەکان لێمان کۆبوونەوە و پێیان وتین 'ئێوە قارەمانن'. عەلی غالب پاشا فەرماندەی گشتی تەلەفۆنی بۆ کردین و ڕایگەیاند، 'چاوەکانتان ماچ دەکەم'. زۆر ماندوو بووین و مۆڵەتی پشووەرگرتنیان داینێ".

ڕۆژی ١١ی ئابی ١٩٣٨ـە، ئێمەیان گواستەوە بۆ گوندی کارشییاکا. چاوەڕوانی فەرمان دەکەین تا گوندەکە تاڵان بكه‌ین و بسووتێنین. فەرمان هات و فەرمانەکەمان جێبه‌جێكرد. گوندەکە چۆڵ کرابوو، دواتر خۆمان گەیاندە سەر شاخێک، ١٠ کوردمان بینی، تەقەمەنان لێکردن ٢ کەسیان کوژران و ژمارەیەکیش برینداربوون و هەڵاتن. خۆمان گەیاندە گوندێک بە ناوی کوزلوجا. ئێستا کاتژمێر ١١:٣٠ـە و ئێمە خەریکی سوتاندنی گوندەکەین".

"ڕۆژی ١٨ی ئاب، ژنێکم بینی بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستمان خۆی لەسێدارەدابوو
کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی لە گوندی زاراوه‌ بەڕێکەوتین. چووینە ناوچەی پولور و دواتر خۆمان گەیاندە گوندی جەڤیزلی. ئەو گوندانەی کەوتنە سەر ڕێگامان هەموومایانمان سووتاند و ئەوه‌ی بینیمان کوشتمان. دەستمان بەسەر ١٠٠ بزندا گرت. لە گوندەکە ژنێکم بینی بە تەنها مابووەوە، بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستمان خۆی لەسێدارەدابوو، شەوەکەی خۆمان گەیاندە قەڕەقۆڵ و لەوێ ماینەوە".

 

"شەو لە قەرەقوڵ بووین و ڕۆژی دوایی هێرشمانکردەوە و چووینە ناو دارستانەکان. سەرۆکێکی کوردەکانمان گرت و سەرمان بڕی و سەریمان هێنایەوە. گروپێکی تریش سەری سەرۆکێکی کوردی بە ناوی (سەیدخان) هێنایەوە. لە گروپەکەی ئێمەدا کەسێک هەبوو بە ناوی ڕوشەن، ئەفسەر بوو، ئەو کوردەکانی سەردەبڕی".

"چەند ڕۆژێكی پێچوو و هێرشمانکردە سەر گوندێک بە ناوی سوغوتلو. گۆمانلێکراوەکانمان کۆکردەوە. ڕیشسپی گوندەکە کە ناوی (ئیبراهیم بەگ) بوو بردمان بۆ چەمێک لە نزیکی گوندەکە و لەوێ کوشتمان. دواتر گەڕاینەوە بۆ گوندەکە و تەقەمان لە خەڵک کرد و چه‌ند کەسێكمان کوشت".

"ڕۆژێکی تر تێپەڕبوو چیاکان بە بەردەوامی بۆردومان دەکران. کوردەکان گەمارۆدرابوون و هەموو ڕۆژێک ژمارەیەکیان لێدەکوژرا. ئێمە ئۆپەراسیۆنێکی ترمان کردە ناو دارستانەکان و ٥٠ کوردمان دەستگیرکرد".

 

یوسف کەنان ئاکن لە ژیاننامەکەیدا بەم شێویە باس لە کۆمەڵکوژی دەرسیم دەکات و ئاماژە بەوەدەکات لە هەرکوێ کوردێکیان دەستکەوتبێت کوشتویانە و ڕیشسپی و سەرۆکەکانی کوردیش سەربڕاون.


کۆمەڵکوژی دەرسیم
دوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شۆڕشی قۆچگری سەید ڕەزا هەوڵیدا شۆڕشی کورد لە باکووری کوردستان زیندووبکاتەوە و لە بەرامبەر هەوڵەکانی حکومەتی تورکیا بۆ تەتریککردنی ناوچە کوردییەکان دەستی بە شۆڕش کرد.

حکومەتی تورکیا هەرچەندە زۆر جار هێرشی فراوانیان لە بەرامبەر شەڕڤانانی سەید ڕەزا ئەنجامدا، بەڵام نەیانتوانی بە شەڕ کۆتایی بە شۆڕش بهێنن.

بەو هۆیەشەوە حکومەتی تورکیا داوای دانوستانی کرد و بڕیاردرا لە شاری "ئەرزینگان" شاندی حکومەت و شاندی شۆڕش بە سەرۆکایەتی سەید ڕەزا کۆببنەوە، بەڵام بەرپرسانی حکومەت لە کۆبوونەوەکەدا کە لە ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٧دا ئەنجامدرا، سەید ڕەزا و ئەندامانی شاندەکەیان دەستگیرکرد و بۆ شاری ئەلئەزیزی باکووری کوردستانیان بردن.

 

هەرچەندە سەید ڕەزا لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا بوو و یاساكانی تورکیا رێگای بە لەسێدارەدانی نەدەدا، بەڵام بە فەرمانی مستەفا کەمال ئەتاتورک سەید ڕەزاش لەسێدارەدرا و دواتر دەست بە کۆمەڵکوژی خەڵکی دەرسیم کرا.

بەپێی بەڵگەنامەیەک کە لەئەرشیفی سەرۆکایەتی وەزیرانی تورکیادا دەستکەوتووە باس لەدرێژکردنەوەی سەرکوتكردن و کۆمەڵکوژی دەرسیم دەکات بە نهێنی، ئەمە لەکاتێکدا بووە کەسێکی کورد بەناوی "عەلی دۆغان" تەمەن ٨٣ ساڵ سکاڵای لە دژی دەوڵەتی ئەوکاتەی تورکیا تۆمارکردووە کە کۆمەڵکوژی دەرسیمی ئەنجامداوە و ٢٠ کەس لە خێزان و بنەماڵەکەیان کۆمەڵکوژکراون.

پارێزەرەکەی باس لەو بەڵگەنامەیه‌ دەکات و دەڵێت "کۆمەڵکوژی دەرسیم لە ٤ی ئایاری ١٩٣٧ دەستیپێکردووە و لە ٢ی ئابی ١٩٣٩دا کۆتایی هاتووە، هەرچەنده‌ بە ئاشکرا لەساڵی ١٩٣٨ا کۆتاییان به‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ هێناوه‌، بەڵام بەنهێنی ئەو بڕیارەیان درێژکردووەتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٩، هێرشەکان و کۆمەڵکوژیەکان بەسەرکردایەتی ژەنەراڵیکی تورک بەناوی "عەبدولا ئالپ دۆغان" ئه‌نجامدراون، هەموو جۆرە چەکێک بەکارهێنراوە.

ده‌وترێت تەنانەت بۆ یەکەمجار چەکی کیمیایی لە دەرسیم لە دژی کورد بەکارهێنراوە و بووه‌تە هۆی کوشتنی زیاتر لە ١٥ هەزار کوردی عەلەوی.