لێکۆڵینەوە

12:58 - 02/01/2020

راپەڕین و سەرهەڵدانەکانی کورد چۆن بە نیشتمانیی کرا؟‌

پەیسەر

رەفیق حیلمی دامەزرێنەری حزبی هیوا یەكێك بووە لەوكەسانەی بەردەوام لە خەمی نەتەوەكەیدا بووە و زۆر یارمەتی ئەو كەسانەی داوە كە ویستوویانە كار لەسەر دۆزی نەتەوەی كورد بكەن. بەڵام بە دەگمەن بیستراوە كە رەفیق حیلمی یارمەتی مەلا مستەفای بارزانی دابێ.

 
لە راستیدا  لەو ماوەیەی کە مامۆستا رەفیق حیلمی  موفەتیشی مەعاریفی کەرکوک و هەولێر و سلێمانی بووە. بەبەردەوامی سەری لە سلێمانی داوە، زوو زوو مەلا مستەفای بینیووە. حزبی هیوا لەو کاتانەدا زۆر بەربڵاو بووە، بۆیە بیری لەوە کردووەتەوە کەڵک لە کەسایەتی و ئازایەتی مەلا مستەفا بارزانی وەربگرێ و شۆڕشێکی چەکداریی نەتەوەیی پێ هەڵگیرسێنێ.


سەرەتای دیدارەكە
 موکەڕەم تاڵەبانی لەو بارەیەوە لە دیدارێکدا دەڵێ: "ئەو کاتەی مەلا مستەفا لە سلێمانی دەست بەسەر بووە، رەفیق حیلمیش موفەتیشی مەعاریفی مەنتەقەی کوردستان بوو، لە سلێمانی دانیشتووە. مەلا مستەفا عیلاقەی لەگەڵ حزبی هیوادا هەبوو. رەفیق حیلمی و شێخ لەتیف بە موساعەدەی حزبی هیوا قەراریاندا لە رێگەی ئێرانەوە مەلا مستەفا دەرباز بکەن و بیگەڕێننەوە بۆ مەنتەقەی بارزان، مستەفا بارزانی رۆژی ١٢ی تەمووزی ١٩٤٣ سلێمانی بەرەو رۆژهەڵاتی کورستان بەجێهێشت و گەیشتووەتە شاری شنۆ".
بەپێی بەڵگە نامەیەکی ئینگلیز، بارزانی لە شنۆ "پەنای بۆ قەرەنی ئاغای مامەش بردووە و داوای هاوکاریی و کۆمەکی لێکردووە: "بارزانی وتی نیازی وایە بگەڕێتەوە سەر خاکی خێڵەکەی و بە کۆمەکی پێشمەرگەکانی شەڕ بکات، تا ئەو کاتەی دادپەروەری دەگەڕێتەوە بۆ خێڵەکەی. قەرەنی ئاغا سێ چەک و چوار ئێستری پێ دەدا. "

 مستەفا بارزانی بە گەیشتنەوەی بە بارزان، یەکەمین هەوڵی بریتیبووە لە نووسینی دوو نامە بۆ قایمقامی ناوچەکە، یەکێکیان بۆ حکومەتی عێراق و ئەوی تریان بۆ کاربەدەستانی باڵای ناوچەکە و زۆر بەڕێزەوە داوای گەڕانەوەی شێخ ئەحمەدی بارزانی کردووە بۆ زێدی خۆی و ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئیدی هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ ئەوەی شێخ ئەحمەد لە نشینگەی زۆرە ملێ بهێڵرێتەوە".

بەڵام حکومەتی عێراق هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە، لەبەرامبەردا ئەویش بڕیاری هەڵگیرساندنی جووڵانەوەیەکی چەکداریی لەناوچەی بارزان داوە دژ بە حکومەتی عێراق. لە یەکەم هێرشدا بۆ سەر مەخفەرێکی پۆلیس، بەبێ تەقە هەر شەش پۆلیسەکەی بەدیل گرتووە.

بەردەوامبوونی شەڕ
شەڕی چەکداریی لە نێوان هێزەکانی مەلا مستەفا و حکومەتی عێراق لە ئەیلولی ١٩٤٣وە تا ئایاری ١٩٤٤ بەردەوام بووە. مەلا مستەفا لە ماوەیەکی کەمدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە و سوپای عێراق توانای بەرگری کەم بووە.

