ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:23 - 11/01/2020

هێماناسی ناشتنی تەرمی قاسم سوله‌یمانی‌

پەیسەر

رێوڕەسمی ناشتنی تەرمی قاسم سوله‌یمانی، گرنگترین فەرماندەی سوپای پاسداران و کەسی یەکەمی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سەرۆکی تۆڕی ڕووبه‌ڕووبوونەوە و ئاراستەکردنی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر ئەمه‌ریکا، سعودیه‌ و ئیسرائیل، پاش دواخستنی بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمی ناشتنی سوله‌یمانی پڕبوو لە هێمای بانگەشەکارانە، لە روانگەی لایەنگرانی حکومەتەوە نمایشکردنی هێز بوو و هاوشێوەی شانۆیەکی عاشوورایی بوو. لە روانگەی نه‌یارانیشه‌وه‌ هاوشێوەی نمایشێكی پلان بۆ داڕێژراو و رێکخراو بوو بۆ ئاستی یەکگرتوویی و پشتگیری خەڵک لە سیستمی سیاسی. سیستمێک کە پشتگیری خەڵکی لە دەستداوە و لە دوایین ناڕەزایەتییەکاندا، بە شێوەیەکی بەرچاو رەوایەتی خرابووە ژێر پرسیارەوە.

کەرنەڤاڵێکی رێکخراو و پێشکەوتووتر و راهێنراوانەتر لە رێوڕەسمی (ئەربەعینیه‌)، کە چەند ساڵێکە بووە بە گرنگترین شانۆی نمایشکردنی هێزی کۆماری ئیسلامی. هەر دوو روانینەکە بۆ رێوڕەسمی ناشتنی قاسم سوله‌یمانی تەنیا بەشێک لە راستی رێوڕەسمەکە باس دەکەن.

بەدەر لە روانینی دوو جەمسەریی ڕازی و نه‌یار بە کۆماری ئیسلامی، رێوڕەسمه‌كه‌ لە رووی هێماناسییەوە بابەتی شیکردنەوەیە.

گریانی خامەنەیی لە کاتی نوێژکردنی مردوو لە سەر تەرمی سوله‌یمانی، یەکێک لە هێماکانە. خامانەیی لەو کاتەدا بەرامبەر کامێراکان گریا و خەڵکی دەوروپشتیشی خستە گریان. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نه‌یارانی کۆماری ئیسلامی ئەو گریانەیان بە قورسبوونی لەڕادەبەدەری کوژرانی قاسم سوله‌یمانی بۆ خامەنەیی و بە نیشانەی لاوازبوونی خۆی و کۆماری ئیسلامی لێکدایەوە.

ئەوە بەشێکی راستییەکەیە. گورزێک کە بە کوژرانی قاسم سوله‌یمانی لە کۆماری ئیسلامی و خامەنەیی و سوپای پاسداران وەشێنرا، حه‌په‌سێنه‌ر و وڕکەر بوو و کۆماری ئیسلامی تا ماوەیەکی زۆر ناتوانێ لە ئاستی سوله‌یمانیدا شوێنگرەوەیەک بۆ فەرماندەیی سەربازیی و سیاسەتی ناوچەیی خۆی بدۆزێتەوە و شوێنی بەتاڵی سوله‌یمانی پێچەوانەی ئەو پروپاگاندایەی حکومەتی ئێران دەیکات، گورزێکی جدی لە سیاسەت و گەمەکردنی ناوچەیی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و رووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ ئه‌مه‌ریكا، ئیسرائیل و سعودیه‌ وەشاندووە.

لە بەرامبەردا، گریانی خامەنەیی لە روانگەی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیشەوە مایەی گرنگی پێدانە. ئەوان پێیان وایە گریانی رابەر نەک هەر بەهۆی لاوازبوونییەوە نییە، بگرە هۆگریی تایبەتی رابەر بە "حاجی قاسم" پێشان دەدات و جەختکردنە لە فەرهەنگی عاشورا و شەهادەت و فیداکاریی، نەک هەر لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی پێشان نادات، بگرە بەهێزبوونی بە دیاریی بۆدەهێنێت. رستەیەکی سیمبولیی هەیە کە هەندێک لە لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدەن ئەم جۆرە روانینەی بۆ کوژرانی قاسم سوله‌یمانی تیادا تیۆریزه‌ بکەن و واتای پێ ببەخشن. رستەکە ئەمەیە: "شەهیدبوونی قاسم سوله‌یمانی، بۆ دوژمنانی کۆماری ئیسلامی و لە ناویشیاندا ئه‌مه‌ریكا، لە زیندوومانی قاسم سوله‌یمانی ترسناکترە".

