ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:10 - 29/12/2019

لەشفرۆشیی ژنێکی تارانی لە ناو گۆڕدا و لە پێناو پاروویەک ناندا‌

پەیسەر

هەوا ساردە، بەڵام میوانەکانی دەوروپشتی مەزارگەی ئیمام خومەینی و گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا، جگە لەم ناوچەیە هیچ سەرپەنایەکیان نییە. هەندێکیان لە چادری گەشتیاریدا دەمێننەوە و هەندێکیشیان لە ژێر سەیوانە ئاسنەکاندا راخەرێک بڵاودەکەنەوە و لە سەری دەژین. ئاڵوودەبوون بە مادەی هۆشبەر لێرەش واز لە گەنجان ناهێنێت و گەنجان لە دەرەوەی مەزارگە زۆرجار بەکاریدەهێنن. زۆربەی ئەو کەسانە دانیشتووی دەوروپشتی مەزارگەی ئیمام خومەینی و گۆڕستانی بەهەشتی زەهران، هەندێکیان زیارەتکار و هه‌ندێكیشیان بازرگانی دۆڕاون کە هەموو ژیانیان لە دەست چووە.

ئێرە کۆتایی سنوورەکەیە، کە دەڵێن کۆتایی جیهان واته‌ ئێرە

سورەییا یەکێکه‌ لەو ژنانەی لەم ناوچەیە ده‌ژین، دەڵێت: بە دوو رستە پێناسەی ئێرەتان بۆ دەکەم، ئێرە کۆتایی سنوورەکەیە، کە دەڵێن کۆتایی جیهان واته‌ ئێرە.
ئاخۆ سورەییا و ئەو کەسانەی لەم ناوچەیە دەمێننەوە، لە سەرما و بەفر و بارانی زستاندا چۆن هەڵدەکەن و چۆن بەرگە دەگرن؟ سورەییا لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، دەڵێ: کاتێک هەوا سارد دەکات، پەنا دەبەینە بەر رێڕەوەکانی تەنیشت تەوالێتەکان. لە ژێر قادرمەکاندا کەمتر بامان بەر دەکەوێ و بارانمان لێنادات. بەیانییەک لە خەو هەستاین بینیمان کوڕێکی ٣٢-٣٣ ساڵان لە سەرما ڕەقبووه‌ته‌وه‌.

لێرە مادەی هۆشبەر گاڵەی پێ دەکرێ، وەرە با پێکەوە بچین و بزانە چەند تووشبوو لەم ناوە هەن و سەرقاڵی تلیاک کێشانن

ژنێکی دیکە کە ناچارە لەم ناوچەیە بژی، دەڵێت: لە ناو مەزارگەی ئیمام خومەینی خواردنی گەرم دەدەن، بەڵام من ئەوەی هەمە لە چارۆکەکەمدایە و ناومە لە کۆڵم، ئەگەر بچمە ژوورەوە دەبێ چارۆکە یا جانتا یا هەر شتێکی دیکەمان پێ بێ بیدەینە دەست پاسەوانی مەزارگە، ئەویش تەنیا بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر شتەکان لای خۆی دەهێڵێتەوە، بۆیە کە هەوا زۆر ساردی کرد و نەمانتوانی بەرگە بگرین، بۆ ٣ کاتژمێر شتەکانمان لای پاسەوانی مەزارگە دادەنێین و دەچینە ژوورەوە خۆمان گەرم دەکەینەوە و دیسان دێینەوە دەره‌وه‌. ئەگەر لەو ٣ کاتژمێرە زیاتر لە ناو مەزارگەی ئیمامدا بمێنینەوە، ئەوا بە زەحمەت دەتوانین شتەکانمان وەربگرینەوە.

سورەییا دەڵێ: لێرە مادەی هۆشبەر گاڵەی پێ دەکرێ، وەرە با پێکەوە بچین و بزانە چەند تووشبوو لەم ناوە هەن و سەرقاڵی تلیاک کێشانن.

