ڕاپۆرتی کوردستانی

05:35 - 29/12/2019

یەکگرتوو بەرەوکوێ: هەستانەوە یان داکشانی زیاتر؟‌

پەیسەر

یەکێتی لە دوای پارتی، لە یەکگرتووی ئیسلامی دەترسا، پارتیش لە دوای یەکێتی هەر لە یەکگرتوو دەترسا. کەچی ئێستا ئەم حزبە ترسی بۆ سەر هیچ لایەک نییە و لەژێر پلیکانەی پێنجەمی پەیژەکەدا لەنگەری گرتووە.

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ٦ی شوباتی ١٩٩٤ ناوی خۆی وەکو حزبێکی میانڕەوی ئیسلامی ئیعلانکرد، بەڵام هەرزوو کەوتە کێبەرکێ لەگەڵ یەکێتی و پارتی وەکو هێزی یەکەم و دووەم و هەموو حزبەکانی تریشی بەجێهێشت کە ساڵانێکی زۆر لەناو گۆڕەپانەکەدابوون.

پەڕینەوە بۆ زۆنەکان
پارتی و یەکێتی لە دوای راپەڕین زۆر هەوڵیاندا ناوچەکانی کوردستان بە چەک بخەنە ژێر نفوزی خۆیانەوە، بەڵام هێزێکی تازە دەرکەوتووی وەکو یەکگرتوو ئەو خەونەی هێنایەدی بێ ئەوەی فیشەکێک بتەقێنێ.

بۆ گەشەی خێرا و پەلکوتانی لە گەرمیانەوە تا زاخۆ، هۆکاری زۆر هەبوون تا یەکگرتووی ئیسلامی بەم ڕادەیە گەورە ببێ. بەرچاوترینیان ململانێی خوێناوی پارتی و یەکێتی و گواستنەوەی رق و کینەی شاخ بوو بۆ ناوشار.

بوونی خیتابێکی سیاسی میانڕەو کە تا ئەوکاتە خەڵک بەمجۆرە گوتارە رانەهاتبوو. هەروەها گۆڕینی سیمای بارەگای حزبیی بۆ جۆرێک لە چالاکی رۆشنبیری و فیکری و هونەریی.

تا ئەو کاتەی یەکگرتوو هاتە گۆڕەپانەکە، بارەگا حزبییەکان تەنیا شوێنی چەکدار و کۆبوونەوەی رۆتینی حزبیی بوون. بەڵام یەکگرتوو ئەم نەریتەی گۆڕی و دەرگای بۆ ژن و پیاو، کچ و کوڕ بەهرەدار و بێبەهرە کردەوە.

شەڕی ناوخۆ هۆکارێکی سەرەکی بوو تا خەڵک بۆ خۆدزینەوە لە شەڕ و هەڕەشەی یەکێتی و پارتی، پەنا ببەنە بەر بارەگاکانی یەکگرتوو و پێناسەی ئەم حزبە بخەنە گیرفانیانەوە. بەشی زۆری ئەو خەڵکە کاتێک بەخۆیانزانی کە کەوتوونە ژێر کاریگەری گوتار و سیاسەتی کادرانی ئەو حزبەوە.

دووەمی هەولێر و سلێمانی
تا ئەو کاتەی لە سنووری ئیدارەی سلێمانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کرا لە مانگی شوباتی ٢٠٠٠ دەرنەکەوت کە یەکگرتووی ئیسلامی قەبارەی جەماورەکەی چەندە.

یەکگرتوو وەکو دووەم هێز توانی پێنج شارەوانی لە ناوچەی هەڵەبجە و شارەزوور بباتەوە و لەناوشاری سلێمانیدا کێبەرکێی لەگەڵ یەکێتیدا دەکرد.

ساڵی ٢٠٠٢ لە سنووری ئیدارەی هەولێریش هەڵبژاردن بۆ شارەوانییەکان کرا، لەوێش یەکگرتوو دەنگێکی زۆری هێنا و دووەم هێزی ئەو سنوورەش بوو، هەرچەندە هیچ شارەوانییەکی نەبردەوە.

دوای ئەو دوو هەڵبژاردنە، ئیتر یەکگرتوو وەکو هێزی بەدیل لەژێر نفوزی پارتی و یەکێتیدا دەرکەوت. بۆیە ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارە کەوتنە گێچەڵگێڕان بە کادرانی ئەو حزبە و ناوبەناو دەستگیریان دەکردن.

میانڕەوێک لە لوتکەدا
بوونی سەڵاحەدین بەهادین لە لوتکەی یەکگرتوودا، رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو بۆ پەلکوتان و فراوانبوونی ئەم حزبە، بەڕادەیەک کە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە.

سەڵاحەدین بەهادین توانیویەتی لە یەک کاتدا سیاسییەکی هێـمن و بانگخوازێکی عەقیدە و پەروەردەیی بێ. هەمیشە لە پاڵ گوتارە سیاسییەکانیدا، بایەخ بە پەوەردەی شەخسی و بەها کۆمەڵایەتییەکانیش دەدات.

هەر ئەمە وایکردبوو، ساڵانی پێشوو لە پاڵ سەدان کادری گەنج، دەیان پیاوی بە تەمەنیش لەناو چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە، وەکو کادرێکی یەکگرتوو چالاکی سیاسی بنوێنن.

