ڕاپۆرتی کوردستانی

08:21 - 25/12/2019

دوو قارەمان، دوو هاوسەر کە پێکەوە دەستیان بە شۆڕش کرد و پێکەوە شەهیدکران‌

پەیسەر

وەک ئەوەی ئیسماعیل بەشیکچی گەورە نووسەری تورک و داکۆکیکاری نەتەوەی کورد لە تورکیا کە نزیکەی ١٥ ساڵ بە هۆی پشتگیریەکانی لە گەلی کورد لە زینداندا مایەوە لە نووسینێکدا بە ناوی "کۆماری تورکیا چی بە کورد بەخشی" دەڵێت، لە سەردەمی عوسمانیەکاندا کورد لە ڕووی زمان و کەلتوورەوە بە ئەندازەی سەردەمی کۆماری کەمالیستی تورک  لە ژێر فشاردا نەبوو و دوای کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی ئەتاتورک و دارودەستەکەی سیاسەتێکیان لەدژی کورد بەڕێوەبرد کە کوردەکان بە هیچ شێوەیەک قبوڵنەدەکران، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دەیان شۆڕش لەدژی کۆماری تورکیا هەڵبگیرسێن کە تا ئێستاش بەردەوامە.

یەکەمین شۆڕشی کوردانی باکووری کوردستان لەدژی کۆماری تورکیای کەمالیستی شۆڕشی "قۆچگری" بوو کە لە لایەن عەلی شێر و زەریفە خانمەوە هەڵگیرسا کە هاوسەری یەکتری بوون.

 

عەلی شێر و زەریفە خانم  خەڵکی گوندی ئازگێری ناوچەی ماجیرانی پارێزگای سێواسی باکووری کوردستان بوون و کوردی زازا بوون.

عەلی شێر لە سەرەتای جەنگی جیهانی یەکەمین لە ساڵی ١٩١٤ تا ساڵی ١٩١٩ دەستی بە هەوڵەکانی بۆ یەکگرتنی هۆزە کوردیەکانی پاریزگاکانی سێواس و دەرسیم کرد. بەهۆی ئەوەی لە زۆربەی زاراوەکانی کوردیدا شارەزاییەکی باشی هەبوو و کەسێکی خوێندەوار بوو، وەک کەسایەتیەکی گەورە لە ناو کوردەکاندا پەسەند دەکرا. پەیوەندی بە کۆمەڵەی تەعالی کوردەوە کرد و لە چوارچێوەی ئەو کۆمەڵەیەدا بەرهەمی زۆری نووسی، بەڵام پێش ئەوەی بڵاویان بکاتەوە لە ئەشکەوتێکی دەرسیمدا سەربازانی تورک دەستیان بە سەر بەرهەمەکانیدا گرت و لەناویان بردن.

دەستپێکردنی یەکەمین شۆرشی چەکداری لەدژی کۆماری تورکیا
هەرچەندە کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣ بە فەرمی دامەزرا، بەڵام دوای جەنگی جیهانیی یەکەم ئیدی دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانی بێ واتا ببوو و تورکەکان بە ڕابەرایەتی مستەفا کەمال ئەتاتورک و هەندێک ئەفسەری تر بەڕێوەدەبران و دۆخێکی عەسکەرتاریەتی باڵی بەسەر تورکیا و باکووری کوردستاندا کێشابوو و زوڵمێکی زۆر لە نەتەوەکانی تر بە تایبەتی نەتەوەی کورد دەکرا. یەکێک لەو ناوچانەش کە بەر لێشاوی فشار و زۆردەستی سەربازانی تورک کەوتبوو، هەرێمی زازاکانی باکووری کوردستان بوو کە پارێزگاکانی دەرسیم، سێواس، مەلەتی، سەمسور و ناوچەکانی دەوروبەری دەگرێتەوە.

عەلی شێر کە خاوەن هەستێکی بەرزی نەتەوەیی بوو، بڕیار دەدات لە دژی سەربازانی تورک دەست بە شۆڕشی چەکداری بکات، کە ئەمەش بە یەکەمین شۆڕش لەدژی کۆماری تورکی کەمالیستی دادەنرێت.

 

عەلی شێر لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٢٠ لە ناوچەی قۆچگری دەرسیم  لەگەڵ هاورێیەکی بە ناوی بایتار نوری دەرسیمی دەستیان بە کۆکردنەوەی چەکدار کرد. لە ماوەیەکی کەمدا رێکخستنەکانی لەناو هۆزە کوردیەکاندا بەهێز کرد و چەندین سەرۆک هۆز و کەسایەتی لەگەڵ چەکدارەکانیان هاتنە پاڵ شۆڕش.