بەدەر لەو دوو روانینەی لایه‌نگران و نه‌یارانی کۆماری ئیسلامی بۆ گریانی خامەنەیی، بەشێکی دیکەی راستییەکە بریتییە لەوە کە خامەنەیی به‌پێی نەریت و ئەزموونەکانی پێشووی، هەر کاتێک هەستی کردبێ ئاستی پشتگیری خەڵک لە کۆماری ئیسلامی دابەزیوە و ئاستی ناڕەزایی خەڵک لە حکومەت بەربووەتەوە، هەوڵی داوە لە کات و ساتی تایبەتدا سوود لە دەرفەت وەربگرێ و هەستی لایەنگرانی لە بەرژەوەندی سیستم بجوڵێنێ. لە راستیدا دەبێ بڵێین دەرفەتەکە بقۆزێته‌وه‌. بۆیە پێدەچێت بەشێکی گریانەکەی خامەنەیی لە رێوڕەسمی ناشتنی تەرمی سوله‌یمانیدا، تاکتیکێکی تاقیکراوە بووبێت بۆ جوڵاندنی هەستی خەڵک، بە تایبەت جوڵاندنی هەستی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی لە بەرژەوەندی سیستمی دەسەڵاتدار. ئەویش لە حاڵێکدا کە هێشتا ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە، دوو مانگی بە سەردا تێنەپەڕیوە. ناڕەزایەتییەک کە لە دژی کۆماری ئیسلامی بەربڵاوترین بوو و ٣٠ پارێزگای ئێرانی گرتەوە و لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا به‌خوێناویترین شێوه‌ سەرکوت كرا. سەرکوتکردنێک ژمارەی کوژراوانی بە ٣٠٠ تا ١٥٠٠ کەس راگەیەنراوە و حکومەت تا ئێستا ئامارێکی لە بارەی کوژراوان و دەستگیرکراوانه‌وه‌ بڵاونەکردووەتەوە.

خامەنەیی لە رابردوودا دوو جاری دیکە و لە کات و ساتی تایبەتدا، تاکتیکی جوڵاندنی هەستی خەڵکی لە بەرژەوەندی خۆی و سیستمی دەسەڵاتدار بەکارهێناوە. ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی (2000ى زايينى) لە کاتی یەکەم ناڕەزایی گەورەی شەقام لە دژی کۆماری ئیسلامی، دوای ئەوەی جلوبه‌رگ مەدەنییەکان هێرشیان کردە سەر بەشە ناوخۆیی زانکۆی تاران، لەو کاتەدا ناڕەزايی گەیشتە ئاستێک، خۆپيشاندەران دەیانویست بەرەو ماڵی رابەر بچن لە شەقامی فەلەستین. خامەنەیی بۆ جوڵاندنی هەستی لایەنگرەکانی خۆی وه‌ك سته‌ملێكراو نیشاندا و لە وتارێکی ورووژێنەردا وتی: تەنانەت ئەگەر وێنەی منیشیان دڕاند و سووکایەتییان پێکردم، هیچ کاردانەوەتان بەرامبەریان نەبێ و پشوودرێژبن. ئەمەیش هەوڵێکی ئاشکرا بوو بۆ ئەوەی دۆخێکی هاوشێوەی دۆخی ئیمامی عەلی بۆ خۆی دروست بکات، کاتێک دوای مردنی پێغەمبەری ئیسلام - لە روانگەی شیعەکانەوە – غەدری لێکرا، بەڵام بەرژەوەندیی خۆی و لایەنگرانی لەوەدا بوو بێدەنگبن و کاردانەوەیان نەبێ. بۆیە ئەو خۆ بە مەزڵوم پێشاندانەی خامەنەیی، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لای لایەنگرەکانی وا کەوتەوە کە پێویستە دەست بدەنە بەرگریکردن لە مەزڵومییەتی کۆماری ئیسلامی و رابەرەکەی و ناڕازییەکانیان سەرکوت کرد.

جاری دووەم لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی (2010) و لە دوای ناڕەزایەتییە بەربڵاو و چەند مانگییەکەی پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار بوو، کە بە بزووتنەوەی سەوز ناوی دەرکرد. ئەو ناڕەزایەتییانەی کە چارەنووسی کۆماری ئیسلامییان تووشی مەترسی کرد و بوونە هۆی کەرتبوونی سیستمی فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە. ئایەتوڵا خامەنەیی لەو کاتەدا جارێکی دیکە کەوتەوە دۆخی لاوازبوون و تاکتیکی گریان و خۆ بەمەزڵوم پێشاندانی بەکارهێنا و پەنای بردە بەر پاڕانەوە لە ئیمامی مەهدی و وتی جەستەیەکی نوقستانی هەیە کە ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە کۆماری ئیسلامی پێشکەشی بکات. ناڕازییانی کۆماری ئیسلامی دەستیان لە ناڕەزایەتیدەربڕین هەڵنەگرت، تەنانەت ئەو قسەیەی خامەنەییان کردە مایەی گاڵتەجاڕی تا مانگان و ساڵانێکی دوای ئەوەیش هەر گاڵتەیان بەو قسەیە دەکرد. بەڵام لایەنگرەکانی ئەو خۆ بە مەزڵوم پێشاندانەیان وەک فەرمانی چوونە مەیدان و سەرکوتکردنی زیاتر و جدیتری ناڕازییەکان لێکدایەوە.

ئایەتوڵا خامەنەیی لەگەڵ گریانەکەی لە کاتی نوێژکردنی مردوو لە سەر تەرمی قاسم سوله‌یمانی، کاتێک گەیشتە بەشێکی تایبەت لە نوێژەکە، جارێکی دیکە سەرنجەکانی بۆ لای خۆی راکێشا و روانینی تایبەتی خۆی بۆ قاسم سوله‌یمانی ئاشکرا کرد، بە جۆرێک کە لە سەروو هاشمی رەفسەنجانی، سەرۆکی پێشووی ئه‌نجومه‌نی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و هاشمی شاهروودی، سەرۆکی پێشووتری دەسەڵاتی دادوەری ئێران داینا.

خامەنەیی لە سەر تەرمی ئەو دوو کەسایەتیەش نوێژی مردووی کردووە. «اللهم إنا لا نعلم منه إلا خیراً» دۆعایەکە کە لە نوێژی مردوودا دەکرێت و واتای ئەوە دەدات کە "جگە لە خێر و چاکە هیچمان لەم مردووە نەبینیوە". ئەم دوعایە، وتن و نەوتنی یا چۆنییەتی وتنی لە لایەن خامەنەییەوە و لە کاتی نوێژکردنی مردوو لە سەر تەرمی کەسایەتییە ناسراوەکانی کۆماری ئیسلامیدا، بووە بە مایه‌ی سەرنجی راگەیاندنەکان، شرۆڤەکاران و تەنانەت خەڵکیش.

ئایەتوڵا خامەنەیی لە کاتی نوێژکردنی مردوو لە سەر تەرمی هاوڕێی دێرینی خۆی واتە هاشمی رەفسەنجانی، ئەو رستەیەی نەوت و شرۆڤەکاران پێیانوابوو بە هۆی ئەوەی خامەنەیی کە لە روانین و هەڵوێستەکانی هاشمی رەفسەنجانی لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا، بە تایبەت لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ناسراو بە بزووتنەوەی سەوزدا رازی نەبووە، خۆی لە وتنی ئەو رستەیە لە سەر تەرمەکەی پاراستووە. خامەنەیی لە کاتی نوێژکردنی مردوو لە سەر تەرمی مەحموود شاهروودی، هاوڕێی نزیکی، یەک جار ئەو رستەیەی وت، کە شرۆڤەکاران بەراوردیان کرد بە نەوتنی لە سەر تەرمی هاشمی رەفسەنجانی.

رابەری ئێران لە کاتی نوێژکردنی مردوو لە سەر تەرمی قاسم سوله‌یمانی سێ جار ئەو رستەیەی دووبارە کردەوە، ئەمەیش لە روانگەی چاودێرانەوە، روانینی تایبەتی خامەنەیی بۆ قاسم سوله‌یمانی پێشان دەدات. وا دەردەکەوێ تایبەتمەندبوونی په‌یوەندی نێوان خامەنەیی و سوله‌یمانی گومانێکی ئەوتۆی لە سەر نییە. لە روانگەی خامەنەییەوە؛ قاسم سوله‌یمانی هێمای دەستەبژێر و فەرماندەی خوازراو و پلە یەکی کۆماری ئیسلامی بوو. فەرماندەیەک کە بە تەواوەتی و بێ ئەملاو و ئەولا کردن، گوێڕایەڵی خامەنەیی بووە و روانینەکانی بۆ دوژمنایەتیکردنی ئه‌مه‌ریكا، ئیسرائیل، سعودیه‌ و پێکهێنانی تۆڕێک لە گرووپی بریکار بۆ شەڕکردن لە ناوچەکەدا، هەنگاو بە هەنگاو و شێلگیرانە جێبەجێکردووە و لە جێبەجێکردنی رێنوماییەکانی رابەردا کارامە بووە.