نورەدین مەحمود کە ئەفسەر بووە لەناوچەی بارزان، راپۆرتێکی بەرزکردووەتەوە بۆ حکومەت و نووسیویەتی: "ئێمە ناتوانین بەسەر بارزانییەکاندا سەرکەوین، چونکە زابتە کوردەکان لەگەڵ بارزانییەکاندا شەڕ ناکەن و ناهێڵن سوپا سەرکەوێ. لەوکاتەدا لەسەدا نەوەدی زابتە کوردەکان ئەندامی حزبی هیوا بوون. نوری سەعید لە کەرکوک، لە فیرقەی دوو، زابتە کوردەکانی کۆکردەوە، نەختێ تەهدیدیانی کردو وتی مەسەلەی کورد و عەرەب نییە و عەرەب لە کوردستان بێ کوردە و کورد لە عەرەبستان بێ عەرەبە. ئەمین رەواندزی هەستا، وتی: پاشا، ئێمە مەتالیبمان هەیە، ئەو مەتالیبانەتان تەقدیم دەکەین، بۆمانی جێبەجێ بکەن، ئێمە موخلیسەکەی جارانین، لە قەفقاسیش بووە، شەڕتان بۆ ئەکەین. ئەگەر نایکەن چی لە حەقمان ئەکەن بیکەن. نوری سەعید کە گەڕایەوە، یەکسەر ئەمین رەواندزیی تەقاعید کرد. ئەمین رەواندزیی کاتی خۆی لە حەرەکاتەکانی رەشید عالی گەیلانیدا لە هەولێر داڵدەی مەلیکە عالییەی داوە، خەبەریدا بە مەلیکە عالیە، ئەویش ئەمری کرد بیگەڕێنەوە بۆ جەیش".
وەفدێك سەردانی مەلا مستەفا دەكات
عەزیز شەمزینی، لە بیرەوەرییەکانیدا باسی لەوە کردووە کە نوری سەعید بەوەشەوە نەوەستاوە و لەڕێی ماجید مستەفاوە، ئەفسەرە کوردەکانی کۆ کردووەتەوە و خوتبەیەکی بۆ داون. پوختەی قسەکانی نوری سەعیدی بەمشێوە خستووەتەڕوو
"مومکینە روسەکان بە ئاسانی بتوانن ئیتیصاڵ  لەگەڵ مەلا مستەفادا بکەن و تەحریکی بکەن لە دژی عێراق. ئێمە دەمانەوێ ئێوە مەلا مستەفا رازی بکەن هەرچی مەلا مستەفا دەیەوێ بۆی جێبەجێ بکەین. ئێمە لە ئێوە کە زابتی ئیرتباتن و لەژێر فەرمانی ماجید مستەفادا دەعوەتمان کردوون، حەول بدەن بە هەرچی جۆرێکبێ، تفەنگ و چەکەکانی کە لای ئەوانە، لێی وەرگرن، هەرچی مەلا مستەفا دەیەوێ بۆی دەکەین، چونکە رووسەکان ئیستیفادە لە شۆڕشی مەلا مستەفا دەکەن، دژی عێراق یارمەتیی دەدەن. ئێوە هەرچی هەبێ، تەقریرەکان دەدەنە ماجید مستەفا، ئەویش بە مەجلیسی وزەرای دەدا و جێبەجێ دەکرێ".

دوای ئەو کۆبوونەوەیە، بڕیار دراوە ئەفسەرە کوردەکان کە بەشی زۆریان پەیوەندییان بە حزبی هیواوە هەبوو، وەک ئەفسەری پەیوەندی لەگەڵ ماجید مستەفادا بۆ ئەنجامدانی ئەو کارەیان بەرەولای مەلا مستەفا بەڕێ بکەون. بەڵام لەبەر ئەوەی شەمزینی ئەندامی چالاکی حزبی هیوا بووە، ناوەڕۆکی ئەم کۆبوونەوەیەی گەیاندووەتە سەرۆکەکەی رەفیق حیلمی. ئەویش کە بەمەی زانیووە، هەستی بە پلانێک کردووە، بۆیە عەزیز شەمزینی لە ئەفسەرەکاندا هەڵبژاردووە و بێجگە لە ناردنی مەبلەغێک پارە بۆ مەلا مستەفا، راسپاردەیەکی نهێنیشی پێ وتووە، پێی بیگەیەنێت.

