ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:37 - 03/01/2020

سولەیمانى لە بەیروتى پایتەختى لوبنانەوە گەیشتبووە بەغدا‌

پەیسەر

ڕەنگە ئەمە کۆتا جاربێت باسکردنى قاسم سولەیمانى فەرماندەى فەیلەقى قودسى ئێران باڵ بەسەر کایەى سیاسی عێراق و ئێران و ناوچەکە و جیهاندا بکێشێت، ئەویش باسکردنى چۆنیەتى کوشتنەکەیەتى.

نزیکەى کاتژمێر ٢ى بەرەبەیان بە کاتى بەغدا چیرۆکى کوشتنى قاسم سولەیمانى فەرماندەى فەیلەقى قودسى ئێران و گرنگترین کەسایەتى لە سیاسەتەکانى دەرەوەى ئێران دەستیپێکرد.

 

بارودۆخەکە ئاسایى بوو تا ئەو کاتەى خانەى ڕاگەیاندنى ئەمنى بەغدا لە لاپەڕەى تایبەتى خۆى لە فەیسبوک هەواڵێکى بەپەلەى دانا و تیایدا نووسرابوو، سێ مووشەکى کاتیۆشا لە نزیک فڕۆکەخانەى بەغدا کەوتنەوە.

پێش ئەمەش چەندین کورتیلە هەواڵ باسیان لەوە دەکرد کە چەند کاتیۆشایەک بەسەر دامەزراوەکانى نزیک فڕۆکەخانەدا کەوتوونەتەوە، ئەمە دەسەڵاتدارانى عێراقى بەرەو ئەوە ڕاکێشا تا بڵێن پێدەچێت چەکدارانى داعش ئەو مووشەکانەیان ئاراستەکردبێت.

دواتر خانەى ڕاگەیاندنى ئەمنى بەغدا هەواڵێکى دیکەى لە فەیسبوک دانا "سێ مووشەکى کاتیۆشا لەنزیک فڕۆکەخانەى بەغدا کەوتوونەتەوە و بەهۆیانەوە دوو ئۆتۆمبێل سووتاون و چەند هاوڵاتیەکیش بەرکەوتوون، دواتر وردەکارى زیاترتان دەدەینێ".

بەڵام ڕووداوەکە زۆر لەوە گەورەتر بوو، فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى ئەمەریکى چەند مووشەکێکى ئاراستەکردووە، ئامانجەکە قاسم سولەیمانییە، ئەندازیارى جەنگەکانى ئێران لە ناوچەکە و فەرماندەى سەرجەم میلیشیاکانى ئێرانە لە سەرتاسەرى جیهان، سولەیمانى ئەبو مەهدى موهەندیس جێگرى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى عێراقیشى لەگەڵدا بوو.

دوابەدواى تەقینەوەى مووشەکەکان دەرگاکانى فڕۆکەخانەکە داخران، ئاسمانى فڕۆکەخانەکەش بە هێلیکۆپتەر تەنرا، هیچ سەرچاوەیەک باسى نەکردووە هێلیکۆپتەرەکان عێراقى بوون یان ئەمەریکى.

 

لەو بۆردومانەدا جگە لە قاسم سولەیمانى و ئەبو مەهدى موهەندیس ١٠ کەسى دیکەش کوژران، محەمەد ڕەزا جابرى بەرپرسى پەیوەندییەکانى حەشدى شەعبى یەکێکە لە کوژراوەکان.

دوواى ئەوەى ڕاگەیاندنەکانى عێراق بە هەواڵى بۆردومانەکەیان زانى وایان بڵاوکردەوە کە چەند سەرکردەیەکى حزبوڵاى عێراقى و سوپاى پاسداران ئامانجى بۆردومانەکە بوون، بەبێ ئەوەى ناسنامەکانیان ئاشکرابکرێت، دواتر زانرا کە قاسم سولەیمانى لەناو کوژراوەکاندایە.

دواتر ئاژانسى ئەسۆشیەیتد پرێس لەزارى بەرپرسێکى ئەمەریکییەوە بڵاویکردەوە، قاسم سولەیمانى لە ڕێى مووشەکێکەوە کەلە فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانەوە ئاراستەکراوە لە فڕۆکەخانەى بەغدا کوژراوە.

 

دواتر بەرپرسێکى باڵاى ئەمنى عێراق ڕایگەیاند، دواى ئەوەى سولەیمانى لە فڕۆکەکەى دابەزیوە  لە ڕاڕەوى ترانزێتى فڕۆکەخانەى بەغدا بۆردومانکراوە.

