ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:42 - 04/01/2020

قائانی... نەناسێک لەسەر ستەیجێکی گەورەدا‌

پەیسەر

لە کەسایەتییەکی تاڕادەیەک گومناوی ناوخۆییەوە، خێرا ناوەکەی لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە دەرکەوت، دوای ئەوەی بە بڕیاری خامنەیی خرایە شوێن کەسایەتییەکی کاریگەری وەک قاسم سولەیمانییەوە... ئەو پیاوە (ئیسماعیل قائانی)ـە.

بەشدارییەکی کارای هەبووە لە شەڕو پەلامارەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر رۆژهەڵاتی کوردستان کە تێیدا چەندین پێشمـەرگە و خەڵکی مەدەنی شەهیدکران

رەنگبێ عێراقییەکان و میدیاکانی جیهان، ماوەیەکی زۆریان بوێ تا گوێچکەیان بەم ناوە رابێ " قائانی" چونکە لەڕووی دەربڕین و گۆکردنەوە بڕێک ئەستەم دێت بەسەر زاردا.

ئەم پیاوە تەنانەت تا ١٠ ساڵ لەمەوبەر، ناوێکی ناسراو نەبووە لەناوخۆی ئێرانیشدا، بەڵام لە رابردوودا رۆڵێکی باڵای هەبووە لەناو سوپای پاسداراندا.

ئیسماعیل ئاقانی، ساڵی ١٩٧٩ لە تەمەنی ٢٢ ساڵاندا پەیوەست بووە بەریزەکانی پاسدارانەوە. هەر لەو ساڵەدا قائانی بەشدارییەکی کارای هەبووە لە شەڕو پەلامارەکانی ئەم سوپایە بۆ سەر رۆژهەڵاتی کوردستان کە تێیدا چەندین پێشمـەرگە و خەڵکی مەدەنی شەهیدکران.

پێش ئەوەی بخرێتە جێگەکەی، ئیسماعیل قائانی یاریدەدەری قاسم سولەیمانی بوو وەکو فەرماندەی گشتیی هێزەكانی فەیلەقی قودس. بۆیە لەلایەن عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێرانەوە، دەستبەجێ دوای کوژرانی سولەیمانی لە بەغدا، کرایە فەرماندەی گشتیی ئەو فەیلەقە.

لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێرانیش، زانیارییەکی ئەوتۆ لەسەر کەسایەتی قائانی لە بەردەستدا نییە. ئەو کەمترین لێدوان و دەرکەوتنی هەبووە لە میدیاکاندا. بەڵام سیڤییەکەی ئەو دەوڵەمەندە بە بەرپرسیارێتی لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق – ئێراندا.

لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێرانیش، زانیارییەکی ئەوتۆ لەسەر کەسایەتی قائانی لە بەردەستدا نییە

لەو بروسكەیەدا کە خامنەیی بەبۆنەی کوژرانی قاسمی سولەیمانی و دانانی قائانی لە شوێنی ئەو دەریکردبوو، ئاماژە بەوە دراوە کە ئیسماعیل قائانی رۆڵی هەبووە لە فراوانكردنی هەژموونی ئێران لەناو وڵاتانی دەوروبەرداو هەمیشە لەپاڵ قاسم سولەیمانیدا بووە .

خامنەیی ئاشکرایکردووە کە پلانەكانی قائانی، هەمان ئەو پلانانەن كە لە سەردەمی قاسم سولەیمانیدا پشتی پێبەستراوەو پێویستە هەموو كادرانی ئەو هێزە هەماهەنگی لەگەڵدا بكەن .

بەڵام پێناچێ بە ئاسانی، قائانی جێی قاسم سولەیمانی پێ پڕ بکرێتەوە. ساڵانێکی زۆرە کە میدیاکان و دەزگا ئسیتخباراتییەکانی ئێران و ئەمریکا، تارمایەکی گەورەیان بۆ کەسایەتی قاسم سولەیمانی دروستکردووە.

هەرچەندە ئارام و پشوودرێژ دەردەکەوت، بەڵام قاسم سولەیمانی لە ئەرکە سەربازیی و ئیستخباراتییەکانیدا، کەسایەتییەکی بزێوی هەبوو. جوگرافیایەکی دیاریکراوی نەبوو تا لەسەری بووەستێ. لە دوای روخانی رژێمی سەدام حسێن و ئاڵۆزبوونی سوریا، ئیتر عێراق و سوریا بوونە لانەیەکی تری مانەوە و هاتنوچوونە بەردەوامەکانی.

قاسمی سولەیمانی بە رووکەش بەرپرسیارێتییەکی دیاریکراوی هەبوو لەناو سوپای پاسداراندا، بەڵام رۆڵە راستەقینەکەی ئەو بەسترابوو بە خامنەیی رابەرەوە.

بۆ هەژموون و فراوانخوازیی ئێران لە پانزە ساڵی رابردوودا، تەنیا رابەری ئێران لەسەرووی قاسم سولەیمانییەوە بوو، ئەگینا بۆ خۆی هەمەکارەی ئەو مەیدانەبوو.

ئەستەمە قائانی بتوانێ شوێنی قاسمی سولەیمانی بگرێتەوە

هەرچەندە ئێران و سوپای پاسداران خاوەن پڕۆژە و ستراتیژی خۆیانن و بەپێی بەرنامەی دامەزراوەکان کار دەکەن، بەڵام کەسایەتی نەسرەوتی وەکو قاسمی سولەیمانی رۆڵێکی دیاری هەبوو لە خێراکردن و تۆکمەکردنی ئەو پڕۆژە و ستراتیژانەدا.

بەڵام کە ئێستا قاسم لە ئۆپەراسیۆنێکی زۆر تایبەتی هێزەکانی ئەمریکادا لەناو بەغدا دەکوژرێ، ئیتر پڕۆژە و ستراتیژەکەش دەکەوێتە بەردەم مەترسییەوەو کۆسپی زۆر دێتەڕێی.

ئەوانەی چاودێری کاروباری ئێران دەکەن دەڵێن: ئەستەمە قائانی بتوانێ شوێنی قاسمی سولەیمانی بگرێتەوە لەبەر دوو هۆکار
یەکەمیان: کەسایەتی قاسم سولەیمانی، ساڵانێکی زۆر کاری بۆ کرا تا گەیشت بەو ئاستەی کە بەنیازبووە ئەمریکییەکان لە عێراق دەرپەڕێنێ.  بۆ خۆیشی توانا و سەلیقیەکی زۆری هەبوو لە خستنەژێر کاریگەری سەرکردەکانی عێراق و سوریا.
دووەمیان: ئیتر عێراق و سوریا ئەو گۆڕەپانە چۆڵکراوە نابن لەلایەن ئەمریکییەکانەوە کە لە  ١٠ ساڵی رابردوودا بینراوە. بۆیە تەراتێنی کەسایەتییەکی تری وەکو قاسم سولەیمانی دەبێتە شتێکی مەحاڵ.


هەرچۆنبێ، هێشتا عێراق و ئێران حەپەساون بە دیار رووداوی کوشتنی قاسم سولەیمانییەوە، بەڵام لە داهاتوودا دەردەکەوێ کە ئایا جێی سولەیمانی بە خاڵی دەمێنێتەوە و دەستی قائانی و رابەری ئێران کورت دەکرێتەوە لە عێرا ق سوریا، یان نەخێر پڕۆژەکانی ئێران بەو فراوانییەی سەردەمی قاسم سولەیمانی لەم دوو وڵاتەدا جێبەجێ دەکرێن؟