ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:42 - 22/12/2019

ئەردۆغان پەیوەندیەکانی دەیان ساڵەی تورکیا و ئەمریکای تێکداوە‌

پەیسەر

بە هۆی کردەوەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و دروستکردنی قەیڕان، لە سوریا، لیبیا، دەریای ناوەڕاست و ناتۆدا ئەمریکا لە تورکیا نیگەرانە و ڕۆژ بە ڕۆژ کەلێنی گەورە دەکەوێتە نێوانیان.

ئارۆن ستەین بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناەڕاستی ئینیستیتوی سیاسەتی دەرەوە ئەمریکا کە یەکێک لە ناوەندە سەرەکیەکانی ڵێکۆلینەوەیە لە ئەمریکا لەبارەی پەیوەیدنیەکانی ئەمریکا و تورکیا بۆ سایتی دۆیچە ڤێلای ئەڵمانی دەڵێت: "ئەردۆغان کارئاسانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا ناکات و بەو هۆیەوە دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا چیدی ناتوانێت بەرگری لە ئەردۆغان بکات و بە ناچاری پڕۆژە یاسای سزادانی تورکیا پەسەند دەکات.

ئارۆن ستەین ئاماژەی بەوەدا، بە هۆی کڕینی سیستمی موشەکی (ئێس ٤٠٠)ەوە لە ڕوسیا، ئەمریکا، تورکیای لە پڕۆژەی فڕۆکەی (ئێف٣٥) دەرکرد و ناردنی فڕۆکەکانی بۆ تورکیا بلۆک کرد. ئەمەش وەک یەکەمین هەنگاوی گەورە بۆ تێکچوونی پەیوەندیەکانی هەردوولا دەزانرێت.

ئیدارەی ئەمریکا تا ئێستاش نایەوێت سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت، بەڵام بە هۆی نزیکبوونەوەی تورکیا لە ڕوسیا، نیگەرانی بەرامبەر هەڵوێستی تورکیا هەیە. هەرچەندە تورکیا ئێس ٤٠٠ی لە ڕوسیا کڕی، تڕەمپ و بەرپرسانی حکومەتی ئەمریکا لە سزادانی تورکیا هەنگاوی جددی نانێن و دەیانەوێت تورکیا جارێکیتر لە ڕوسیا دووربخەنەوە.
تورکیا هەنگاوی ئەرێنی نانێت و هەڵوێستی بەرامبەر ئەمریکا وەرگرتووە و ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، تڕەمپ ناتوانێت بەرامبەر کۆنگرێس خۆی بگرێت و لە ساڵی ٢٠٢٠ بە ناچار سزاکانی سەر تورکیا پەسەند دەکات و دەکەێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بە هۆی ئەوەی تائێستا تورکیا بە تەواوی سیستمی دژە موشەکی ئێس ٤٠٠ی نەخستووەتە کار و ئەمریکا هێشتا چاوەڕێ دەکات تورکیا لەو هەنگاوەی بگەڕێتەوە، بۆیە ئەمریکا چاوەڕێی ٢٠٢٠ دەکات کە بە پێی پلانی تورکیا لەو ساڵەدا سیستمەکە بە تەواوی جێگیر دەکرێت. ئەمەش دۆخێکی مەترسیدار دەهێنێتە کایەوە.

ئەردۆغان زۆر جار هەڕەشە لە ئەمریکا و ناتۆ دەکات. ڕایگەیاندبوو، پێویستە ناتۆ سیستمی دژە موشەکی لە ناو خاکی تورکیا بباتە دەرەوە و هەروەها هەڕەشەی داخستنی فڕۆکەخانەی سەربازی ئینجیرلیک دەکات. ئەمەش وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکای نیگەران و توڕە کردووە، هەرچەندە ئەردۆغان ئەو دوو پرسە وەک کارتی فشار بەکاردەهێنێت.

ڕوسیا خەریکە بە تەواوی دەست بە سەر قوبڕسدا دەگرێت و بووەتە شوێنێکی بارزگانی ئەو وڵاتە، ئەمریکا دەیەوێت لە قوبڕس لە بەرژەوەندیەکانی ڕوسیا بدات و ڕکابەریەکی گەورە لەنیوانیاندا هەیە و لەم نێوەندەدا تورکیا لە ڕوسیا نزیکترە و ئەمەش دیسانەوە ئەمریکای نیگەران کردووە.

هەوڵەکانی قوبرسی یونانی بۆ دەرهێنانی غازی سروشتی وەک هەوڵێکی تەواو سەربەخۆبوونی ئەو دورگەیە دێت و ئەمریکاش پشتگیری لە هەوڵەکانی دەکات، لەبەرئەوەی هاوپەیمانی ئەمریکایە و هەوڵەکانی تورکیا بۆ دەرهێنانی غازی سروشتی لە دەریای ناوەڕاست و لە سنورەکانی یونان و قوبڕس دیسانەوە کاری ئەمریکا و قوبڕوس قوڕس دەکات کە وەک دەسیسەیەکی ڕوسیا دەبینرێت.

تورکیا بە هۆی کردەوەکانی لە دەریای ناوەڕاست و ناوچەکە هاوپەیمانی سەرەکیی نەماوە و بە تەنیا ماوەتەوە.

ئارۆن ستەین بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناەڕاستی ئینیستیتوی سیاسەتی دەرەوە ئەمریکا ئەوەی خستووەتەڕوو، کردەوەکان و هەڵوێستەکانی تورکیا لە ڕاستیدا نیشانەی لاوازیەتی. دەترسێت لە ناو هاوکێشەکاندا زیانی بەرکەوێت. ئەردۆغان دەیەوێت، هەندێک وڵاتی لاواز لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە و خۆی وەک وڵاتێکی بەهێز پیشان بدات و لە دەریای ناوەڕاست سوودی زیاتر لە ڕێککەوتنەکاندا بەدەست بهێنێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە نیکۆلاس ئاناستاسیادێس سەرۆکی قوبڕسی یۆنانی بەرامبەر مەترسیەکانی تورکیا لە دەریای ناوەڕاست و رێککەوتنی سەربازی نێوان تورکیا و لیبیا، دەستی بە گەڕێکی دیپلۆماسی فراوان کرد.

نیکۆلاس ئاناستاسیادێس ڕایگەیاندووە، بەرەیەکی هاوبەش لە نێوان میسر، ئیسرائیل، یۆنان و لوبنان لە دژی مەترسیەکانی تورکیا و حکومەتی هاوپەیمانی نەتەوەیی لیبیا پێکهێنراوە و ئامانجیان هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکەی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە کە هەڕەشە لە ئاسایشی دەریای ناوەڕاست دەکات.

حکومەتی تورکیا لە نزیک دوورگەی گیریت و دوورگەی دوانزەی یۆنان دەستیكرد بە کارکردن بۆ هێنانەدەرەوەی غازی سروشتی و حکومەتی یۆنانیش لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵای دژی تورکیا تۆمارکردبوو.

حکومەتی یۆنان دەڵێت، تورکیا بە کردەوەکانی رێککەوتنی وزەی لە دەریای ناوەڕاست پێشێلکردووە و تا ئێستاش ئەو کێشەیە یەکلانەبووەتەوە.
ئانێگرێت کارینبۆر وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە سەردانێکدا بۆ بنکەی سەربازی وڵاتەکەی لە کەناراوەکانی لوبنان، پشتگیری خۆی بۆ قوبڕس و یۆنان دەربڕیبوو.

بەم شێوەیە فشارێکی زۆری نێودەوڵەتی لەسەر تورکیا هەیە و هەنگاو و کردەوەکانی لە دەریای ناوەڕاست پەسەند ناکرێت و بووەتە هۆی دروست بوونی قەیرانێکی نوێ و ئەمەش وایکردووە  دۆناڵد تڕەمپ چیدی نەتوانێت، پشتگیری لە ئەردۆغان بکات.