ڕاپۆرتی کوردستانی

05:23 - 18/12/2019

چیرۆكی سوكایەتیكردن بە تەرمی كوردێك لەلایەن هێزە نیزامییەكانی ئێرانەوە‌

پەیسەر

بورهان مەنسوور نیا كە خەڵكی مەریوانە و دانیشتووی كرماشان بووە، یەکێکە لەو خۆپێشاندەرانەی کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێراندا، بە شێوەیەکی کارەساتبار شەهیدكرا.
بورهان هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا بوو لەبەشی ڤێتنەری، رۆژی ١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩، یەکەی تایبەتی هێزە ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە دواوە تەقەیان لێ کردووە پاش مانەوەی بە برینداری، هێزە ئەمنییەكانی ئێران سوكایەتیان بە تەرمەكەی دەكەن و پاشان رادەستی كەسوكاری دەكەنەوە.


پێگەی رادیۆ فەردا، گفتوگۆی لەگەڵ كەسێكی نزیك لە بورهان مەنسور نیا كردووە و تیایدا لەبارەی بورهانەوە دەڵێ: لەم ماوەدا بورهان، خزمەتی سەربازی لە كرماشان تەواوكرد. لە راستیدا سەربازی هێزی ئینتیزامی بوو و شێوازی کارەکەی وابوو کە ٢٤ چوار کاتژمێر پاسەوانی بکات و ٢٤ کاتژمێر لە ماڵەوە بێت. رۆژی رووداوەکە واتە ١٦ی نۆڤەمبەر، کاتژمێر ٨ی بەیانی لە پاسەوانی گەڕابووە و لە ماڵەوە بوو. ئەو رۆژە تا ئەو شوێنەی من ئاگادارم و پێوەندیم لەگەڵی هەبوو، تا کاتژمێر ٣-٤ لە ماڵەوە پشووی دا، پاشان منی ئاگادار کرد کە دەیەوێ لە ماڵ بچێتە دەر، ئیدی لە ماڵی براکەی کە لە گەڕەکی دەوڵەت ئاوایە دەردەچێت، بە بیانووی ئەوەی کە دەچێتە سەرتاشخانە و سەردانی هاوڕێیەکیشی دەکات، بەڵام دوایی بە منیان وت کاتژمێر ٤ لە ماڵ دەرچووە بۆ ئەوەی بزانێ بارودۆخەکە چۆنە و ئینجا چووەتە ناو خەڵکە ناڕازییەکەوە.

لەبارەی چۆنێتی شەهیدكردنی دەڵێ: ئەو کاتەی بورهان چووەتە دەر قەرەباڵغ بووە، نزیک کاتژمێر ٦ رووداوەکە روویداوە. لە سەر شۆستەی شەقامە سەرەکییەکەی گەڕەکی دەوڵەت ئاوا کە گەڕەکێکی دیاری کرماشانە رێی کردووە، لە ناکاو دەبینێ خەڵکێکی زۆر بەرەو لای ئەو دێن، پاشان دەبینێ کە هێزە ئینتیزامییەکان دەیانەوێ خەڵکەکە بەرەو سووچێک ئاراستە بکەن و گەمارۆیان بدەن. دەترسێ و لە ناو قەرەباڵغییەکەدا گیرۆدە دەبێ. هەر لەو کاتەدا کە پێموتن، لە لایەن یەکەی تایبەتی هێزە ئینتیزامییەکانەوە تەقەی لێ دەکرێ و دەپێکرێت.

لە وەڵامی پرسیاری چۆن فیشەکی بەر ئەو کەوتووە؟ شایەتحاڵەکان چۆن دەیگێڕنەوە؟ ئەو كەسە نزیكەی بورهان دەڵێ، فیشەکەکە بەر کەلەکەی دەکەوێ و ریخۆڵەی کون دەکات. کەسێک کە لەو ناوە بووە، دەیباتە حەوشەی ماڵی خۆیان و تا بورهان هۆشی لای خۆی بووە، فریا دەکەوێ ژمارە تەلەفۆنی کەسێکی خێزانەکەی لێ وەربگرێ. ئیدی هەواڵ بە براکەی دەدەن و براکەیشی، بە ئەمبولانسەوە دەگاتە سەری، تاوەکوو بیگەیەنێتە نەخۆشخانە. ئەمبولانسەکە لە نەخۆشخانەی (فارابی)یەوە داوا کراوە و بورهان بە برینداری دەبەن بۆ نەخۆشخانەی فارابی، بەڵام نەخۆشخانەی فارابی ئامادە نابێ وەریبگرێ و دەست بە روویەوە دەنێن. 

دەشڵێ: تا كاتژمێر ٨ی شەو بەو حاڵە دەمێنێتەوە بە بێ ئەوەی هیچ چارەسەرێكی سەرەتایی بۆ بكەن. 

