ڕاپۆرتی کوردستانی

05:14 - 26/12/2019

ئایا کاندیدەکەی ئێران بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران سەری بەرهەم ساڵح دەخوات؟‌

یاسین تەها

لەسەر كاندیدكردنی ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە بۆ سەرۆكایەتی وەزیران لەلایەن هاوپەیمانێتی بینای شیعەكانەوە سەرۆك كۆماری عێراق درەنگانێكی رۆژی پێنج شەممە كە كۆتا رۆژی دەوامی بەر لە پشوی سەری ساڵە ئامادەیی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی ئاراستەی پەرلەمان كرد و بەم هەنگاوەش ڕەوشی سیاسی عێراق بەرەو ئاڵۆزی زیاتر چوو.

عیدانی چوارەم كاندیدی بینایە (150 كورسی لە 329) كە هەندێ لە كەسایەتی و قەوارە سوننە دۆستەكانی حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت كە تا ئێستا بەر پەرچەكرداری توندی خۆپیشاندەران و ڕەوتی سەدر بكەوێت لە دوای ئیبراهیم محەمەد علوم و محەمەد شیاع سودانی و قوسەی سوهەیل، بەڵام تەمەنی پاڵاوتنی ئەم چەند كاتژمێرێك زیاتر بڕی نەكرد بەپێچەوانەی دوانەكەیترەوە كە چەندین رۆژ تاوتوێكردن و شەڕە تویت و هەڵوێست گۆڕینەوەی خایاند و سیستانیش ناچاربوو بە ناڕاستەوخۆ رەتیان بكاتەوە.

كێشەی عیدانی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە لە ساڵی 2017 وە پارێزگاری بەسرەیە و تۆمەتبارە بە گەندەڵی و بە سەركوتی خۆپیشاندەران لە دوو ساڵی ڕابردوودا، جگە لەوەش كێشەی هەرە گەورەی ئەوەیە بە یەكێك لە پیاوەکانی ئێران دەدرێتە قەڵەم بەو پێیەی یەكێكە لە سەركردەكانی حیزبەكەی چەلەپی (كۆنگرەی نیشتمانی عێراقی) كە ئێستا سەرۆكەكەی (ئاراس حەبیب) لە ژێر سزای وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكادایە بەتۆمەتی هاوكاریی دارایی سوپای پاسداران، نەك هەر ئەوە بەڵكو عیدانی پێشتر جێگری سەرۆكی ئەو بانكە بووە (البلاد الإسلامي) كە لە ئایاری 2018 ئەمەریكا بە حەواڵەكردنی پارە بۆ حیزبوڵڵای لوبنان تۆمەتباری كرد و بەم هۆیەشەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە ئەگەر عیدانی ببێتە سەرۆك وەزیران ئەوە ئەبێ فاتیحا بۆ داهات و سامانی عێراق بخوێنرێت و هەمووی ڕەوانەی تاران دەكرێت.

ئەسعەد عیدانی وێنەی خامنەیی كردووە بە پرۆفایلی فەیسبووك

  عیدانی كە لە سەردەمی سەدام حسێندا سزای لەسێدارەدانی هەبووە و دواتر بۆی كراوە بە زیندان (1995- 2002) لەدوا وێستگەی سیاسی خۆیدایە لە لیستی (النصر) ی حەیدەر عەبادی كاندید بوو (2018)، بەڵام دواتر بە كشانەوەی لە بەرژەوەندی باڵە ئێرانییەكان و وەستانەوەی لەڕووی عەبادیدا گورزێكی گەورەی لێدا و رۆڵێكی گەورەی گێڕا لە پوچەڵكردنی خەونی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران.

لەپاش شكستهێنانی كاندیدكردنی چوارەم بەربژێری بینا و هەڕەشەی سەرۆك كۆمار بۆ دەستلەكاركێشانەوە پرسیارەكان لەسەر ڕەوشی سیاسی عێراق تا دێت ئاڵۆزتر دەبن، وا خۆپیشاندانەكانی بەغدا و پارێزگاكانی باشوور بەرەو مانگی سێیەم دەچن و ژمارەی كوژراوەكان بۆ 500 كەس و بریندارەكان بۆ نزیكەی 22 هەزار هەڵكشاون، كەچی هێشتا ئاسۆی چارەسەر دیار نییە و قۆڵ بادان لەنێوان هەردوولادا بەردەوامە بۆ سەپاندنی خواست و داواكارییەكانیان.

