ڕاپۆرتی کوردستانی

03:44 - 24/12/2019

شێخ ئەسەد.. سوڵتان عەبدولحەمید دەستی بە دژایەتی کرد ئەتاتورک کۆتایی بە ژیانی هێنا‌

پەیسەر

سەرەتای ساڵەکانی ١٩٠٠ تا ساڵی ١٩٥٠ قۆناغێکی زۆر بە ئێش و ئازارە بۆ گەلی کورد، لەبەرئەوەی هەم وڵاتەکەمان (کوردستان) پارچە کرا و هەم ژمارەیەکی زۆر شۆڕشی کوردی سەرکوتکران و جگە لە کۆمەڵکوژییەکان، بە هەزاران سەرۆک و سەرکردە و شێخ و کەسایەتیە کاریگەریەکانی کورد لەسێدارەدران و لە زیندانەکاندا لە ژێر ئەشکەنجە گیانیان لەدەستدا.

یەکێک لەو کەسایەتیانەش شاعیر و تێکۆشەری کورد شێخ ئەسەد ئەربیلی (هەولێری) بوو، کە شێخی تەریقەتی نەقشبەندی بوو و پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ کوردانی باکووری کوردستاندا هەبوو و نیوەی تەمەنیشی لە باکووری کوردستان بەسەر برد و دواجاریش لە لایەن تورکەکانەوە کوژرا.

شێخ ئەسەد ئەربیلی پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ شێخ سەعید، سەید ڕەزا، شێخەکانی جۆلەمێرگ، شرنەخ و وان هەبوو و سەعید نورسی (سەعیدی کوردی)یش لە بیرەوەریەکانیدا زۆر جار باسی کردووە و بە کەسێکی نیشتیمانپەروەر و کەسایەتیەکی گەورەی کوردی لەقەڵەمداوە.


سەرەتای ناکۆکیبەکانی لەگەڵ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم
شێخ ئەسەد زۆر جار سەردانی شاری سێرتی باکووری کوردستان دەکرد و پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ کەسایەتیە ئایینیەکانی ناوچەکەدا هەبوو و کاری بۆ بڵاوکردنەوەی تەریقەتی نەقشبەندی دەکرد. لە سەردەمێکدا کە لە سێرت بووە، دەبێتە شایەدی زوڵمی سەربازانی عوسمانی کە لە هاوڵاتیە کوردەکانیان کردووە. شێخ ئەسەد لە کۆبوونەوە و دانیشتنەکانیدا لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە باسی لە زوڵمی دەوڵەتی عوسمانی کردووە و هەوڵیداوە لە ڕووی نەتەوەییەوە هوشیاریان بکاتەوە و لە ڕووی ئایینیەوە خەڵکەکەی تێگەیاندووە کە نابێت زوڵمی زۆردار قبوڵ بکرێت.

دەسەڵاتدارانی ناوچەکە سوڵتان عەبدولحەمید، لە هەڵوێستی شێخ ئەسەد ئاگاداردەکەنەوە کە بە فەرمانی خۆی هەڵمەتێکی فراوان لەدژی کوردەکان دەستپێکرابوو. بەو هۆیەوە سوڵتان عەبدولحەمید لە ساڵی ١٩٠٠ فەرمانی گرتنی بۆ دەردەکات و دوای ماوەیەک لە بەند کردن بۆ شارێکی تورکیا دووردەخرێتەوە.

شێخ ئەسەد گوێ لە فەرمان و بڕیاری عەبدولحەمیدی دووەم ناگرێت و بە دزیەوە خۆی دەگەیەنێتە شاری هەوڵێر و ماوەیەک لەوێ دەمێنێتەوە. لە هەوڵێر بە هۆی پشتگیری خەڵک و کەسایەتیەکانی ناوچەکە، عوسمانیەکان ناتوانن دەستگیریبکەنەوە.


پلانی عوسمانییەکان بۆ لەكەداركردنی کەسایەتی شێخ ئەسەد
شێخ ئەسەد بە هۆی کردەوە و فشارەکانی دەوڵەتی عوسمانی ڕۆژ بە ڕۆژ ناکۆکییەکانی لەگەڵ تورکەکان زیادی دەکرد. عوسمانییەکان لە باکووری کوردستان بانگەشەی ئەوەیان بڵاوکردەوە، کە شێخ ئەسەد لە هەولێر بۆ ئەوان کار دەکات و پشتگیری لە سەرکەوتەنەکانی سوپای عوسمانی بەرامبەر کوردەکان دەکات. ئەوەش ژمارەیەک کەسایەتی و خەڵکی باکووری کوردستانی نیگەران کردبوو. کاتێک کە شێخ ئەسەد بەوە دەزانێت، هەوڵدەدات سەردانی باکووری کوردستان بکات، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی هەولێر ڕێگەی نادەن و ناچار دەبێت، کوڕەکەی (شێخ خالید) بنێرێت.

شێخ خالید لە رێگەدا بەرلەوەی بگاتە شاری سێرت لە لایەن عوسمانیەکانەوە دەستگیر دەکرێت. لەبەرئەوەی کوڕی شێخ ئەسەدە دادگاییدەکرێت و بە تاوانی دژایەتیکردنی دەوڵەتی عوسمانی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنن.

شێخ ئەسەد کە بەوەدەزانێت، ڕوودەکاتە باکووری کوردستان و هەوڵدەدات خۆی بگەیەنێتە کەسایەتیەکان و هاورێکانی لە باکووری کوردستان و ئەستەنبوڵ بۆ ئەوەی ڕێگری لە لەسێدارەدانی کوڕەکەی بکەن، بەڵام تا دەگاتە ئەستەنبوڵ کوڕەکەی لەسێدارە دەدرێت. لە ئەستەنبوڵ شێخ ئەسەد و هاوڕێکانیشی دەستگیر دەکرێن و شێخ زیندانیدەکرێت و هاوڕێکانیشتی گولەباران دەکرێن.

