ڕاپۆرتی کوردستانی

03:50 - 20/12/2019

ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەی ئەردۆغان لە ساڵی ١٩٩١ لەبارەی کێشەی کورده‌وه‌‌

پەیسەر

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٩١ کە ئەو کاتە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ بوو، ڕاپۆرتێکی لەبارەی "چۆنیەتی چارەسەرکردنی کیشەی کورد لە تورکیا" ئامادەکردبوو و تیایدا ڕەخنەی توندی لە دەوڵەت گرتبوو و وتبووی، "کیشەی کورد بە زەبروزەنگ چارەسەر ناکرێت".

ئەردۆغان کە لە ئێستادا بە پێچەوانەی ڕاپۆرتەکەی ساڵی ١٩٩١ی دەجوڵێتەوە، دەوڵەتی وەک هۆکاری یەکەمی توندوتیژییەکان لەقەڵەمدابوو.

ناوەڕۆکی راپۆرتەکەی ئەردۆغان لە ساڵی ١٩٩١
ئەردۆغان لە ١٨ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٩١ ڕاپۆرتەکەی بە ناوی "کێشەی کورد و چارەسەرکردنی" پێشکه‌ش بە نەجمەدین ئەربەکان سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی تورکیا کردبوو و بەم شێوەیە باس لە کێشەی کورد و چارەسەرکردنی دەکات.

 

"ده‌وترێت لە تورکیا کێشەی ڕۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات هەیە کە لە ڕاستیدا ئەوە کیشەی کوردە و کێشەیەکی نەتەوەییە. لەو ناوچەیە کە لە مێژوودا بە کوردستان ناودەهێنرێت، زمانی کوردی هەیە کە هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ زمانی تورکیدا نییە.

تا ئێستاش تورکیا ڕووبەڕووی کێشەکان نەبووەتەوە. ئەو ناوچەیە کە کێشەیەکی گەورەی تێدایە، هێشتا لەلایەن پارێزگارێکەوە و بە زەبروزەنگ بەرێوەدەبرێت. ئەو ناوچەیە کەوتووەتە نێوان شەڕێکی قورسی پەکەکە و دەوڵەت. تیمە تایبەتەکان لەو ناوچانە دەسەڵاتیان هەیە. گیان و ماڵی خەڵکی ناوچەکە پارێزراونین، خەڵکی ناوچەکە لە دۆخێکدان کە هەموو ئەشکەنجە و کردەوەیەکی قێزەون بەرامبەریان ئەنجامدەدرێت.

لە ڕووی دیموکراسی و مافی مرۆڤەوە ئەو ناوچانە (باکووری کوردستان) زۆر لە دواوەن. بەهۆی قەدەغەکردنی هەموو شتێکی کوردەوە، خەڵکەکە لە ژێر فشارێکی زۆر گەورەدان.

کاروچالاکیەکانی پەکەکە ڕووی لە زیادبوونە. لە ئامەد، باتمان و مووش و شارەکانی تر، ژمارەیەکی زۆر ڕۆشنبیر و کەسایەتی دەرکەوتوون کە دەتوانن کێشەکە چارەسەر بکەن. پارتی ڕەنجی گەل (هەپ) کە لەو ناوچانە بەرەو پێشەوە دەچێت و خەڵک پشتگیری لێدەکه‌ن، نیشانەی ئەوەیە کە خەڵک پشتگیری لەو کەسایەتیانە دەکه‌ن.

 

بەهۆی فراوانبوونی شەڕەوە، چالاکیەکانی پەکەکە هاتوونەتە ناو شارەکانەوە و دەوڵەتیش تیمی تایبەت و دژەتیرۆری بۆ شارەکان ناردووە. دەوڵەتی کەمالیی کە زەبروزەنگ بەکاردەهێنێت، ئەوەندەی نەماوە لەناوبچێت. لەبەرئەوەی ئەم کێشەیە بە شەڕ و بە تیمە تایبەتەکانی دەوڵەت چارەسەرناکرێت.

کورد نایەوێت لە تورکیا جیابێتەوە و ده‌یانه‌وێت لە ناوچەکانیان بە ئازادی و یەکسانی لە گەڵ تورکەکان بژین. کوردەکان دەیانەوێت لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤ و لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بژین. کێشەی کورد کێشەی که‌لتوری و دیموکراسیە.

هەوڵەکانی تورگۆت ئۆزاڵ بە هاوکاری جەلال تاڵەبانی سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەی کورد، شتێکی ئەرێنی بوون.

بۆ چارەسەری پێویستە، هەموومان دان بەوەدابنێین کە کێشەی کورد هەیە. پێویستە دان بەوەدابنێین کە خەڵکی ناوچەکە لەژێر فشارێکی زۆر گەورەدان. لە ٧٥ ساڵی ڕابردوودا دەوڵەت هەوڵیداوە کێشەی کورد بە ڕەتکردنه‌وه‌، تواندنەوە و فشار چارەسەر بکات، پێویستە ئەو هەڵوێستە لەناوبەرین و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکەین کە ئەم هەڵوێستەیان هەیە.

 

پێویستە هەموو ئەو یاسایانە بگۆڕین کە رێ لە بوونی کورد و چارەسەری کێشەی کورد دەگرن. پێویستە مافی نەته‌وەکانی تری وەک لاز، چەرکەز، عەرەبیش لەبەرچاوبگرین. پێویستە سیستمێکی هەمەچەشن و فرە که‌لتور لە تورکیا دروست بکەین.

پێویستە رێ لە نەتەوەپەرستیی تورک و کورد بگرین و ڕێ بەو هەوڵانە نەدەین کە نەتەوەكه‌یان دەکەن بە دوژمنی یەکتری."

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا ئەو ڕاپۆرتەی لە ساڵی ١٩٩١ ئامادەکردووه‌ و پێشکه‌شی حکومەتی کردووه‌، بەڵام لە ئێستادا کە هەموو کایەکانی حکومەتی گرتووەتە دەست، نەک تەنها کێشەی کوردی لە تورکیا چارەسەر نەکردووه‌، لە پارچەکانی تری کوردستانیش هەوڵ دەدات ڕێ لە دروستبوونی هەرجۆرە پێگەیەکی کوردی بگرێت، بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەوڵی لەناوبردنی بەڕێوەبەرایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەدات و تا ئێستاش له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌كانی زه‌بروزه‌نگدایه‌ دژی كورد كه‌ پێشتر هاوشێوه‌ی نه‌بووه‌.