لە راستیدا کۆماری ئیسلامی توانای ئەوەی نییە بە شێوەی کلاسیک ڕووبه‌ڕووی ئه‌مه‌ریكا ببێتەوە، بۆیە توانای سەربازیی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئه‌مه‌ریكا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکەدا، لە سەر دوو بنەمای پەرەپێدانی هێزی مووشەکی و پێکهێنانی تۆڕێک لە چەکدارانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست داناوە، کە شرۆڤەکاران بە گرووپە بریکارەکان ناویان دەهێنن و کۆماری ئیسلامی بە تۆڕی بەرگری ئیسلامی لە ناوچەکە ناویان دەهێنێت. کۆماری ئیسلامی لە بانگەشەکانی خۆیدا قاسم سوله‌یمانی وەک فەرماندەی بەرگریی ئیسلامی ناو دەهێنێ.

ته‌له‌ڤزیۆنی فەرمی کۆماری ئیسلامی، ناوەندی بانگەشەکاری و گەورەکردنەوەی رێوڕەسمی ناشتنی تەرمی قاسم سوله‌یمانی بوو. بانگەشەکەشی لە سەر ئەوە چڕكرابووه‌وه‌ کە هەستی هەموو خەڵکی ئێران بەرامبەر قاسم سوله‌یمانی بە ئاراستەی پشتگیری لە ئەو و کۆماری ئیسلامی پێشان بدات. بەڵام ئەوە هەموو راستییەکە نییە. ته‌له‌ڤزیۆنی فەرمی ئێران دەنگی هەموو خەڵکی ئێران نەبووە و نابێ. دەنگی خۆپێشاندەرانی 2010 و 2018 و 2020 نەبووە تا لە رێگەیەوە دەربکەوێت خەڵکی ئێران چەند پشگیری دەوڵەت و سیستمی کۆماری ئیسلامی دەکەن یا نایکەن. کۆماری ئیسلامی دوای کوژرانی قاسم سوله‌یمانی، بۆ هاندان و وروژاندنی خەڵک زۆرترین سوودی لە ته‌له‌ڤزیۆنی فەرمی وەرگرت.

کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە و هەوڵ دەدات، رێوڕەسمی ناشتنی قاسم سوله‌یمانی وەک هێمای یەکگرتوویی خەڵک بۆ پشتگیریکردن لە سیستمی کۆماری ئیسلامی بەکاربێنێت. بەڵام ئەوە راست نییە. خەڵکی ئێران، ئێستا زیاتر لە هەمیشە لە قۆناغی دوو جەمسەریدان. جەمسەرێک لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی و جەمسەرێک روخێنەرانی کۆماری ئیسلامی.

ئەوانەی کە لە رێوڕەسمی ناشتنی تەرمی قاسم سوله‌یمانیدا بەشدارییان کرد، مەرج نییە هەموویان هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامییان بەرامبەر ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە لەلا پەسەند بێت. بە هەمان شێوە بەشێکی خەڵک لایەنگری گشتێتی کۆماری ئیسلامییە و زۆربەیان بەشداریی رێوڕەسمی ناشتنی تەرمی سوله‌یمانییان کرد، بەشێکی دیکەی خەڵکی ئێران بەرامبەر دەوڵەتی ئێران وەستاونەته‌وە و ئەوانەن کە لە ناڕەزایەتییەکاندا بەشدارییان کرد و ژمارەشیان کەم نییە و لە سەرانسەری وڵاتدا دەبینرێن. بەڵام ئەگەر بچنە سەر شەقامەکان سەرکوت دەکرێن.

دەکرێ ئەم رووبەڕووبوونەوەی لایەنگران و نه‌یارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاشکرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ببینین. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوون بە گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەی ئینتەرنێتیی ئەو دوو گرووپە. لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی و قاسم سوله‌یمانی، ئەو بە هێمای گەورەی (شەهادەت) و فیداکاریی لە پێناو کۆماری ئیسلامیدا دەبینن. نه‌یاران و ئەو کەسانەی دەیانەوێ ئەو سیستمە بڕوخێت، قاسم سوله‌یمانی بە هێمای کوشتن و تاوان و سەرکوتکردن دەبینن، بە تایبەت کوشتبڕی سەدان هەزار کەس لە پێناو هێشتنەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سوریا.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا