ڕاپۆرتی کوردستانی

05:13 - 22/12/2019

خوێندنەوەی ئەکادیمی لە بارەی بزووتنەوەی ژنانی کورد لە باکووری کوردستان‌

پەیسەر

پوختە
ئەم وتارە هەوڵ دەدات ئەو پرس و بابەتانە تاوتوێ بکات کە ژنە پەرلەمانتارانی کوردی سەر بە BDP (پارتی ئاشتی و دیموکراتی) گرنگییان پێ داوە. بۆ ئەم مەبەستەیش چالاکییەکانی ٤ ژنە پەرلەمانتاری کورد، واتە گوڵتان کیشاناک، ئایسل تۆغلوک، سەباح تونجەل و ئەمینە ئاینای تاوتوێ کردووە. دیارە بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی بابەتەکانی رۆژنامەی نیشتمانی تورکیا، کە ناوی (Hurriyet - حورییەت)ە.

ئەویش لە قۆناغێکی کورتمەودادا کە دەکاتە (مانگێک پێش هەڵبژاردنی ژوئەنی ٢٠١١ تا کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠١٣). ئەم چوار ژنە پەرلەمانتارە زیاتر لە ئەوانی دیکە لە رۆژنامەی حورییەتدا بابەتیان لە بارەوە بڵاو کراوەتەوە و لێدوانەکانیان بڵاو کراونەوە. ئەم ژنە پەرلەمانتارانە لەگەڵ ئەوەی پابەندی بنەماکانی حزبەکەی خۆیان بوون، گرنگییان بە بابەتگەلی وەکوو پشتگیریکردن لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و عەبدوڵا ئۆجەلانی رابەری داوە و رەخنەیان لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی تاکە حزبی دەسەڵاتداری تورکیا گرتووە. پەرلەمانتارانی پارتی ئاشتی و دیموکراتی، (خۆسەری دیموکراتیک) بە جۆرە پرۆسەیەکی ژنان دەزانن و دوو تایبەتمەندی ناسنامەی کوردی و ژن پێوەری چالاکییەکانیانە.

پێشەکی
ئەم وتارە لە بارەی رۆڵی سیاسی ژنانی کوردە، دیارە بە چڕ بوونەوە لە سەر چالاکییەکان و راگەیەندراوەکانی چوار ژنە پەرلەمانتار، کە لە ناو راگەیاندنەکانی تورکیادا زیاتر گرنگییان پێ دراوە. یەکەم شەپۆلی فیمینیزم لە تورکیا، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا سەری هەڵ دا و ژنان دەستیان دایە خەباتکردن بۆ وەرگرتنی مافە سیاسییەکان و مافەکانی هاووڵاتیبوونیان. دووەم شەپۆلی ئەم بزووتنەوەیە، لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٨٠دا دژی پرسگەلی وەکوو توندوتیژی خێزانی و پێشێلکردنی مافەکانیان لە میدیادا سەری هەڵ دا. سێیەم شەپۆلیش، لە حاڵێکدا لە دەیەی ١٩٩٠دا کەوتە رێ، کە کۆمەڵێک لێکترازانی تیادا هاتە ئاراوە، وەک ئەوەی کە ژنانی نەتەوەخوازی کورد و ژنانی ئیسلامخواز، حزبی فیمینیست و رەوتی سەرەکییان خستە بەر رەخنە. ئەویش بە هۆی بیر و بۆچوونی رەگەز پەرەستانە و سنووردارکردنی ناسنامەکانی دیکە.

لە دەیەی ٧٠ی زایینیدا، ژنانی کورد لە رەوتە چەپخوازەکانی وەکوو پارتی خوشکان (sisters)دا کاریان دەکرد، هەرچەند لە دەیەی ٨٠ بە دواوە پێگەیەکی سیاسی جیاوازیان پەیدا کرد، بەڵام بەردەوام بەرگرییان لە ناسنامەی کوردی و ژنانەی خۆیان کرد و ئەم دوو تایبەتمەندییە لە ریزی پێشەوەی کارەکانیاندا بوون. وادیارە ئەم ژنانە زیاتر لە رووی ئەتنی و رەگەزییەوە سنووردار کراون و لە ژێر فشارێکی دوو لایەنەدا بوون.

