ڕاپۆرتی کوردستانی

01:54 - 22/12/2019

كورد و لێپرسینەوە لە ترەمپ‌

كوردستان ئەحمەد

دوای ئەوەی گۆنگرێسی ئەمریكا، بەهەوڵی سەرۆكی كۆنگرێس، نانسی پیلۆسی توانرا، بڕیار لەسەر لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپ بخاتە بەردەم ئەنجومەنی پیران، وابڕیارە لە دوای ساڵی نوێ و لە 2020 دا ئەنجومەنی پیران، دەست بەلێكۆڵینەوە لە دۆناڵد ترەمپ بكات و بەوردی كۆنگرێس قسە لەسەر شكاندنی یاسا یاخود خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات لە لایەن سەرۆكەوە بكات.

ئایا لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، دەبێتە هۆی گۆڕانكاریی ڕیشەی لە سیاسەتی ئەمریكا؟ چ لە ناوخۆی وڵات یاخود لە دەرەوەی وڵات بەتایبەتی لە عێراق و لە سوریا و ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟ یاخود ئایا هیچ گۆڕانكاریەك لە سیاسەتی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكەدا روونادات لە لێپرسینەوە یاخود بە لابردنی دۆناڵد ترەمپ، لە پۆستەكەی وەك سەرۆكی ئەمریكا.
لەهەردوو قۆناغەكەدا ئایا سیاسەتی ئەمریكا و سەرۆكی ئەمریكا لە بەرامبەر كورد لە سوریا و عێراق دەگۆڕدرێت یاخود وەك خۆی دەمێنێتەوەوە كە تەنها بریتییە لە پشتیوانیكردنی لۆجستی و سەربازی بۆ هێزە كوردییەكان و هەروەها مانەوە لە چوارچێوەی ئەو دوو وڵاتەكەدا.

بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە دۆناڵد ترەمپ بكرێت، پێویستە 20 ئەندامی كۆمارییەكان كە ئەندامی ئەنجومەنی پیرانن، دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی دەنگی  دیموكراتەكان

لەكار لابردنی دۆناڵد ترەمپ
بەشێكی زۆر لە میدیاكانی ئەمریكا و هەروەها شرۆڤەكارانی ئەو وڵاتە پییان وایە قورسە لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپب بگاتە ئاستێك كە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بتوانێت و ڕازی ببێت كە لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپ بكات.
لەبەر ئەوەی پارتەكەی دۆناڵد ترەمپ زۆرترین ئەندامی لە ئەنجومەنی پیران هەیە، لەگەڵ ئەوەش بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە دۆناڵد ترەمپ بكرێت، پێویستە 20 ئەندامی كۆمارییەكان كە ئەندامی ئەنجومەنی پیرانن، دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی دەنگی  دیموكراتەكان، ئەوەش زۆر ئەستەمە.

 لەدۆخێكدا كە لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپ بكرێت و لەسەر كارەكەی لاببرێت، ئەوا جێگری سەرۆك واتە مایك پێنس شوێنی دەگرێتەوە و دەبێتە سەرۆكی ئەمریكا، بەم پێیەش هیچ گۆڕانكاریەكی ڕیشەیی لە سیاسەتی ئەمریكا بەتایبەتی لە پرسە كۆنكرێتیەكاندا روونادات، وەك گۆڕانكاری لە هێز و گۆڕانكاری لە سیاسەتی ناوخۆی و دەرەكی وڵاتەكەیدا.

هەرچەندە سەرۆك بڕیاردەری یەكەمە لە ئەمریكا، بەڵام بە جۆرێك لە جۆرەكان دەسەڵاتەكانی ئەمریكا لە هەموو شوێنێك و بەشێكی وڵاتدا، خاوەنی سەربەخۆی خۆیانن لە دەسەڵاتدا و پاش لێكۆڵینەوەیەكی زۆر دەتوانن بڕیار بدەن، هەرچەندە نابێت ناوەند كە واشنتنە فەرامۆشی بكەن، لە پرسێكی وەك پرسی لابردنی سەرۆكی وڵاتدا هیچ گۆڕانكاریەك لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە یاخود وەزرارەتی بەرگری ئەمریكا لە بارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا روونادات و دۆسەكانی ئەو وڵاتانە وەك خۆی دەمێنێتەوە.

ئێستا ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدوای بەرژەوەندییەكانی خۆیدا دەگەڕێت و كار بۆ ئەوە دەكات زەمینەیەكی لەبار بڕەخسێنێت كە رووبەرووی سەربازی ئەمریكا ببێتەوە بە جۆرێك كە ئەمریكا دەیەوێت كڵاوەی ئەتۆمی بازنەی بەدەوریی ئێراندا بكێشێت بۆ ئەوەیە بتوانێت بە كەمترین زیان رووبەرووی ئەو وڵاتە زلهێزە ببێتەوە.

ئێستا سەرۆكی ئەمریكا لە پرسی گۆرانكارییە ریشەییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا تەنها ڕۆڵێ چاودێرێكی زۆر ورد دەبینێت، كە بە پشتبەستن بە بەڵگەكانی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگری بڕیار لەسەر هەر كارێكی چارەنوس ساز دەدات كە ئەمریكا رووبەرووی هەر گرفتێك دەكاتەوە و رووبەرووی دەبێتەوە.

