ڕاپۆرتی کوردستانی

02:54 - 05/01/2020

جەژنی پیری ئاری (باتیزم) بۆ ٧ فریشتەی خوا، ٧ ڕۆژ بەردەوام دەبێت‌

پەیسەر

لە شەنگال جەژنی باتیزم پیرۆز دەکرێت. ئەم جەژنە زۆر دێرینە، بەڵام بە تەنها دوو هۆزی ئیزدی بە ناوی (چێلیکا و پیران) ئەم جەژنە پیرۆز دەکەن.

 لە ئایینی ئێزدیدا پیری ئاری وەک نوێنەری تاوسی مەلەک دەناسرێت کە سەرۆکی فڕیشتەکانە. لەبەرئەوە جەژنی پیری ئاری (باتیزم) بۆ ٧ فریشتەی خوا، ٧ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. جەژنەکە لە ڕۆژی یەکشەمەوە دەستێپدەکات و یەکەم ڕۆژی جەژن وەک ڕۆژی پاک و خاوێنییە و هەموو کەسێک ماڵەکەی پاک دەکاتەوە.

 

جەژن و ڕۆژووگرتن تێکەڵ بەیەککراون. واتە ڕۆژی دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممە بەشێک لە ئیزدیەکان ڕۆژوو دەگرن.

ڕۆژی چوارشەممە دوای نیوەڕۆ قوڕبانی دەکرێت. واتە هەر خانەوادەیەک ئاژەڵێک سەڕدەبڕێت. لە هەمانکاتدا هەر خانەوادەیەک قوڕبانیەکی تر دەکەن کە پێی دوترێت(سەربڕی پارو). ٧ ئێسقانی ئاژەڵە قوڕبانیەکەش هەڵدەگیرێت و ئەوەش وەک شتێکی پیرۆز دەبینرێت و پێی دەوترێت (پاری).

بە پێی بۆچوونی ئێزدیەکان ئەو ٧ ئێسقانە نابێت بشکێنرێت و تا حەوتەم ڕۆژ دەبێت هەڵبگیرێن کە بەو شەوە دەوترێت (شەوبەرات) واتە کەس ناخەوێت و ئەرکی ئایینی ئەنجامدەدرێت.

دواتر نانێکی تایبەت بە ناوی (سەوک) دروست دەکرێت. نانی سەوک بە هەویرێکی ترش لە ماڵی سەرۆک هۆزی چێلکان کە (پیری) پێ دەڵین دروست دەکرێت. هەر خانەوادەیەک، دەچێتە ماڵی پیر و هەندێک هەویری ترش دەهێنێت و نانەکە دروست دەکات. لە سەر نانەکە ١٢ نەخش دروست دەکرێت کە دەلالەت لە ١٢ مانگی ساڵ دەکات. هەروەها چەند بازنەیەکیش لە سەر نانەکە دروست دەکرێن و ئەوەش دەلالەت لە شێوەی جیهان دەکاتە کە بازنەیی یە.

 

ڕۆژی یەکشەممە، دووشەممە، سێشەممە، چوارشەممە بەم شێوەیە ئیزدیەکان خەریکی پاککردنی ناوماڵ و ڕۆژوگرتن دەبن و پێنجشەممە قوڕبانی دەکەن و ڕۆژی هەینی و شەممەش دەبێتە جەژن.

کوردانی ئێزدی لەگەڵ ئەوەی ٧٣ کۆمەڵکوژی کە ئەوان پێی دەڵێن (فەرمان) بەسەریاندا هاتووە، دەستیان لە کلتور و ڕێوڕەسمەکانیان هەڵنەگرتووە. ئەم جەژنە بە هەزاران ساڵە لەناو ئیزدیەکاندا پیرۆز دەکرێت.

هەرچەندە بە هۆی داخراوەیی ئایینی ئێزدی ناوەڕۆکی ڕێورەسم و جەژنەکانی ئێزدی شینەکراونەتەوە، بەڵام ئەم جەژنانە خاوەن تایبەتمەندی زانستیشن. نمونەی ئەوەش دروستکردنی بازنەی بچووک لەسەر نانەکانیان کە دەلالەت لە شێوەی زەوی دەکات. بە هەزاران ساڵە کورد دەزانێت کە زەوی خڕە، بەڵام تا ئێستاش هەندێک کەس بڕوا بەوەناکەن.

 

ئێزیەکان خاوەنی چەندین ڕێوڕەسم و جەژنن کە گرنگترینیان جەژنی جەمایە.

جەژنی جەما یەکێکە لە جەژنەکانی کوردانی ئێزدی، ئەم جەژنە لە مانگی ١٠ دەستپێدەکات و ماوەی ٧ رۆژ دەخایەنێت. چەندین ڕێوڕەسمی ئایینی کوردانی ئێزدی لەم جەژنەدا بەڕێوەدەچن کە پەیڕەوانی ئەم ئایینە لە سەرتاسەری جیهان ڕوو لە پەرستگەی لالش دەکەن.

ڕێورەسمەکانی جەژنی جەمای ئێزدی هاوشێوەی ڕێورەسمەکانی حەجە لە ئایینی ئیسلامدا، چۆن لە ئیسلامدا ئاوی زەمزەم هەیە، بە هەمان شێوە ئاوی کانیی سپی لەلایەن کوردانی ئێزدی پیرۆزە.

ڕێورەسمەکان بەسەر ٧ رۆژی ئەم حەفتەیە دابەشدەکرێن،

ڕۆژی یەکەم  رێوڕەسمی بەیتی ئێوارە و سەمایی ئایینی بەگوێرەی ئایینی ئێزدی بەڕێوەدەچێت.

ڕۆژی دووەم تەوافی تەواوی مەزارەکانی پەرستگەی لالش بە ڕاکردن بەڕێوەدەچێت.

ڕۆژی سێیەم و چوارەم ئەم ڕێورەسمانە دووبارە دەکرێنەوە.

 

ڕۆژی پێنجەم ڕێورەسمی ٧ پەری بەڕێوەدەچێت. لەم رۆژەدا ٧ کچ وەکو ٧ پەری دەڕازێنرێنەوە بە جلی سپی، وەکو ئاماژەیەک بۆ ٧ فریشتەی ئاسمان.

ڕۆژی شەشەم، ڕێورەسمی "قەباغ" بەڕێوەدەچێت. لەم ڕێورەسمەدا گایەک سەردەبڕن و وەکو قوربانی بۆ خوداوەندی ڕۆژ. گۆشتەکەی پیرۆزە و پێیدەڵێن سمات.
ڕۆژی حەوتەم ڕێورەسمی "بەربەرسوارکردن" بەڕێوەدەچێت، بە مانای ئەوەی ڕێورەسمی جەژنەکە تەواوبووە.