پرسی کورد لە تورکیا
کاتێک کۆڵەکانی کۆماری تورکیا دامەزران. حکومەت سیاسەتی کەلتووری یەکپارچەی گرتە بەر و پێکهاتە ئەتنییەکانی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکپارچەیی سیاسی و یەکپارچەیی خاک راگەیاند. پرۆژەی بە مۆدێرن کردنی (کەمالیزم) هەوڵێک بوو بۆ یەکپارچە کردنی کەلتووری، زمانی و ئەتنی. بەڵام ئەو رەوتەی تورکیا گرتییە بەر، کۆمەڵێک کێشەی بە دوادا هات. لە ساڵانی نێوان ١٩٢٤ و ١٩٣٨دا کوردەکانی تورکیا ١٨ جار راپەڕیون. ساڵی ١٩٤٨ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دامەزرا و چالاکییەکان و خەباتی و خۆی دەست پێ کرد. خەباتی چەکدارانەی ئەو پارتە کاریگەری وێرانکەری لە سەر ئابووریی تورکیا دانا و لە ماوەی ٣٠ ساڵ شەڕدا زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس کوژران.

لە سەرەتای دەیەی ١٩٩٠دا بەرپرسانی حکومی تورکیا بڕیاریان دا؛ نەتەوایەتی کورد قبوڵ بکەن و لە سەردەمی هێلسینکی سامیتدا (١٩٩٩)، بە مەبەستی پەیوەستبوون بە یەکێتی ئەورووپا، کۆمەڵێک گۆڕانکارییان بۆ پێڕاگەیشتن بە خواستی کورد کرد. پارتی دەسەڵاتداری (ئاکەپە) کە ساڵی ٢٠٠٢ پێک هات، لە ساڵی ٢٠٠٩ وە تا ساڵی ٢٠١٠ بە شوێن  چارەسەرێکەوە بوو بۆ ئەم کێشەیە و پرۆسەی دیموکراسی گرتە بەر. لە حاڵێکدا بەشێکی خەڵک پێشوازییان لەو رەوتە ئاشتیخوازانەیە دەکرد، بەشێکی دیکەیان بە هەوڵێکیان دەزانی بۆ تێکدانی یەکێتی وڵات. زۆر پارتی سیاسی کورد لە دەیەی ٩٠دا دەرکەوتن.

ئەگەرچی دادگای حکومیی لە نێوان ساڵانی ١٩٩٣ تا ٢٠٠٩چالاکی حەوت پارتی قەدەغە کرد. وا دێتە پێش چاو ئەم پارتانە لە چالاکی توندڕەوانەوە گلابن و دژی یەکێتی نیشتمانی جوڵابنەوە. پارتی (BDP) یەکێک لە حزبە جەماوەرییەکانی تورکیایە کە ساڵی ٢٠٠٨ چالاکی خۆی دەست پێ کرد. بە پێی زانیارییەکانی ٢٠١١، نزیک لە ٦٤/٦ی ئەندامەکانی لە پەرلەمانی تورکیادا بوون. ئەم پارتە بانگەشەی ئەوە دەکات کە کار بۆ یەکسانی ماف و خەڵک سالاری دەکات و ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە تورکیا بۆ پێکهاتەیەکی نوێی سیاسی، پێویستە جیاوازییە کەلتووریی و کۆمەڵایەتییەکان قبوڵ بکات. لەم پێناوەیشدا پارتی (بەدەپە) دژی پیاوسالاری دەوەستیتەوە و پشتگیری ئامادەبوونی سیاسی ژنان دەکات.

خوێندنەوەی ئەکادیمی لە بارەی بزووتنەوەی ژنانی کورد
لە بواری توێژینەوە لە سەر ژنانی کورد و چالاکییەکانیان، چەندین کار کراوە کە لێرەدا باسیان دەکەین. نەرینا ویس، لە بارەی چیرۆکی چوار ژن و ئەزموونەکانیان لە ناو پارتی (پەکەکە)دا توێژینەوەی کردووە. ویس سەرنجی تایبەتی لە سەر ستراتیژی رەگەزیی ژنان لە رۆژهەڵاتی تورکیا چڕ کردووەتەوە. عومەر کاها، لە سەر شیکاری گوتاری ئەو رۆژنامانەی لە لایەن فێمێنیستە کوردەکانەوە بڵاو دەبنەوە توێژینەوەی کردووە. ئەو پێیوایە رێگری کراوە لەوەیکە ژنانی کورد لە گشتێتی و کاکڵی بابەتی ژنان تێبگەن. چاگلا دینەر و شولە توکتاش، بزووتنەوەی ژنانی کوردیان بە پارتە ئیسلامخواز و کەمالیستەکان بەراورد کردووە. ئەوان پێیانوایە کە بزووتنەوەی سەرەکی فێمێنیزمی تورکیا لە ژێر کاریگەری رابوونە نەتەوەییخوازەکانی کورد و پارتی بنەمای بێداری ئیسلامیدایە.

