ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:36 - 05/01/2020

بژاردەکانی بەردەم ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریکا‌

پەیسەر

هەر لە یەکەم کاتژمێرەکانی دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، بەرپرسە سیاسی و سەربازییەکانی ئێران کەوتنە هەڕەشەکردن لە ئەمریکا کە خوێنی قاسم سولەیمانیان بەسەرەوە ناچێت. تەنانەت لەناو بەشێک لە رای گشتی ئێرانیش هەمان هەست هەیە، لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هاشتاگێک دروست بووە بە ناوەڕۆکی توڵەکردنەوە لە ئەمریکا بەڕێوەیە.
بەڵام لە دەرەوەی دروشم و موزایەدە سیاسییەکان، پرسیار ئەوەیە ئایا ئێران لە توانایدایە توڵە لە ئەمریکا بکاتەوە؟ بۆ توڵەکردنەوە بژاردەکانی بەردەم ئێران چین؟

عەلی خامنەیی تەنیا چەند کاتژمێر دوای کوژرانی سولەیمانی بۆ یەکەمجار خۆی سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی  نیشتمانیی ئێران-ی کرد، هیچ هەواڵ و زانیارییەک سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئەوە روونە کە تاوتوێی هەڵوێست و کاردانەوەی ئێران کراوە بەرامبەر بە کوژرانی ئەو فەرماندەیەی کە ساڵانێکی زۆربوو شانازییان پێوە دەکرد.
پێشبینیکردنی ئەوەیکە ئێران کاردانەوەکەی چۆن دەبێت زۆر قورسە، بەڵام تا رادەیەک زۆر روونە ئەمریکا بە کوشتنی قاسم سولەیمانی بۆ ماوەیەکی نادیار دەرگای بەڕووی دانووستان لەگەڵ ئێراندا داخست، ئەو دانووستانەی کە ترەمپ زۆر حەزی دەکرد ئێرانییەکان ملی بۆ بدەن و لەم دواییانەشدا هەندێک لایەن لەوانە ژاپۆن لە هەوڵی ناوبژیوانیدا بوو لەنێوان ئەمریکا و ئێران-دا. لەم ماوەیەدا ملدانی ئێران بۆ دانووستان رێک بە واتای تەسلیمبوونی ئەو وڵاتە دێت کە ئەمەش بەپێی ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی کارێکی ئەستەمە. 

کارتەکانی ئێران
یەکەم: هێرش بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە
بەپێی قەبارەی هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئێرانی کە دەڵێن ئەمریکا تابوت بۆ سەربازەکانی ئامادە بکات، لەوانەیە یەکێک لەو بژاردانەی ئیران پەنای بۆ ببات بە ئامانج گرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بێت. ئەمەش یان راستەوخۆ سوپای پاسداران بیکات یان خود لەڕێی بریکارەکانیەوە وەک حەشدی شەعبی و گروپە ملیشیاکانی دیکەی لە ناوچەکەدا. بەڵام ئەم ئەگەرە لاواز دێتەبەرچاو بەهۆی ئەوەی ئەمریکا بە کوشتنی قاسم سولەیمانی پەیامێکی زۆر بەهێزی ئاڕاستەی ئێران کرد کە چیتر خستنە مەترسی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا قبوڵ ناکرێت. جگە لەوەش لەماوەی رابردوودا بەرپرسانی ئەمریکی بە ئاشکرا رایانگەیاندووە ئێران بە بەرپرسیار دەزانن بەرامبەر بە هەر هێرشێک کە بکرێتەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە.

هەربۆیە ئێران لە کاردانەوەی توندی ئەمریکا دەترسێت و لەوانەیە کاردانەوەیەکی لەم شێوەیە ئاگری جەنگێکی قورس هەڵبگیرسێنێت کە کۆتاییەکەی دیار نەبێت. بە تایبەت ئەگەر سوپای پاسداران خۆی راستەوخۆ هێرشەکە ئەنجامبدات، ئەوا هەڵگیرسانی جەنگ دەبێتە ئەمرێکی واقیع و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا شەرعییەتی زیاتر دەدات بە کوشتنی قاسم سولەیمانی.

دووەم: بە ئامانج گرتنی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە
یەکێکی دیکە لە ئەگەرەکان ئەوەیە ئێران لەڕێی گروپە ملیشیاکانییەوە هێرش بکاتەسەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، لەوانە ئیسرائیل و هێزەکانی سوریای دیموکرات و...

لەم سەروبەندەدا ئەگەر لەڕێی حیزبوڵای لوبنانەوە هێرش بکاتەسەر ئیسرائیل، ئەوا ئیسرائیل زۆر زیاتر لە رابردوو دەست کراوەیە بۆ جەنگ، پێناچێت ئیسرائیل ئەمجارەیان تەنیا بە هێرشکردنەسەر حیزبوڵا بوەستێت و ئەگەری بەهێز ئەوەیە راستەوخۆ ئێران بکاتە ئامانج، چونکە ئەمجارە ئیسرائیل لەلایەکەوە پاساوی بەهێزتری هەیە و لەلایەکی دیکەشەوە ماوەی دوو ساڵە بەردەوام لە سوریا لە بنکە سەربازییەکانی ئێران دەدات بەبێ ئەوەی کاردانەوەیەکی توندی لێ کەوتبێتەوە. هەربۆیە لەوانەیە ئیسرائیل لە وەڵامی هێرشەکانی حیزبوڵادا راستەوخۆ هێرش بکاتەسەر ئێران و لەم حاڵەتەشدا جەنگەکە تەنیا نابێتە جەنگی ئیسرائیل و ئێران و هەندێک وڵاتی دیکەشی تێودەگڵێن لەوانەش ئەمریکا.