لەبارەی چارەنوسی، كەسە نزیكەكەی بورهان زانیاری زیاتر دەدا و دەڵێ: پاش تێپەڕبوونی ٢و کاتژمێر، ئەمبولانسێکی دیکە لە نەخۆشخانەی (تاڵەقانی) دەگاتە لای و دەیگوازێتەوە بۆ ئەو نەخۆشخانەیە. دیسان ئەو نەخۆشخانەیەش کەمتەرخەمی دەکات و نایەوێ بورهان وەربگرێت و خۆی لە وەرگرتنی دەبوێرێ. بەڵام دوای پێداگری و شەڕ و هەرا و مشتومڕێکی زۆری خێزانەکەی و هاوڕێکانی، هەر  چۆنێک بووە، وەریدەگرن. پاش ٢٠ بۆ ٣٠ خولەکێک، دەیبەن بۆ ژووری نەشتەرگەری و نەشتەرگەرییەکەی تا کاتژمێر ٢ی نیوەشەو دەخایەنێت.

دەشڵێ: لە بری ئەوەی بیبەن بۆ بەشی (ئای سی یو) و چاودێری تایبەت. دەیگوازنەوە بۆ بەشی نەخۆشە ئاساییەکان. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر لە رێڕەوەکانی ناو نەخۆشخانەدا هێڵراوەتەوە، بە بیانووی ئەوەی کە بەشی نەخۆشە ئاساییەکان قەرەوێڵەی بەتاڵی لێ نییە.

بەپێی گێرانەوەكەی رادیۆ فەردا، كە لەزاری كەسە نزیكەكەی دكتۆر بورهانەوە وەرگیراوە، دكتۆر بوهان دوای ئەوە بۆ ماوەیەک لە بەشی نەشتەرگەری نەخۆشخانە لە ژێر چاودێریدا بووە. ئەم دۆخە بەردەوام دەبێ تا رۆژی دووشەممە ١٨ی نۆڤەمبەر کە لە نزیک کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ دەبینین بورهان حاڵی زیاتر تێک چووە و ناتوانێ دەست و پێی بجوڵێنێ و جەستەی سارد بووە. خێزانەکەی زۆر نیگەران دەبن و نازانن چی بە سەر دێت. داوا دەکەن پزیشک ببینێت، کە پزیشکێکی ئاسایی دەچێتە سەری و پێیان دەڵێ نەخۆشەکەیان پێویستی بە چاودێری تایبەتە. تووشی خوێنبەربوونی هەناویی بووەتەوە و لە دوایین ساتەکاندا پزیشکەکەی خۆی دەگات و دەڵێ بیگوازنەوە بۆ بەشی (ئای سی یو) و چاودێری تایبەت. ئەو شەوە بورهان یەک – دوو کاتژمێر بێهۆش بووە تا لە کاتژمێر ٩ی شەودا ئیدی گیان دەسپێرێت.

لەبارەی وەرگرتنی تەرمی بورهان لەلایەن كەسوكارەكەیەوە، كەسەكە كە ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە بۆ رادیۆ فەردا، دەڵێ: بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەكەی، دەبوو پزیشکی دادوەری رێگە بەو کارە بدەن. بەڵام بە داخەوە نەخۆشخانە سەرپێچی یاسا دەکەن و خۆ لە رادەستکردنەوەی تەرمەکەی دەبوێرن. لەگەڵ ئەوەیش کە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری لە شارە جیاجیاکانی وەک مەریوان، سنە، دێلوڕان، سەقز و کرماشانەوە هاتبوون و خەریک بوو لە بەردەم نەخۆشخانەدا ناڕەزایەتییەکی گەورە سەر هەڵبدات، هەرچەند گوایە لەو حاڵەیش ترساون، بەڵام هەر پێدانەوەی تەرمەکەیان خستووەتە رۆژی دوایی، واتە رۆژی سێشەممە تەرمی بورهانیان رادەستی خێزانەکەی کردووە، تاوەکوو بیبەن بۆ پزیشکی دادوەری. دوای ئەوەی کە تەرمەکە گوازرایەوە بۆ پزیشکی دادوەری، بە شێوەیەکی زۆر بێبەزەییانە جەستەیان پشکنیوە، هەرچەن بورهان لای سیکییەوە بریندار ببوو، بەڵام سەر، گوێیەکان، مل و تەنانەت کەپۆشیان شکاندبوو. پاش رادەستکردنەوەی و خێزانەکەی لە ژێر فشارێکی دەروونی قورسدا بوون، بە نووسراو بەڵێنیان لێ سەندن کە هیچ قسەیەک نەکەن و بە تەواوەتی لە هەموو شتێک بێدەنگ بن.