ناڕەزایەتییەكان دەستكەوتی كۆمەڵایەتی زۆریان هەبووە لەوانەش گەڵاڵەكردنی گوتارێكی ڕەخنەگرانەی نا تایفی،  كاری پێكەوەیی گەنجان، و ژیاندەوەی هەستی عێراقچێتی و زۆر دەستكەوتیتر، لەڕووی سیاسیشەوە حكومەتی عادل عەبدولمەهدییان ڕووخاند، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانیشیان گۆڕی، یاسای خانەنشینی یەكگرتوویان هەمواركردەوە و سێ ساڵ تەمەنی خانەنشین بوونیان هێنایە پێش كە دەرفەت دەكاتەوە بۆ بەگەڕخستنی گەنجان و هەندێ رێككاریتریان بە حكومەت و پەرلەمان دەركرد، بەڵام هێشتا ڕوون نییە ئەو خۆپیشاندانە تا چەند دەتوانن پایەكانی "رژێمی 2003" بلەرزێنن.

ئەگەرچی خودی عەبدولمەهدی و حكومەتەكەشی سەبەبكاری دۆخی ئێستای عێراق نین و مەسەلەكە كەڵەكە بوونی شكستەكانی 15 ساڵی حوكمڕانییە، بەڵام دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت لەژێر گوشاری خەڵك و پاشان مەرجەعیەت حاڵەتێكی بێ پێشینەیە لە عێراقی دوای 2003 و دەشێت بۆ داهاتوو ببێتە نەریت.


هەموو قسەو باسەكان لەسەر ئەوەن ئەو حكومەتەی كە لەجێگەی عەبدولمەهدی دەستبەكار دەبێت كاتی بێت و ئامادەكاریی بكات بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەختە، بەڵام ئەو شەڕە سوورەی هێزە شیعە گەورە و كاریگەرەكان و لەپشت ئەوانیشەوە سوپای پاسداران دەیكەن لەسەر پاڵێوراوەكانی سەرۆك وەزیران وەها ناڵێت، وەك ئەوەی مەبەستیان تەواوكردنی سێ ساڵەكەی پاش عەبدولمەهدی بێت، ئەمەش پێچەوانەی خواستی خۆپیشاندەران و سیستانییە كە لەدوا وتاری هەینی داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد.

هەموو ئەو ناوانەی تا ئێستا لەلایەن هاوپەیمانێتی بیناوە (شیعەو سوننە پاشكۆكانیان) پێشكەشكراون كە دواترینیان ئەسعەد عیدانییە هەر كۆنە و كوتەكانی ناو سندوقی نوخبە سیاسەتوانە شیعییە تاقیكراوەكانن، ئەمەش دژی خواستی خۆپیشاندەرانە كە چاویان لەسەر ناوێكە تا ئێستا پۆستی وەرنەگرتبێت و لە قوڕاوی گەندەڵی تێوە نەگلابێت و ئازا و جەربەزە بێت، ئەمەش بەشێكی خۆشبینی سیاسییە لە دۆخێكدا كە وڵاتەكە هەر چوارچمكی بەدەستی ئێران و نفوزی ئیقلیمی و دەرەكییەوەیە.

لەبارەی باكگراوەند و سیمای سەرۆك وەزیرانەوە كەلێنی نێوان هێزە شیعییە حوكمڕانەكان و خەڵك زۆر قووڵ و بەرینە و سازشی هەرلایەكیان بۆ ئەویتر لەمبارەیەوە وەك جۆرێك لە خۆكوژی دێتە پێش چاو بۆیە ئەگەری زاڵ ئەوەیە ململانێكە تا دوا وێستگە بڕوات و لەو نێوانەشدا بەرێژەیەكی زۆر موقتەدا سەدر هێلكەی قەپانەكە دەبێت چونكە پێیەكی لەناو ماڵی شیعی و پێیەكەیتری لە شەقامە. بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نایەت ئەگەر ئەو ڕازی بوو ئیتر ناڕەزایەتی كۆتایی بێت و دوور نییە سەرۆك وەزیرانی نوێ یەكەم كاری بەكوشتنی خۆپیشاندەران دەست پێ بكات چونكە بەزۆر پێوەر گەڕانەوەی عێراق بۆ پێش 1 تشرینى 2019 ئاسان نییە، ئەگەر مەحاڵ نەبێت.