سیدا کولوغلو کاریش، تێکگیرانە ناوخۆییەکانی کاریگەر بە گۆڕانکارییەکانی تورکیا و کاردانەوەیانی لە سەر ژنانی کورد تاوتوێ کردووە، ئەو هەروەها لە بارەی ژنانی کوردی تورکیاوە قسە دەکات کە هەوڵ دەدەن خوێندن و نووسینی زمانی تورکی فێر بن بۆ ئەوەی خواستەکانیانی پێ بخەنە روو.  لە ناو ئەو توێژەرانەیشدا کە رەهەندە سیاسییەکان و پرسی ژنانی کوردیان تاوتوێ کردووە، دەکرێ ئاماژە بە ناوەکانی؛ شەبنەم کانسوون، مارتین ڤان برونسن و هندان کاقلین بکرێت. کانسوون لە سەر ئاراستەی (BDP) لە ئاست پرسی رەگەزیی کاری کردووە و بڕوای وایە کە کاری هەرە لە پێشی (BDP) کێشەی ژنانە. مارتین ڤان برونسن لە بارەی ئەو ژنە کوردانە قسە دەکات کە رابەری سیاسی بوون، وەکوو (عادیلە خانم). عادیلە خانم یەکێک لەو ژنە بەهێزانەیە کە لە سەردەمی عوسمانیدا ژیاوە،

هەروەها لە بارەی چەند ژنێکی دیکە لە ناویشیاندا لەیلا زانا، کۆمەڵێک بابەت باس دەکات. برونسن پێیوایە هەرچەند کۆمەڵگەی کورد، خەڵک سالارە بەڵام بە پێی ئەو بەڵگانەی لە بەر دەستدان ژنان دەتوانن بە پۆستی سیاسی و سەربازی بگەن. هندان، چەند بابەتێکی بڵاو کراوەی لە سەر ئەمە هەیە، ئەو لە نامەی دکتۆراکەیدا (٢٠٠٦) لە بارەی ناسنامەی کورد لە روانگەی فیمینیستییەوە قسە دەکات. بە بڕوای هندان؛ ژنانی کورد بە پێی پێویست سوودیان لە بەرهەمەکانی مۆدێرنیزە بوون وەرنەگرتووە و بە هۆی سیاسەتەکانی حکومەت لە بواری زماندا، دەرفەتی دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و هەلی کاریان نییە. ئامادەبوونیان لە بواری سیاسەتدا لە دەیەی ٩٠ و بە خۆپێشاندانی سەر شەقامەکان دەستی پێ کرد و بەشێکی گەورەیشیان چوونە ریزی گرووپە سیاسییەکانی چیا. بە پێی کاقلین؛ لەیلا زانای سیاسەتمەداری کورد نوێنەرێکی هەڵبژێردراو بوو کە لە پەرلەمانی تورکیا بە زمانی کوردی قسەی کرد و کەوتە زیندان، ئەو سیمبۆلی پێگە و دۆخی کوردە لە تورکیا. کاقلین،

هەروەها لە بارەی رەوتی پارتە کوردەکان قسە دەکات و بڕوای وایە لە دەیەی ٩٠ بە دواوە، ئازادی ژنان لە ناو بابەتە حزبییە دیموکراتییەکاندا پێگەی تایبەتی هەیە. کاقلین، سەرنج بۆ پشکی رەگەزیی ٤٠% و دۆخی نوێنەرانی ژن لە ناو پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (DTP) و پارتی (BDP) رادەکێشێت. بە پێی بۆچوونی ئەو، نوێنەرانی کورد کە هەڵدەبژێردرێن، زیاتر بە هۆی ئەزموونی حزبیی خۆیان و قبوڵکردنی ئەنجومەنی ژنانی ناو حزبە، نەک بە هۆی پشتگیرییەک کە لە لایەن سەرۆکی حزبەوە لێیان دەکرێت. لەگە ئەمەیشدا پێوێست ناکات ژنانی پەرلەمانتار خوێندەواری پێشکەوتوو بن یا لە چینی باڵادەستی ئابووریی و کۆمەڵایەتی بن.

