ڕاپۆرتی کوردستانی

04:49 - 21/12/2019

پەیسەر لە ماڵی ئەو دوو کۆڵبەرەی لەناو بەفردا رەقبوونەوە‌

پەیسەر

ئێستا هەمووان خەمبارن بە کارەساتی گیانلەدەستدانی ئازاد و فەرهاد، دوو کوڕە خێر لەخۆنەدیوەکەی فەریدە و عوسمان. بەڵام دیمەنی ماڵە چۆڵ و بێنازەکەی ئەم دوو کوڕە گەنجە تابلۆ پڕ لە تراژیدییەکە تەواو دەکات.

لە ئاوایی (نێ) سەر بەشاری مەریوان، نێردراوی پەیسەر چووەتە ماڵی عوسمان خوسرەوی، باوکی ئەو دوو کوڕەی لە چەند رۆژی رابردوو لەناو بەفردا رەقبوونەوە.
لەسەرزاری خزم و نزیکەکانی ئەم خێزانەوە دەرکەوت، ئەم خێزانە هەژارترین خێزانەکانی دنیان، نەک تەنیا ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.
بەرهەمی ژن و مێردایەتی عوسمان و فەریدە چوار کوڕە، ئازادی ١٧ ساڵ و فەرهادی ١٤ ساڵان منداڵی نۆبەرە و ناوگینی ئەم خێزانەن. لەگەڵ دوو کوڕی تر.

ماڵی ئازاد و فه‌رهاد

تا چەند ساڵ لەمەوبەر، عوسمان لەناو خاشاک و زبڵی شار و بەردەم دوکانەکاندا، پلاستیکی فڕێدراو، فافۆنە شکاو، قوتووی پیپسی  و ڤانتا و کارتۆنی کۆکردووەتەوە و دواتر فرۆشتوونی. ئەمە تەنیا سەرچاوەی داهاتی خێزانە شەش نەفەرییەکەی بووە.

ماڵی ئازاد و فه‌رهاد

دوای ئەوەی ئازادی کوڕە گەورەی ماڵ توانای ئەوەی دەبێ کرێکاریی بکات، ئیتر ناهێڵێ باوکی کارتۆن و شوشە کۆ بکاتەوە.  زۆر نابات فەرهادی برایشی لەگەڵیدا دەبێتە کرێکار و پێکەوە کاردەکەن و بژێوی خێزانەکەیان دابین دەکەن.

بەر لەوەی ببێتە کۆڵبەر، فەرهاد بەهۆی ئەوەی منداڵ بووە و توانای کرێکاری قورسی نەبووە، لە قەراخ جادەکان شلک و هەندێ میوەی تری فرۆشتووە.

مەرگ و هیوا
بەهۆی کەمبوونەوەی کرێکاریی لە ئێران بە تایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان، ئازاد و فەرهاد وەکو هەزاران هاوشاری و هاوڵاتی خۆیان، روو لە سنوورەکان دەکەن بەڵکو شانسی ئەوەیان هەبێ کۆڵبەرییان دەستبکەوێ.

شەوی ١٧ی ئەم مانگە لە ملەی تەتە لەناوچەی هەورامان کە هاوسنوورە لەگەڵ خورماڵ، ئازاد و فەرهاد لەگەڵ چەند کۆڵبەرێکی تردا، بەهۆی بەفر و کڕێوەوە رێگایان لێ ون دەبێ و لە یەکتر دادەبڕێن. 

بەگوێرەی گێرانەوەی ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگاداری رووداوەکەن، سەرەتا ئازاد بەهۆی سەرما و بۆرانی زۆرەوە لە کەسیرە دەکەوێ و توانای جوڵەی نامێنێ. فەرهادی برای بچووکی جامانە و پاڵتاوی خۆی بۆ بەجێ دەهێڵێ و دەچێ خەڵکی تر بانگ بکات تا بێن بە هاواریانەوە. بەڵام دوای گەڕانێکی زۆر کەس نابینێ هاوکارییان بکات و دەگەڕێتەوە لای برا لە پێکەوتووەکەی.
فەرهاد هێشتا تواناو ئومێدی ماوە بۆیە لە لوتکەی چیاکە دێتە خوارەوە تا خەڵک بانگ بکات ئازادی برای رزگار بکەن، بەڵام سەرما زۆر بۆ ئەویش دەهێنێ و لە جێگایەکی دوور لە تەرمی براکەی، ئەمیش گیان لەدەستدەدا. بۆیە تەرمەکەیشی سێ رۆژ دوای ئازاد دۆزرایەوە.

ناوبانگی هەژارێک
دوای سێ رۆژ گەڕان، دواجار تەرمی فەرهاد دۆزرایەوە و لە تەنیشت گۆڕی ئازادی برای لە گۆڕستانی گوندی نێ نێژرا. لەکاتی ناشتنی تەرمی ئەم کۆڵبەرەدا ئاپۆڕای جەماوەر بێ وێنەو چاوڕەوان نەکراوبوو.

 


ماڵی ئازاد و فه‌رهاد

بەهۆی ئەوەی هەژارن، خێزانی عوسمان و فەریدە لەناوچەکەیاندا زۆر ناسراون، بەڵام گیانلەدەستدانی پڕ لە تراژیدیای ئازاد و فەرهادی کوڕیان بە جۆرێک بوو، لە ناشتن و پرسەکەیاندا وەکو ئەوەبوو کوڕی خانەدان و خواپێداوەکان مردبن ئه‌وەندە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەمیانەوەبوون.