ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:24 - 31/12/2019

ئایا هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر حیزبوڵڵای عێراق پەل دەکێشێ بۆ جەنگێکی گەورەتر؟‌

یاسین تەها

ئێوارەی یەكشەممە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا پێنج گورزیان لە بارەگای كەتیبەكانی حیزبوڵا وەشاند لەبەری سوریا و عێراق. ئەم هێرشە لەپاش 11 جار لە هەراسانكردنی بەرژەوەندییەكانی واشنتۆن لە عێراق هات كە دواترینیان هێرشەكەی سەر بنكەی K1 بوو لە كەركوك كە ئەمەریكییەكی تێدا كوژرا. ئەم گورزە لە ڕواڵەتدا تۆڵە و تەمبێ كردنە بەڵام جۆری ئامانجەكان و كات و شوێنەكانیان هەندێ سەرنج و وردبوونەوە هەڵدەگرێ و لێرەدا هەندێكی ئاماژە پێ دەكەین:

حیزبوڵڵا .. دەستە گوڵەكەی ئەبو مەهدی
كەتیبەكانی حیزبوڵڵا تاقە گروپی حەشدی شەعبی نین لەناو تاقمە "وەلائییەكان" كە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئێرانی بەمەرجەعی تەقلیدی خۆیان دەزانن، بەڵكو جگە لەوان عەسایبی قەیس خەزعەلی و بزووتنەوەی نوجەبا و زۆر گروپیتر هەمان ڕێچكەیان گرتووەتە بەر و ئەگەر خامنەییش نەبێ مەرجەعیەتیان هەر لەفەزای ویلایەتی فەقیهە، بەڵام لەناو ئەم گروپانەدا حیزبوڵڵا لەهەموویان خورتتر و چالاكترە و لەهەموویان زیاتر بەڕوونی و ڕاشكاوی ئێرانیترە. ئەم گروپە چەكدارە ساڵی 2007 لە سەر دەستی ئەبو مەهدی موهەندیس دامەزراوە، ئەویش ئەگەرچی بەڕواڵەت و بەتیۆری جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی فالح فەیازە، بەڵام بەكردەیی خۆی خاوەنی قسەی یەكەم و كۆتایی حەشدی شەعبییەو بەهۆی ئەوەی هەڵگری ڕەگەزنامەی ئێرانی و مێژوییەكی دورودرێژی كاركردنە لەگەڵ سوپای پاسداران بە متمانەپێكراوترین كەسی ئێران لە ناو هێزە ئەمنییەكانی عێراقدا دەدرێتە قەڵەم و لەمەدا تەنانەت هادی عامریشی پێ ناگات.

ئەبو مەهدی بۆ خۆ دزینەوە لە تۆڕی بەدواداچوونەكانی ئەمەریكا 19 ناوی خوازراوی بۆ خۆی داناوە، بەڵام كاتێك لە ساڵی 2009 ئەمەریكییەكان خستیانە لیستی تیرۆرەوە سەرجەم ئەو ناوانەیان لە بڕیارەكەدا نووسی كە دیارترینیان بریتین لە "جمال جعفر، محمد علي، وأبو مهدي البصري، جمال جعفر الإبراهيمي، جمال التميمي) و بەبەردەوامیش ناوبراو جێگە سەرنجی ئەمەریكییەكانە چونكە لە ساڵانی هەشتاكانەوە خەریكی كاری نەوعییە بۆ تاران و لەم میانەیەشدا گرنگی زۆری بە حیزبوڵڵا داوە و بەم هۆیەشەوە ئەم هێزە چەكدارە لە ئێستادا بەدڕترین و پڕچەكترین و جەنگاوەرترین هێزی حەشدی وەلائی دادەنرێن و جگە لە عێراق لە خاكی سوریاشدا ئەركیان پێ سپێردراوەو لەوێ پارێزگاریی لە ڕژێمی بەشار ئەسەد دەكەن.

