ڕاپۆرتی کوردستانی

05:25 - 07/01/2020

كورد لە هاوكێشەی جەنگی ئەمریكا و ئێراندا؟‌

كوردستان ئەحمەد

ئاڵۆزیەكانی نێوان عێراق و ئێران لەسەر خاكی عێراق، تادێت زیاتر دەبێت و هەموو لایەك لە خەمی ئەوەدان خۆیان لەو ئاڵۆزیە بپارێزن و شەرەكە لە خۆیان دور خەنەوە، كاتێك پەرلەمانی عێراق كۆبوەوە، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر دەركردنی هێزەبیانیەكان لەسەر خاكی عێراق بدات ، هەموو لایەك نیگەرانیەكی ڕاستەقینەی لێنیشت بەوەی ئەگەر ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق بكشێنەوە دۆخەكە بە كوێ دەگات، ئێران چۆن عێراق دەكاتە سەكۆی موشەكی بۆ خۆی.

هەر لەسەرەتایی ئاڵۆزیەكانەوە، واتە لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرشەموشەكیەكان بۆسەر بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا لە عێراق، پنتاگۆن دەڵێت: ئێران لە پشت هێرشەكانەوە بووە ، كورد مامەڵەیەكی گونجاوی لەگەڵ دۆخەكەدا كرد، دوای هێرش كردنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا لە عێراق لە لایەن حەشدی شەعبی و هەروەها بەئامانج گرتنی ئەبوو مەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی  لەلایەن ئەمریكاوە دوو بارە كورد لە عێراق هەڵوێستێكی باشی نواند.

لەكاتێكدا سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بەیاننامەیەكی لەسەر دۆخەكە دەر نەكرد چ لە سەر هێرش كردنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا لە عێراق و چ كوشتنی موهەندیس و سولەیمانی ، بەڵام سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان  بەیاننامەیەكی گونجاوی لەسەر دۆخەكە دەركرد كە رەچاوی بەرژەوەندیەكانی خۆی لەگەڵ ئەمریكا و ئێران و هەروەها بەرژەوەندیەكانی ئەو دوو وڵاتەی لە هەرێمی كوردستان كرد.

هەموو ڕێگەكان دەچنەوە سەر رێگای شەر
بەهەرجۆرێك خوێندنەوە بۆ دۆخەكە دەكرێت، هەموو ئاراستەكان و هەموو رێگاكانی عێراق و ئەمریكا و هەروەها ئێرانیش ئەم جارە بۆ چارەسەری روو ناكەنە بانە بەڵكوو روودەكەنە شەر، خوێندنەوە و شرۆڤەو لێدوان و تەنانەت تویتەكانی ترەمپ و رۆحانیش پێمان دەڵێن: ئەم جارە ئاڵۆزیەكان روو لە مێزی گفتووگۆ ناكەن بەڵكو روو لە شەر دەكەن و لە هەر كاتێكدا بێت شەر بەرۆكی هەردوو لا دەگرێت.

ئێستا ئەمریكا یەكەی بەهێزی شەركەری وڵاتەكەی كە یەكەی شەیتانی 82 وە هێناوەتە عێراق و لەلایەكی تریشەوە قرشە شەركەرەكانی لە درەیای ناوەڕاست بۆ 10 دانە زیاد كردووە و لە حاڵەتی هەڵكردنی گڵۆپی سوردان، ئێرانیش تەواوی سەكۆموشەكیەكان و تەنانەت سوپای قودس و سوپای پاسداران بەشێكی زۆر لە پۆلیسی ناوخۆیشی بۆ شەر ئامادە كردووە،  ئەوەش پێمان دەڵێت بەڵێ ئەوان ئامادەن بۆ شەر.

ئەم شەرە لە قازانجی كێدایە؟
لە ئەگەریی روودانی هەرشەرێكدا پێدەچێت دۆخی هاوڵاتیانی عێراق زۆر خراپ ببێت،  چ عێراق و چ ئێرانیش لەبەر ئەوەی خاكەكەیان لەبەردەم جەنگێكی راستەقینەدایە، توشی ماڵوێرانی و كاوڵكاریەكی راستەقینە دەبنەوە، هەندێ بۆچوون دەڵێن شەر بە ئاراستەیەك دەبێت كە عێراق و سوریا بەهۆی ئەوەی كە شیعەكان وەك خاكی خۆیان بەكاریی دەهێنن وەك سوریایی لێدێت و دەبێتە وێرانە، ئەوە لەكاتێكدا ئەگەر شەرەكە مەیدانی و دەستەو یەخەبێت.

بەڵام ئەگەر بەم شێوەی ئێستا دۆخی ئاڵۆزیەكان هەمووشەوێك بەرزو نزم بكات و ئێران موشەك بە بارەگاكانی ئەمریكاوە بنێت و ئەمریكاش سەركردەكانیان بكوژێت، ئەوا ناجێگیری دۆخی سەربازی وێنە دەداتەوە بەسەر دۆخی ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ناجێگیری دروست دەكات، لەم دۆخەشدا هەرێمی كوردستان سود مەند دەبێت .