لەئێستادا دۆناڵد ترەمپ، توانیویەتی پشتیوانی زۆرێك لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست بهێنێت و بەشێكی زۆریان ڕازی بكات بەوەی ببنە بەرەیەك سەر بەسعودیە و لە ڕێگەی سعودیەشەوە ئاراستەی ئابوری ناوچەكە بكات و رووبەرووی ئەو هێزانە ببنەوە كە نەیارن بە سیاسەتی ئەمریكا، لە كاتێكدا هێزە دژەكانی بەرامبەریش پلانی تۆكمەیان هەیە بۆ ڕووبەرووبونەوەی ئەو پلانانەی كە دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت لە ڕێگەی سعودیەوە لە ڕۆهەڵاتی ناوەڕاستتدا جێبەجێی بكات.

لە بارەی سوریا و عێراق ئەمریكا ئێستا بەجێگیری ماوەتەوە، چونكە كار لەسەر ئەوەدەكات ئەم دوو وڵاتە سەقامگیر ببن لە رووی سەربازیەوە، هەروەها وەك بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دەڵێن، ئەوان دەیانەوێت بەجێگیری لە عێراق و سوریا بمێنەوە بۆ ئەوەی داعش سەرهەڵنەداتەوە و نەتوانێت وەك ڕابردوو هێزێكی گەورەی هەبێت.

لەلایەكی تریش كار بۆ ئەوە دەكەن سەقامگیری ئابورییش لە سوریا و عێراق دروست ببێت بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانی ئەمریكا، بتوانن لە هەردوو وڵات بەرهەمهێنان لە نەوت وگاز و غازدا بكەن و پشكی شێر لە ئابوری هەردوولا بۆ خۆیان بەدەست بهێنن.

دۆناڵد ترەمپ لەكارەكەی دور بخرێتەوە یاخود وەك سەرۆكی ئەمریكا بەردەوام بێت، بێگومان ئەمریكا  سوریا و عێراق بۆ هێزەكانی ڕوسیا و هەژمونیی ئابوری چین و هێزەسەربازیەكانی ئێران چۆڵ ناكات وبەناوچەی جێنفوسی سیاسی و ئابوریی خۆیی دەزانێت، لەبەر ئەوەی ئەمریكا خاوەنی پلانی ستراتیژی درێژخایەنە وئەگەر ماوەیەكی زۆریش سەرۆكی نەبێـت ئەوا دامەزراوە سیستماتیكیەكانی ئەمریكا دەتوانن كاریی خۆیان بكەن و بەردەوامبن لە پلانی خۆیان.

پرسی گۆڕینی دۆناڵد ترەمپ لە ئەمریكا تەنها پرسێكی نێوخۆییە، هەرچەندە رەهەندی دەرەكیشی هەیە، بەڵام لابردنی ترەمپ تەنها بۆ دیموكراتەكان بایەخێكی گەورەی هەیە كە دەیانەوێت بۆ هەموو جیهانی بخەنە روو كە بەڵێ ئەوان دەتوانن هەركەسێك یاسا بشكێنن رووبەرووی سزای قورسی بكەنەوە، هەرچەندە لەرووی جیهانیشەوە ئەوە دەبێـتە كارێكی زۆر قورس و گران، بەڵام بە كۆی گشتی هاوكێشە سیاسیەكان بێگومان ئەمریكا وەك خۆی دەمێنێتەوە و جێگریر دەبێت لە بڕیارەكانیدا.

كورد و سەرۆكی ئەمریكا
دۆناڵد تەرمپ یەكەم سەرۆكی ئەمریكا یە كە زۆرترین قسەی لەبارەی كوردەوە كردووە، زۆرترین هاوكاریی سەربازی و مرۆیی بۆ كورد هەر لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپ و بەچاودێری راستەوخۆی خۆی بوو، ئەوە گرنگیەكی گەورەی هەیە بۆ كورد لە عێراق و لە سوریا، هەرچەندە ترەمپ ئاشنایەتیەكی تەواوی بە كورد و دۆزەكەی نییە، بەڵام لە سەرتای سەرهەڵدانی داعش و بەردەوامی شەڕەكەدا پشتیوانی كوردی كردووە وهاوكاریی سەربازی كوردی كردووە.

تەنها لە یەك مانگدا دۆناڵد ترەمپ زیاتر لە 28 تویتی لەسەر كورد كردووە، ئەوەش جۆرێك لە پشتیوانی وایە، هەروەها توانی لە پرۆسەی دروستكردنی ناوچەی ئارامدا رۆڵێكی گەورەی هەبێت و ئامادەبوو بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە بۆ سەر كورد لە سوریا، سزای قورسی ئەو وڵاتە بدات و رووبەرووی ببێتەوە.

لە پرسی گۆڕانكای سەرۆكی ئەمریكادا، ئەگەر گۆڕانگاری رووبدات، ئەگەر بە زیانی كورد نەبێت ئەوا بەقازانجی نییە، چونكە لەم قۆناغەدا ئەمریكا ناتوانێت سەرۆكێك هەڵبژێرێت كە پشتیوانی و دۆستایەتی بۆ كورد هەبێت، بەلایەنی كەمەوە كەسێك دەبێت كە ناتوانێت بە تویتەر قسە لەسەر كورد بكات، یاخوهاوكاریی سەربازی مرۆیی ڕاستەوخۆ بنرێرێت بۆ كورد، هەرچەندە پرسی هاوكاری كردنی كوردەكانی ڕۆژئاوا تەنها لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە نییە، بەڵكو هاوكاریەكان لە ئاستی وەزراەتی دەروە و بەرگری ئەمریكادایە، ئەوەش لە پێناو ڕێكخستی ئەو هاوكاریانەیە كە ئەمریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەقامگیری و هەروەها ئاسایشی ناوچەكە و سەرهەڵنەدانەوەی داعش و ئاوەدانی و مافی كەمە نەتەوەییەكان ئامادەی دەكات.