ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:14 - 03/01/2020

ئیسرائیل، یونان، قوبڕس و ئیتاڵیا لە دەریای ناوەڕاست دژی تورکیا یەکیان گرت‌

پەیسەر

هێڵی غازی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کە پڕۆژەکەی لە لایەن ئیسرائیل، یونان، قوبڕس و ئیتاڵیا بە هاوبەشی جێبەجێ دەکرێت، حکومەتی ئەنقەڕەی تەنگەتاو کردووە.

ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل، یونان، قوبڕس و ئیتاڵیا دوێنێ لە یونان ئیمزاکرا. بە پێی رێککەوتنەکە ئەو غازەی لە دەریای ناوەڕاست دەردەهنرێت لە قوبڕسی یونانیەوە بۆ ئیسرائیل و یونان و ئیتاڵیا دەنێردرێت.

 

لەگەڵ ئەوەی حکومەتی تورکیا چەندین جار داوای کە قوبڕسی یونانی کرد، پڕۆژەیەکی هابەش بۆ دەرهێنانی غازی سروشتی ئامادەبکەن، بەڵام بێ گەڕانەوە بۆ ئەنقەرە قوبڕس بە هاوکاری یونان و ئیسرائیل و ئیتاڵیا دەستی بە پڕۆژەکە کرد.

لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ەوە و تا ئێستا قوبڕس لە سێ خاڵی ناو دەریای ناوەڕاستدا غاازی دەرهێناوە. لە دوو خاڵی تریش کارکردن بۆ دەرهێنانی غازی سروشتی بەردەوامە. لە ساڵی ٢٠٢٠ دا لە ٥٠ خاڵی تری دەریای ناوەڕاست دەست بە کار دەکرێت. ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٢٣ لە ٢٦ خاڵی ناو دەریای ناوەڕاست غازی سروشتی دەربهێنرێت و هەمووشی بە بۆریەکی سەرەکیەوە دەبەسترێت و لەنێوان یونان، قوبڕس و ئیتاڵیا و ئیسرائیل دابەش دەکرێت.

هەرچەندە قوبڕسی یونانی وەک خاوەنی سەرەکی پڕۆژەکە لەقەڵەمدەدرێت، بەڵام بە هۆی ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپا و بێدەنگی گشتی لە ئەوروپا، بە ئاشکرا دەبینرێت یەکێتی ئەوروپا پشتگیری لەو پڕۆژەیە دەکەن و گوێ لە داواکاریەکانی تورکیا نادەن.

هەرچەندە بە پێی یاسا نێودەوڵەتیەکان پێویستە ڕای تورکیاش لە دروستکردنی پڕۆژەکەدا وەربگیرێت و پێویستە تورکیاش ڕازی بێت، بەڵام پێدەچێت بە هۆی پشتگیریەکانی ناڕاستەوخۆی تورکیا لە ڕووسیا و دروستکردنی قەیڕانەکانی ناوچەکە و دەستوەردانەکانی لە وڵاتە عەرەبیەکان بە تایبەتی لیبیا و تونس، وڵاتی ناوچەکە و ئەوروپا بە جۆرێک پشتیان لە تورکیا کردبێت.

 

هەروەها هۆکارێکی تری دەستپێکردنی ئەم پڕۆژەیەش بە بێ بەشداریپێکردنی تورکیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کاریگەری ئەنقەرە لەسەر وزەی غازی ئەوروپا کەمبکەنەوە، لەبەرئەوەی زۆربەی غازی ئەوروپا کە لە ئازربایجان، ئێران و ڕووسیاوە دێت، بە تورکیادا تێپەڕ دەبێت و دەچێتە ئەوروپا  ئەم پڕۆژەیەش دەتوانێرێت وەک جێگرەوەیەک بۆ غازی ڕووسیا و ئێران لەقەلەمبدرێت.


حەسەن تاچۆی وەزیری سەرچاوە سروشتیەکانی قوبڕسی تورکی لەبارەی پڕۆژەکەوە ڕایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە داگیرکردنی سەرچاوەکانی قوبڕسە و پێویستە بە زودترین کات پڕۆژەکە هەڵبوەشێنرێتەوە، یان تورکیا و قوبرسی تورکیش بەشداریان پێبکرێت

تاچۆی دەڵێت، ئەم ڕێکەوتنە کاردانەوەیەکە لەبەرامبەر پەیوەندیەکانی تورکیا و ناوچەکە و بە تایبەتی کاردانەوەیە بەرامبەر ناردنی هێزی سەربازی تورکیا بۆ لیبیا.

حامی ئاکسۆی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش ناڕەزایی بەرامبەر ڕێککەوتنی ئێستمید دەربڕی و ڕایگەیاند، تورکیا خاوەنی درێژترین سنوری ئاوی دەریای ناوەڕاستە و هەرجۆڕە پڕۆژە و هەوڵێکی بەو شێوەیە بێ تورکیا سەرناکەوێت. تورکیا پردێکی گەورە و سەرەکیە بۆ ئەوروپا و پێویستی هەموو لایەک بە پڕۆژەی هاوبەش هەیە، بەڵام هەندێک وڵات بەم کارەیان فشاری سیاسی لەسەر تورکیا دروست دەکەنە کە مایەی قبوڵکردن نییە.

ئیسرائیل لەدژی تورکیا پشتگیریەکی زۆری پڕۆژەکە دەکات
نزیکەی ١٠ ساڵە پەیوەندیەکانی ئیسرائیل و تورکیا ئاڵۆزی زۆری بە خۆیەوە بینیەوە. هەردوولا بەدوای بیانۆیەک بۆ دژایەتیکردنی یەکتری دەگەڕێن. لەبەرئەوەی بەم پڕۆژەیە گورزێکی گەورە لە ئابۆری تورکیا دەدرێت، حکومەتی ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لێدەکات.

بە هۆی ناکۆکی نێوان میسر و تورکیاش، ئیسرائیل لە هەوڵی ئەوەدایە، قاهیرەش بە جۆرێک بباتە ناو رێککەوتنەکە و ئەمەش ئەنقەڕەی نیگەرانتر کردووە.

 

لە چەند مانگی کۆتایی ٢٠١٩ دا حکومەتی تورکیا لە نزیک سنورە ئاویەکانی یونان دەستی بە گەڕان بەدوای غازی سروشیدا کردبوو. ئەو هەنگاوەی تورکیاش ئاڵۆزی زۆری لێکەوتەوە و بووە هۆی ناڕەزایی وڵاتی ئەوروپا.

نیکۆلاس ئاناستاسیادێس سەرۆکی قوبڕسی یۆنانی بەرامبەر مەترسیەکانی تورکیا لە دەریای ناوەڕاست و رێککەوتنی سەربازی نێوان تورکیا و لیبیا، دەستی بە گەڕێکی دیپلۆماسی فراوان کردبوو.

نیکۆلاس ئاناستاسیادێس ڕایگەیاندبوو، بەرەیەکی هاوبەش لە نێوان میسر، ئیسرائیل، یۆنان و لوبنان لە دژی مەترسیەکانی تورکیا و حکومەتی هاوپەیمانی نەتەوەیی لیبیا پێکهێنراوە و ئامانجیان هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکەی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە کە هەڕەشە لە ئاسایشی دەریای ناوەڕاست دەکات.