ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:06 - 23/12/2019

"ئەبوبەكر بەغدادی تا ئەو كاتەی كوژرا لەلایەن توركیاوە پارێزگاریی لێدەكرا"‌

پەیسەر

پەیوەندی نێوان توركیا و داعش، یاخود توركیا بە گروپە توندڕەو و تیرۆرستییەكانی سوریاوە هەمیشە بابەتێكی گەرم بووە، هەندێكجار بابەتەكە تا ئاستی بڵاوكردنەوەی بەڵگەنامەی پەیوەندیی ئەنقەرە بە داعش ڕۆیشتووە.

لە نوێترین ڕاپۆرتی پێگەی "نۆردیك مۆنیتۆر"ی سویدیی و تایبەتمەند بە بواری هەواڵگریی، پەردە لەڕووی كۆمەڵێك نهێنی پەیوەست بە توركیا و داعش هەڵدەدرێتەوە، كە ئەو پەیوەندییە بۆ دەزگای هەواڵگریی وڵاتێكی زلهێزی وەك ئەمریكاش ئاشكرابووە، تەنانەت پەیوەندیی توركیا و داعش بەشێوەیەك بووە كە ئەنقەرە تا كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی، پارێزگاریی لەسەركردەكەی داعش كردووە، ئەوەش بەگوێرەی دانپێدانانی چەكدارێكی دەستگیركراوی داعش.

لەئۆكتۆبەری ئەمساڵدا ئەمریكا لە ئۆپەراسیۆنێكدا ئەبوبەكر بەغدادی، سەرۆكی گروپی تیرۆرستی داعشیان كوشت، شانۆی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە تەنیا سێ كیلۆمەتر لە خاكی توركیاوە دووربوو، با جارێ لەو بابەتە گەڕێین، بابزانین ئەمریكا كە هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەكات توركیا هاوپەیمانێكی ستراتیژی و سەربازیی وڵاتەكەیەتی، بۆچی بنكەی سەربازیی ئینچەرلیك كە لەنێو خاكی توركیایە و نزیكترین شوێن بوو بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە، بەڵام بنكە سەربازییەكە لەلایەن ئەمریكاوە بەكارنەهێندرا؟

 

ئەو بابەتە لێوانلێوە لەو چیرۆكە بەهێزەی تا ئێستاش ڕەتكردنەوەی ئەستەمە، ئەویش ئەوەیە بەغدادی لەلایەن توركیاوە پارێزراوە ئەویش بەو پێیەی باڵی "سەربازیی" ئەردۆغان بوو بۆ بەدیهێنانی خەونەكەی كە بریتییە لە خەونی "فراوانخوازیی" و دەستگرتن بەسەر ئەو ناوچانەی سوریا كە هێشتا لە دیدی ئەردۆغاندا ئەو ناوچانە بەشێكن لەدەوڵەتی عوسمانی لەناوچوو.

ڕاپۆرتەكە تیشكدەخاتە سەر ئەوەی پەیوەندییەكی پتەو لەنێوان دەزگای هەواڵگریی توركیا و داعش هەبوەو حكومەتی توركیاش كارئاسانیی بۆ ئەو پەیوەندییە كردووە، چەكدارانی داعش لەنێو خاكی توركیاوە چونەتە سوریا، هەر لەوێشەوە ئەو وڵاتەیان جێهێشتووە، چەكدارە بریندارەكانی داعش هەر لەڕێگەی توركیاوە چارەسەركراون، بەگشتی داعش توركیای بۆ تەراتێن و گەیشتن بە هەرشوێنێك بەكارهێناوە كە مەبەستی بووە، تەنانەت توركیا دەروازەی چوونی داعش بووە بۆ ئەوروپا.

نۆردیك مۆنیتۆر باس لەوەدەكات، دەزگای هەواڵگریی سەربازیی ئەمریكا لەساڵی 2016 ژمارەیەك ڕاپۆرتی نهێنییان بەدەستگەیشتووە، كە سەلـمێنەری پەیوەندیی نێوان توركیا و قەتەرن لەگەڵ بەرەی نوسرە و داعش، تەنانەت هەردوو وڵات هاوكارییان پێشكەشی ئەو گروپە تیرۆرستییە كردووە.

هێشتا پەیوەندیی نێوان توركیا و نوسرە بە دیوارێكی پتەو تەوقدراوە و زۆر وردەكاریی بۆ ڕایگشتی ئاشكرانەبووە، بەڵام پەیوەندی نێوان ئەنقەرە و داعش شتێكە كە بۆ زۆر وڵات و دەزگا هەواڵگرییەكانیان ئاشكرابوووە.