شەمزینی ئەو کۆبوونەوەیەی خۆی و رەفیق حیلمی وا باس کردووە:"رەفیق حیلمی کە سەرۆکی حزبی هیوا بوو، ئێمەش بێجگە لە فوئاد عارف هەموو زابتەکانی دیکەی ئیرتیبات، ئەندامی حزبی هیوا بووین، لەناو ئەو زابتانەدا منی بانگ کرد و وتی ئیعتماد لەسەر تۆ دەکەم و سەد دیناری دا بە من و گوتی ئەو سەد دینارە بە مەلا مستەفا بدە و پێی بڵێ ئەوە لە حزبی هیواوە نێردراوە، و پێی بڵێ، بڕوا بە ماجید مستەفا نەکات، ئەوە لە تەرەف نوری سەعیدەوە نێردراوە بۆ هەڵخەڵەتاندنی."
دوای ئەوەی ئەفسەرە کوردەکان کە پێکهاتبوون لە لیوا بەهائەدین شێخ نوری، عەقید ئەمین رەواندزیی، نەقیب سەید عەزیز سەید عەبدوڵڵا ، عەزیز شەمزینی، نەقیب میرحاج ئەحمەد، نەقیب مستەفا خۆشناو، رائید عیزەت عەبدولعەزیز، نەقیب مەجید عەلی و نەقیب فوئاد عارف لە ٧ی کانوونی دوەمی ١٩٤٤ گەیشتونەتە ناوچەی مێرگەسوور و لەگەڵ مەلا مستەفا دانیشتوون.

ماجید مستەفا بە مەلا مستەفای وتووە: "ئێمە واجبمان ئەوەیە، هەرچی مەلا مستەفا بە باشی دەزانێ بۆ کورد، ئەوەمان پێ بڵێ".

ئەو شەوە ئەفسەرەکان لەلای مەلا مستەفا ماونەتەوە و دوای ئەوەی ماجید مستەفا چووە بۆ نووستن، شەمزینی بە هەلی زانیووە پارەکە و راسپاردەکەی رەفیق حیلمی داوە بە مەلا مستەفا: "من ئەو سەد دینارەی رەفیق حیلمی پێی دابووم، تەسلیم بە مەلا مستەفام کرد و ئەو قسانەی رەفیق حیلمی پێی گوتبوم، ئەو قسانەم پێگوت"

دوایی کە هاتوونەتە سەر نووسینی داخوازییەکانی کورد، داواکانی مەلا مستەفا هەندێکی بریتی بوون لە داوای ناوچەیی و خێڵەکیی.

نووسینی داواكاری بەناوی مەلا مستەفاوە
عەزیز شەمزینی و ئەفسەرەکانی دیکەی هیوا، بەمە زۆر نیگەران بوون و پێیان سەیر بووە پیاوێکی وا کە ترسی لە دڵی حکومەتی بریتانیا و ئینگلیزدا دروستکردووە، کەچی ئێستا داخوازییەکانی هێندە ساکار و کەم بن. شەمزینی، یەکسەر بە مەلا مستەفای  وتووە "ئەو مەطالیبانە زۆر گچکەن و بێ ئەهەمیەتن. دەبێ داوای مەلا مستەفا لە حکومەت شتی سیاسی و بە کەڵکبێ بۆ کوردستان.