یەکەمین چالاکی لەدژی سەربازانی تورک بە سەرۆکایەتی سەرۆک هۆزێک بە ناوی "مستۆ" لەدژی قەڕەقۆڵی گوندی زارای دەرسیم ئەنجامدرا و لە زۆربەی ناوچەکان شەڕ لەدژی سەربازانی سوپای تورک دەستپێکرا.

شەڕەکە تا مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢٠ بێ وەستان بەردەوام بوو و سوپای تورک ژمارەیەک قەرەقوڵ و بارەگایان داخست و پاشەکشێیان کرد.

حکومەتی ئەنقەرە کە ئەو کاتە مستەفا کەمال ئەتاتورک بەڕێوەیدەبرد لاواز بوون و نەیاندەتوانی شۆڕشەکە سەرکوت بکەن. لەبەرئەوە پەیوەندیان بە عەلی شان بەگ کرد کە کوردێکی ناوچەی عومرانیەی دەرسیم بوو و بەڕێوەبەری ناحیەکە بوو و لە ڕووی هاوڕێیەتی کۆنەوە پەیوەندی لەگەڵ شۆڕشگێرەکاندا هەبوو.

لەسەر ڕاسپاردەی ئەتاتورک عەلی شان بەگ لەگەڵ سەرکردەکانی شۆڕش کۆدەبێتەوە و داوای حکومەتیان پێڕادەگەیەنێت، بەڵام سەرکردەکانی شۆڕش بە مەرجێک ڕازی دەبن کە مافی خۆبەڕێوەبەرایەتی بە کورد بدرێت و هەموو هێزەکانی حکومەت لە ناوچەکە بکشێنەوە و ئیدارەی هەرێمەکە لە ڕووی سیاسی و سەربازیەوە بکەوێتە دەستی کورد. چەند مانگێک دانوستان لەنێوان هەردوولادا بەردەوام دەبێت و بەهۆی ئەوەی پارێزگای سێواس و دەرسیم ناوچەیەکی شاخاویە و بەفرێکی زۆری لێدەبارێ، حکومەت چاوەڕوانی ئاساییبوونەوەی کەشوهەوای ناوچەکە دەکات و سەرکردەکانی شۆڕش سەرقاڵ دەکات و دواتر دەست بە هێرشەکانی دەکاتەوە، بەڵام ناتوانێت شۆڕشەکە تێکبشکێنێت.

خیانەتی هەندێک کورد و لاوازکردنی شۆڕش
دوای ئەوەی حکومەت هەستی بەوەکرد ناتوانێت شۆڕشەکە تێکبشکێنێت، بە نهێنی لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک هۆز و کەسایەتی کاریگەری دەرسیم و سێواس کۆبووەوە و بە زێڕ و پارەی زۆر ڕازیکران کە لەدژی شۆڕشگێڕان شەڕ بکەن و ڕێگریان لێبکەن. ئەوەبوو، ژمارەیەک کەسایەتی و سەرکردەی کاریگەری شۆڕش وەک گوزەل ئاغا، حەیدەر ئاغا، سەبری بەگ و بەحری بەگ و ژمارەیەک سەرکردەی تریان کوشت.

 

هەروەها کەسێک بە ناوی کۆر پاشۆ کە سەرۆک هۆزی کورەشان بووە، بە خۆی و چەکدارەکانی ڕێگا بە چالاکیەکانی حەیدەر پاشا کە سەرکردەیەکی شۆڕشە دەگرێت و پێی ڕادەگەیەنێت ئەگەر لە ناوچەکەیان بمێنێتەوە بە هەزاران چەکداری هەیە و دەست بە شەڕی چەکداری دەکات بەرامبەریان، لەبەرئەوە ژمارەیەک کەسایەتی و سەرۆک هۆز ڕێگەیان بە شەڕڤانە کوردەکان دەگرت و هەندێکیشیان دەستیان لە شۆڕش هەڵگرت، شۆڕشەکە لاواز بوو.

کۆمەڵکوژی و خیانەت و کۆتایی شۆرش
فشارێکی زۆر لە سەر ناوچەی قۆچگری بوو. خیانەتی سەرۆک هۆزەکان تەنگی بە سەرکردەکانی شۆڕش هەڵچنیبوو. ڕۆژ نەبوو شەڕڤانان نەکەونە بۆسەوە. سەرۆکی هۆزی گینیان موراد پاشا ژمارەیەک سەرکردەی کوردی بانگهێشتکرد و خیانەتی لەوانکرد و ڕادەستی حکومەتی کردن. هەروەها حکومەت سوپایەکی زۆری لە ناوچەکە کۆکردەوە و دەستی بە هێرش کرد.

