ڕاپۆرتی کوردستانی

04:52 - 29/12/2019

لە ڕۆژئاوا ٩٠ هەزار منداڵ بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە لە خوێندن بێبەش بوون‌

پەیسەر

هێرشەکانی سوپای تورکیا و چەکدارە جیهادیەکان بەرامبەر ڕۆژئاوا و باکووری سوریا بەردەوامە. لە ئەنجامی هێرشەکاندا نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەس ئاوارەبوون و لە دۆخێکی سەخت و دژواردا دەژین.

یەکێک لەو کەرتانەی کە بە هۆی هێرشەکانەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە کەرتی پەروەردەیە. بە کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا لەو ناوچانەی کە داگیریکردوون، دەردەکەوێت ئامانجێکی سەرەکی لەناوبردنی زمان و که‌لتوری کوردی و گەلانی تری ناوچەکەیە.

 

لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین، هەرێمی شەهبا، سەرێکانی و گرێ سپی زمانی تورکی وەک سەرەکترین وانەی خوێندن لە خوێندنگاکاندا جێگیرکردووە و منداڵان پێویستە فێری زمانی تورکی ببن.

لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی ڕۆژئاوا و باکووری سوریادا، هەموو زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئاشووری و تورکمانی لە خوێندنگاکاندا دەخوێنران، ئەمەش بە پێی سیستمێک لەسەر بناغەی پێکهاتەی ناوچەکان جیاکرابووەوە.

بەڵام لە ئێستادا جگە لە عەرەبی و تورکی (تورکی ئەستەنبوڵی) هیچ زمانێکی تر لە ناوچە داگیرکراوەکان ناخوێنرێت.

منداڵانی ڕۆژئاوا و باکووری سوریا قوربانیی سەرەکی هێرشە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەکدارەکانیانن.

بە پێی ئامارێکی دەستەی پەروەردە و فێرکردنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە هۆی داگیرکاری و تۆپبارانەکانەوە پڕۆسەی خوێندن لە ٨١٠ خوێندنگا ڕاگیراون و دەیان خوێندنگاش بەهۆی شەڕەوە ڕووخاون و کەڵکیان نەماوە.

 

هەروه‌ها بەهۆی شەڕەوە نزیکەی ٩٠ هەزار خوێندکار لە پۆلە جیاوازەکان لە پڕۆسەی خوێندن دوور کەوتوونەته‌وە، کە ئەمەش زیانێکی زۆری بۆ داهاتووی منداڵانی هەرێمەکە هەیە.

لەگەڵ ئەوەی دەستەی پەروەردە و فێرکردنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە شێوەیەکی فەرمی داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (UNICEF) کرد. دەست لە دۆخەکە وەربدەن، بەڵام تا ئێستا ئەو ڕێکخراوە و هیچ ڕێکخراوێکی تر بەدەم داواکەوە نەچوون.

داگیرکاری ئەم زیانانەی بە کەرتی پەروەردەی ڕۆژئاوا گەیاندووە:
٨١٠ خوێندنگا بە هۆی هێرشەکانەوە چۆڵکراون.
نزیکەی ٩٠ هەزار خوێندار لە خوێندن دوور کەوتوونەتەوە.
پێنج هەزار و ٢٢٤ مامۆستا لە کارەکانیان دوورکەوتوونەتەوە.

زیانەکانی کەرتی پەروەردە لە سەرێکانی و گوندەکانی:
١٥٠ خوێندنگا چۆڵکراون و ٢٠ خوێندنگا بە تەواوەتی رووخاون.
١٧ هەزار و ٥٢٦ خوێندکار لە خوێندن بێبەش بوون.
هەزار و ٤٠٩ مامۆستا لە کارەکانیان دوورکەوتوونەتەوە.

هەرێمی تەل تەمر:
١٢٠ خوێندنگا چۆڵکراون
٧ هەزار و ٦٣٣ خوێندکار لە خوێندن بێبەشکراون
٨٤٩ مامۆستا لە کارەکانیان دوورکەوتوونەوە.

هەرێمی دربێسی:
١١٤ خوێندنگا چۆڵکراون.
٩٨٣ مامۆستا لە کارەکانیان دوورکەوتوونەتەوە.
زیاتر لە هەزار خوێندکار لە خوێندن بێبەش بوون.

گرێ سپی و گوندەکانی:
٤٢٦ خوێندنگا چۆڵکراون.
٥١ هەزار و ٢٠٠ خوێندکار لە خوێندن بێبەشکراون.
هەزار و ٩٨٣ مامۆستا لە کارەکانیان دوورکەوتوونەتەوە.

 

هەروەها لە قامیشلۆ ٣ خوێندنگا، لە حەسەکە ٣٥ خوێندگا و لە گرکێ لەگێ ٢ خوێندنگا چۆڵکراون.

لە لایەکی ترەوە دەوڵەتی تورکیا سیستمی خوێندنی تورکی لەو ناوچانە جێگیرکردووە، بە تایبەتی لە گرێ سپی و سەرێکانی دەستی بە دروستکردنی دیوار لە نێوان ئەو شارانە و ناوچەکانی تری ڕۆژئاوای کوردستان کردووە و ئامانجی ئەوەیە بە هۆی دابڕاندنی ناوچەکان لە یەکتری و جێگیرکردنی سیستمی خوێندنی تورکی دیمۆگرافیای ناوچەکە بە تەواوی بگۆڕێت و سیاسەتی تواندنەوەی کورد و گەلانی تر پەیڕەودەکات.

 

دەوڵەتی تورکیا لە لایەکی ترەوە بە ترساندن و کوشتنی منداڵان هەوڵ دەدات منداڵانی ڕۆژئاوا لە خوێندن بە زمانی دایک دووربخاتەوە. نمونەش بۆ ئەوە کۆمەڵکوژی تەل ڕەفعەت بوو.

ڕۆژی ٢ی کانونی یەکەم بە ئەنقەست ژمارەیەک منداڵی ئاوارەی عەفرینی لە هەرێمی شەهبا تۆپباران کرد و لە ئەنجامدا ١٠ کەس شەهید بوون کە ٨ کەسیان منداڵ بوون و لە قوتابخانە دەگەڕانەوە. دوای ئەو ڕووداوەوه‌ ترسێکی زۆر لەناو منداڵان و خێزانەکانیان دروست بووە و زۆر خێزان منداڵەکانیان نانێرن بۆ قوتابخانە. هەروەها منداڵانیش لە ترسی هێرشەکانی سوپای تورکیا ناچن بۆ قوتابخانە.