ڕاپۆرتی کوردستانی

03:03 - 05/01/2020

كورد لە نێوان ئێران و ئەمریكا كامیان هەڵبژێرێت‌

كوردستان ئەحمەد

ئاڵۆزییەكانی عێراق و ددان تیژكردنەوەی ترەمپ  و ئایەتوڵڵا خامنەیی بەرامبەر یەکتری، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەی خستووەتە بەردەم ئایندەیەکی تاریکەوە  کە تەقینەوەی لە ئانوساتدایە.

 هەموو وڵاتانی ناوچەكە بە چەك و هێز و سیاسەتی خۆیانەوە بەجۆرێك لە جۆرەكان ئامادەی شەرێكی گەورەن، بێگومان بەشێك لەم وڵاتانە دەبنە بەشێك لە هاوكێشەی شەڕەكە و رۆڵی گەورە دەگێڕن.

لە بەرامبەردا بەشێكی دیكەشیان تەنیا دەتوان بینەری دۆخەكەبن بێ ئەوەی بتوانن هیچ کارێک بکەن.

لەم میانەدا هەرێمی كوردستان وەك یەكەمین قەوارەی جیاوازی نەتەوەیی لە ناوجەرگەی ئاڵۆزیەكاندایە، كە بیەوێت و نەیەوێت پشكی شێری لە شەڕ یان لە ئاشتی بەردەكەوێت

کەواتە هەرێم لە كوێی ئاڵۆزییەكاندایە؟

 دۆخەكە بۆ هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی زۆر بەرزو توندایە، بەجۆرێك هەر لایەنێك بیەوێت شەر رووبدات، هەرێم بەهۆی ئەوەی هەم جوگرافیاكەی و هەم سیاسەت و ئابوورییەكەی، بەستراون بە عێراق و ئێرانەوە. بۆیە هەر كاتێك  گۆڕانكاری بەسەر ئەم دوو وڵاتەدا بێت ئەوا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر هەرێمیش دەبێ.
چاودێران دەڵێن: تائێستا حكومەتی  هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی باش و هاوسەنگانە مامەڵەی لەگەڵ ئاڵۆزییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكادا كردووە، بەوەی كە نە لایەنی  ئەمریكا گرتووە نە ئێران.

لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم تائێستا هیچ بەیاننامەیەكی لەسەر كوشتنی قاسم سولەیمانی بڵاو نەكردوەتەوە تەنیا سەرۆكی هەرێمی كورددستان بەشێوەیەكی لاستیکیی بەیاننامەیەكی گشتگیری لەسەر دۆخەكە بڵاو كردووەتەوە.

لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان بەشێكە لەهاوكێشەی ئاسایش و ئابووری عێراق و بەشێكی زۆری ئاسایش و ئابوورییەکەی بە ئێرانیشەوە بەستراوە، کەچی لەگەڵ ئەمریكاشدا هەماهەنگی سەربازیی و هاوكاری ئابووری و پەیوەندیەكی باشی هەیە.
 پێویستە لەم نێوەندەدا وەك دۆست مامەڵە لەگەڵ هەردوولادا بكات، لە هەموو ئەگەرێكدا رێگە بۆ هیچ كام لەو لایەنانە نەدات كە هەرێم بۆ ئاڵۆزییەكانی خۆیان بەكار بهێنن.

لەبەر ئەوەی ئەمریكا و هەم ئێرانیش بەرژەوەندی ئابووری و سیاسیشی هەیە، پێویستە رێگە نەدات هیچ كام لەو دوو وڵاتە هێرش بكەنە سەر بەرژەوەندیەكانیان لە هەرێمی كودرستان.

هەرێم دەتوانێ وەك هێزێكی ئاشتیپارێز، رۆڵ ببینێ بەرامبەر بە ئێران و ئەمریكا، هەردوولایان رازی بکات کە لە هەرێمی كوردستان بەرژەوەندییەكانی یەكتر بپارێزن.

دەشتوانێت هانی ئەمریكییەكان بدات دیبلۆماتكار و كۆنسوڵخانە و سەربازەكانی بهێنێتە هەرێمی كوردستان و تەواوی رێكخراو تیمەكانی وڵاتانی جیهان بهێنێتە هەرێم، ئەوەش بۆ هەردوولا وەك پەیامێكی روونە كە  هەرێم ناوەندێكی باشە بۆ ئەوەی هەموو جیهان بە ئارامی دەتوانن تێیدا بەسەلامەتی بژین و كاری خۆیان بكەن.

 كورد دەبێ چی بكات؟
ئێستا هەرێمی كوردستان بێدەنگی هەڵبژاردووە، ئەم بێدەنگیەش جۆرێكە سیاسەتێكی ژیرانە. بەڵام لە ئایندەدا چ ئێران و چ ئەمریكا رەنگە رێگە نەدەن ئەم بێلایەنییە بەردەوامبێ. کەوایە دەبێتە هەرێمێكی ئەمریكیی یان هەرێمێكی ئێرانیی؟

لە هەر حاڵەتێكدا كورد دەبێ بەوردی مامەڵە لەگەڵ هاوكێشە ئابووری  و سیاسی و سەربازییەكەی نێوان تاران و واشنتۆندا بكات بۆ ئەوی هەرێمی كوردستان نەبێتە بەشێك لە شەرێكی دوولایەنە.

بە هەردیوێکدا هەرێم خۆی یەکلایی بکاتەوە، ئەوا مانای ئەوەیە دەکەوێتە ناو چاڵێکی قوڵەوە کە رەنگە دەرهاتنەوەی ئەستەمبێ.

ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە دەبێ، هەرێم بەو شێوەیە مامەڵە بكات كە نە ئەمریكا نە ئێران  نابێ لە هەرێم شەڕی بەرژەوەندییەكانیان بكەن. ئەگەر كارەكە بگات بە شەڕ ئەوا نەهەرێم نە عێراقش سیادەیان بەدەستی خۆیانەوە نامێنێ و دەكەونە شەرێكەوە كە زیانەكەی بۆ ئەمان  پشكی شێر دەبێ.

بەوپێیەی تائێستا هەردوولا رەچاوی تایبەتمەندی هەرێمی کوردستانیان کردووە، ئەگەری ئەوە هەیە هەرێم تاڕادەیەکی زۆر بتوانێ بێلایەنی خۆی بهێڵێتەوە و لەسەر سیاسەتی "نە شیش بسووتێ نە کەباب" بەردەوامبێ.