ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:25 - 20/12/2019

ئەو ڕۆژەی فڕۆکە فەرەنسییەکان ڕێگریان لە دەرکەوتنی محەمەدی مەهدی دەکرد‌

پەیسەر

ئەگەرچی زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ ساڵە ئیسلامییەکان چاوەڕوانی دەرکەوتنی فریاد رەسێکن بەناوی ئیمامی مەهدی یان حەزرەتی مەهدی، بەڵام کاتێک لەبەرەبەیانێکی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٩ دا کەسێک بەوناوەوە دەرکەوت و چووە ناو مەککەوەو کۆنترۆڵیکرد هیچ موسڵمانێک لەدەرەوەی گرووپەکەی خۆی پێشوازی لەو دەرکەوتنە نەکرد و حکومەتی ئەوکاتی سعودییە داوای لە وڵاتانی دیکە کرد وەک فەرەنسا هاوکاری بکەن تا ئەو کەسەی وەک ئیمامی مەهدی دەرکەوتووە سەرکوتی بکەن، فەرەنسا و ئوردون هاوکاری سعودییەیانکرد و ئەو کەسەی بەناوی ئیمامی مەهدییەوە دەرکەوتبوو لەگەڵ شوێنکەوتوانی سەرکوتیانکرد و پاشان سعودییە ملی پەڕاند.


ئەو کەسەی بەناوی محەمەدی مەهدییەوە دەرکەوت کێ بوو؟

جهيمان العتيبي ئەو کەسەبوو کە بابەتی دەرکەوتنی محەمەدی مەهدی زیاتر گەورەکرد و پێی وابوو کەسێک کە هاوڕێی خۆی بوو بەناوی محەمەد قەحتانی ئیمامی مەهدییە،  جهيمان العتيبي بانگخوازێکی سعودی تەمەن ٤٢ ساڵ بوو، جهيمان خوێندکاری (شێخ عبدالعزیز بن باز) بوو، کە زاناو موفتی سعودییە بووە و بە یەکێک لە زانایانی جیهانی ئیسلامی و سەلەفی سەدەی بیست دادەنرێت، بن باز قازی و فوقەهای سعودییە بووە و لە ساڵی ١٩٩٢ ش بووە موفتی گشتی عەرەبستانی سعودییە و لە ساڵی ١٩٩٩ دا کۆچی دوایکرد.


جهيمان العتيبي ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵ خوێندنەوەی بۆ نیشانەکانی دەرکەوتنی ئیمامی مەهدیکرد و پاشان بە پشت بەستن بە هەندێک لە حەدیسەکان و بەڵگە ئاینییەکان گەیشتە ئەو بڕوایەی محەمەد قەحتانی هاوڕێی ئیمامی مەهدییە و پێویستە دەرکەوتنی خۆی ئاشکرابکات و داوا لە خەڵکی بکات شوێنی بکەون تا ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کێشەکانی ڕزگار بکات.


مـحـمـد عـبـدالله الـقـحـطـانـي تەمەن ٢٥ ساڵ بەهەمان شێوە هاوڵاتی سعودیی بوو و خوێندکاری شێخ عبدالعزیز بن بازبوو، ئەگەرچی قەحتانی بەهۆی کەمی تەمەنییەوە زۆر بوێری ئەوەی نەبوو بڵێت "من محەمەدی مەهدیم" بەڵام لەلایەن جهيمان ەوە دڵنیایی تەواوی پێدرا کە بەپێی خوێندنەوەکانی ئەو بۆ حەدیس و دەقە ئاینییەکان ئیمامی مەهدییە و دەتوانێت دەرکەوتنی خۆی ئاشکرا بکات.


ئەگەر چی جهيمان سوربوو لەسەر ئەوەی هاوڕێکەی محەمەدی مەهدییە، چەندجارێکیش قەحتانی و هاوڕێکانی خەونیان دەبینی کە محەمەدی مەهدی دەرکەوێت و ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئیمامە چاوەڕوانکراوەکەی موسڵمانان دەرکەوێت، خەوە بەردەوامەکانی قەحتانی و لێکدانەوەکانی جهيمان وایکرد پلانی دەرکەوتنەکە دابنێنن.