حیزبوڵڵا وەك گروپێكی سەروو دەوڵەت
نزیكەی 10 ساڵ پاش دامەزرانی كەتیبەكانی حیزبوڵڵا، ناوبانگی ئەم گروپە لە ڕێگەی بارمتە قەتەرییەكانەوە بەهەموو دونیادا بڵاو بوویەوە. ئەم بارمتانە كە لەبنەماڵەی میری وڵات بوون (ئال سانی)، ژمارەیان 25 كەس بوو كە بەمەبەستی ڕاوی باڵندەی دەگمەن هاتبوونە باشوری عێراق (نیسانی 2017) و لەوێ كەوتبوونە داوی ڕفێنەران، پاشان لە رێكەوتنێكی هاوبەشی قەتەر و حیزبوڵڵای لوبنان كە لە رێگەی كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراقەوە بەرانبەر دەوروبەری یەك ملیار دۆلار ئازادكرا  ئەم سەفقەیە كە تا ئێستاش هەندێك لایەنی نا ڕوونە جگە لە ملیارێك دۆلار كە دواتر لە نێوان حیزبوڵڵا و كەتائیب و نێوانگرە ئێرانییەكاندا بەشكرا، ئەوەشی لەخۆ گرتبوو كە  حیزبوڵڵا و بەرەی نوسرەی نزیك لە قەتەر دانیشتوانی چوار شاری شیعە و سوننە لە سوریا جێگۆڕكێ پێ بكەن، ئەمەش ڕۆڵ و ئەركی حیزبوڵڵای عێراق و لوبنانی ئاشكرا كرد و سەرجەم ئەم كەین و بەینەش لە بن باڵی حكومەتی عێراقدا كرا كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكرد بەبێ ئەوەی بتوانێت ئەم سەوداو مامەڵەیە ڕابگرێت كە پشتیوانی ئێرانی هەبوو.

حیزبوڵڵا وەك سەركوتكاری خۆپیشاندانەكان
لە سەرەتای مانگی تشرین (10) ی ئەمساڵەوە نزیكەی 500 كەس لە خۆپیشاندەران كوژراون و دەوروبەری 22 هەزار كەسیش بریندار بوون، لەم كوشتارە بێ ڕحمانەیەدا ناوی حیزبوڵڵا لە پێشەنگی ئەو گروپانە دێت كە بەچڕی لەو قەتڵ و عامە تێوەگلابن. حكومەتی عەبدولمەهدی بكوژەكان بە "لایەنی سێیەم" ناودەبات، رێكخراوی هیومان رایتس وۆچیش بە "هێزی چەكداری نەناسراو"، بەڵام ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە سەربانی نزیك خۆپیشاندەرانەوە گیراون ئاڵا و لۆگۆی حیزبوڵڵا پیشان دەدەن و ئەم گروپەش زۆر ڕاشكاوانە ناوبەناو بەیاننامە دەردەكەن و مەرجەكانی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ دادەنێن وەك ئەوەی ئەوان دەمڕاستی عێراق بن و لەم میانەیەشدا لە 17 كانونی یەكەمی 2019 مەرجیان داناوە هەركەس ڕادەسپێردرێت بۆ سەرۆك وەزیران دەبێت ئازایەتی و لێوەشاوەیی ئەوەی هەبێت بەرەنگاریی "پرۆژەی پیسی ئەمەریكی _ زایۆنی لە عێراق" ببێتەوە.