 

دەزگای هەواڵگریی هۆڵەندا یەكێك لەو دەزگا هەواڵگرییانەی كە بەڵگەنامەی پەیوەندیی داعش و توركیای دەستكەوتووە بەوەی، توركیا دەستی هەبووە لە گواستنەوەی هەزاران چەكداری داعش بۆ سوریا و ئەوروپا.

دەزگای هەواڵگریی هۆڵەندا زانیاریی ئەوەیشی دەستكەوتووە، كە دەزگای هەواڵگریی توركیا و سەركردەكانی داعش بەشێوەی وەرزیی كۆدەبوونەوە، دەرئەنجامی كۆبوونەوەكانیشیان دەگەیشتەوە بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان-ی سەرۆك كۆماری توركیا، نەخشەڕێگەی بڵاوبوونەوەی داعش لەسوریا هەر بەئاگاداریی دەزگای هەواڵگریی توركیا بووە.

ئەوەی لە جموجوڵی داعش لەسوریا جێگەی سەرنجە ئەوەیە، سەرجەم ئەو ناوچە و گوندانەی ئەو چەكدارانە داگیریان دەكردن، هەمان ئەو جوگرافیایە بوون كە لەشەڕی "مەرج دابق" كە پێنج سەدە پێش ئێستا ڕوویدا دەوڵەتی عوسمانی داگیری كردن و بووە سەرەتای دەركەوتنی هەژموونی ئەو دەوڵەتە لە جیهاندا.

ڕۆڵی توركیا لە نەخشەكێشانی جموجوڵی داعش بەشێوەیەك بووە كە ئەو ناوچانەی داعش داگیریدەكردن پێشتر لەلایەن توركیاوە نەخشەی بۆ داڕێژرابوو لەسەر بنەمای "نەتەوەیی" بۆ نمونە دەبوو ناوچەكان ئەوانە بن كە خەڵكەكەی بەڕەچەڵەك توركمانن، یاخود عەرەبی بەڕەچەڵەك توركن، لەبەرامبەردا جێبەجێكردنی ئەو نەخشەیە توركیا ئامادەیی نیشانداوە بە پێدانی چەكی زۆر قورس بەداعش.

 

لەنێو گفتوگۆكانی توركیا و داعش شاری "مەنبەج" یەكێك بووە لەو شوێنە ستراتیژییانەی كە توركیا پێداگربووە لەسەر ئەوەی داعش داگیریی بكات، سەرئەنجام داگیركرا بەڵام دواتر لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە ئازادكرا.

لەسنوری مەنبەج گوندەكانی "دەلها" "مەلا یەعقوب" هەن كە زۆرینەی دانیشتوانكەی توركمانن و بەهەردوو گوندەكە 2 هەزار و 500 كەس تیایدا نیشتەجێبوون، داعش ئەو دوو گوندە توركمانەی وەك شوێنێك بۆ چارەسەری چەكدارە بریندارەكانی بەكاردەهێنا، تەنانەت لەسەر باڵەخانەكانی مەنبەج داعش ئەو جۆرە چەكە قورسانەی جێگریكردبوو، كە توركیا بەو گروپەی دابوو.

لەنێو ڕاپۆرتەكەدا ناوی چەندین كەس دەهێندرێت كە هەڵسوڕێنەری پەیوەندی توركیا و داعش بوون وەك
(ئیبراهیم ش، فاروق ئەكسیبزی، ڕەجەب جامدلی، ئیبراهیم ئیلی) یەكێكیش لەو كارانەی ئەو كەسانە ئەنجامیانداوە گواستنەوەی چەكدارە بریندارەكانی داعش بووە بۆ توركیا بۆ چارەسەر، ئەویش لەپێناو ئەوەی چەكدارەكان بە ئۆتۆمبێلی پیك ئاب دەبڵ كابینە نەگوازرێنەوە و نەبیندرێن.

هاوكات ڕاپۆرتەكان تیشكدەخەنە سەر ئەوەی توركیا دەیان ڕێكخراوی ناحكومی خێرخوازیی بەكارهێناوە بۆ هاوكاریكردنی داعش، لەنێویشیاندا ڕێكخراوی خێرخوازیی (IHH) ئەو كەسانەش كە لەسەرەوە ناویان هێندرا، بەشێكیان كارمەندی ئەو ڕێكخراوە بوون.