پەیوەندی نێوان مـحـمـد الـقـحـطـانـي و جهيمان العتيبي
ئەم دوو کەسە هەردووکیان وەک خوێندکارێکی بن باز و زانکۆی ئیسلامی مەدینە و کۆبوونەوەی دواتریان لە مزگەتەکاندا پەیوەندیان قوڵبوو، لەگەڵ ئەوەشدا کاتێیان بۆ ئەوە دەرخانکردبوو کە پەیەمەکانیان بۆ خەڵکی دیکە لە مزگەوتەکاندا بڵاوبکەنەوە، ئەگەرچی حکومەتی سعودییەی ئەوکات دەیزانی پەیامی ئەم چەند کەسە توندە و دەکرێت گرژی و ڕووداوی لێدەکەوێتەوە، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک کە یەکێک لە هۆکارەکان ڕێزی خوێندکارە ئیسلامییەکان و خوێندکارانی بن باز بوو چاوپۆشی دەکرد.


سەرەڕای هەموو ئەو چاوپۆشیانەش، مـحـمـد الـقـحـطـانـي و جهيمان العتيبي لە ساڵی ١٩٧٨ دا لەسەر هەمان بیروباوەڕی توندیان دەستگیرکران و خرانە زیندانەوە، لەناو زینداندا هەستیانکرد زوڵملێکراون و بەهۆی ئەوەی کە  جهيمان خەونی بینی هاوڕێکەی محەمەدی مەهدییە ئەم پرسە جارێکی دیکە سوربوونی ئەوانی زیاترکرد.


ئەگەرچی ئەوان لەسەر ئەم جۆرە بۆچوونانە لە زینداندا بوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە بڕوایان بە دەسەڵاتدارانی سعودییە هێنا ئەوان لەسەر پەیڕەوی ئیخوان هەڵسوکەوتیان کردووە، وەک باپیرەی جهيمان کە نزیکی پاشای سعودییە بووە ئازادکران، پێش ئازادکرنیشیان عەبدولعەزیز بن باز داوای کردبوو جارێکی دیکە دەرسیان پێبڵێتەوە، دووبارە بانگکردنەوەی ئەو دوانە لەلایەن بن بازەوە و دەستگیرکردنیان، جۆرێک بوو لە هەستکردن بە مەترسی ئەگەری ڕووداانی شتێک.

دڵنیایی مـحـمـد الـقـحـطـانـي و جهيمان العتيبي لەکوێوە هاتبوو؟
بەشێک لەو نیشانانەی لە ڕیوایەتەکاندا هاتووە، لەگەڵ مـحـمـد الـقـحـطـانـيدا دەگونجێت و ئەوەشی کە جیاوازە خودی خۆیان گونجاندنیان بۆ کردووە، ڕیوایەتەکان بەم شێوەیەن.


لە ڕیوایەتێکدا سعید بن سمعان دەگێڕێتەوە و دەڵێت"گوێم لە أبى هرير بوو دەیوت پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی[لەنێوان ڕوکن و مەقامدا بەیعەت بە کەسێک دەدرێت،وە یەکەم کەس کە دەست دەگرێت بەسەر ئەم ماڵەدا(ماڵی خودا) خەڵکی"شوێنەکە" خۆیەتی،جا کاتێک کە دەستیان بەسەردا گرت،ئیتر مەپرسە لە تیاچوونی عەرەب.


*رواه احمد،و الطيالسي،و ابو داود،و الحاكم في(مستدركه)،و ابن حبان في (صحيحه)
کاتێک ئەوان پلانی دەستبەسەرداگرتنی مەککەیان دانابوو، ئەوەشیان دانابوو کە لەنێوان روکن و مەقامدا بەیعەت بە مـحـمـد الـقـحـطـانـي بدەن و هەر ئەوەشیان کرد تا لەگەڵ ئەم ڕیوایەتەدا بگونجێت.

