ڕاپۆرتی کوردستانی

08:39 - 28/12/2019

ئەردۆغان دەسکەوتەکانی وەک کارتی فشار دژی کورد بەکاردەهێنێت‌

پەیسەر

دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی تری وەک لیبیا، سوریا، عێراق و میسر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسکەوتی زیاتر بەدەستبهێنێت، ئەو دەسکەوتانەش لەدژی کورد بەکاردەهێنێت. دەیەوێت پاشەکشێکردنی لەو وڵاتانە وەک کارتێک بەرامبەر بێدەنگبوونی وڵاتانی زلهێز بەرامبەر کردەوەکانی لە کوردستان بەکاربهێنێت.

نمونەی ئەوەش دەستورەدان بوو لە دۆخی ئیدلب و حەلەب و حەما، دواتر به‌رامبه‌ر ڕێپێدانی بۆ داگیركردنی عه‌فرین، شەهبا، گرێ سپی و سەرێکانی لەو ناوچانە پاشەکشێی كرد، ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیاش بێده‌نگ بوون.

 

تورکیا بەم شێوەیە مامەڵە دەکات. دیار نییە مامەڵەکەیان تا کوێ بەردەوام دەبێت، لەبەرئەوەی بەرژەوەندیه‌كانی تورکیا و ڕووسیا دژی یەکترین.

دەوڵەتی تورکیا هەوڵدەدات لە ڕێی ئیخوان موسلمین و گروپە چەکدارەکانیەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە خاون هەژموون. تورکیا لە سوریا پشت بە هێزی ئیخوان موسلمین دەبەستێت، بەڵام ڕووسیا بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە ڕژێمی سوریا دەکات کە له‌گه‌ڵ ئیخوان موسلمین دوژمنایەتی و ناکۆکیەکی لەمێژیینەیان هەیە.

تورکیا و ڕووسیا لە لیبیاش ناکۆکن. ڕووسیا پشتگیری لە جەنەڕاڵ حەفته‌ر دەکات. تورکیا پشتگیری لە حکومەت و چەکدارەکانی سەر بە ئیخوان موسلمین و دژی حه‌فته‌ر دەکات.

هەردوو وڵات لە دۆخێکدان هەندێکجار دانوستان دەکەن، بەڵام لە گۆڕەپانی شەڕدا پشتگیری لە دوو لایەنی جیاواز و دوژمنی یەکتری دەکەن.

دەسکەوتەکانی لە سوریا بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوا بەکاردەهێنێت
دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری میلیشیا جیهادیەکانی پاشماوەی گروپەکانی نوسرە و داعش، لە ٩ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هێرشی کردە سەر گرێ سپی و سەرێکانی و لەگەڵ بەرگریەکی بەهێزی شەڕڤانان، بەڵام تورکیا ئەو دوو شارۆچکەیەی داگیرکرد. ئەوەش لە ئەنجامی کشانەوەی به‌شێك له‌ گروپە جیهادیەکان بوو لە حەلەب و ئیدلب کە بە رێککەوتنێک لەگەڵ ڕووسیا و ئەمه‌ریکا ئەنجامیدا.

بڕیارە ٨ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی مۆسکۆ بکات و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە. لە ئێستاوە شاندێکی تورکیا چەند جارێك سەردانی ڕووسیای کردووە. لە یاسا دیپلۆماسیەکاندا واباوە شاندی دوو وڵات لەسەر پرسێک چەند جارێک دانوستان دەکەن، کاتێک زەمینەی ڕێککەوتنیان ئامادەکرد سەرۆکەکان ڕێککەوتنەکە واژۆ دەکەن.

بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ مامەڵەی ئەمجارەی هەردوولا لەسەر تەواوی پارێزگای ئیدلب دەبێت. شاندی ڕووسی داوای کشانەوەی گروپە جیهادیەکانی كردووه‌ له‌م شاره‌، بەڵام بە ڕوونی نازانرێت تورکیا داوای چی کردووە، بەڵام ئەگەر خوێندنەوەیەک بۆ ڕێککەوتنەکانی تری نێوان ئەو دوو وڵاتە بکەین، جگە لە لێدانی بەرژەوەندیەکانی کورد هیچ شتێکی تر نییە کە تورکیا ڕێککەوتنی لەسەر بکات.

 

تورکیا وڵاتێک نییە، بتوانێت بە پێچەوانەی بەرژەوەندیەکانی ڕووسیا لە ناوچەکەدا بجوڵێتەوە، دەبێت لەلایەکەوە پەتەکە بۆ ڕووسیا شل بکات. بەرامبەر ئەوەش داوای هاوکاری دەکات بۆ لێدانی کورد.

ڕووسیاش کە لە مێژوودا هەموو کاتێک لایەنێکی پلانگێڕی بووە دژی کورد، دوور نییە داواکاری تورکیا قبوڵ بکات و بێگومان بیر لە بەرژەوەندی خۆی دەکاتەوە.

ئەردۆغان لیبیاش بەجێدەهێڵێت، ئەگەر دژی کورد هاوکاری بکرێت
تورکیا پشتگیری لە حکومەتی ناوەندی لیبیا دەکات، بەڵام بۆ هەر هەنگاوێک پێویستە پشتگیری ڕووسیا بەدەست بهێنێت، لەبەرئەوەی ڕووسیا پشتگیری لە ژەنەڕال حەفتار دەکات. ئم دوو وڵاته‌ لە لیبیا بە هەموو شێوەیەک بەیەکەوە ناکۆکن. دەوڵەتی تورک پێویستی بە ڕێککەوتن هەیە.

 

ئەردۆغان بە شێوەیەک وەک سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم دەجوڵێتەوە. چۆن لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا عەبدولحەمیدی دووەم هەوڵیدا بە پێی هاوسەنگیەکانی نێوان فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ڕووسیا بجوڵێتەوە و لە نێوان وڵاتە زلهێزەکاندا یاری بکات و نەبێتە لایەنگری هیچ وڵاتێک.

ئەردۆغانیش هەوڵ دەدات هەمان شت بکات. بێ ئەوەی لەگەڵ لایەنەک بێت، دەیەوێت سوود وەربگرێت و هیچ نەبێت لە تورکیا و دەوروبەری هەژموون و دەسەڵاتێکی ڕەها و فراوانی هەبێت.

بەو پێیە ئامانجی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئەوەیە دوای ساڵی ٢٠٢٣ بە شێوەیەکی چالاک بەشداری لە پەیمان و رێککەوتنە نوێکان بکات و دەستکەوتی زیاتر بەدەست بهێنێت و ڕێگری لە دامەزراندنی پێگەی کورد بکات.