ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:30 - 08/01/2020

بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار‌

پەیسەر

شەوی رابردوو کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێی موشەکی بالستیەوە، ھێرشیکردە سەر بنکەی سەربازیی (عەین ئەسەد) لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق کە سەربازانی ئەمریکا لەو بنکەیەدا جێگیر کراون.

چەند زانیاریەک سەبارەت بە عەین ئەسەد

بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد " قادسیەی پێشوو" بە دووەم گەورەترین بنکەی سەربازیی ئاسمانیی دادەنرێت لە هەموو عێراقدا ئەویش دوای بنکەی سەربازیی " بەلەد"
ئێستا بارەگای فیرقەی حەوتی سوپای ئەمریکا لەم بنکەیەدا جێگیرکراون و تەنیا ١٠ کیلۆمەتر لە ناحیەی (بەغدادی) ی سەر بەقەزای ھیت لە پارێزگای ئەنبارەوە دوورە.
ساڵی ١٩٨٠ دەست بەدروستکردنی بینا و جبەخانەکانی ئەم سەربازگەیە کراوەو دوای ٧ ساڵ کارکردن، ساڵی ١٩٨٧ لەلایەن ژمارەیەک کۆمپانیایەکی یۆگۆسلاڤیەوە کارەکانی تەواوبووە.
ئەم بنکە سەربازییە، جێگای پێنج ھەزار سەربازی تێدا دەبێتەوە، کۆگا و جبەخانەیەکی گەورەی هەیە لەگەڵ شوێنی نیشتنەو فڕینی فڕۆکەی جەنگیی و بارهەڵگری سەربازیی.

هەریەکە لە خزمەتگوزارییەکانی مەلەوانگەی کراوە و داخراو، یاریگای تۆپی پێ و ھۆڵی سینەما و مزگەوت و خوێندنگای سەرەتای و ناوەندیی و کتێبخانە و نەخۆشخانەی تێدایە.
عەین ئەسەد لە پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ کەوتە دەست سوپای ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی. مانگی ئەیلولی ٢٠١١ رادەستی سوپای عێراق کرایەوە.
دوای سەرھەڵدانی رێکخراوی داعش لەناوەڕاستی ٢٠١٤ ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا ٣٠٠ سەربازی وەک راھێنەر رەوانەی بنکەی عەین ئەسەد کردەوە.
مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٨ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و میلانیای ھاوسەری، بێ ئەوەی پێشتر رایانگەیاندبێ، سەردانی ئەو بنکەسەربازییەیان کرد بۆ بەشداریکردن لەئاھەنگێکی تایبەتی ئەمریکییەکان.
دوای بڕیاری کشانەوەی سوپای ئەمریکا لەرۆژئاوای کوردستان لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ بەشێک لە سەرباز و کەرەستە جەنگییەکانیان گواستەوە بۆ بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد. دەنگۆی ئەوەش ھەبوو کە لەچەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا ھەزار سەربازی تری رەوانەی ئەو بنکەیە کردبێ.
رۆژی ٧ی ئەم مانگە،  کەناڵی سکای نیوز بڵاویکردەوە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە نیازە فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی گەورە لەو بنکەیە دروست بکات کە شوێنی فڕین و نیشتنەوەی فڕۆکەی B52ی هەبێ.

بەرەبەیانی رۆژی ٨/١/٢٠٢٠  لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، بە موشەک ئەم بنکە سەربازییە بۆردومان کرا. هەرچەندە ئێران دەڵێ زیاتر لە ٨٠ سەربازی ئەمریکی کوژراون، بەڵام ئەمریکا ئەم زانیارییانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.