ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:27 - 02/01/2020

سەرنجی بێوێنەی ئەمریکا لەسەر "گیرفانی ئایەتوڵاکان"‌

پەیسەر

دەبێ ساڵی رابردوو بە ساڵی فۆکەسی ئەمریکا لە سەر "گیرفانی ئایەتوڵاکان" بزانین. توندبوونی فشاری ئەمریکا لە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، بە مەبەستی گۆڕینی هەڵسوکەتی ئەو سیستەمە سیاسییە، بە رادەیەکی وا لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە جێبەجێ کرا، کە کاربەدەستانی ئێرانی گەیاندە ئەو بڕوایەی ئەمریکا دەیەوێ کۆماری ئیسلامی ئێران بڕوخێنێت.

لە بەرامبەر ئەو سیاسەتەی ئەمریکادا، ئەوەی عەلی خامنەیی رابەر وەک قسەی کۆتایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا کردی و جێبەجێی کرد، (ئەنجامنەدانی دانوستان) و (زۆرترین خۆراگری) بوو.

 

لە ئێستادا حکومەتی حەسەن رووحانی، وەک بۆکس وەشێنێک وایە کە کەوتووەتە سوچێکی گۆڕەپانی سیاسەتی لاوازی کۆماری ئیسلامی 


حکومەت، ئەو دامەزراوەیە کە دەبێ بە تەواوەتی سیاسەتەکان و فەرمانەکانی خامنەیی جێبەجێ بکات. لە کۆتاییدا خامنەییش بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانی خۆی جگە لە پشتبەستن بە حکومەت، هیچ رێگەیەکی دیکەی لە بەر دەستدا نییە. بۆیە لەو رووەوە هەر گورزێک لە حکومەت بوەشێنرێت راستەوخۆ لە رابەر وەشێنراوە و لە راستیدا کۆی سیستەمی سیاسی گرتووەتەوە.

لە ئێستادا حکومەتی حەسەن رووحانی، وەک بۆکس وەشێنێک وایە کە کەوتووەتە سوچێکی گۆڕەپانی سیاسەتی لاوازی کۆماری ئیسلامی و بێ ئەوەی توانای بەرگریکردن لە خۆی هەبێ، بێ هێز کەوتووەتە و لە هەموو لایەکەوە بۆکسی بەر دەکەوێ.

کابینەی پڕ قەیران و وەزارەتە دۆڕاوەکان
جگە لەوەی کابینەی حکومەت، ناکۆکی ناوخۆیی تێ کەوتووە و سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک کۆمار و جێگری یەکەمی شەڕ لە نێوانیان روویداوە. سێ وەزیر دەستلەکار کێشانەوەیان راگەیاندووە. ئەمانە لە کاتێکدان کە کۆتاییهاتنی ماوەی خولی دووەمی کابینەی رووحانی، دوو ساڵی لە بەردەمدایە و قەیرانی هەمە لایەنە سەرجەم کابینەکەی گرتووەتەوە.

هەر چەند رووحانی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرانی کشتوکاڵ و پەروەردەی پەسەند کرد، بەڵام دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی کە لەئینستاگرامەوە رایگەیاند، رەتکردەوە. تەنانەت ئەگەر دەستلەکارکێشانەوەکەی زەریف سیناریۆیش بووبێ، وەک دەنگهەڵبڕینێکی ئاشکرا بەرامبەر قاسم سلێمانی و فەرماندەی سوپای قودس و عەلی ئەکبەر ویلایەتی راوێژکاری خامنەیی بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە لێکدرایەوە. ئێستا چیدی دۆخی کابینەی رووحانی گەیشتووەتە ئاستێک کە لە ناوخۆدا پلان بۆ دەستلەکارکێشانەوەی رووحانی دادەنێن و لە دەرەوەیش هەڕەشەی لێپێچینەوە لە وەزیرەکانی دەکەن.

 

ئەگەر دەستلەکارکێشانەوەکەی زەریف سیناریۆیش بووبێ، وەک دەنگهەڵبڕینێکی ئاشکرا بەرامبەر قاسم سلێمانی


 جێبەجێنەکردنی وادە و بەڵێنەکانی کاتی هەڵبژاردن، دووبارەکردنەوەی هەندێک لە سیاسەتەکانی مەحموود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشوو و لاوازبوونی پێگەی کۆمەڵایەتی ریفۆرمخوازان، وەک سەرەکیترین پشتیوانی حکومەت و تێوەگلانی براکانی رووحانی و جێگرەکەی لە گەندەڵی گەورە و بە هەمانشێوە کوڕانی وەزیرانی ئێستا و پێشوو، لیستێکی ئەو هۆکارانەن کە کابینەی دووەمی حکومەتی رووحانییان کردووە بە یەکێک لە ناکاراترین حکومەتی ئێران لە دوای شۆڕشی ٧٩ی ئەو وڵاتەوە.