شێخ ئەسەد ماوەیەک لە زینداندا دەمێنێتەوە و دواتر بە فشاری کەسایەتی و شێخەکان ئازاد دەکرێت و دواتر خێزانەکەی دەچنەوە بۆ تورکیا لەوێ دەمێننەوە.


ئەتاتورک کۆتایی بە ژیانی هێنا
شێخ ئەسەد ئەربیلی بەو شێوەیە ماوەیەکی دوور و درێژ لە تورکیا مایەوە و بە پێی بەڵگەکان لە شاری ئیزمیری تورکیا ژیاوە. شێخ ئەسەد دەستی لە بڵاوکردنەوەی تەریقەتی نەقشبەندی و دژایەتیکردنی عوسمانییەکان و پەروەردەکردنی کوردان بەرنەدا.

شێخ ئەسەد لە سەردەمی عوسمانیەکانەوە و تا دامەزراندنی کۆماری تورکیاش هەر ڕووبەڕووی فشار و هێرشەکانی تورکەکان بووەوە و چەندین جار بە هۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ شۆڕشە کوردییەکانی باکووری کوردستان و کەسایەتیە وڵاتپارێزەکانەوە، دەستگیرکرا و ئەشکەنجە کراوە تا دواجار بە هۆی پلانگێڕیەکی دەوڵەتی تورکیا دەستگیرکرا و ئەو دەستگیرکردنەش بووە هۆی ئەوەی کۆچی دوایی بکات.

ڕووداوەکەی مەنەمەن و لەسێدارەدانی ٣٧ کەس و دەستگیرکردنی ٤١ کەس
لە ساڵی ١٩٣١ لە گوندی مەنەمەنی ئیزمیر، شۆڕشێک لەدژی تورکەکان دەستپێکرا و هەندێک گروپ کە دروشمی ئایینیان هەڵگرتبوو، بانگەشەی دەوڵەتی ئیسلامیان لەدژی پڕۆژەی بە عیلمانیەتکردنی تورکیا لە لایەن ئەتورکەوە دەکرد.

دوای چەند ڕۆژێک هەواڵەکە لە هەموو تورکیا بڵاوبووەوە و مستەفا کەمال ئەتاتورک خۆی دەستی لە ڕووداوەکان وەردا و فەرمانی سەرکوتکردنی ئەو گروپەی دا.

دوای لەناوبردنی گروپەکە، زیاتر لە سەد کەسایەتی ئایینی  و دیارەکانی ناوچەکە دەستگیرکران کە دوو کەس لەوان شێخ ئەسەد ئەربیلی و کوڕەکەی محەمەد عەلی ئەربیلی بوون.


هەرچەندە لە راستیدا نازانرێت، شێخ ئەسەد پشتگیری ئەو گروپانەی کردووە یان نا، بەڵام بە تاوانی دژایەتیکردنی دەوڵەت، سزای لەسێدارەکان بە سەر محەمەد عەلی کوڕێ شێخ ئەسەد ( كوڕی دووەمی) و ٣٦ کەسی تردا دەسەپێنرێت و لەسێدارەدرێن.

شێخ ئەسەد و ٤٠ کەسی تریش سزای زیندانی هەتا هەتاییان بەسەردا دەسەپێنرێت و ژمارەیەک کەسیش ئازاد دەکرێن.

شێخ ئەسەد لە زینداندا ماوەیەک دەمێنێتەوە و باری تەندروستی تیکدەچێت. بە پێی هەندێک بەڵگە شێخ ئەسەد ژەهرخوارد کراوە و دوای ئەوەی بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە، گیانی لەدەستداوە. بە پێی هەندێک زانیاریش، لە زیندانی تاکەکەسیدا گیانی لەدەستداوە.

کورتەیەک لە ژیانی شێخ ئەسەد ئەربیکی
شێخ ئەسەد ئەربیلی لە ساڵی ١٨٤٧ لە شاری هەوڵیر لەدایکبووە. باو و باپیریشی شێخ بوون. نەوەی شێخ هیدایەتە کە لەو سەردەمەدا لە هەولێر ناوبانگیکی زۆری هەبووە. باپیری ماوەیەک لەگەڵ باپیری شێخ ئەحمەد خەزنەوی ژیاوە. دواتر گەڕاوەتەوە بۆ هەوڵیر.

شێخ ئەسەد لە ٢٨ ساڵیدا توانیویەتی بەڵگەنامەی تەریقەتی نەقشبەندی بەدەستبهێنێت و پلەی شێخی پێبەخشراوە. پەیوەندیەکی زۆری لەگەڵ شێخەکانی، شرنەخ، سێرت، وان و جۆلەمێرگی باکووری کوردستان هەبووە. لە ساڵی ١٩٣١ لە زیندانی ئیزمیری تورکیادا گیانی لەدەستداوە.
شێخ ئەسەد خاوەنی ٢٩ کتێبە کە گرنگترینیان:
منزل الاسلام
مکتوبات
ڕیسالەی ئەسەدیە
دیوانی شیعر

هەروەها دگوترێت، کتێبێکی لەبارەی هزری عەلی هەریری نووسیوە کە کتێبێکی نەتەوەیی یە، بەڵام کتێبەکەی ونکراوە و ڕێگەیان بە چاپکردن و بڵاوکردنی نەداوە.