پارە لە عێراق و فەرمان لە ئێران
كەتیبەكانی حیزبوڵڵا بە ڕواڵەت لەسەر دەستەی حەشدی شەعبی حسابن و دەچنە چوارچێوەی گروپە چەكدارەكانەوە، و ئەو لیوایانەشیان لە سەر سنوری سوریا ئەرك دەبینن (45 و 46) كەڤەرێكی فەرمییان بۆ كراوە تا دەستكراوەتر بن لەكاركردن بەناوی هێزی فەرمییەوەو عەبدولمەهدی باسی لەوەكرد لەو لیوایانەن لەژێر كۆنتڕۆڵدان، بەڵام مێژووی دامەزرانی ئەم گروپە چەكدارە پەیوەست نییە  بەفەتوای ”جیهادی كیفائی“ سیستانییەوە كە لە هاوینی 2014 دا بووە بناغەی دامەزراندنی حەشدی شەعبی عێراق، بەڵكە لە ساڵی 2007 لە شاری عەممارە پاشان ناسرییە و دواتر سەماوە كەوتۆتە چالاكی كە سێ پارێزگای هەژارنشینی عێراقن و زۆربەی چالاكیەكانیشی بەرەنگاریی ئەمەریكییەكان بووە. ئەوەشی تێبینی كراوە لە 2014 تا ئێستا عەلی سیستانی كە خۆی خاوەنی فەتوای جیهادی كیفائییە بۆ یەكجاریش ناوی "حەشدی شەعبی" لە بەیاننامە و وتارەكانیدا بەكارنەهێناوە و هەمیشە بە خۆبەخش یان هاوكارانی سوپای عێراق یان هێزی فەرمی ناویان دەبا، چونكە مەرجەعیەت نایەوێت شەرعیەتی نەجەف بداتە ئەو گروپانەی خۆیان خزاندۆتە ناو حەشد لەپێش هەموویانەوە حیزبوڵڵا كە پارەو كۆمەك و بودجە لەعێراق وەردەگرێت بەڵام لەئەركەكانیدا فەرمانی ئێران جێبەجێ دەكات، لەم میانەیەشدا ئامارەكان دەریدەخەن، كەتیبەكانی حیزبوڵڵا لە كۆی 7000 هەزار چەكدار 2500 چەكداریان خراونەتە سەر میلاكی حەشدی شەعبی كە تێكڕای ژمارەیان لەدەوروبەری 120 هەزار كەسدایە.

حیزبوڵڵا وەك گروپێكی ئەنتی ئەمەریكایی
كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراق، لە عێراقدا چەند شتێكیان كردۆتە ئامانجی بنەڕەتی خۆیان، كە زیاتر گرنگیدان و پەرەدانە بە تیۆری "موقاوەمە" بە ستایلە ئێرانییە شیعییەكەی، بەرەنگاربوونەوەی ئەمریكا، پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق، لەگەڵ هەوڵدان بۆ دروستكردنی زۆرینەیەكی سیاسی لە بەغدا، "بەڵام بە میكانیزمی دیموكراسی"، هەر لەم سۆنگەیەشەوە بەشی هەرە گەورەی گوتاری كەتیبەكانی حیزبوڵڵا تەرخان كراوە بۆ دژایەتی ئەمەریكییەكان و گەورەترین شانازی ئەم گروپە چەكدارەش بەشداریكردنیانە لە شەڕی سوریا وەك ئەركێكی مەزهەبی لە دەرەوەی عێراق و ئێستاش كە شەڕی سوریا ڕووی لە كزی كردووە لە عێراق چالاكییە دژە ئەمەریكاییەكانی خۆیان پەرە پێ دەدەن.

كەتیبەكانی حیزبوڵڵا هەموو دەرفەتەكان دەقۆزنەوە بۆ راگەیاندنی دژایەتی خۆیان بۆ هەموو چەشنە بڵاوبوونەوەیەكی سوپای ئەمەریكا لە عێراق، لەژێر هەر ناونیشان و بە هەر پاساوێك بێت چ یارمەتیدان یان مەشقكردن بێت دژی مەترسی داعش، بەو پێیەی "هێزێكی داگیركارە" و پێیانوایە بەریەككەوتنی ئەوان و ئەمەریكییەكان حەتمییە و لە هەر ئان و ساتێكدا ڕوو دەدات، بەر لەم گورزەی دواییش، ئەمەریكییەكان لە ناحیەی بەغدادی موشەكبارانی هێزەكانی حەشدیان كرد (كانونی دووەمی 2018)، هەروەها  بەتایبەت جارێكیتر هێرشیان كردە سەر چەكدارانی حیزبوڵڵا لە سەر سنوری عێراق و سوریا لە بەری بوكەمالەوە (حوزەیرانی 2018).

