ڕاپۆرتی کوردستانی

03:25 - 18/12/2019

دوای ٢٧ ساڵ لە دامەزراندنی وەزارەتی پێشمەرگە‌

پەیسەر

ئەمڕۆ ٢٧ ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر یەکەم تەشکیلەی وەزارەتی پێشمەرگەدا کە رۆژی ١٥ی١٢ی١٩٩٢ لە شاری هەولێر دروستکرا. لە کۆنووسی پێکهێنانی وەزارەتەکەدا هەیمەنەی حزب زۆر زاڵە بەسەر کۆبوونەوەکەدا.
لەو کۆبوونەوەیەدا، حزبەکان بێجگە لە دانانی وەزیر و بریکار، هەر حزبە و بۆ خۆی نوێنەری داناوە لەناو وەزارەتدا. هەرچەندە لەژێر ناوی وەزارەتدایە بەڵام پێکهاتەی هێزەکە تەواو حزبییە.

وەزارەتی پێشمەرگە لە ساتێکی زۆر هەستیاردا پێکهات، ئەویش ساڵێک دوای راپەڕین بوو کە بەرەی کوردستانیی شوێنی حکومەتی گرتبووەوە. بۆیە بۆ یەکەم ساڵی دروستکردنی ئەو وەزارەتە شتێکی ئاساییە ئەگەر حزب باڵی بەسەرداکێشابێ.

بەڵام دوای ٢٧ ساڵ لەو رووداوە، کەچی تائێستاش پێشمەرگە دابەشکراوە لەنیوان پارتی و یەکێتیدا.
دوای چەندین شەڕ و شکست  وسەرکەوتنی ئەم هێزە لەگەڵ هێزی دەرەکیی و شەڕی ناوخۆیی، کەچی هیچکام لەو رووداوانە نەیانتوانی بەرگی بە حزبیی هێشتنەوە لەبەر ئەم هێزەدا دابماڵێ.


پێشمـەرگە دەبێتە هاوپەیمانی دنیا

لە ساڵی ٢٠٠٣-ەوە، تائێستا دووجار پێشمـەرگە وەکو هاوپەیمانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا چووەتە سەنگەرەوە. یەکەمجار لە کاتی روخانی رژێمی سەدام حسێن لە بەهاری ٢٠٠٣ و دووەمجار لە شەڕی دژ بە داعشدا لە ٢٠١٤ تا ٢٠١٦.
لەم هاوپەیمانێتیانەدا، پێشمـەرگە ناڕاستەوخۆ وڵاتێکی گەورەی وەکو ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا ئیعترافیان پێکردووە. هەروەها یارمەتی و چەکی زۆری لەو هاوپەیمانێتیانە وەرگرتووە.
بەڵام هیچکام لەو هاوپەیمانێتی و یارمەتی و مەشقەی هێزە نێودەوڵەتییەکان پێشکەشی پێشمەرگەیان کرد، نەیانتوانی پارتی و یەکێتی بهێننە سەر ئەو باوەڕەی دەستیان لە ئێخەی ئەم هێزە گرنگەی دەوڵەتداریی ببێتەوەو بیسپێرن بە وەزارەتی پێشمەرگە.

حزب پێشمەرگەی بۆ چیە؟

ئەگەر بڕیاربێ دەوڵەتداری بکەن، ئایا حزب پێشمـەرگەی بۆ چیە؟ ئەمە پرسیاری زۆربەی زۆری هاوڵاتیانە کە ڕوبەڕووی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی دەکەنەوە.
ئەو حزبانەی کە سەرەتا پێشمەرگەیان هەبوو ئێستا نەیان ماوە، ئایا توانەوەو لەناوچوون؟ بێگومان نەخێر بەڵام، بەڵام پارتی و یەکێتی چونکە ناتوانن ببنە حزبێکی هاوچەرخ و ملمانێی سیاسی بکەن، پێشمەرگەیان وەکو بارمتە لە دەستی خۆیاندا هێشتووەتەوەو چاوترسێنی یەکتری پێدەکەن.

لە ساڵی ١٩٩٤ تا ٢٠٠٠  پارتی و یەکێتی زیاتر لە پێنج جار، پێشمەرگەیان توشی شەڕی ناوخۆ کردووە:
- پارتی و یەکێتی پێکەوە شەڕی پەکەکە ١٩٩٤
- یەکێتی و پارتی ١٩٩٥
- پارتی و پەکەکە ١٩٩٥
- یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی١٩٩٥
- یەکێتی و ئەنسارولئسلام
ئێستایشی لەگەڵدابێ، پارتی و یەکێتی بۆ ململانێ سیاسییەکانی خۆیان لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ لایەنەکانی تر، کارتی پێشمەرگە بەکار دەهێنن. لە کاتێکدا کەمترین خزمەتگوزاریی پێشکەشی ئەم هێزە کراوەو دەکرێ.


چی پێشمەرگە گۆڕاوە؟
دوای ٢٧ ساڵ لە پێکهێنانی یەکەم وەزارەتی پێشمەرگە لە مێژووی حکومەتی هەرێمدا، ئەم هێزە هەنگاوی باشی ناوە بەرەو دیسپلینبوون و بەدەستهێنانی چەکی پێشکەوتوو.
پێشمەرگە جلوبەرگێکی دیاریکراوی هەیە و تاڕادەیەک لە تەشکیلە جۆراوجۆرەکاندا رێکخراوەتەوە. لە هەمووی گرنگتر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێشمـەرگە سومعەو ناوبانگێکی باشی هەیە و وڵاتانی هاوپەیمان، هەمیشە وەکو "جەنگاوەرێکی ئازا" وەسفی دەکەن.
بەهۆی مەشق و راهێنانی ئەمریکا و کەنەدا و ئەڵمانیا بە پێشمەرگە، ئەم هێزە ئامادەییەکی باشی وەرگرتووە بۆ بوون بە هێزێكی نیزامیی تۆکمە کە بتوانێ پارێزگاری لە سنوورەکان و ئاسایشی ناوخۆی کوردستان بکات.

بەڵام تەنیا شتێک کە نەگۆڕاوە و نەنگییەکی گەورەیە بۆ ئەم هێزە، ناسنامە و خەسڵەتە حزبییەکەیەتی کە ٢٧ ساڵە کراوەتە بارمتە و ملکەچی حزب و بڕیارە حزبیی و شەخسییەکان!