ئەوان وەک ژنە ئاساییەکانی دیکەی کۆمەڵگەن. سەرەڕای ئەمە، سیستەمی سەرۆکایەتی پارتە کوردییەکان بە جۆرێکە کە ژنیش وەکوو پیاو رێگەی پێ دراوە لە کۆبوونەوە حزبییەکانی پەرلەماندا ئامادە بێت.
توێژینەوەکانی پێشوو زیاتر باس لە بابەتە سەرەکییەکانی پێوەندیدار بە پرسە سیاسییەکانی ژنانی کورد دەکەن. ئەم توێژینەوەیە بە رێگەیەکی نوێ ئەو بابەت و بوارانە تاوتوێ دەکات کە پەرلەمانتاران گرنگییان پێ داوە.

ئەم توێژینەوەیە     
ئەم وتارە هەوڵ دەدات لە سەر راگەیەندراو و وتارەکانی ژنە پەرلەمانتارانی کورد، کە لە رۆژنامەی نیشتمانی تورکیا (حورییەت - Hurriyet)دا بڵاو بوونەتەوە، توێژینەوە بکات. ساڵی ١٩٤٨ رۆژنامەی حورییەت کە یەکێک لە بڵاوکراوە نیشتمانی و لیبرالەکانی تورکیایە، بۆ یەکەم جار بڵاو کرایەوە. ئەم رۆژنامەیە، ژمارەیەکی زۆر لە پەیامنێر و نووسەری لەگەڵە کە خاوەن ئەزموونی سیاسی جیاوازن.

بە هۆی ئەوەی ئەرشیفی رۆژنامەکە تەنیا کارمەندەکانی خۆی دەستیان پێی رادەگات، بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان رووم کردە کتێبخانەی گشتی ئەتاتورک لە ئیستەنبول کە بۆ دەستڕاگەیشتن بە ناوەرۆکی رۆژنامە نیشتمانییەکان هاوکاری دەکات. لەو رێگەیەوە بە پێی ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی چەندنیجار ناویان لە بابەتی جۆراوجۆردا هاتووە، چەند خشتەیەکم ئامادە کرد. بە پێی رێکەوتی توێژینەوەکە ئەو هەواڵانە تاوتوێ کران کە لە مانگی مای ٢٠١١وە تا ئۆکتۆبەری ٢٠١٣ بڵاو ببوونەوە. هەڵبژاردنە نیشتمانییەکانی تورکیا لە ژوئەنی ٢٠١١دا کران. ئەم توێژینەوەیە مانگێک پێش هەڵبژاردنەکان دەستی پێ کرد، نووسەر ناچار بوو تا کۆتایی ٢٠١٣ وتارەکەی تەواو بکات.

ژنە پەرلەمانتارانی BDP لە رۆژنامەی حورییەتدا و ئەو بابەتانەی گرنگییان پێ داوە
لە ٣٤ پەرلەمانتاری BDP، ١١ کەسیان ژنن. ژنە پەرلەمانتارانی ئەم پارتە کە لە رۆژنامەی حورییەتدا زۆر جاران خۆیان و راگەیەندراوەکانیان باسیان کراوە، بریتین لە: گوڵتان کیشاناک، ئایسل توغلوک، سەباحەت تونسەل و ئەمینە ئاینا. گوڵتان کیشاناک (لە دایکبووی ١٩٦١)، رۆژنامەنووس و پەرلەمانتاری دیاربەکرە کە ئێستا (٢٠١٣) سەرۆکی پارتەکەیە. ئایسل توغلوک (لە دایکبووی ١٩٦٥) پارێزەر و پەرلەمانتاری شاری وانە، یەکەم  سەرۆکی پارتی (BDP) یە.