مستیلەکەى و دوایین گەشتى سولەیمانى
بەوتەى هێزە ئەمنیەکانى دەوروبەرى فڕۆکەخانەى بەغدا، دوو ئۆتۆمبێل لەگەڵ هاتنەدەرەوەیان لە فڕۆکەخانەى بەغدا دەستبەجێ بۆردومانکراون.

قاسم سولەیمانى دواى ئەوەى لە فڕۆکەکەى دابەزیوە چووەتە ئەو ئۆتۆمبێلەوە کە ئەبو مەهدى موهەندیس و جەماعەتى تێدابووە.

 

ئاژانسى ئێرانى ئێران بڵاویکردەوە، سولەیمانى بەو شەوە لە بەیروتى پایتەختى لوبنانەوە گەیشتووەتە بەغدا، بەڵام بەرپرسێکى ئەمنى عێراق ڕایگەیاند کە پێدەچێت سولەیمانى لە سوریا یان لوبنانەوە بەڕێکەوتبێت.

دواتر لاشەى قاسم سولەیمانى دۆزرایەوە کە بە تەقینەوەى مووشەکەکە و گڕگرتنى ئۆتۆمبێلەکە پارچەپارچە بووە، بەڵام تەرمى ئەبو مەهدى موهەندیس نەدۆزراوەتەوە. لاشەى سولەیمانیش هێندە شێواوبووە بەو مستیلەیەدا ناسراوەتەوە کە بەردەوام لە پەنجەیدابوو.

قاسم سلێمانی کێیە؟
سلێمانی ساڵی ١٩٥٥ لە شاری قوم باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە خانەوادەیەکی هەژار لەدایک بووە، تەنها خوێندنی ناوەندی تەواوکردووە و کاری کرێکاری کردووە. دواتر لە فەرمانگەی شارەوانی کرمان کاری کردووە، تا شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا.

دوای سەرکەوتنی شۆڕش لە ئێران، سەرەتاکانی ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندی بە فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسدارانەوە دەکات.

 

سلێمانی وەک فەرماندەی سەربازی بەشداریی جەنگی نێوان عێراق ئێران(١٩٨٠-١٩٨٨)ی کردووە.

لە سەرەتای جەنگی نێوان عێراق ئێران فەرماندەیی فەیلەقی ٤١ بووە لە پارێزگای کرمان، دواتر پلەی بەرزکراوەتەوە و وەک یەکێک لە دە فەرماندە سەربازییە پلە باڵاکان لەنێو سوپای وڵاتەکەیدا لە سەر سنوور ئەرکی پێدراوە.

ساڵی ١٩٩٨ لە شوێنی ئەحمەد وەحیدی کراوە بە فەرماندەی فەیلەقی قودس، و لە ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١١دا پلە سەربازییەکەی لە عەقیدەوە بەرزکراوەتەوە بۆ لیوا.

 

سلێمانی چووەتە ریزەکانی سوپای پاسداران کە بۆ بەرگرتنی سوپا لە ئەنجامدانی کودەتا دژ بە خامنەیی پێکهێنرا و تا لە ساڵی ١٩٩٨دا بووە فەرماندەی فەیلەقی قودس.

 

قاسم سلێمانی و تیرۆر
ئەمریکا ناوی قاسم سلێمانی خستبووە لیستی تیرۆری وڵاتەکەی و وەک تیرۆریست و پاڵپشتیکار لە تیرۆر لەقەڵەمی دابوو، بەپێێ بڕیارەکەی ئەمریکا هیچ هاووڵاتییەکی ئەمریکی مافی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ سلێمانیدا نەبووە.

هاوکات بەپێی بڕیاری ژمارە ١٧٤٧ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، سلێمانی لە لیستی ئەو کەسانەدا بووە کە سزای بەسەردا سەپێنرابوو.

 

لە ١٨ی ئایاری ٢٠١١دا، ئەمریکا جارێکی دیکە لەگەڵ سەرۆکی رژێمی سووریا، بەشار ئەسەد و چەند بەرپرسێکی دیکەی رژێمی سووریا سزای بەسەر سلێمانییدا سەپاند بەهۆی تێوەگلانی بە پاڵپشتی دارایی بۆ رژێمی ئەسەد.

لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١١دا، گۆڤاری فەرمی یەکێتی ئەورووپا ناوی سێ فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی سزاکانییەوە کە سلێمانی یەکێک بووە لەو سێ فەرماندەیە، بەهۆی پاڵپشتیی بۆ رژێمی سووریا.