پاش موناقەشەیەکی زۆر مەلا مستەفا گوتی: کەواتە شتێ کە ئێوە بە پێویستی دەزانن، بۆ من بنووسن و دەیدەم بە ماجید مستەفا، ئێمە ئەو شەوە تا بەرەبەیان دانیشتین و ئەو شتانەی کە پێویست بوون، بە ناوی مەلا مستەفاوە تەسلیمی ماجید مستەفا بکرێ، بۆمان نووسی. مولەخەس ئەوە بوو کە عیبارەت بوو لە داوای حوکمی زاتی کە بە ئینتیخابی تر لە کوردستان بکرێ، داوای ئەرزاق و جل و شتێ کە پێویست بوو بۆ بارزانییەکان کە زۆر فەقیر و هیچیان نەبوو. ئەو مەتالیبانەمان دا بە مەلا مستەفا، کە بە خەتی خۆی بینووسێتەوە و بیدا بە ماجید مستەفا"

ئەو شەوە ئەفسەرەکانی حزبی هیوا پرۆژەیەکیان بۆ مەلا مستەفا نووسیوەتەوە کە زۆربەی داواکارییەکانی کورد و ئامانجەکانی حزبی هیوای لە خۆ گرتبوو:

١. راگواستن و دەرکردنی ئەو کارمەندانەی کە تۆمەتبارن بە بەرتیلخۆری و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتیان.
٢. پێکهێنانی ویلایەتی کوردستان لە لیواکانی کەرکوک، سلێمانی، هەولێر و قەزاکانی لیوای موسڵ کە بریتین لە زاخۆ و ئامێدی و دهۆک، شێخان، شنگال، لەگەڵ هەردوو قەزای خانەقین و مەندەلی لە لیوای دیالە.
٣. لەم لیوایەدا زمانی کوردی دەبێتە زمانی رەسمی.
٤. مەعاون وەزیرێکی کورد بۆ هەموو وەزارەتەکان دابنرێ.
٥. پێکهێنانی وەزارەتێک کە وەزیرەکەی کوردبێ و کاروباری ئەم ویلایەتەی کوردستانی پێ بسپێردرێ.
٦. ئەوانەی زیانیان پێ گەیشتووە، قەرەبوو بکرێنەوە.
٧. کردنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانە و چاکردنەوەی رێگاوبان و ئاوەدانکاری ناوچەکە.
٨. لە ویلایەتی کوردستاندا، کاروباری سەربازیی و دارایی و دەرەوە تایبەت دەبێ بە حکومەتی ناوەندی.
٩. گێڕانەوەی دوور خراوەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان و بەردانی زیندانییەکان"

ماجید مستەفا بەرهەڵستكارە
 بۆ بەیانی کە مەلا مستەفا داواکارییەکانی داوە بە ماجید مستەفا، روویکردووەتە ئەفسەرەکان و پێیوتوون: "من باش دەزانم کە فیکری مەلا مستەفا ئەوە نەبووە، ئەوە تەفکیری ئەو نییە، فیکری ئێوەیە کە ئەندامی حزبی هیوان. بەڵام منیش کوردم تەئیدی ئەو قسانەی ئێوە دەکەم و ئەو تەقریرە بە نوری سەعید دەدەم".

جەمال نەبەز ئەم هاوکارییەی نێوان حزبی هیوا و بارزانی بە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشێکی چەکداریی ناسیۆنالیستی کوردستانی لەقەڵەمداوە: "بارزانی وەک شۆڕشگێڕێکی ناسیۆنالیست ناوی دەرکردبوو، هەرچەندە لە شۆڕشی یەکەم و دووەمیدا خواستەکانی تەنیا هی کوردەکانی ناوچەی بارزان بوو، بەڵام شۆرشی ١٩٤٥ بەهۆی چاودێری و بەشداری ئەفسەرە ناسیۆنالیستەکانی ئەندامی حزبی هیواوە، ببوو بە شۆڕشێکی ناسیۆنالیستی".

دوای ئەو سەردانە، شەڕی نێوان بارزانییەکان و حکومەتی عێراق راگیراوە."ماجید مستەفا کە بە سەرزارەکی کوردپەروەر و لە ژێرەوە پیاوی ئینگلیز بوو، بۆ سووتی ئینگلیزەکان، شۆڕشگێڕەکانی هێور کردەوە، بە نێوی وتوویژەوە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا و چاوەڕوانکردنی لوتفی بریتانیای گەورە بەرامبەر بە کورد شەڕی لە خوارووی کوردستانی راگرت، بە هێندێک بەڵێن کە هەمووی دەستی دەستی وکات بردنەوە بوو بۆ سووتی عێراق و بریتانیا، بێ ئەوەی کورد هیچی دەست کەوی لێی"

سەركەوتنێكی گەورە بۆ كورد
دوای راگرتنی شەڕ، "ڕۆژی ٢٢ی شوباتی ٤٤ مەلا مستەفا گەیشتە بەغداد. لەم سەفەرەدا وەصی، نوری سەعید، سەفیری بەریتانی، وەزیری پەیوەندیدار، سەرانی حزبی هیوا و، گەلێ کەسایەتی کورد و عەرەبی.. بینی. سەردانەکەی حەفتەیەکی خایاند و گەڕایەوە بارزان.