ئەگەرێکی دیکەش ئەوەیە لە سوریا لەڕێی گروپە ملیشیا شیعەکان و هەندێک لە خێڵە عەرەبەکانەوە هێرش بکاتەسەر هێزەکانی سوریای  دیموکرات. هەروەک چۆن روانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، کە قاسم سولەیمانی لە رۆژانی کۆتایی ژیانیدا خەریکی پلاندانان بووە بۆ هێرشکردنەسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات.

لەم حاڵەتەشدا پێشبینی کراوە کە ئەمریکا بە هێزی ئاسمانی رووبەڕووی هەرجۆرە هێرشێکی ئێران و هاوپەیمانەکانی دەبێتەوە و ئەستەمە ئێران بتوانێت لەمەشدا سەرکەوتووبێت، جگە لەوەش ئێران وەک تورکیا نییە و لە ئەگەری هێرشکردنەسەر رۆژئاوای کوردستان کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەهێزتر دەبێت لەو کاردانەوانەی کە بەرامبەر تورکیا بوون. لەم سیناریۆیەشدا ئەگەرێکی پێشبینی کراوی دیکە ئەوەیە کە حکومەتی ئێران رووبەڕووی شەپۆلێکی بەهێزی ناڕەزایەتی کوردی لەناوخۆی وڵاتەکەی ببێتەوە کە لەم قۆناغەدا ناڕەزایەتییەکان گەیشتوونەتە لوتکە.

سێیەم: بە ئامانج گرتنی هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن گروپە تیرۆریستە سونەکانەوە
ئێران تەنیا لەگەڵ گروپە ملیشیا شیعەکان پەیوەندی نییە، بەڵکو لەم ساڵانەی دواییدا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ گروپی تالیبانی ئەفغانستان دروست کردووە، سەرکردەکانی تالیبان سەردانی ئێران دەکەن. هەربۆیە یەکێک لە گریمانەکان ئەوەیە لە وڵاتێکی وەک ئەفغانستان لەڕێی تالیبانەوە گورز لە هێزە ئەمریکییەکان بوەشێنێت. ئەم گریمانەیان بەهێزترە چونکە لەو حاڵەتەدا ئێران دەتوانێت حاشای لێ بکات و بیانووی راستەوخۆ نەدات بەدەست ئەمریکاوە، هەروەها کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بە ئاسانی بڕوا ناکەن بەوەی ئێران لە پشت ئەم هێرشانەوەیە، کەچی ئەگەر گروپێکی شیعە ئەو هێرشانە بکات ئەوا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئاسانی باوەڕ بەوە دەهێنێت کە ئێران لە پشتی هێرشەکانەوەیە.

چوارەم: هێرشکردنەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتێکی دوور لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
ئێران و سوپای قودس رابردوو و ئەزمونێکی زۆری هەیە لە تەقینەوە  لە وڵاتانی دوور لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆ نموونە تەقینەوەکەی ئەرجەنتین کە بنکەیەکی جولەکەکانی ئەو وڵاتەی تەقاندەوە. بۆ ئەمەش ئەوەندەی خەڵکی بە دەستەوەیە کە بتوانن تەقینەوەی بۆ ئەنجام بدەن. لەم حاڵەتەشدا دیسانەکە بۆ ئەمریکا ئاسان نییە بە ئاسانی پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی ئێران بکات.

لەوانەیە هێشتا بەرپرسانی ئێرانی خۆشیان هیچ بەرچاوڕوونییەکیان نەبێت بەرامبەر بەوەی چۆن دەتوانن توڵە لە ئەمریکا بکەنەوە، بەڵام لەوە تێگەیشتوون کاردانەوەی توند لەوانەیە هەموو ئەو ریسەیان لێ بکاتەوە بە خوری کە بە درێژایی چەندین ساڵە قاسم سولەیمانی لە ناوچەکەدا رستوویەتی. هەرچەندە بەپێی ئەو خوێندنەوانەی بۆ هەڵسوکەوتی چەندین ساڵی رابردووی سوپای پاسداران دەکرێت دوور نییە، باڵێکی سوپا ریسکە گەورە بکات و راستەوخۆ لە عێراق یان سوریا هێزەکانی ئەمریکا بکەنە ئامانج.

 چونکە ئەو خوێندنەوەیە بۆ باڵێکی توندڕەوەی ناو سوپا دەکرێت کە ئەو باڵە توندڕەوە کە لەناو سوپادا زۆر بەهێزن لەگەڵ ئەوەدان جەنگێکی کورتماوە لەگەڵ ئەمریکا لەناوچەکەدا هەڵبگیرسێنن. بەپێی خوێندنەوەی ئەو باڵە، لەلایەکەوە ئەمریکا نایەوێت جەنگێکی گەورە هەڵبگیرسێت و سیستم لە ئێران بگۆڕێت، لەلایەکی دیکەشەوە دەسەڵاتی ئێران بەهۆی فشارە ئابورییەکان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ناتوانێت بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بێت. هەربۆیە جەنگێکی کورت ماوە دەتوانێت لە بەرژەوەندی سوپای پاسداراندا بێت، هەرچەندە ئێران لەم جەنگەدا هەژمونی خۆی لەناوچەکەدا لەدەست دەدات، بەڵام ئەم جەنگە دەبێتە هۆی ئەوەی سوپا لەناوخۆدا حکومەتی سەربازی رابگەیەنێت و دەسەڵاتێکی هاوشێوەی کۆریای باکور بەسەر خەڵکدا بسەپێنیت کە کەس توانای ئەوەی نەبێت بچوکترین ناڕەزایی دەرببرێت. بەم شێوەیە لەڕێی بە کۆریاکردنی ئێرانەوە سوپا پارێزگاری لە سیستمی کۆماری ئیسلامی بکات.