تێوەگلانی حیزبوڵڵا لە هێرشی سەر بنكەكانی ئەمەریكا
لە 9 ئەم مانگەدا، هێزێكی سەر بە دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە رۆژئاوای ڕومادێ سەركردەیەكی حەشدی عەشائیریان بەناوی نەسیر عوبێدی دەستگیركرد بەتۆمەتی هاوكاریكردنی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران، بەڵام راپۆرتە رۆژنامەوانییە قەتەرییەكان (العربي الجدید) باس لەوە دەكەن عوبێدی هاوكار و سیخوڕی حیزبوڵڵا بووە بۆ ئاشكراكردنی بنكەكانی ئەمەریكا لەعێراق و جموجوڵی هێزی هاوپەیمانانیان لە رێگەی كۆكردنەوەی زانیاری لە بەڵێندەران و سەرۆك هۆزەكانی ئەنبار و پەیوەندییەكانی هۆزەكان لەگەڵ ئەمەریكییەكان بەتایبەت ئەوانەی لەشەڕی داعش متمانەیان پەیدا كردووە لای هاوپەیمانان. هەندێ زانیاریتر باس لەوە دەكەن عوبێدی باجی داخڵبوونی بۆ بنكە هاوبەشەكانی عێراق و ئەمەریكا هەبووبێت كە دواتر زۆریان بە كاتیۆشا كراونەتە ئامانج كە لەنێوان 11 _20 هێرشی جۆراوجۆردایە. هەر لەبەر ئەمەش ئەو ڕاپۆرتانە هۆكاری هێرشەكە دەبەستنەوە بەدەرەنجامی ئەو لێكۆڵینەوانە كە بەئاشكرا تێوەگلانی حیزبوڵڵا دەردەخات لەم هێرشانە، بەڵام عەبدولمەهدی باسی لەوەكرد هێشتا لێكۆڵینەوە هاوبەشەكان لەبارەی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە نەگەشتوونەتە ئەنجام.

گرنگیی شوێن لە هێرشەكانی سەر حیزبوڵڵا
فڕۆكەكانی ئەمەریكا ئەمە سێیەم جارە حەشدی شەعبی لە قائیم بكەنە ئامانج، ئەم ناوچەیە خاڵی پەیوەندی نێوان عێراق و سوریایە لەبەری رۆژئاوای عێراقەوە و جومگەیەكی گرنگە لەپێكەوە گرێدانی "هیلالی شیعی" و پردێكە بەرەو دیمەشق و لەوێشەوە بۆ بەیروتی لوبنان و ناوچەكانی بندەستی حیزبوڵڵا، بۆیە ئەو گردبوونەوە گەورەیەی هێزەكانی حەشد لەوێ جێگەی مەترسییە بۆ ئەمەریكاو لەوانیش زیاتر ئیسرائیلییەكان. ئەو هێزانەی حیزبوڵڵا كە لەوێ كۆبوونەتەوە نزیكن لە بنكەی "عین الأسد" كە گەورەترین پێگەی ئەمەریكییە لە عێراق و ئەمەش كێشەو گرفتیان بۆ دروست دەكات. جگە لەوەش ئەم خاڵە سنورییە بۆ داعش ـ یش هەر بەهەمانشێوە گرنگە و لە ساڵانی 2014 _2017 پردی پەڕینەوەبوو لەنێوان دێرەزور و رۆژئاوای عێراق بووە و چ ئەمەریكییەكان و چ ئێرانییەكانیش ئەم خاڵە بەكاردەهێنن بۆ درێژە پێدانی شەرعیەتی مانەوەی خۆیان لەو ناوچەیە بەناوی بەرەنگاربوونەوەی هێزە تیرۆریستییەكان.