بێگومان ئەمە سەرکەوتنێکی سیاسی گەورە بوو لە ژیانی مەلا مستەفادا، گۆڕینێکی گەورەی بەدیهێنا. لە کابرایەکی خێڵەکیی ئاوارە و دەس بەسەری موحتاجی مووچەی حکومەت، بو بە پێشەوایەکی نەتەوەیی، جێگەی ئومێدی کورد و، جێگەی بایەخ پێدانی حکومەتی عێراق و بەریتانیا."

١٢/٢/١٩٤٤ حکومەتی عێراق رێگەی بە شێخ ئەحمەد بارزانی داوە بگەڕێتەوە بۆ بارزان و لە ٢٢ی هەمان مانگدا بارزانی بە هاوەڵیی ماجید مستەفا سەری لە بەغدا داوە، "ئەو سەردانە هەلێکی باشی بۆ بارزانی رەخساند لەگەڵ حزبی هیوا و کەسایەتییە کوردە نیشتمانپەروەرەکاندا کۆ بێتەوە و بیروباوەڕ بگۆڕنەوە. لەسەردانەکەیدا مستەفا بارزانی عەبدولئیلای وەسی و نوری سەعیدی بینی، پابەندبوونی خۆیان بۆ رێککەوتنەکە دووپات کردەوەو هەفتەیەک لە بەغدا مایەوە."

كۆبوونەوەی نوری سەعید لە كەركوك
نوری سەعید دوای گەشتێک بۆ کوردستان، لە کەرکوک لەگەڵ سەرۆک خێڵە کوردەکاندا کۆ بوویەوەو بەڵێنی سەلماندنی مافە نەتەوایەتییەکانی کوردی پێدان. دوایی داواکانی کردوە بە پرۆژەیاسایەک و بەناوی حکومەتەوە خستیە بەردەستی کابینەکەی.

شەمزینی لەو بارەیەوە نووسیویەتی: "حکومەتی عێراق بۆ یەکپارچەکردنی هەموو ناوچە کوردنشینەکان لە چوارچێوەی یەک ناوچەی ئۆتۆنۆمدا، پرۆژە یاسایەکی ئامادەکرد. دوای مۆرکردنی رێککەوتننامەی ناوبراو لەلایەن نوری سەعیدی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە، شەڕ و پێکدان لەناوچەکانی شۆڕشدا نەماوە، ئاسایش و ئارامی ناوچەکەی گرتوەتەوە، بەڵام وەصی عەبدولئیلا دژی دەرکردنی ئەم یاسایە و سەلماندنی مافی ئۆتۆنۆمی بوو. لەسەرێکی تریشەوە پەرلەمان رێککەوتنامەکەی بەدڵ نەبوو. بۆیە وادەردەکەوێ کە مۆرکردنی رێککەوتننامەکە لەلایەن حکومەتی نوری سەعیدەوە، لە فێڵێکی سیاسی بەولاوە، هیچ شتێکی تر نەبووە."

نەتەوە پەرستەکانی ناو حکومەتی عێراق بەم رێککەوتن رازی نەبوون و نوری سەعیدیان بە خیانەتکار لە قەڵەمداوە و ناچاریان کردووە لە حوزەیرانی ١٩٤٤ دەست لە کار بکێشێتەوە. لە جێگەی ئەو حەمدی پاچەچی لە ٣/٦/١٩٤٤دا کابینەی نوێی پێکهێناوە و ماجید مستەفا کە وزیر بووە لە کابینەکەی نوری سەعید لە کار دوورخراوەتەوە.

