ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:07 - 09/01/2020

نوێنەرایەتی و پشکی کورد لە کابینەی داھاتووی عێراقدا‌

سەرکردەکانی عێراق دۆشداماون بەدیار ئەو بارودۆخەی بەهۆی خۆپیشاندان و دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی هاتووەتە ئاراوە. ئەجێنداکان زۆر بە خراپی تێکەڵبوون و ئاڵۆزاون.
بەرژەوەندی ئەمریکا و ئێران لەلایەک، خواستی حزبەکان و خۆپیشاندەران لەلایەکی ترەوە، ئەوەندەی تر رێگاکانی چارەسەری ون کردووە. ئایا ئەمە ئەو بارودۆخەیە کە عەلی سیستانی ناوی لێنا عێراق بۆ هەمیشە گۆڕا؟
ئەگەر عێراق بۆ هەمیشە گۆڕا، ئایا کورد دەکەوێتە کوێی ئەو گۆڕانکارییەوە، یەک ئەجێندا یان چەند ئەجێندای کوردی دەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆکان لە بەغدا؟
هەوڵەکان بۆ یەکڕیزی
بۆ ئەوەی کورد لە کابینەی داهاتووی عێراق یەکڕیز و یەک ئەجێندابێ، لە مانگی ١١ی ٢٠١٩ ـەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم دەستیکردووە بە زنجیرەیەک کۆبوونەوەو سەردانی لایەنەکان لە هەولێر و سلێمانی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیسەر، هەرچەندە لەسەر ئاستی حزبەکان نەرمی نواندنێک هەیە، بەڵام هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرکەوتوو نەبووە لە قایلکردنی فراکسیۆنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق.
چەند سەرچاوەیەک لەناو گروپی ١٥ بە پەیسەریان گوتووە کە لەناو خۆیاندا رێککەوتوون بەهیچ جۆرێک لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا ناچنە دانوستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراقەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیسەر، پارتی پێشنیازێکی خستووەتە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕان بەوپێیەی لە حکومەتی ھەرێمدا بەشدارن، ئەوا لە بەغدا ھاوپەیمانێتییەک دروست بکەن و بەشداری حکومەت بکەن، کۆمەڵ و یەکگرتوو و نەوەی نوێیش کە لە ھەرێم ئۆپۆزسیۆنن، با  لە بەغداش ئۆپۆزسیۆنبن و بەشداری کابینەی داھاتووی عێراق نەکەن.
خانەی راپەراندنی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران کۆبوونەتەوە و ئەم پێنشیازەیان تاوتوێکردووە، بەڵام فراکسیۆنەکە دروستکردنی ھاوپەیمانێتی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی لە بەغدا رەتکردووەتەوەو بەوە رازی بوون کە لیژنەیەکی ھەماھەنگی دروست بکرێ بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی پرسە چارەنوسسازەکان.


دوو سیناریۆ
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دراونەتە پەیسەر، حکومەتی کاتیی کە دروست دەکرێ، ژمارەی وەزارەتەکانی کەم دەکرێتەوە بۆ ١٢ تا ١٤ وەزارەت. ئەگەر ئەمە سەر بگرێ ئەوا پشکی کورد لەو کابینەیەدا کەم دەکرێتەوە بۆ وەزارەتێکی سیاسی و یەکێکی ناسیادی.
بۆ دیاریکردنی شێوازی حکومەتەکەش دوو سیناریۆ لە ئارادایە بۆ  قۆناغی ئینتقالیی. سیناریۆی یەکەم .. خۆپیشاندەران و چەند لایەنێکی شیعە بەتایبەتی رەوتی سەدر، پشتیوانی پێکھێنانی کابینەیەکی تەکنۆکراتی ناحزبیی دەکەن کە جیاوازبێ لەکابینەکانی پێشوو. بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیسەر ئەمریکا بەتەواوەتی پشتیوانی ئەو سیناریۆیە دەکات چونکە ئیدارەی ئەمریکا پێیوایە لە شانزە ساڵی رابردوودا حزبەکان سەرکەوتوو نەبوون لە ئیدارەدانی حکومەت بەو پێکهاتە حزبییەی زاڵبووە بەسەر کابینەکانی پێشوودا.
سیناریۆی دووەم.. کوتلە سیاسییەکان دیسان لەسەر شێوازی زۆرینە کابینەیەکی نوێ پێکبھێنن، ئەمەش بەو مانایە دێت کە بۆ ئەوەی کابینەیەکی سەقامگیربێ، کوتلە سەرەکییەکان دەسەڵات لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەنەوە.
بەر لەوەی ئەو سیناریۆیانە سەر بگرن، کورد لە بەغدا بەناڕاستەوخۆ دوو ئاڕاستەی وەرگرتووە کە یەکێتی و پارتی لەلایەک و گروپی ١٥ کە بریتین لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی، هاوپەیمانی، نەوەی نوێ و ئایندە لەلایەکی ترەوە دەستیان بە گفتوگۆ کردووە.