هەرێم چۆن سود لە شەرەكە دەبینێت؟
هەموو لێكدانەوەكان بەو ئاراستەیەن كە هەرێمی كوردستان بەشێویەكی زۆر باش مامەڵە لەگەڵ گۆرانكاریەكاندا دەكات، لە لایەك لە ئاستی باڵادا بەشداری پرسەی قاسم سولەیمانی  دەكات ئەوەش دڵی ئێران بەدەست دەهێنێت و لەلایەكی تریش بەیەك دەنگ بەشداری دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق ناكات بۆ دەركردنی ئەمریكیەكان لە عێراق و هیچ بەیاننامەیەكیشی لەسەر كوشتنی سولەیمانی نییە، ئەوە دەتوانێت دڵی ئەمریكیەكان بۆ خۆی رابكێشێت.

ئەوە لەكاتێكدایە ئێستا هەرێمی كوردستان بە پیێی چەند بەڵگەیەك لەتوانایدایە ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوەی وڵات بكات، نرخی هەربەرمیلێكیش بە 30 دۆلار بووە، ئێستا بەهۆی ئەم ئاڵۆزیانەوە پێدەچێت نرخی یەك بەرمیل نەوت بۆ 100 دۆلار و هەنێدك سەرچاوەی ئابوری وەك داونجۆنس و بلۆمبێرگ دەڵێن پێدەچێت بگاتە 130 دۆلار لەم حاڵەتەشدا هەرێم دەتوانێت نەوەتەكەی هەناردەبكات قازانجێكی زۆر لەو شەرە ئابوریە بكات كە بەرۆكی ئێران و ئەمریكا و عێرق گرتوووە.

لەلایەكی تریشەوە ئێستا عێراق بەپیی یاسا رێگری كردووە لە  مانەوەی هێزەبیانیەكان و دەكرێت هەرێمی كوردستان باوەشیان بۆ بكاتەوە و لەخۆیان بگرێت و بەكاریان بهێنێت بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەكە. هەروەها بیرە نەوتەكانی پێبپارێزێت و بیانكاتە قەڵخانێك بۆ پاراستنی شادەماریی نەوتی و هەرێم بەم شێوەیە دەتوانێ ئابوری خۆی بپارێزێت و دەشتوانێت خاكێكی سەلامەت بۆ هەموو بیانیەكان دابین بكات.

ئێستا دۆخی بەغداد زۆر ئاڵۆز و ترسناكە بۆ هەموو بیانییەكان بۆیە بارەگا و رێكخراو تەنانەت كونسوڵخانە و نوێنەرایەتی و هێزەكانیان سەلامەت نین و روو لە هەرێمی كوردستان دەكات، ئەوەش زەمانێكی ئاسایشی و تەنانەت زەمانێكی نێودەوڵەتیش پەیدا دەكات كە وا لەهەرێمی كوردستان دەكات لە رووی نێودەوڵەتییەوە چاوێكی گەورەی لەسەر بێت .

لەلایەكی تریشەوە هەرێم دەتوانێت ببێتە ناوەندێكی بەهێز لە هەركاتێكدا ئەگەر لایەنی ئێرانی و ئەمریكی ویستیان سازش بكەن و رێكبكەن یاخود لە لەسەر چەند خاڵێك بیانەوێت پێكبێن، ئەوا هەرێمی كوردستان ئامادەیە ئەو رێگە چارەیە بخاتە بەردەمیان بەمەرجێك هەرێم خۆی دەستپێشخەر نەبێت لە بونیادنانەوەی ئەو پێشنیارە بەڵكو دەسپێشخەربێت لە ئامادەسازی هەرێمەكەی بۆ هەر گفتوگیەك.

لەلایەكی تریشەوە دەكرێت ئێستا هەرێمی كوردستان بەكار بهێنرێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق و هانی كۆمپانیاكانی دیكەبدەن كە كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق دەكەن لە هەرێمی كوردستانەوە كاڵا و شتومەك و تەنانەت دەستی كاریش ببن بۆ ئاوەدانكرنەوەی عێراق، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە ئێستا دۆخی عێراق بشێوەیەكە كە كۆمپانیاكان ئامادەنین كاری تێدابكەن.

لەلایەكی تریشەوە پێویستە هەرێمی كوردستان باوەش بۆ تەواوی ئەو ئاوارانە بكاتەوە كە ئایندەدا بەهۆی هەر ئاڵۆزیەكەوەدروست دەبێت و كەمپی گەورەو بەیایەخ دروست بكات و هاوكاریی ئاوارەكان لە هەرێمەوە بۆ ئەوانی دیكە بكرێت، كە دەتوانێت سەرەرای پێشوازی تەنانەت سیاسەتیشیان پێوە بكات.

لە هەر حاڵەتێكیشدا كە هەرێمی كوردستان ئامادەبێت بۆ ئەوەی هێز بنێرێتە ناوچە جێناكۆكەكان و لەگەڵ ئەو  هێزانەی كە بریارە بێنە كەركوك وجێناكۆكەكان پێكەوە كار بۆ پاراستنی  كێڵگە نەوتیەكان بكەن و ئاسایش بۆ ناوچەكە دابین بكەن ئەوەش دەسكەوێتێكی باشە بۆ هەرێمی كوردستان كەدەتوانێت لە ناوچەكە جێ نفوسی خۆی بەهێزتر بكات.

هەرێم دەتوانێت خاكەكەی لە پەرچە پاشماوەی شەری ئێران و ئەمریكا یاخود شەریی راستەوخۆی ئەو  دوو وڵاتە بپارێزت ئەگەر بەڕێككەوتن بێت لە نێوان هەردوو لادا یاخود بە بەھێزتركردنی ئەو سیستمە بەرگریانەی كە هەرێم دەپارێزن.