پاچەچی، سیاسەتێکی توندی بەرامبەر بە کورد گرتووەتەبەر و هەموو ئەو چارەسەرانەی کە کورد و نوری سەعید لەسەری رێککەوتوون، وەلا ناوە و ئەفسەرە کوردەکانی لە کوردستان دوور خستووەتەوە. مەسعود بارزانی پێیوایە "بەریتانییەکان لە پشتی ئەو شانۆگەرییەوە بوون".

نەوشیروان مستەفا چی دەڵێ؟
نەوشیروان مستەفا لە کتێبی 'پەنجەکان یەکتری دەشکێنن'دا نووسیویەتی: "لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٤دا مەلا مستەفا یادداشتێکی دا بە وەزیری کاروباری ناوخۆ. کورتەکەی ئەمە بوو:
١. یەکخستنی ناوچە کوردنشینەکانی کەرکوک، سلێمانی، هەولێر، دهۆک، خانەقین.
٢. دانانی وەزیرێکی کورد لە وەزارەتدا کە بەرپرسی کوردستانبێ.
٣. لە هەر وەزارەتێکدا جێگرێکی وەزیر لە کورد دابنرێ.
٤. کاروباری ڕۆشنبیری، ئابووری، کشتوکاڵی، جگە لە کاروباری جەیش و شورطە، لە دەسەڵاتی ئەم وەحدە ئیدارییەدابێ.
بۆ یەکەمجار خواستەکانی مەلا مستەفا، لە داوای تایبەتی و خێڵەکییەوە گۆڕا بۆ خواستی سیاسی و، لە باتی کورد ئەدوا. کاربەدەستانی حکومەت ئەم گۆڕینەیان بە فیتی ئەفسەرە کوردەکان دائەنا.
عێراق کەوتە ڕاونان و گرتن و دوورخستنەوەی ئەفسەرەکانی کە گومانی لێ ئەکردن. بەڵام ئەوان لە چالاکی نەکەوتن و، عیزەت عەزیز، مستەفا خۆشناو، میرحاج ئەحمەد، محەمەد مەحمود، جەلال ئەمین بەگ.. دایانە پاڵ مەلا مستەفا."
پاشان بۆ هاوکاری زیاتری خەباتی نەتەوەیی، سەرۆکایەتی حزبی هیوا بڕیاریداوە عیزەت عبدولعەزیز بە نوێنەرایەتی هیوا بچێتە سەردانی کۆمەڵەی خۆیبوون لە سوریا و مستەفا خۆشناو و میرحاجیش سەر لە کۆمەڵەی (ژ.ک) بدەن لە مهاباد. ئامانجی ئەو سەردانانە، یەکخستنی هەڵوێست و سیاسەت و بەرنامەی رێکخراوەکانی کوردستان بووە لە هەموو پارچەکانی کوردستان.


سەرچاوەكان
بۆ ئەم راپۆرتە سوود لە كتێبی ڕەفیق حیلمی پۆرترێتی مونەوەرێكی كورد/ مەجید ساڵح وەرگیراوە.
-چاوپێکەوتن لە گەڵ موکەڕەم تاڵەبانی.
-نەجاتی عەبدوڵڵا، راپەڕینەکانی بارزان لە بەڵگەنامە نهینییەکانی هەردوو حکومەتی فەرەنسا و بەریتانیادا، دەزگای ئاراس هەولێر
-عزیزی شەمزینی، زیندەگی من، ئامادەکردنی محەمەدی حەمەباقی، بنکەی ژین
-مسعود البارزاني، البارزانى و الحركة التحررية الكردية ، کاوە للثقافة الکردیة، بیروت، لبنان، ١٩٩٧
-جمال نەبەز، حول المشکلة الکردیة، مصدر السابق
-جەمال نەبەز، گۆڤاری نیشتمان، کۆبەرهەم ژمارە (١١) هەولێر، ٢٠١٠،.
 - نەوشیروان مستەفا ئەمین، پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن دیوی ناوەوەی روداوەکانی کوردستانی عێراق، ئەڵمانیا، ١٩٩٧،.

-عەزیز شەمزینی، جوڵانەوەی رزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستان، وەرگێڕانی فەرید ئەسەسەرد، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی کوردستان، چاپی چوارەم