ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

07:22 - 04/01/2020

مارک سایکس و پارچەکردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌

پەیسەر

لەسەرەتای دەستپێكردنی جەنگی یەكەمی جیهانییەوە دەوڵەتە زلهێزەكان دەستیان بە گفتوگۆ کرد لەپێناوی ئەوەی خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی ناوچەكانی ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی عوسمانی داگیر بکەن.

بەو هۆیەوە ڕێکەوتننامەی سایکس – پیکۆ کە بە ڕێکەوتننامەی ناوەندی ئاسیا دەزانرێت لە ١٦ی ئایاری ١٩١٦ لە نێوان بەریتانیا و فەڕەنسا و بە ڕازیبوونی ئیمپڕاتۆری ڕووسیا ئیمزاکرا و بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسەر ڕووسیا و بەڕیتانیا و فەڕەنسادا دابەشکران.

 

لە ئەنجامی ڕێککەوتنەکەدا ناوچەكانی باكووری كوردستان لەگەڵ ئەستەنبوڵ، درا بەڕووسیا. ڕۆژئاوای کوردستان و سوریاش دران بە فەڕەنسا. باشووری کوردستانیش کە سەرەتا بۆ فەڕەنسا بوو، بەڵام کەوتە ژێر دەستی بەریتانیا  و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێران مایەوە.

 

نوێنەری بەریتانیا مارک سایکس و نوێنەری فەڕەنساش جۆرج پیکۆ بوون و ڕێکەوتننامەکەش بە ناوی ئەوانەوە ناونرا.

لەم ڕاپۆرتەکدا ئامانجمان باسکردنی ڕێککەوتنەکە نییە، بەڵکو دەمانەویت ڕۆڵی مارک سایکسی بەریتانی لە دابەشکردنی ئیمپراتۆری عوسمانیدا بخەینە ڕوو.


مارک سایکس بەر لە پەیمانی سایکس پیکۆ لەکوێ بوو، چی دەکرد و ئەرکەکەی چی بوو؟
مارک سایکس لە ساڵی ١٨٩٩ دا بۆ یەکەمجار سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. سایکس لە سەرەتادا وەک گەشتیار و گەڕیدە هاتووەتە ناوچەکە و لە هیندستانەوە تا تورکیا، سوریا و کوردستان گەڕاوە. هەر لەو ساڵەدا بەبێ ئەوەی خۆی ئاشکرا بکات کە لە لایەن دەوڵەتی بەریتانیاوە نێردراوە، سەردانی، دیمەشق، موسڵ، ئامەد، سێرت، بەتلیس، تەتوان، وان و زۆربەی ناوچەکانی باکووری کوردستان دەکات و بە باشی لێکۆلینەوە لەسەر دۆخی ناوچەکە دەکات.

سایکس لە باکوور و باشووری کوردستان و تورکیا و سوریا گروپێکی ١٥ کەسی لە نەتەوە جیاوازەکان وەک وەرگێڕ پێکدەهێنێت و چاوپێکەوتن لەگەڵ سەدان سەرۆک هۆزی کورد و عەرەب و تورک دەکات.

مارک سایکس لە ساڵی ١٨٩٩ تا ساڵی ١٩١٣ واتە ساڵێک بەر لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم چەندین جار دێتە ناوچەکە و بە نهێنی و بە بێ ئەوەی گومانی لێبکرێت زانیاری بۆ پلانێکی گەورەی بەریتانیا کۆدەکاتەوە.

مارک سایکس لەگەڵ ئەوەی زانیاریە نهێنیەکانی نەدرکاندووە و بە وردیی بۆ دەوڵەتەکەی کاری کردووە، هەروەها لە ساڵی ١٩١٥ دا و بەر لە ڕووخانی ئیمپراتۆری عوسمانی کتێبێکی بە ناوی (دوایین میراتی ئیمپراتۆری عوسمانی) بڵاوکردووەتەوە.

 

مارک سایکس لە کتێبەکەیدا بە وردی باس لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و جێگایەکی تایبەتی بۆ هۆزە کوردەکان لە ناو کتێبەکەیدا کردووەتەوە. بە جۆرێک کە لە باشوور، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ناوی هەرچی هۆزی کوردیە لە کتێبەکەیدا نووسیوە.

سایکسی بەریتانی لە یاداشتەکانیدا باسی کورد دەکات کە لە دەسەڵاتی عوسمانیەکان ناڕازین و هەندێکیان لەبەرامبەر عوسمانیەکان چەکیشیان هەڵگرتووە و لەدژیان دەوەستنەوە.

سایکس لەو چەند ساڵەدا کە لە ناوچەکەدا بووە، بە باشیی خۆی فێری زمانەکانی فارسی، عەرەبی و تورکی کردووە و پەیوەندیەکی زۆر پتەوی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە بەستووە و بە ئەندازەیەک خۆی بە سادەیی پیشانداوە کە کەس نەیزانیوە خەریکی کارێکی نهێنی و کۆکردنەوەی زانیاریە بۆ بەریتانیا.


ئەنجامی گەشتەکەی مارک سایکس لە ناوچەکە و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و لێکۆلینەوە لەسەر زانیاریەکانی ئەو کاتە دەردەکەوێت کە بەریتانیا و فەڕەنسا لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم و لاوازبوونی ئیمپراتۆری عوسمانی ڕوودەکەنە ناوچەکە.

لەو ساڵانەدا فەڕەنسا لە لایەک و بەریتانیاش لە لایەک هێرش دەکەنە سەر وڵاتانی ناوچەکە و لە 23ی تشرینی دووەمی 1915دانوستان لە نیوان بەریتانیا، رووسیا و فەڕەنسادا دەستپێدەکات.

 

سەرەنجام شاندی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی مارک سایکس و شاندی فەڕەنسا بە سەرۆکایەتی جۆرج پیکۆ بە نوێنەرایەتی ڕووسیا کۆدەبنەوە و ناوچەکە دابەش دەکەن و پەیمانەکەش بە ناوی پەیمانی سایکس پیکۆ دەچێتە لاپەڕەکانی مێژووەوە و بەو شێوەیە کارە ١٥ ساڵەکەی مارک سایکس کۆتایی دێت.

سایکس کێیە؟
ناوی تەواوی سیر تاتۆن بنونوتو مارک سایکسە. لە ١٦ئازاری ١٨٧٩ لە بەریتانیا لەدایکبووە و لە ١٦ی شوباتی ١٩١٩ بە هۆی نەخۆشیەوە لە تەمەنی ٣٩ ساڵی کۆچی دوایی کردووە.

پلەی سەربازی هەبووە، دیپلۆماتکار بووە و ئەندامی پارتی پارێزکارانی بەریتانیا بووە و بۆ ماوەیەکیش ڕاوێژکاری کۆشکی پاشایەتی بۆ کاروباری شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە.