ڕاپۆرتی کوردستانی

03:19 - 20/12/2018

ئایا یەپەگە دەتوانێت کورد لە چارەنووسی سیزێف ڕزگار بکات؟‌

حسێن ئه‌حمه‌د پور

سیزێف پاڵەوانی ئەفسانەیەکی یۆنانییە، بەوە سزا دەدرێت کە بۆ هەتا هەتایە هەموو رۆژێک تاوێرە بەردێک بباتە سەر شاخێک، هەموو جارێکیش کە نزیک دەبێتەوە لە گەیشتن بە لوتکەی شاخەکە، تاوێرە بەردەکە تلۆر دەبێتەوە بۆ شوێنەکەی خۆی، ئەمە کاری هەموو رۆژێکی سیزێفە و بۆخۆشی دەزانێت ئەو کارەی دەیکات کارێکی پووچ و بێ واتا و ڕەنج بە خەسارییە. ئالبێرت کامۆ نووسەری بە ناوبانگی فەرەنسی، سیزێف بە پاڵەوانێکی پووچ و ڕەنج بە خەسار ناو دەبات.

دوای بڕیارەکەی ترەمپ سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوا بەشێکی زۆری کورد خیانەتەکانی زلهێزەکانیان  هاتەوە بیر، بە جۆریک هەر جارێک کە کورد لە سەرکەوتن نزیک بووبێتەوە زلهێزێک خیانەتی لێی کردووە و کوردیش رەنج بە خەسار ماوەتەوە.

بە درێژایی سەدەی بیست و تا ئێستاشی لەگەڵدابێت زۆربەی کورد و سەرکردەکانیشی پێیانوابووە بەبێ پشتبەستن بە زلهێزێک یان هێزێکی دەرەکی، یان بە واتایەکی دیکە بەبێ یارمەتیدەربوونی فاکتەرێکی دەرەکی ئەستەمە کورد بە ئامانجەکانی بگات، لەم روانگەیەوە کورد سیزێفی سەد ساڵی رابردووی جیهان و ڕەنج بە خەسارترین گەلی جیهانە، هەموو جیهان بە پاڵەوانی شەڕ و شەڕکەری ئازا وەسفیان دەکەن، بەڵام کوردە شەڕکەرە ئازا و پاڵەوانەکە وەک سیزێف کاتێک لە گەیشتن بە لوتکەی سەرکەوتن نزیک دەبێتەوە، هێزێک لە دەرەوەی تواناکانی ئەو تاوێرە بەردەی خەبات و ماندووبوون و قوربانیدانەی لێ تلۆر دەکاتەوە و رەنج بە خەسار دەگەڕێتەوە سەر خاڵی سفر.

لە کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی و لە ساڵی ١٩٤٦ کورد بە پشتگیری یەکێتی سۆڤییەت کۆماری کوردستانی لە مهاباد دروستکرد، کۆمارەکە ببووە قیبلەگاهی هەموو کورد، بەڵام تەنیا دوای ساڵێک سۆڤییەت لە بەرامبەر وەرگرتنی ئیمتیازی نەوت لە ئێران هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و باکوری ئێران کشاندەوە و کۆماری کوردستان و کوردی خستە بەردەم شاڵاوی سوپای ئێران کە ئەمریکا و بەریتانیا و هەموو وڵاتانی ناوچەکە پشتگیریان لە شای ئێران دەکرد، پشتچۆڵکردنی کورد لەو کاتەدا یەکەم ئیمتیازی سۆڤییەت بوو لە جەنگی سارددا کە بە ئەمریکا و رۆژئاوای دا.