لە دووەم ڕیوایەتدا (أرطاة) دەگێڕێتەوە پیاوێک لە"ھۆزی"قەحتان دەردەکەوێت،گوێیەکانی کونن،لەسەر سیرەتی مەھدیە(واتە چەند سیفاتێکی مەھدی تێدایە)،لە بیستەکانی تەمەنیدایە،پاشان بە چەک(سلاح)دەکوژرێت،پاشان پیاوێک لە نەوەی پێغەمبەر (د.خ) دەردەچێت،مەھدیە و لەسەر سیرەتی پەسەندە (واتە سەرجەم سیفاتەکانی مەھدی تێدایە)،شاری قەیسەر فەتح دەکات،و کۆتا فەرمانڕەوایە لە ئومەتی محەمەد (د.خ) ،پاشان لەسەردەمی ئەودا دەجال دەردەکەوێت،ھەروەھا لەسەردەمی ئەودا عیسای کوڕی مەریەم دادەبەزێت.


*نعیم بن حماد فی کتاب الفتن


بەپێی لێکدانەوەکان لەم ریوایەتەشدا چەند لێکچوونێک لەگەڵ ڕووداوەکەدا هەیە کە قەحتانی کە کوژرا بەپێی وتەی براکەی تەمەنی ٢٥ ساڵ بووە و بە وتەی جهيمان ڕووداوی گوێ کونییەکەش راست بووە، ئەگەرچی پشتڕاست نەکراوەتەوە ئەو حاڵەتە راست بووە یان نە.


لە یەکێک لە ڕیوایەتەکانی دیکەدا باس لە دەرکەوتنی کەسێک دەکرێت لە هۆزی قەحتانەکان و وەک محەمەدی مەهدی دەردەکەوێت، کە دیسانەوە پاساوی جهيمان و هاورێکانی ئەوە بوو کە بەڵی محەمەد قەحتانی لە هۆزی قەحتانە.


ڕووداوی کۆنترۆڵکردنی حەرەمی مەککە چۆن ڕوویدا؟

ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەم لەکاتی نوێژی بەیانی جهيمان و زیاتر لە ٢٠٠ کەسی دیکە لەگەڵ محەمەد قەحتانی کە هەموویان خەڵکی وڵاتی سعودییە بوون، لەناو چەند تابوتێکدا چەک و تەقەمەنیان بردە ناو حەرەمی مەککەوە، بیانوی ئەوەی جەنازەیان پێیە و دەیانەوێت نوێژی مردووی لەسەر بکەن، نەپشکێندران و چوونە ناو حەرەمەکەوە، لەپاش نوێژی بەیانی، جهيمان و شوێنکەوتوانی چەکەکانیان لە تابوتەکان ھێنایە دەرەوە و بەنێو ھەموو گۆشەیەکی حەرەمدا بڵاوبونەوە و پێشنوێژی حەرەمیان لە مایکرۆفۆنەکە دورخستەوە و لە میمبەری حەرەمەوە دەرکەوتنی محمدی مەھدییان ڕاگەیاند، و زۆربەی حاجیان و نوێژخوێنانی نێو حەرەم،بەم ھەواڵە دڵخۆش بوون و دەنگی"الله اكبر"یان لێ بەرزبویەوە،پاشان لەنێوان ڕوکن و مەقامدا وەک کەسایەتی محمدی مەھدی،بەیعەت درا بە(محمد عبدالله القحطاني)،ئەم ھەواڵەش سعودیە و ووڵاتانی موسوڵمانی توشی شۆک کرد.


لەبەر ئەوەی کە  شوێنەکە پیرۆزە و خوێنڕشتنی تێدا حەرامکراوە هێزەکانی سعودییە نەیاندەوێرا بە چەک ڕووبەڕوی ئەو دەرکەوتنە بوەستنەوە، بەناچاری پەنایان بۆ فەتوای موفتی گشتی و زانایانی ئیسلامی برد.
زانایانی ئیسلامی موفتی سعودییە بۆخۆشیان نەیاندەوێرا بە ئاشکرا دژی ئەمە بوەستنەوە، چونکە تیامابوون لەنێوان ڕاستی دەرکەوتنی محەمەدی مەهدی و یاخیبوونی گروپێکدا.


مەلیک خالیدی ئەوکاتی مەلیکی سعودییە توانی فەتوای زانایانی ئیسلامی بۆ دژی یاخیبوان بەدەستبهێنێت و ئۆپراسیۆنی سەربازی لەحەرەمی مەککە دەستیپێکرد.