سەباحەت تونسەل (لە دایکبووی ١٩٧٥) دەرچووی کۆلیجە لە بەشی نەخشەسازی. ئەمینە ئاینا، (لە دایکبووی ١٩٦٨) سەرۆکی پێشووی پارتەکەیە. هەموو ئەم ژنانە سەڵتن، جگە لە گوڵتان کیشاناک کە خێزاندارە. هەموویان بۆ ماوەیەک لە زینداندا بوون. گوڵتان کیشاناک لە تەمەنی ١٩ ساڵییدا زیندانی بووە، بە هۆی ئەزموونە تاڵەکانی لە ناو زینداندا چووەتە بواری سیاسەت و رۆژنامەوانییەوە. بە وتەی خۆی لە زینداندا چەندینجار لە رووی رۆحی، جەستەیی و زمانییەوە ئازار دراوە. ئایسەل تۆغڵوک بە هۆی بانگەشەکردن بۆ رێکخراوێکی توندڕەو بۆ ماوەیەک زیندانی کراوە.

سەباحەت تونسەل بە هۆی ئەندامبوونی لە ریزەکانی گەریلادا، زیندانی کراوە. دوای رزگاربوونی لە زیندان وەک پەرلەمانتار لە پارێزبەندیی یاسایی بەربەش بوو و لە لێپێچینەوە بەخشرا. ئەمینە ئاینا هەروەها بە هۆی بانگەشەکردن بۆ دامەزراوەیەکی نایاسایی زیندانی کراوە. لە کاتی ئەم توێژینەوەیەدا (ساڵی ٢٠١٣) گوڵتان کیشاناک سەرۆکی پارتی (BDP) یە و زیاتر لە ئەوانی دیکە سەرنجی راگەیاندن و رۆژنامەکانی لە سەرە. ئەو وەکوو بەرزترین بەرپرسی پارت، لە لایەن پارتەکەیەوە زۆرترین وتاری داوە.

خشتەی ١- لێدوانی ژنە پەرلەمانتارانی BDP لە رۆژنامەی حورییەتدا، لە رێکەوتی١ی مانگی مای ٢٠١١ تا ٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٣        


بە سەرنجدان بۆ زانیارییە کۆکراوەکانی ناو خشتەی ژمارە یەک، بۆمان دەردەکەوێت کە یەکێک لەو بابەتانەی ژنە پەرلەمانتارانی کورد زۆر جار لە بارەیەوە وتاریان داوە و لە گفتوگۆکانی خۆیاندا باسیان کردووە، پشتگیریکردن لە پەکەکە و رابەرە زیندانیکراوەکەی، واتە عەبدوڵا ئۆجەلانە. بۆ نموونە و بە پێی زانیارییەکان؛ گوڵتان کیشاناک ناوی عەبدوڵا ئۆجەلانی وەک رابەری خەڵک هێناوە و داوای ئازادکردنی لە زیندان کردووە. (١٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٢، حورییەت).

کشاناک بڕوای وایە کە پێویستە هەڵسوکەوتی حکومەت لەگەڵ ئۆجەلاندا، ئاشتیخوازنە بێت و لە رێگەی دانوستان و بە شێوازی دیموکراتی لەگەڵی بچنە گفتوگۆوە. (١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٢، حورییەت). کیشاناک هەروەها دەڵێ خەڵک خەم بۆ ئۆجەلان دەخۆن و ئەگەر لە خۆڕاگری و خەباتی خۆیان بەردەوام بن، بە زوویی ئاواتەکانیان دێتە دی. (Öztürk ١١ فێبریڤەری ٢٠١٣). هەروەها لە شوێنێکی دیکەدا لە زمان کیشاناکەوە نووسراوە کە ئۆجەلان کەسێکی پەسەندە بۆ گفتوگۆکردن و پێویستە پرۆسەی دانوستان لەگەڵ ئەو دەست پێ بکات. (Bozarslan & Sunar، ٤ی مارسی ٢٠١٣). ئەو ئۆجەلان بە رابەر و چارەسەرکەرێکی شایستەی رێز دەزانێ (١٩ی مارسی ٢٠١٣،Dalmaz & Kara). کیشاناک داوا دەکات؛ ئۆجەلان بەڵێنی یاسایی بۆ دابین بکرێت، چونکە دادوەر ئۆجەلانی بە رابەری رێکخراوێکی نایاسایی داناوە و ئەگەر کارێکی لە دژ بکرێت، ئەوا کێشەکە ئاڵۆزتر دەبێ. (٦ی مارس ٢٠١٣، Aslan). بە پێی ئەم زانیارییانە؛ ژنە پەرلەمانتارانی BDP زۆر جاران راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیگری ئۆجەلان و پەکەکەیان کردووە. لە مانگی ئۆگۆستی ٢٠١٢دا ئەندامانی پەکەکە لە رێگەیەکدا لە ناوچەی شمدنلی کە لە باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای هەکاری هەڵکەوتووە، تووشی پەرلەمانتارانی BDP دەبن، ئەو بەریەککەوتنە لە لایەن هەر دوو لاوە پێشوازی لێ دەکرێ و گفتوگۆ لە نێوانیان دێتە ئارا.