نزیکەی ٣٠ ساڵ دواتر، کاتێک شۆڕشی ئەیلول تەنگی بە عێراق هەڵچنیبوو، ئەمریکا و ئێران کە بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز لە عێراق پشتگیری شۆرشی ئەیلولیان دەکرد، لە ڕێککەوتننامەی جەزائیردا، هاوشێوەی بڕیارە لە ناکاوەکەی ئێستای ترەمپ لە چەند کاتژمێرێکدا پشتی کوردیان چۆڵکرد، سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلولیش بەهۆی ئەوەی پشتی بە ئەمریکا و ئێران بەستبوو و متمانەیان بە هێز و توانای نزیکەی ١٠٠ هەزار پێشمەرگە نەبوو، لە کاتێکدا نزیکبوونەوە لە لوتکە، تاوێرەکەیان تلۆرکردەوە و هاتنەوە سەر خاڵی سفر، ساڵێک دواتر پارتی بە جیا و یەکێتیش بە جیا لە سفرەوە شۆڕشیان دەست پێ کردەوە، مێژووی ٤٠ ساڵی رابردوو دەریخست پارتی و یەکێتی لەسەر هەمان ڕێچکەی پشت بەستن بە هێزی بیانی بەردەوامن و بەردەوام لە چاوەڕوانی گۆدۆیەکی رزگارکەردان.
ساڵی ١٩٩١ لە باشوری کوردستان، بەرەی کوردستانی بە پشتگەرمی ئەمریکا ڕاپەڕینان ڕێکخست، بەو هیوایەی ئەمریکا کۆتایی بە دەسەڵاتی سەدام حسێن دێنێت، کەچی ئەمریکا دوای ماوەیەکی کورت پاشەکشێی کرد و کوردی خستەوە بەردەم کەڵپەی سەدام.

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٥دا بەهۆی قەیرانی سوریاوە، ناکۆکی قوڵ کەوتە نێوان ڕوسیا و تورکیاوە و تورکیا فڕۆکەیەکی ڕوسی خستەخوارەوە، روسیا کەوتە پیاهەڵدان بە شان و باڵی کورددا، نووسینگەی نوێنەرایەتی پەیەدەی لە مۆسکۆ کردەوە، وتیان چەک دەدەن بە پەکەکە، لە ئاستی باڵادا پێشوازی لە سەلاحەدین دەمیرتاش کرا، هەڕەشەیان لە تورکیا دەکرد کە ئەگەر بێتو سوپای تورکیا بستێک بچێتە ناو خاکی رۆژئاوای کوردستانەوە کاردانەوەی توندیان دەبێت، بەڵام لە شەورۆژێکدا ئەردۆغان بایداوە بە لای روسیادا و روسیاش عەفرینی وەک دیاری سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ بەخشییە ئەردۆغان.

لە باشوریش کە لە دوای ٢٠٠٣وە کورد وەک متمانەپێکراوترین هاوپەیمانی ئەمریکا سەیر دەکرا، لە دوای ریفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠١٧ لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا بەشێکی زۆری ملیشیاکانی حەشدی شەعبی وەک گروپی تیرۆر دەناسێت و سووریش دەزانێت ئەم گروپانە کار بۆ چەسپاندنی هەژمونی ئێران دەکەن، کەچی لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ ئەمریکا نەک رێگری نەکرد لە هێرشی حەشدی شەعبی کە قاسم سولەیمانی فەرماندە و پلانداڕێژی هێرشەکە بوو، بەڵکو رێگەخۆشکەریش بوو بۆ گەڕانەوەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، هۆکارەکەشی زۆر ڕوونە، ئەمریکا هەموو عێراقی دەوێت، نەک لەتێکی بچوکی کە کوردستان بێت، لە بەر کوردیش هەموو دەوڵەتانی ناوچەکە ناکات بە دوژمنی خۆی.

هەموو ئەم ڕووداوانە سەلمێنەری ئەوەن کە ئەمریکا و ڕوسیا و زلهێزەکانی دیکەش هەرگیز دەوڵەتانی ناوچەکە بە کورد ناگۆڕنەوە، کورد تەنیا وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی ئیمتیازی زیاتر لە دەوڵەتانی ناوچەکە وەربگرن، یان کوردیان تەنیا وەک شەڕکەر دەوێت بۆ شەڕی داعش، کاتێکیش بە ئامانج گەیشتن ئەوا زۆر ئاساییە کە بیانفرۆشن و کورد رەنج بە خەسار بکەن.