لەو نێوەندەدا وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی نەوت، بە تەواوەتی دۆڕاون. سیستەمی دیپلۆماسی کۆماری ئیسلامی ئێران کە سەرەکیترین بەرپرسیارێتییەکەی بەرەوپێشبردنی سیاسەتی دەرەوە و دابینکردنی بەرەژەوەندییە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامییە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک لەشکرێکی شکستخواردووی لێ هاتووە و وەزارەتی نەوت کە باری قورسی دەستبڵاوییە ئابوورییەکەی دەوڵەتی هەڵگرتبوو، بە دابەزینی توندی فرۆشی نەوت، کەشتییەکەی لە گڵ نیشتووە.

مەکینە نیوە سوتاوەکەی وەزارەتی دەرەوە    
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی، لە مانگی چواری ساڵی ٢٠١٨دا، مەکینەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بوو بە مەکینەیەکی نیوە سوتاو، بەڵام کاریگەری ئەوە زیاتر لە ساڵی ٢٠١٩دا دەرکەوت. کۆماری ئیسلامی کە چاوی لەوە بوو ئەورووپا پشتگیری رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بکات، لە هەر دەرگایەکی دا، بە روویدا نەکراوە. نە سیستەمی دارایی SPV کاری پێ کرا، نە کەناڵی دارایی ئینستێکس چالاک کرا. 

هەوڵەکانی جەودا زەریف و جێگرەکەی بۆ خاوکردنی پرۆسەی سەپاندنی گەمارۆکان و دابەزاندنی ئاستی بەشداریکردنی وڵاتانی دیکە لە سیاسەتی (زۆرترین فشار)ی ئەمریکادا بێ ئەنجام بوون.

درێژنەکردنەوەی مۆڵەت بۆ ئەو کڕیارانەی بۆ ماوەیەک رێگەیان پێ درابوو نەوت لە ئێران بکڕن، لەگەڵ فشار خستنە سەر وڵاتانی ئاسیایی، باشووری خۆرهەڵاتی هیند، مالیزیا، ئەندەنۆسیا و سەنگەفورە، لە سەر کۆماری ئیسلامی زۆر گران کەوت.

 

ئەوەی وەک دەرچەی خۆدەربازکردن بۆ کۆماری ئیسلامی مابووەوە، کێشە نانەوە بوو لە کەنداو و دەریای عەمماندا


ئەوەی وەک دەرچەی خۆدەربازکردن بۆ کۆماری ئیسلامی مابووەوە، کێشە نانەوە بوو لە کەنداو و دەریای عەمماندا، ئەویش بەو لۆژیکەی کە ئەگەر ئێران بۆی نەبێ نەوت هەناردە بکات ئەوا وڵاتانی دیکەیش بۆیان نابێ. سوپای پاسداران خۆی گوڕم دا و سیاسەتی هێرشکردنە سەر نەوتهەڵگرەکان و دامەزراوە نەوتییەکانی گرتە بەر کە هەندێک لە شارەزایان ئەو هێرشانەیان بە (شەڕی دووەمی نەوتهەڵگرەکان) ناوزەد کرد. بەڵام ئەو هێرشانەیش کە جگە لە سیاسەتی بەرۆکپێگرتن هیچی دیکە نەبوون، دەستکەوتێکیان بۆ کۆماری ئیسلامی لێ نەکەوتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر لە دژ ئێران هان دا. بە جۆرێک کە ئەمریکا پێشنیاری پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەربازی کرد بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی گەمییەوانی ئازاد لە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان، بە پێچەوانەی پێشبینی کۆماری ئیسلامی کە پێیوابوو پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی لەو شێوەیە شکست دەهێنێت، بەریتانیا، ئۆسترالیا، ئیسرائیل، سعودیا، هۆڵەندا، بەحرەین، کوەیت، قەتەر، ژاپۆن و کۆریای باشوور چوونە ناو هاوپەیمانییەکە. فەڕەنسا و ئەڵمانیایش لە هاوپەیمانییەکی دیکەدا، هەمان شێوازیان گرتە بەر کە ئەمریکا گرتییە بەر.

 

ئەوەی وەک دەرچەی خۆدەربازکردن بۆ کۆماری ئیسلامی مابووەوە، کێشە نانەوە بوو لە کەنداو و دەریای عەمماندا


لە بەرامبەردا، پێشنیاری کۆماری ئیسلامی کە لە ژێر ناوی (هاوپەیمانی ئومێد)دا و بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بە مەبەستی سەقامگیری و ئاشتی لە رێڕەوە ئاوییەکانی کەنداو، لە کۆبوونەوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خرایە روو، پێشوازی لێ نەکرا و هیچ وڵاتێک هۆگری پێشان نەدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بچێتە ناو هاوپەیمانییەکی ئەوتۆوە. لە کاتێکدا ئێران بە تێکدەری ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکانی کەنداو دەزانرا.

کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان بوون بە ناوەندی سەرنجڕاکێشان بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ئاست کۆماری ئیسلامی و لە پێناو بەهێزکردنی سیاسەتی (زۆرترین فشاری) ئەمریکا لە سەر ئێران کاریان کرد. خاڵی دەستپێکی هەوڵەکانی کۆشکی سپی بۆ کۆکردنەوەی هاوپەیمان دژ بە ئێران، کۆنفرانسی وارشۆ بوو کە بە هەمان ئاراستە کۆنفرانسی ئەمنی میونیخ، کۆنفرانسی بەحرەین، کۆبوونەوەی ئایپەک، کۆبوونەوەی G7 و G8 ی بە دوادا هات.

هاوتەریب لەگەڵ ئەو دەستپێشخەرییانەی ئەمریکا، ئێران نەچووە ناو گروپی دەستپێشخەری دارایی FAFT و کۆنوانسیۆنی نێودەوڵەتی رووبەڕووبوونەوەی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆریزم CFT و کۆنوانسیۆنی بەرەوڕووبوونەوەی تاوانە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان (پالرمۆ). هەروەها سیاسەتی کشانەوەی هەنگاو بە هەنگاو لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی گرتە بەر کە تا ئێستا بە چوار هەنگاو لێی کشاوەتەوە. ئەمانەیش نەک هەر هیچ  سوودێکیان بە کۆماری ئیسلامی نەگەیاند، بە پێچەوانەوە لە هەموو لایەکەوە فشارەکانی سەریان زیاتر کرد.

گەمارۆ تەزێنەرەکان
راگرتنی هاوکاری چینییەکان و روسەکان لە پرۆژە نەوتی و ئەتۆمییەکانی ئێراندا، سیاسەتی خەیاڵاوی (چوون بەرەو رۆژهەڵاتی) کۆماری ئیسلامی پووچەڵ کردەوە و سەپاندنی گەمارۆ تەزێنەرەکان کۆماری ئیسلامییان بە تەواوەتی سنووردار کرد. گەمارۆکان بە رادەیەک کاریان کردە سەر توێژ و چینە جۆراوجۆرەکان، کە لە بڕوای کاربەدەستانی ئێراندا نەبوو. ئەمریکا لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٩دا، لە چوارچێوەی گەمارۆخستنە سەر کانزاکاندا، بۆری ستیل، فویلی لەحیمکاری، مەنگەنیز و ستیلیشی خستە لیستی ئەو کانزایانەی نابێ بگەنە دەست ئێران. ئەو کانزایانە لە بەرنامەی ئەتۆمی، پیشەسازی سەربازی و دروستکردنی موشەکی بالستیدا سوودیان لێ وەردەگیرێت. ئەمریکا لە کۆتایی مانگی دیسەمبەردا، گەمارۆی خستە سەر هەناردەکردنی ئەلیکترۆدی گرافیتی و کەکی نەوتی کە لە پیشەسازی پۆڵادا سوودیان لێ وەردەگیرێت.

لەگەڵ ئەوانەیشدا قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئاڵای وڵاتی پاناما لە سەر کەشتییەکانی ئێران، قەدەغەکردنی فڕینی فڕۆکەکانی ماهان ئیری ئێران بەرەو ئەورووپا، دۆزینەوەی مافیا و تۆڕەکانی قاچاخچییەتی خۆدەربازکردن لە گەمارۆکان، رێگریکردن لە گەیشتنی سووتەمەنی و خزمەتگوزاری بە فڕۆکە ئێرانییەکان لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکاندا، کۆمەڵێک گوشاری دیکەن کە لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێن.

لە زمان کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە
دەکرێ لە پوختەی قسەکانی دوو وەزیری حکومەتی ئێرانەوە، لە بارودۆخی ساڵی ٢٠١٩ی کۆماری ئیسلامی تێبگەین. بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران وتی: "ئەمریکا لە گەمارۆکاندا بووە بە شەیتانێکی باڵغ". مەحموود تلوعی، وەزیری ئیتلاعاتیش لە وتارێکیدا وتی:" پرۆسەی هەناردەکردنمان شێواوە، جوڵەی کەشتییەکان لە بەندەرەکانەوە و بۆ گواستنەوەی کاڵا بەرەو ئێران رانەگیراوە، بەڵکوو شێواوە. گواستنەوەی دراو و ئاڵووێری بانکییمان لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا رۆژ لە دوای رۆژ دژوارتر دەبێ. پێویستە هەموو بەرپرسان دەست بخەنە ناو دەستی یەکدی و تاوەکوو بە رێنوماییەکانی رابەری شۆڕش لەم کۆسپە بپەڕینەوە و پاشەکشێ بە دوژمن بکەین، ئەوە کارێکی هەڵەیە کە ئێمە پەلاماری یەکتر بدەین، چونکە دۆخەکە لە بەرژەوەندی دوژمنە".   