ئایسل تۆغلوک لەو بارەوە دەڵێ؛ دیدارەکە نایاسایی نەبووە، رێکەوتێکی ئاسایی بووە و هەر دوو لا بە دیدارەکە خۆشحاڵ بوون و دەرفەتێک بووە بۆ ئەوەی پارتی BDP لە پێگە و بارودۆخی پەکەکە بە ئاگا بێت. (١١ سێپتەمبەری ٢٠١٢، حورییەت). لە ساڵی ٢٠١١ دا سەباحەت تونسەل، یارمەتی کەسێکی داوە تاوەکوو بچێتە ناو پارتی پەکەکەوە. (١٥ی نۆڤەمبەری ٢٠١١، حورییەت). تونسەل خۆی لەو بارەیەوە دەڵێت؛ هاوکاری ئەندامێکی حزبەکەی خۆی کردووە. تونسەل پێشتر بە هۆی ئەندامبوونی لە پەکەکەدا زیندانی کراوە. (١٩ی سێپتەمبەری ٢٠١٢، Usta & Armutçu,) .

بابەتێکی دیکە کە ژنە پەرلەمانتارانی کورد، گرنگی پێ دەدەن پرسی رەگەزیی و پشتگیریکردنی ژنانە. بەڵام پشتگیری ئەوان لەم بابەتە، بە ئاراستەی پەکەکە بەرەو پێش دەچێت و پشتی بەستووە بە واتای خۆسەری دیموکراتیک. بۆ نموونە بە پێی قسەی سەباحەت تونسەل؛ زیلان، ژنە خەباتکاری پەکەکە، کە لە ساڵی ١٩٩٦ بە هۆی هێرشی خۆکوژی گیانی لە دەست دا، بۆ خەبات لە دژی پیاوسالاری چووەتە مەیدانی جەنگ.

زۆر ژنە خەباتکاری کورد لە رێگەی ئازادیدا چوونە مەیدانەکانی خەبات. تونسەل بڕوای وایە کە پێویستە ژنان پشتیوانی یەکتر بن و یەکتریان خۆش بوێت، تاوەکوو بتوانن دژی پیاوسالاری خەبات بکەن. (٢ی جولای ٢٠١١، Yavuz). ئایسل توغلوک و گوڵتان کیشاناک، تیرۆرکردنی سێ ژنی ئەندامی پەکەکەیان لە پاریس ئیدانە کرد و بە جۆرێک لە شەڕی دژ بە ژن و ئازادی لە قەڵەمیان دا. (٥ی مارسی ٢٠١٣، Hürriyet). ئەمینە ئاینا، نەک هەر ژنانی کورد، بەڵکوو هەموو ژنانی تورکیا بۆ خەبات لە پێناو سەربەخۆیی و ئازادی بانگهێشت دەکات، چونکە خۆسەری دیموکراتیک بە جۆرێک لە پرۆسەی ژنان دەزانێت. (١٩ی جولای ٢٠١١، Dörtkardeş). گوڵتان کیشاناک پرسی مافی ژنان بە خەمی سەرەکی پارتەکەی دەزانێ (٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠١٢، Hürriyet).