بۆ کورد کامە سیناریۆ گونجاوە؟
بەگوێرەی لێدوانی چەند بەرپرسێکی شیعە بۆ پەیسەر، کوتلەکانی شیعە لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و پارتی کۆبوونەتەوەو پرسی کابینەی تەکنۆکراتیان ختسووەتە بەردەمیان، بەڵام ھەردوو حزبەکە کابینەی تەکنۆکراتیان رەتکردووەتەوە لەبەر ئەم هۆیانە:
یەکێتی و پارتی پێیانوایە، نوێنەر و کادرەکانی خۆیان بە متمانە و دەنگی جەماوەرەکانیان دەتوانن کاریگەرییان هەبێ، بەڵام کەسانی تەکنۆکرات لە دەرەوەی حزبەکان پێگەیان نییەو ناکرێ بھێنرێنە ناو نوێنەراتی کوردەوە.
هەروەها یەکێتی و پارتی نەیانشاردووەتەوە دەترسن کە ئەو خەڵکانەی بەناوی تەکنۆکرات دەبرێنە ناو حکومەتەوە، دواتر بکەونە ژێر کاریگەری بەرپرسانی حکومەت و لە گرێژنەی سەرکردایەتی ئەو دوو حزبە دەربچن.
گروپی ١٥ لەگەڵ ئەوەدان کە نوێنەرانی کورد لە حکومەتی داهاتوودا، لەسەر بنەمای لێوەشایی و کارامەیی بێ نەک نوێنەرایەتی حزب. کەواتە لە پرسی کابینەی تۆکنۆکراتدا کورد دوو تێروانینی هەیە.
ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی و ئەندامی گروپی١٥ ئاشکرایکرد، جارێکی لەگەڵ یەکێتی و پارتی پێکەوە گفتوگۆ ناکەن
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی عێراق.
ئەحمەد بۆ پەیسەر گوتی:" گروپەکەمان دەستیکردووە بەدانوستان لەگەڵ شیعە و سوننەکان و لەناو پەرلەمان خۆمان ناساندووە، پێمان گوتوون کە ئێمە گروپێکین تێروانینمان جیاوازە لە یەکێتی و پارتی. ئێمە پشکپشکێنەی تایفیی و نەتەوەیی رەتدەکەینەوەو کار لەسەر پرسی ھاوڵاتیبوون دەکەین لە عێراقدا".
گروپی ١٥ لەناو خۆیاندا رێککەوتوون کە ھەر کەسێک رابسپێردرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ، مەرجی ئەوەیان ھەیە کە موچەی فەرمانبەران و کێشەی گەنمی جوتیاران و پرسی پێشمەرگە چارەسەر بکات. ئەگەر مەرجەکانیان قبوڵکرا ئەوسا ئامادەن دەنگ بدەن بەکابینەکە.


شانس بۆ زۆرینەیە
ریاز مەسعودی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی سائیرون بۆ پەیسەر دەڵێ: کابینەی داھاتوو کابینەیەکی ئیتلافیی دەبێ و لەسەر بنەمای ھاوپەیمانێتی دروست دەکرێ. بۆیە رەنگە ئەو کەسەی رادەسپێردرێ بۆ پێکهێنانی، گفتوگۆ لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بکات کە پێگەی بەھێزیان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا ھەیە.
نەھرۆ رەواندزی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی پارتی بۆ پەیسەر گوتی:" پێشتر شاندێکی باڵای پارتی سەردانی بەغدای کرد کە مەبەستی سەرەکی ئەوەبوو کورد لەبەغداد یەکریزبێ. پارتی ئامادەیە لەپێناوی یەکریزیدا دەست لە بەشێک لەماف و پشکەکانی خۆی ھەڵبگرێ، بەڵام شتێک ھەیە پێی دەگوترێت دادپەروەری و دەنگدەران بۆیە دەنگیان بە حزبەکان داوە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیان بکەن لە حکومەتدا".

ئەم راپۆرتە لە ژمارە 7 ی  رۆژی2020/1/1 ی گۆڤاری پەیسەردا بڵاوکراوەتەوە