رەنگە بڕوا نەکەن ماوەیەک بەر لە ئێستا، دوای دوو رۆژ خۆڕاگرتن بە برسییەتی، لە کۆتاییدا ناچار بووم لەشی خۆم بفرۆشم بە ٣ پیاو

لە بارەی ئەو خواردنەوە پرسیارم لێكرد کە بەسەر زیارەتکارانی مەزارگەی ئیمام خومەینیدا دابەش دەکرێ، سورەییا وتی: لێرە لە چەند رۆژێکی تایبەتدا خواردن دابەش دەکەن و خواردنه‌كه‌ به‌رده‌وام نییه‌. رەنگە بڕوا نەکەن ماوەیەک بەر لە ئێستا، دوای دوو رۆژ خۆڕاگرتن بە برسییەتی، لە کۆتاییدا ناچار بووم لەشی خۆم بفرۆشم بە ٣ پیاو، تا ئێستا بە سەرت هاتووە بۆ ماوەی دوو رۆژ برسی بیت و دڵت لە سەر خۆ نەمێنێ و تەنیا بە ئاو خۆت تێر بکەی؟ هەرگیز بە خەیاڵمدا نەهاتبوو کە لە شەوێکی تاریکدا بۆ لەفەیەکی فەلافل بچمە ناو گۆڕێک و لەشم بفرۆشم بە ٣ پیاو. ئەگەر لێرە بمێنیتەوە خەڵکی سەیر و سەمەرە زۆر دەبینی، هەندێک پیاو هەن کە لە ناو گۆڕەکاندا بە خواستەکانیان دەگەن.

ئێرە وەک گەڕەکی خۆمانی لێهاتووە، یەکتر دەناسین و ئەگەر کێشەیەک روو بدات ئەوا چەند کەسێکی وەک خۆمان هەن کە یارمەتیدەرمان بن

سورەییا دەڵێ: هەندێکجار، بە چەن هۆیەک ناهێڵن لێرە بمێنینەوە، ئەگەر زۆر فێڵباز بین، ئەوە دەتوانین لە سووچێکی لای قادرمەکان خۆمان بشارینەوە، شەوان پەنا دەبەینە بەر رێڕەوی تەنیشت ته‌والێتەکان. ئەوانەش کە فێڵیان پێ ناکرێت ناچارن پارەیەک خەرج بکەن تا بگەنە پارکەکانی ناو شار. بەڵام پارکەکان بۆ ژنان ئەمین نین. ئێرە وەک گەڕەکی خۆمانی لێهاتووە، یەکتر دەناسین و ئەگەر کێشەیەک روو بدات ئەوا چەند کەسێکی وەک خۆمان هەن کە یارمەتیدەرمان بن. ئێرە ماڵی ئێمەیە.

ئێرە ئەو ژن و پیاوانەی لێیە کە گەیشتوونە کۆتایی هێڵەکە

سورەییا بە شوێن کارێکدا دەگەڕێ و دەڵێ: ئەگەر کاری قاپشۆرییش بێ دەیکەم، بەڵام کاتێک خاوەنکار دەزانێ من لێرە دەژیم چیدی کارم پێ نادات. ئێرە ئەو ژن و پیاوانەی لێیە کە گەیشتوونە کۆتایی هێڵەکە.

لێم پرسی بۆچی خۆت بە کۆمەڵەی ژنان ناناسێنی؟ وتی: مەبەستت هاوکاری کۆمەڵایەتییە؟ خۆ هەمیشە داخراوە. سێ ساڵ پێش ئێستا خانمێک هات بۆ ئێرە، وتی ئەندامی ئەنجومەنی شارە، بۆنە خۆشەکەی مرۆڤی سەرخۆش دەکرد، قسەمان لەگەڵ کرد، بەڵام هیچ نەکرا.. هیچ. ئێمە هێشتا هەر لێرەین. ناومان ناخرێتە ناو هیچ ئامارێکەوە، زۆر کەس لێرەن کە تەنانەت ناسنامەشیان نییە.

زۆر کەس لێرەن کە تەنانەت ناسنامەشیان نییە

لە لێکۆڵینەوە مەیدانییەکاندا وا دەرکەوتووە کە پانتایی شوێنی ژیانی ئەم بێ سەرپەنایانە و گۆڕە بەتاڵەکان بە رادەیەک فراوانە هیچ دەزگایەکی ناو گۆرستانی بەهەشتی زەهرا و مەزارگەی ئیمام خومەینی لە رووداوە تاڵەکانی بەرپرسیار نین و تەنیا بەرپرسانی دەزگاکانی وەک (بهزیستی - پشتیوانی کۆمەڵایەتی) بەرپرسیارێتی ئەو دۆخەیان لە ئەستۆیە و ئەوان لە پێڕاگەیشتنی ژنان و پیاوانی بێ سەرپەنا بەرپرسیاری سەرەکین. بە ڕاستی ئایا ئەو یارمەتییەی کە حکومەت وەک هاوکاری بژێوی بە هاوڵاتیانی ئێرانی دەدات، دەگاتە دەستی بێ سەرپەناکانیش؟

سەرچاوە: آفتاب نیوز