پەرلەمانتارانی پاتی BDP بە تایبەت سەرۆکەکەی واتە گوڵتان کیشاناک، زۆر جاران رەخنە لە پارتی دەسەڵاتداری ئاکەپە دەگرن. کیشاناک بە هۆی پەردەپۆشکردنی کوشتنی ٣٤ قاچاخچی کورد و تۆمەتبارکردنیان بەوەی کە ئەندامی پەکەکە بوون (٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠١٢، Hürriyet)، هەروەها بە هۆی کەمتەرخەمی لە پرۆسەی ئاشتیدا (٢٩ی سێپتەمبەری ٢٠١٣، Hürriyet) حکومەتی تورکیا سەرزەنشت دەکات. کیشاناک بە هۆی کەمتەرخەمیکردنی لە پێکهێنانی کەشی کراوەی سیاسیدا، رەخنە لە ئەردۆغان دەگرێت. (٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٢، Hürriyet).

لەگەڵ ئەوانەیش سەرزەنشتی دەکات بە هۆی ئەوەی کە بە شێوەی دڵخوازی خۆی و بە ئیرادەی خۆی، گۆڕانکاری سیاسی دەکات و دەسەڵاتەکانی حکومەت لە دژی خەڵک خراپ بە کار دەهێنێت. (٢٦ی ژوئەنی ٢٠١٣، Hürriyet). ئەمینە ئاینا، بە هۆی فەرامۆشکردنی ماف و خواستەکانی خەڵکی کورد، رەخنە لە ئەردۆغان دەگرێ و بڕوای وایە کە ئەردۆغان بە لێدوانەکانی بووەتە هۆی هاندانی هێرشکردنە سەر کورد کە نموونەکانی بریتین لە؛ هێرشکردنە سەر نووسینگەکانی BDP و کوشتن و دادگاییکردنی خەڵک کورد لە شارە گەورەکاندا. (١٩ی جولای ٢٠١١، Dörtkardeş).

ئەنجامگیری
ئەم وتارە بە مەبەستی ناسینی ئەو بابەتانە ئامادە کراوە کە ژنە پەرلەمانتارانی پارتی BDP گرنگییان پێ داوە. بۆ گەیشتن بەم ئەنجامەیش رۆژنامەی حورییەت وەک بڵاوکراوەیەکی نیشتمانی و لیبراڵ، هەڵبژێردرا. چونکە زیاتر لە بڵاوکراوەکانی دیکە هەواڵ و راگەیەندراوەکانی پارتی BDPی بڵاو کردووەتەوە. بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان، بابەتە پێوەندیدارەکانی ئەم پارتە لە رۆژنامەی حورییەتدا تاوتوێ کراون. ئەویش لە ماوەی مانگی مای ٢٠١١ تا ئۆکتۆبەری ٢٠١٣. بە سەرنجدان بۆ خشتەی زانیارییەکان، هەروەک لە بەر دەستتاندایە و دەیبینن، ئەو بابەتانەی ژنە پەرلەمانتارانی کورد و بە تایبەت سەرۆکی پارتی BDP، گوڵتان کیشاناک گرنگی پێ دەدەن، چەند بابەتێکی سەرەکین:
١- پشتگیریکردن لە پەکەکە و رابەرەکەی، واتە عەبدوڵا ئۆجەلان.
٢- پشتگیریکردن لە مافی ژنان.
٣- رەخنەگرتن لە حکومەتی تورکیا، بە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی کورد و کەمتەرخەمی لە ئاست هێنانە دی ئاشتی، هەروەها رەخنەگرتن لە ئەردۆغان بە هۆی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی خۆی و لێدوانی ئاژاوەگێڕانە لە دژی کورد.
پارتی BDP، خاوەنی ناسنامەیەکی دوو لایەنەیە و بریتییە لە کورد و ژن، کە هەر دووکیان بە دەست ستەم و نایەکسانییەوە ئازار دەچێژن و هەوڵ بۆ هێنانە دی دادپەروەری و گەیشتن بە خۆسەری دەدەن. ئەوان لە نێوان ئەم دوو ناسنامەیەدا پێوەندییەکیان بۆ گەیشتن بە پرۆسەی خۆسەری دیموکراتیک پێک هێناوە کە بە پرۆسەی ژنانی دەزانن. ژنانی سیاسی کورد زیاتر بەم دوو ناسنامەیەی کورد و ژن – ەوە لە راگەیاندنەکاندا دەردەکەون.
ئامادەکردن: شەبنەم کانسوون