شۆڕشەکە تا بەهاری ساڵی ١٩٢١ بەردەوام بوو. دواتر چەندین شەڕڤان و سەرکردە خۆیان ڕادەستکرد. عەلی شان بەگ کە پێشتریش نێوەندگیری لەنێوان شۆڕشگێڕ و حکومەتدا کردبوو و دواتر خۆشی بەشداری لە شۆڕشدا کردبوو، توانی نزیکەی ١٠٠٠ شەڕڤان رازیبکات و خۆیان ڕادەستی حکومەت کرد و حکومەتیش لێبوردنی گشتی بۆ دەرکردن.

 

بەو شێوەیە شۆڕشەکە کۆتاییهات و نزیکەی ٤٠٠ کەس لە سەرکردە و شەڕڤانی شۆڕشەکە بەدیلگیران. بریاڕی لەسێدارەدان بۆ زیاتر لە ١٠٠ کەس دەرکرا.

عەلی شێر و زەریفە خانم و بەیار نوری دەرسیمی هەرچەندە دەستگیرنەکران بەڵام بڕیاری لەسێدارەیان بەسەردا سەپێنرا. بەڵام بە بڕیارێکی تایبەتی ئەتاتورک لێبوردنی گشتی دەرکرا و شۆڕشەکە کۆتاییهات و عەلی شێر و زەریفە خانم و بەیار نوری دەرسیمی لە دەرسیم نیشتەجێبوون. تا ساڵی ١٩٢٦ شۆڕشگێڕەکان هیچ چالاکیەکیان نەبوو و لەو ساڵەدا موراد پاشا کە خیانەتێکی گەورەی لە شۆڕشگێڕان کردبوو و ببووە هۆی کوشتنی چەندین شەڕڤان و سەرکردە بە نهێنی کوژرا.

عەلی شێر و زەریفە خانم تا شۆڕشی سەید ڕەزا دەرسیم لەناو پارێزگای دەرسیمدا دەژیان. منداڵیان نەبوو و جارێکیتر بەشداریان لە شۆڕشی دەرسیمدا کرد.

 

بە پێی هەندێک بەڵگە، ئەتاتورک بە بەشداریکردنی شۆڕش لەلایەن عەلی شێر و زەریفە خانم زۆر توڕە بووەوە و فەرمانی کردووە بە هەر نرخێک بێت بکوژرێن و سەری هەردووکیان لە جەستەیان جیابکرێتەوە و ببرێنە ئەنقەرە.

دوای ئەوەی شۆڕشی سەید ڕەزا سەرکوتکرا و کۆمەڵکوژی دەرسیم دەستیپێکرد. بەهۆی خیانەتی ژمارەیەک کوردەوە عەلی شێر و زەریفە خانم لە ٩ی تەمموزی ساڵی ١٩٣٧ لە ئەشکەوتێکی چیاکانی دەرسیمدا دەستگیردەکرێن و شەهید دەکرێن. سەری هەردووکیان لەلایەن جاشێکەوە بە ناوی زەینەل، لە جەستەیان لێدەکرێتەوە دەبرێت بۆ ئەتاتورک و تا ئێستاش لاشەیان نەدۆزراوەتەوە. بەو شێوەیە داستانی دوو قارەمان، دوو هاوسەری شۆڕشگێر و فیداکاری گەلی کورد کۆتاییان پێدێت. زەینەلیش کە ئەو تاوانە گەورەیە لەدژی سەرکردەی شۆڕشی قۆچگری ئەنجامدەدات، دواتر لە لایەن سەربازانی تورکەوە دەکوژرێت.

عەلی شێر جگە لەوەی شۆڕشگێڕ و شەڕڤانێکی ئازا و بەجەرگ بووە، لە هەمانکاتدا زمانزان و نووسەر و شاعرێکی گەورەش بووە.
شیعرێکی بە تورکی هەیە کە دەلێت:
Koçgiri başladı harba
Sesi gitti şarka garba
Bir ordu asker geldi
Dayanamadı bu darba
واتە:
قۆچگری دەستی بە جەنگ کرد
دەنگی لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بڵاوبووەوە
یەک فەوج سەربازیان نارد
بەڵام خۆیان لەبەرامبەر ئەم جەنگە نەگرت

ئەم وێنەیەی خوارەوەش ئاڵای شۆرشی قۆچگرییە...