ترس لە فراوانبوونی بازنەی مەترسییەكان
زۆرێك لە سەرچاوەو ئاماژەكان لەسەر ئەوەن ئەوەی ئەمەریكا كردی بەرامبەر بارەگاكانی حیزبوڵڵا ئەڵقەیەكی لە زنجیرەیەكی دورودرێژی كێشمەكێشی نێوان واشنتۆن و تاران. جگە لەوەش لەپاش 2015 وە لەئەمەریكا هەمیشە باس لەوە دەكرێت لەپاش داعش هێزەكانی حەشد مەترسی گەورەن لەسەر بەرژەوەندییەكانی وڵاتە یەكگرتووەكان. لەم نێوانەشدا حكومەتی عەبدولمەهدی كە لە هەستیاری دۆخەكە تێدەگات بە بەیاننامەی ئینشایی دەیەوێت دۆخەكە بەڕێ بكات بەتایبەت كە ئێستا ئەو حكومەتێكی كات بەڕێكەرە، هەرچی سیستانی و سەدریشە كە بەیاننامەی ئیدانەیان لەدژی هێرشەكە دەركرد و ڕەحمەتبارانی كوژراوەكانی حیزبوڵڵایان كرد، بەڵام بەڕوونی باسی ئەوەیان كردووە نابێ پاساو بەدەستەوە بدرێت بۆ پێشێلكردنی سەروەری عێراق و جەختیان لە مەرجەعیەتی دەوڵەتی عێراق كردووەتەوە بۆ چارەسەركردنی پرسی وەڵامدانەوە و مامەڵەكردن لەگەڵ ئەمەریكییەكان، ئەمەش ئاماژەی نیمچە راستەوخۆیە بۆ ئێران و پەیوەستكردنەوەی هێرشەكەیە بە گرژییە ئیقلیمییەكان تا ئەوەی شەڕی حەشد و ئەمەریكا بێت.

حیزبوڵڵا جاریتر دووچاری هێرشی ئەمەریكی هاتووە، بەڵام جگە لەدەركردنی بەیاننامەی هەڕەشەئامێز و هەندێ هێرشی سنوورداری دوور بەدوور، هیچ هەنگاوێكی كردەیی ئەوتۆی لە دژی بەرژەوەندییە ئەمەریكییەكان نەگرتوەتە بەر، ئەمەش تا ڕادەیەكی زۆر لە سیاسەتی ئێرانی دایك دەچێت كە ماوەی 40 ساڵە دروشمی "مردن بۆ ئەمەریكا"ی بەرزكردۆتەوە، بەڵام كاتێك لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تاراندا كەوتە گرژییەوە عەلی خامنەیی رابەری شۆڕش رایگەیاند، هیچ لایەكمان شەڕو پێكدادانمان ناوێت.

سەرباری ئەمەش مەترسیییەكان هەر بەردەوامن لەسەر ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەكان بەتایبەت كە شیعەكان دەیانەوێت بەهاوپەیمانێتی عێراق _ ئەمەریكادا بچنەوەو پەیوەندیی عێراق بە هاوپەیمانانەوە لەبارەی داعش ڕێكبخەنەوە و لە ئێستادا گۆڕەپانەكە چۆڵ بووە بۆ گوتاری ئەنتی ئەمەریكایی، بەڵام زۆر لە شارەزایان و توێژەرانی ڕەوتی بزوتنەوە چەكدارییەكانی شیعە پێیانوایە كاردانەوەی حیزبوڵڵا لەچوارچێوەی سیاسەتی گشتی ئێران دەرناچێت كە باوەڕ وەهایە بەدوای شەڕێكی درێژخایەن و گشتگیردا نەگەڕێت لە ئێستادا و تەنها بە هەندێ گرژی و پێكدادان كات بەڕێ بكات تا ئەوكاتەی چارەنووسی خودی تڕەمپ و ئیدارەی كۆمارییەكان دەكەوێت بەلایەكدا.