ئایا کورد دەتوانێت خۆی لە چارەنووسی سیزێف رزگار بکات؟
ئەوەی لە چەند کاتژمێری رابردوودا لە زاری بەرپرسانی پەیەدە و یەپەگەوە دێتەدەرێ، بەو ئاراستەیە کە خۆیان لە چارەنووسی سیزێف ڕزگار دەکەن، بۆ نمونە ئاڵدار خەلیل دەڵێت هیچ رۆژێک ئۆمێدیان لەسەر هێزێکی بیانی هەڵنەچنیووە کە بیانپارێزێت، بەڵکو پشتیان تەنیا بە توانای خۆیان بەستووە، ئەم وتەیە بەو واتایە دێت کە ئەوانیش وەک یاریکەرێک سەیری ڕووداوەکان دەکەن و چۆن ئەمریکا ئەوانی وەک کارتێک سەیر کردوە، ئەوا کوردیش لە رۆژئاوا لە قۆناغێکدا بۆ بەهێزکردنی خۆی وەک کارتێک سەیری پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا کردوە، بەم پێیە بێت دەبێت ئامادەکارییان بۆ هەموو ئەگەرەکان کردبێت، جا ڕەنگە لە قۆناغێکدا سەربکەون و لە قۆناغێکیشدا شکست بهێنن.

ئەگەر رۆژێک کورد خۆی وەک یاریکەرێک سەیر کرد، ئەوا هەنگاوی یەکەمی بۆ خۆ رزگارکردن لە چارەنووسی سیزێف ناوە، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا پەیەدە و یەپەگە وەک یاریکەرێک سەرکەوتوو بوون ناکۆکییەکانی ئەمریکا و روسیا لە سوریا، شەڕوپێکدادانی نێوان سوپای سوریا و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن و شەڕی دژی داعش بۆ بەرژەوەندی خۆیان و بەهێزکردنی پێگەی خۆیان بەکاربهێنن، بەڵام ئێستا کە ئاماژەکانی گۆڕینی یارییەکە بە دیارکەوتوون، لێرە بە دواوە گرنگە کە بیسەلمێنن ئایا یاریکەرن یان یاریپێکراو.

ئاستەنگێکی گەورە کە بەردەوام لەبەردەم کورددایە بۆ ئەوەی نەتوانێت ببێت بە یاریکەر، ئەوەیە ئەستەمە هێزێکی کوردی بە تەنیا بتوانێت ئەو ڕۆڵە ببینێت، یەپەگە ئەستەمە سەرکەوتووبێت ئەگەر بێتو هێزی کوردی دیکە ڕێک پێچەوانەی یەپەگە یاری بکات و ببێتە کارتێکی کوردی بە دەستی تورکیا و لایەنەکانی دیکەوە لە دژی یەپەگە لە رۆژئاوای کوردستان، بە جۆرێک ئەگەر بێتو تورکیا هێرش بکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان و هێزی کوردی دیکەش یارمەتیدەری هێرشەکە بێت ئەوا هیچ دوور نییە کە جارێکی دیکە کورد وەک سیزێف و هەموو مێژووی سەد ساڵی رابردووی رەنج بە خەسار دەربچێت، بە تایبەت ئێستا کە دەنگۆى ئەوە هەیە لە دوای کشانەوەی ئەمریکا و ئەگەری هێرشی تورکیا، ئەمریکا و تورکیا بۆ ئەوەی رای گشتی لە دژیان نەورووژێت، شەڕی یەپەگە لەڕێی هێزێکی کوردی وەک (پێشمەرگەی ڕۆژ) بکەنە شەڕی خۆبەخۆی کوردی.