شانۆی سیاسی ئێران زیاتر بە سەربازی دەبێ
ئەوەی نابێ بە ئاسانی چاوپۆشی لێ بکرێت، تۆختربوونی ئامادەیی هێزە سەربازییەکانە لە شانۆی سیاسی ئێراندا. هەڵوێستەکانی محەممەد باقر قالیباف، فەرماندەی سەربازیی و ئەندامی کۆمەڵەی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لە ئاست رێککەوتنی ئەتۆمی و FATF، هەروەها لێدوانەکانی قالیباف لە بارەی گرانبوونی نرخی بەنزین، تەنانەت دوای ئەوەی رابەرەکەی پشتگیری بەرزبوونەوەی نرخەکەی کرد، لەگەڵ خۆکاندیدکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی سەربازیی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان پەرلەمان کە بڕیارە بەمنزیکانە بەڕێوە بچێت، پێشان دەدەن کە سوپای پاسداران خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا بچێتە سەر شانۆی سیاسی ئێران.

لە وەها حاڵێکدا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوەندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و حەشدی شەعبی سەر بەو سوپایە لە عێراق و دەست و پێوەندەکانی دیکەی لە سوریا و لە لایەن ئیسرائیلەوە، وەک ئەنجامی دەستوەردانە سەربازییەکانی ئێران لە ناوچەکە لێکدەدرێنەوە. دەستوەردانێک کە هێشتا بەردەوامە و پەرە بە تێکگیرانی ناوخۆیی و ناوچەیی دەدات.

شکستێکی قورس، بەڵام شاراوەی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠١٩، لە بواری ئەمنیدا رووی دا

دەرکەوتنی قۆناغی پەهلەوییەکان و نشوستی لۆبییەکانی ئێران
شکستێکی قورس، بەڵام شاراوەی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠١٩، لە بواری ئەمنیدا رووی دا. یەکێک لە ستراتیژە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، بەردەوام ئەوە بووە کە رێکخراوی موجاهیدنی خەلق، وەک ئەڵتەرناتیڤ گەورە بکاتەوە و پێشان خەڵکی بدات. بەشێکی زۆری بەرپرسانی ئەمنی کۆماری ئیسلامی، دوای هەر ناڕەزایەتی و نافەرمانییەکی مەدەنی گشتی، رێکخراوی موجاهیدینی خەلقیان وەک هۆکاری "نائارامییەکان" دەناساند. چونکە لە ناو ئێراندا رێکخراوێکی بەدناو و ناخۆشەویستە و دەیانویست بەو شێوەیە لە خەڵکی بگەیێنن کە ئەلتەرناتیڤێکی لەو شێوەیان بۆ دانراوە. بەڵام لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم ساڵانەی دواییدا، دەنگهەڵبڕیوان بەردەوام لە بەرژەوەندی پەهلەوییەکان دروشمیان بەرز کردووەتەوە. دوور نییە کە بۆ دەربازبوون لە مەترسی پەهلەوییەکان، کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە کار بۆ هێنانە پێشەوەی رێکخراوی موجاهیدینی خەلق بکات.

هاوکات کەشی نێودەوڵەتی بە توندی دژ بە کۆماری ئیسلامییە و گرووپی لۆبییەکانی (نایاک) لە ئەمریکا تەواو لاواز بوون. لەگەڵ ئەمەیش چالاکی بانگەشەکارانەی کۆماری ئیسلامی بە داخرانی هەزاران هەژماری پێوەندیداری لە تۆڕەکانی تویتەر، ئینستاگرام، فەیسبووک و یوتوب سنووردار کرا، کە خۆی گورزێکی قورس بوو لە ساڵی ٢٠١٩دا لێی وەشێنرا. هەرچەند ئەم گورزانە و هاوشێوەکانی ساڵی ٢٠١٩یان بۆ کۆماری ئیسلامی کرد بە یەکێک لە دژوارترین ساڵەکانی تەمەنی، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت گورزی قورستری لە پێش بێت، بە جۆرێک کە چارەنووسی یەکلایی بکاتەوە.

نوسینی: حامید محەممەدی
سەرچاوە: کەیهانی لەندەن