یەکگرتوو لێزانانە، کاری سیاسەت و بانگەوازی ئیسلامیان تێکەڵکردبوو.

ساڵی شکانی ئێسک
تا ساڵی ٢٠٠٧ یەکگرتوو توانی بەرگری لەو گەشە و فراوانبوونە بکات کە بەدەستیهێنابوو. بەڵام لەم ساڵە بەدواوە ئیتر گڵۆڵەی گەشە بەرەو لێژبوونەوە چوو.

لێرە بەدواوە رەخنە و گلەیی لە سەرکردایەتی یەکگرتوو دەستیپێکرد، کادرانی گەنج و رۆشنبیر و نوخبەی ئەم حزبە، کەوتنە وازهێنانی یەک یەک یان بە کۆمەڵ.

وازهێنانی کادران و چەقبەستنی حزب درێژەی کێشا تا ساڵی ٢٠٠٩ و ئەو کاتەی بزووتنەوەی گۆڕان وەکو جوڵانەوەیەکی جەماوەریی هاتە ئاراوە، ئیتر یەکگرتووی ئیسلامی توشی ئیفلیجی و خۆخواردنەوە هات.

لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕاندا، ئەو جەماوەرەی کە پارتی و یەکێتی نەبوون و ئومێدیان بە بەدیل و گۆڕانکاریی هەبوو، ئەو کادر و رۆشنبیرانەی ناو یەکگرتوو کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد یەکگرتوو چەقی بەستووە، لە دەوری بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەو گۆڕانیان کرد بە هێزی دووەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.

بۆ هۆکارەکانی پاشکەشە و چەقبەستنی یەکگرتوو دوو هۆکاری سەرەکی هەبوون کە یەکەمیان ئەوەبوو: یەکگرتوو هەموو قورسایی خۆی خستە سەر سیاسەت و کاری پەرەوەردە و بانگەوازی پشتگوێخست.

هۆکاری دووەم ئەوەبوو کە سەرکردایەتی ئەم حزبە، سیاسەتیان دەکرد بەڵام جورئەت و ئازایی سەرکێشییان تێدا نەبوو لە بەرامبەر پارتی و یەکێتیدا. بۆیە تادەهات هیوا و ئومێد لەسەر بەدیلبوونی ئەو حزبە کەم دەبووەوە.

هۆکاری تر
سەکردایەتی ئەم حزبە کاتێک کە دەچوونە ناو حکومەتەوە، هیچ نموونەیەکی جیاواز لە وەزیرەکانی پارتی و یەکێتیان پێشکەش نەدەکرد، فراکسیۆنەکانیان لە بەغدا و هەرێم، جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبوو لەگەڵ پەرلەمانتارەکانی پارتی و یەکێتی.

بۆیە سەرکردایەتی یەکگرتوو، خۆی بە دەستی خۆی، هەموو ئەو دەسکەوتانەی دایە دەم ئاو کە ساڵانێک لەناو شەڕی ناوخۆ و قاتوقڕی و گرانیدا بەدەستیانهێنابوو.

یەکێکی تر لە هۆکارەکانی پاشەکشێی یەکگرتوو، ئەو قۆناغە خێرایەی بەشداری خەڵک بوو لە هەڵبژاردن و سیاسەتدا کە زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی بە "سەردەمی گەشەی پۆپۆلیزم" ناوی دەبەن.

سەرکردایەتی یەکگرتوو لەسەر شێوازە تەقلیدییەکەی جاران سیاسەتیان دەکرد، بەڵام سیاسەتی رۆژ پێویستی بە بڕێکی زۆر لە بەدەمەوچوونی پۆپۆلیزم هەبوو. بۆیە سەرکردایەتی ئەم حزبە نەیتوانی لەگەڵ سەردەمەکەدا بڕوات و بەجێما.


لە دوای ساڵی ٢٠٠٩ یەکگرتووی ئیسلامی لە چەند قۆناغێكی جیاوازدا بۆ ئەوەی نموونەیەکی تر پێشکەش بکات، لە کۆنگرەی شەشەمی خۆیدا، ئەمیندارەکەی لە سەڵاحەدین بەهادینەوە گۆڕی بۆ محەمەد فەرەج، هەروەها قۆناغی ئۆپۆزسیۆنبوون و بەشداری لە حکومەتدا تاقیکردەوە، بەڵام لە هیچیاندا نەک نەیتوانی ببێتەوە بە حزبەکەی جاران، بەڵکو لە چوارەم و پێنجەم هێزەوە دابەزی بۆ شەشەم هێزی هەرێمی کوردستان!

ئێستا کە ئەم حزبە کۆنگرەی هەشتەمی دەبەستێ، بە نیازە بچێتەوە سەر ئەو رێگایەی سەرەتا دەستیپێکرد و گەیاندییە هێزی بەدیل لە کوردستان.

بەڵام چاودێرانی ئەم حزبە دەڵێن: هیچ ئاماژەیەک لە ئارادا نییە کە یەکگرتوو بگاتەوە ئەو ئاستەی جارانی، چونکە ئەمیندار و سەرکردایەتییەکەی هەمان ئەو ئەمیندار و سەرکردایەتییەن کە دەرفەتە ئاڵتوونییەکانیان لە دەستدا بۆ ئەوەی ببنە هێزی بەدیلی راستەقینە.