ئوسامە عوێد ساڵح، یەكێكە لەو چەكدارانەی داعش كە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دەستگیركرا، ئەو چەكدارە هاوكاربووە بۆ ئاشكراكردنی بەشێكی زۆری نهێنییەكانی پەیوەندی توركیا لەگەڵ داعش.

عوێد باس لە بازرگانیی نەوت، ئاڵتوون و ئاسەوارە مێژووییەكان لەنێوان توركیا و داعش دەكات، كە لەموسڵ داعش دەستی بەسەردا گرتبوو، ئاسەوارە مێژووییەكان بەشێكیان براونەتە توركیا، تەنانەت عوێد باس لە سەردانی ئەبوبەكر بەغدادی بۆ توركیا دەكات و دەشڵێت "بەغدادی بە تەواوی لەلایەن توركیاوە پارێزگاریی لێدەكرا".

پەیوەندیی توركیا و داعش بەشێوەیەكە كار گەیشتووەتە ئەوەی بەرپرسانی توركیاش پەردە لەڕووی ئەو نهێنییە هەڵدەماڵن، ئەحمەد سەعید یایلا كە ئەكادیمیستێكی توركە و پێشتر سەرۆكی فەرمانگەی دژە تیرۆر بووە لەوەزارەتی ناوخۆی توركیا لە نێوان ساڵانی 2010 تا 2014 دەڵێت "حكومەتی توركیا هاوكاریی سەربازیی گەیاندوەتە داعش لەڕێگەی ئەو هاوكارییە مرۆییانەی بۆ سوریا ناردوونی، تەنانەت توركیا چارەسەری كەسی دووەمی داعش كە فەزل ئەحمەد حەیالی بووە، بەبێ بەرامبەر لەتوركیا كردووە".

 

ئەو بەرپرسە توركە باس لەنهێنییەكی دیكە دەكات  و دەڵێت "حەلیس بیانكۆك سەرۆكی گروپی تیرۆرستی داعش بووە لە توركیا، بیانكۆك كوڕی دامەزرێنەری حزبوڵڵا-ی توركییە و سەرۆكەكەی داعش لەتوركیا، لەژێر فەرمانی ئەردۆغاندا كاریكردووە".

لەپاش كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی، بەچەند ڕۆژێكی كەم دوای ئەو ڕووداوە توركیا دەستگیركردنی ژمارەیەك لە كەسە نزیكەكانی خێزانەكەی بەغدادی لەتوركیا ڕاگەیاند، كە لەنێویاندا هاوسەرەكەی بەغدادی بوونی هەبوو، ئێستا پرسیارە گرنگەكە ئەمانەن:

ئەگەر توركیا بەردەوام هەبوونی پەیوەندیی خۆی بە داعشەوە ڕەتدەكاتەوە، كەسە نزیكەكانی بەغدادی لەو وڵاتە چیاندەكرد؟

ئاخۆ پاش كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی، توركیا لەترسی ئاشكرانەبوونی زیاتری پەیوەندییەكانی لەگەڵ داعش، كەسوكارەكەی بەغدادی نەفرۆشتووە؟

 

ئایكان ئاردەمیر، شیكەرەوە لە دامەزراوەی "بەرگریی لە دیموكراتیەت" دەڵێت، لێدوانەكانی بەرپرسانی توركیا هەڵڵایەكی ڕاگەیاندنە و بۆ چارەسەركردنی وێنەی شێواوی ئەردۆغانە، ئەگەر نا حكومەتی توركیا هاوكاریی داعشی كردووە، بەڵام ئێستا دەیەوێت وێنەی ئەو وڵاتە وا نیشانبدات كە ئامادەیە بۆ دەستگیركردنی ئەندامەكانی داعش.

مانگی ڕابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزای بەسەر پێنج دامەزراوە و چوار كەسایەتیدا سەپاند بەتۆمەتی هاوكاریكردنی داعش، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە زۆرینەی ئەو كەسانە لە توركیا نیشتەجێن، بەڵام ئەنقەرە بە خستنەكاری میدیایەكی زەبەلاح هەوڵی شاردنەوەی ڕووی ڕاستەقینەی ئەو بڕیارانەی وەزارەتەی گەنجینەی ئەمریكای دا، كە بەیەكەم هەڵوێستی توند و ڕاستەوخۆی ئەمریكا دادەنرێت لە پرسی سزادانی ئەو كەسانەی هاوكاریی داعشیان كردووە و لەتوركیا نیشتەجێن.
ئامادەکردن: ڕێژەن جەمال