ھێزەکانی سعودیە لە یەکەم ھێرشیاندا ڕوبەڕوی زیانێکی گیانی زۆر بونەوە ئەمەش بەھۆی نەکێشانی وێنەیەکی درووست بۆ گەورەیی حەجمی ڕوداوەکەو نا ڕێکخراوەیی ھێزەکانیان لە ڕوبەڕوبونەوەی وەھا ڕوداوێکدا،بۆیە دواجار داوایان لە فەرەنسا کرد ھاوکارییان بکات لە کۆنترۆڵکردنەوەی حەرەمدا


لەلایەک ترەوە و لە سێیەم ڕۆژی ڕوداوەکەدا (محەمەد قەحتانی) بە گولەی ھێزەکانی سعودیە بریندار کرا، لەپێشچاوی چەکدارەکان دورخرایەوە،ئەمەش بوو بەھۆی دروستبوونی گومان و هەندێک دەیانوت بریندارە و هەندێک دەیانوت مردووە، پرسی مردنی محەمەد قەحتانی ساردبوونەوەیەکی لای چەکدارە یاخیبوەکان دروستکرد بەوەی چۆن دەبێت محەمەدی مەهدی بمرێت، لەکاتێکدا چاوەڕێی شتی زۆر گەورەتریان لێدەکرد.

سەرکوتکردنی یاخیبوان
سعودییە بەردەوام بە پشتبەستن بە فەتوای زانایانی ئاینی بە چەکدارەکانی دەوت یاخیبوان، لە ئەنجامی گەورەی ڕووداوەکە و پاراستنی شوێنە پیرۆزەکە داوای هاوکاری لە فەرەنسا و ئوردن و پاکستان کرد و هەردوو وڵات هاتنە ڕیزی سەرکەوتکردنی چەکدارەکانەوە.


لەگەڵ کوشتنی "محەمەدی مەهدییەکە" سوپای فەرەنسا و سعودییە لە سەرەوە بە فڕۆکەی جەنگی و لەخوارەوە بە تانک هێرشیان دەبرەدە سەر حەرەمی مەککە، بەناچاری چەند شوێنێک بۆردوومانکرا کە لای موسڵمانانی جیهان هێڵی سورە و بە ناچاری دەبوو بۆردومان بکرێت، چونکە بەشێک لە چەکدارەکان چوبونە ناو منارەی مزگەوتەکەوەو فڕۆکەی فەرەنسی منارەکانی بۆردوومان کرد.


لەماوەی ١٥ ڕۆژدا ڕۆژانە خەڵكی کە بەبارمتە گیرابوون ئازاد دەکران و لە چەکدارەکان دەدرا، زیانێکی زۆر بەر مەککە و شوێنە پیرۆزەکە بۆ موسڵمانان گەیشت، لەگەڵ ئەوەش چەکدارەکان بەرگری سەختیان دەکرد.


دوکەڵێکی زۆر مزگەوتی پیرۆزی موسڵمانانی گرتەوە، لەگەڵ بەردەوامی بەرگری چەکدارەکان هەواڵی کوژرانی قەحتانیان لێ دەشاردرایەوە، لەکۆتایدا و دوای ١٥ ڕۆژ بەرگریکردن، سەرهەڵدانەکە کۆنترۆڵکرا و جهيمان و نزیکەی ٧٠ چەکداری یاخیبوو دەستگیرکران.


لەدوای ماوەیەک جهيمان و سەربازە یاخیبووە دەستگیرکراوەکان بە فەتوای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو و پاشان ملیان پەڕێندرا.


ڕووداوەکە جیهانی ئیسلامی شۆک کرد، بەوەی پێشتر برواوابوو کە نابێت تەنانەت فڕۆکەش بەسەر حەرەمی مەککەدا بفڕێت، بەڵام بەهۆی گەورەی قەبارەی یاخیبوونەکەوە و باوەڕی چەکدارەکان بە دەرکەوتنی محەمەدی مەهدی بەرگری زۆرکرا و بەشێکی زۆری شوێنە پیرۆزەکەی موسڵمانان خاپورکرا.