ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:09 - 03/01/2020

واشنتۆن دەیەوێت چى بە تاران بڵێت؟‌

پەیسەر

هەڵبژاردنى کات و شوێنى کوشتنى قاسم سولەیمانى لەلایەن ئەمەریکاوە چەندین پەیامى واشنتۆنى  لەهەناویدا هەڵگرتووە.

سولەیمانى تەمەن ٦٣ ساڵ لە بەرەبەیانى ڕۆژى هەینى و لە هێرشێکى فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانى ئەمەریکادا لەنزیک فڕۆکەخانەى بەغدا کوژرا، سوپاى پاسداران کوژرانەکەى پشتڕاستکردەوە.

سولەیمانى ناوێکى دیارى گۆڕەپانى هەرێمى و نێودەوڵەتى بوو، یەکێک بوو لە دیارترین و گرنگترین فەرماندە سەربازییەکانى ئێران تەنانەت هەندێکیش بە (سەرى ڕمى ئێران) ناوى دەبەن.

 

کوژرانى قاسم سولەیمانى و ئەبومەهدى موهەندیس دواى سێ ڕۆژ دێت لە هێرشى لایەنگران و سەرکردەکانى حەشدى شەعبى نزیک لە ئێران بۆ سەر باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لە بەغدا.

لەم ڕوانگەیەوە چاودێران دەڵێن، ئەمەریکا زۆر بە وردى شوێن و کاتى تۆڵەکردنەوەى ئەو هێرشەى هەڵبژاردووە، بەر لەوەى بیەوێت قاسم سولەیمانى بکوژێت.

ئەمەریکا زۆر دەمێک بوو بەدەست قاسم سولەیمانییەوە دەیناڵاند، سولەیمانى هەموو ڕیسەکەى ئەمەریکاى لە عێراق کردەوە بەخورى. ئەوەى ئەمەریکا لە جەنگى دووەمى کەنداوەوە لە عێراق نابوو، سولەیمانى بە یەک سەردانى بۆ بەغدا و شارەکانى دیکە دەیدایەوە بەدیواردا.

محەمەد عەباس ناجى سەرنووسەرى گۆڤارى (بژاردە ئێرانییەکان) دەڵێت، دیارە واشنتۆن زانیارى هەواڵگرى هەبووە کە ئێران دەیەوێت لە عێراقەوە گورزى دیکە لە ئەمەریکا بوەشێنێت، ئەمەش زۆر بە ئاشکرا لەو کەسایەتیانەدا دەردەکەوێت کە لە بۆردومانەکەدا پێکراون. (یەکتربینینى سولەیمانى و موهەندیس لە نیوەى شەودا و لە فڕۆکەخانەى بەغدا)

 

دەشڵێت، بێگومان عەقڵى مودەبیرى هەموو ئەو پلانانانەى دژى ئەمەریکا دادەڕێژران قاسم سولەیمانى بوو. لەبەرئەوە کوشتنى لەم کاتەدا بۆ لێدانە لە ئێران و ئەو پرۆژە نوێیانەى دژى ئەمەریکا دایڕشتبوون.

محەمەد عەباس باس لە وەدەکات کە ئەمەریکا دەیەوێت بەم هێرشەى پەیامێک بداتە تاران ناوەڕۆکەکەى (ناکۆکیەکان تەنها خۆیان لە بوارى ئەتۆمیدا نابیننەوە، بەڵکو لەسەر ئەو ڕۆڵە خراپەش ناکۆکین کە ئێران لەناوچەکەدا دەیگێڕێت).

"هەرگیز ئەمەریکا ڕێگەنادات چیتر ئێران بەرژەوەندیەکانى لە ناوچەکەدا بخاتە مەترسیەوە، لە وەشاندنى گورزى دیکەش سڵناکاتەوە، ئەگەر ئێران لەسەر هەمان ڕێچکە بەردەوام بێت".

ئەم هێرشەى ئەمڕۆ هەینى ئەنجامدرا ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارى گەورە لە سیاسەت و ستراتیژى ئەمەریکا بەرامبەر ئێران، وەک ئەوەى ئەمەریکا بڵێت (ناچاربووم ئەو کارە بکەم چونکە تۆ (ئێران) دەستبەردارى ڕۆڵى خراپى خۆت و پلانەکانت نەبوویت لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست).

 

لەکاتى بەردەوامبوونى ئێران لەسەر ئەو ڕۆڵەى لە عێراقدا دەیگێڕێت، دوور نییە ئەمەریکا چەندین هێرشى هاوشێوەى دیکە نەکاتە سەر کەسایەتیەکانى ئێران حەشدى شەعبى.

کاردانەوەکانى ئەمەریکا بەرامبەر کوشتنى قاسم سولەیمانى هەموو دەستخۆشی بوون، لە ترەمپەوە تا دەگاتە هەردوو وەزارەتى بەرگریى و دەرەوە، ئەو بەرپرسانەى دیکەش (سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران) کە مەترسى خۆیان لە هیرشەکە نیشانداوە و بە مەترسى بۆ سەربازەانیان لە یهاندا ناوى دەبەن، بەو هەنگاوەى ترەمپ سەرسام بوون.

پنتاگۆن دەڵێت، سولەیمانى سەرقاڵى دانانى پلان بووە بۆ هێرشکردنە سەر ئەمەریکیەکان لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست، سوپاى ئەمەریکاش لەسەر فەرمانى دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا بە کوشتنى سولەیمانى بەرگریى لەخۆى بکات.

 

دەشڵێ، ئەم هێرشە بۆ بەرگریتن بوو لە هەر هێرشێک کە ئێران بیەوێت لە داهاتوودا بیکاتە سەر ئەمەریکا. واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەرى ڕێوشوێنى پێویست بۆ پاراستنى هاوڵاتیەکانى و بەرژەوەندیەکانى لە سەرتاسەرى جیهان.

لاى خۆشیەوە مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا لە تویتێکدا گرتەیەکى ڤیدیۆیى ژمارەیەکى زۆر هاوڵاتى عێراقى بڵاوکردەوە کە بەو بەرەبەیانە بە ئاهەنگگێڕان پێشوازیان لە هەواڵى کوژرانى قاسم سولەیمانى کرد.

پۆمپیۆ نووسیویەتى، ئەم عێراقیانە لەثیناو ئازادیدا لەسەر شەقامەکان سەما دەکەن و خۆشحاڵن ب نەمانى سولەیمانى.