ڕاپۆرتی کوردستانی

12:27 - 30/12/2019

پەیسەر زانیاری نوێ لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزا لە هەرێم ئاشكرا دەكات‌

پەیسەر

محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەیسەر پرێس ئاشكرایكرد، سبەینێ دووشەممە وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان وردەكاریی بەدواداچوون بۆ حاڵەتی تووشبوون بە ئەنفلۆنزای (H1N1) بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و دەزگا ڕاگەیاندنەكان ئاشكرادەكات، هاوكات ڕێنمایی پێویست دەدات بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە جۆرە جیاوازەكانی ئەنفلۆنزا.

لەماوەی ڕابردوودا ژمارەیەكی بەرچاو لەتووشبوون بە ئەنفلۆنزا لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە، لەنێویشیدا چەند حاڵەتێكی نەخۆشی H1N1  تۆماركرا

محەمەد قادر بە پەیسەری ڕاگەیاند، لەماوەی ڕابردوودا ژمارەیەكی بەرچاو لەتووشبوون بە ئەنفلۆنزا لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە، لەنێویشیدا چەند حاڵەتێكی نەخۆشی H1N1  تۆماركرا كە لەنێو خەڵكیدا بە ئەنفلۆنزای بەراز ناسراوە، كە لەبنەڕەتدا ئێستا ناوەكەی گۆڕاوە و پەیوەندی بە بەرازەوە نییە، ئەو جۆرەی ئەنفلۆنزا سێ بۆ چوار حاڵەت لە شاری سلێمانی تۆماركرا.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕاشیگەیاند، وەك وەزارەتی تەندروستی بەدواداچوونی وردمان بۆ ئەو حاڵەتی تووشبونە بە ئەنفلۆنزای H1N1 لە سلێمانی كردووە، كۆی بەدواداچوونەكان سبەینێ دووشەممە 30/12/2019 د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە كاتژمێر 12ی پاشنیوەڕۆ وردەكاریی بەدواداچوونەكان بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و دەزگا ڕاگەیاندنەكان ئاشكرادەكات.

ئەمڕۆ یەكشەممە د. ئومێد عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار ڕایگەیاند، چوار حاڵەتی ئەنفلۆنزای بەراز لەماوەی ڕابردوودا لەشاری سلێمانی تۆماركراوە، كە سیان لەو حاڵەتانەی تۆماركراون چارەسەری پێوستیان وەرگرتووە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

لیژنەی باڵای ئەنفلۆنزا سبەینێ كۆدەبێتەوە و بەتێرو تەسەلی بەدواداچوون بۆ ئەوە دەكات ئاخۆ ئەوەی بڵاوبوەتەوە ئەنفلۆنزای بەرازە یاخود جۆرەكانی دیكەی ئەنفلۆنزایە 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی دەگوترێن پەتایەك كە نە ئەنفلۆنزای بەرازە و نە ئەنفلۆنزای باڵندە لە هەرێمی كوردستان بڵاوبوەتەوە و جۆرێكی نامۆیە لە ئەنفلۆنزا باسی لەوەكرد "لیژنەی باڵای ئەنفلۆنزا سبەینێ كۆدەبێتەوە و بەتێرو تەسەلی بەدواداچوون بۆ ئەوە دەكات ئاخۆ ئەوەی بڵاوبوەتەوە ئەنفلۆنزای بەرازە یاخود جۆرەكانی دیكەی ئەنفلۆنزایە كە چەندین جۆری هەیە و بە چەندین شێوەش بڵاودەبێتەوە، دواتریش هەموو ئەنجامەكان بڵاودەكەینەوە".

هاووڵاتیان چۆن خۆیان لەجۆرەكانی ئەنفلۆنزا بپارێزن؟
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ڕێگەكانی خۆپاراستن لە جۆرەكانی ئەنفلۆنزا ڕێنمایی ئەوەدەدات، بەپلەی یەكەم ئەنفلۆنزا لەكاتی پژمین یاخود لەڕێگەی كۆكەوە بڵاودەبێتەوە، هەروەها بەكارهێنانی كەلوپەلی كەسانی نەخۆش هۆكارێكی دیكەی بڵاوبونەوەی ئەنفلۆنزایە.

چونە نێو شوێنی قەرەباڵغ هۆكارێكی دیكەی گواستنەوەی ئەنفلۆنزای بەرازە بۆیە محەمەد قادر داوایكرد هاووڵاتیان خۆیان لەشوێنی قەرەباڵغ بەدوور بگرن، ئەگەر چونە ئەو شوێنانە دەمامك بەكاربهێنن، پاكوخاوێنی و بە بەردەوامی بەكارهێنانی سابوون هۆكارێكی گرنگە بۆ خۆپاراستن لە ئەنفلۆنزا.

خاڵێكی دیكە كە بەلای وتەبێژەكەی وەزارەتی تەندروستییەوە گرنگە دوركەوتنەوەیە لە هەندێك لە نەریتە كلتورییەكانی وەك ماچكردن و تەوقەكردن، چونكە ئەو دەڵێت ئەو دوو نەریتە هۆكارێكن بۆ گواستنەوەی ئەنفلۆنزا.