ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:36 - 13/01/2020

ئه‌مه‌ریكیه‌كان چاوه‌ڕوانبوون ئه‌و شه‌وه‌ هێرشیان بكرێته‌ سه‌ر‌

پەیسەر پرێس

ئه‌و شه‌وه‌ی ئێران له‌تۆڵه‌ی كوشتنی ژه‌نه‌ڕاڵ قاسم سوله‌یمانیدا بنكه‌ی سه‌ربازیی عه‌ینولئه‌سه‌دی مووشه‌كباران كرد چی ڕوویدا؟ ئایا مووشه‌كه‌كان زیانیان به‌ بنكه‌كه‌ گه‌یاند؟ چی سه‌ربازه‌كانی ناو بنكه‌كه‌ی له‌ مردن ڕزگار كرد؟

خودا و زیره‌كی فه‌رمانده‌كانی ناو بنكه‌كه‌ ئێمه‌یان له‌ مردن ڕزگاركرد

ژه‌نه‌ڕاڵ ستاسی كۆڵمان سه‌ربه‌ هێزی ئاسمانی ئه‌مه‌ریكا كه‌ ئه‌و شه‌وه‌ له‌ناو بنكه‌كه‌دا بوو، ڕووداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێت، خودا و زیره‌كی فه‌رمانده‌كانی ناو بنكه‌كه‌ ئه‌وانی له‌ مردن ڕزگاركردووه‌.

كاتێك بۆردومانه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد له‌ناو حه‌شارگه‌كه‌شدا به‌هێزی ته‌قینه‌وه‌ی مووشه‌كه‌كان ڕایده‌ته‌كاندین

ستاسی كۆڵمان، ئه‌م ئافره‌ته‌ ژه‌نه‌ڕاڵه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌ناو داروپه‌ردووی ڕووخاوی ئه‌و شوێنانه‌ی مووشه‌كه‌كانی ئێرانیان به‌ركه‌وتووه‌، له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی په‌یامنێری كه‌ناڵی سی ئێن ئێنی ئه‌مه‌ریكی باس له‌ ڕووداوه‌كانی ئه‌و شه‌وه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت، "باسكردن و وه‌سفكردنی ئه‌و شه‌وه‌ و ئه‌و ڕووداوه‌ زۆر قورسه‌، به‌ڕاستی ڕووداوێكی زۆر ترسناك بوو." ستاسی ده‌شڵێت "من و چه‌ند ئه‌ندامێكی تیمه‌كه‌م په‌نامان برد بۆ یه‌كێك له‌ حه‌شارگه‌كان. كاتێك بۆردومانه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد له‌ناو حه‌شارگه‌كه‌شدا به‌هێزی ته‌قینه‌وه‌ی مووشه‌كه‌كان ڕایده‌ته‌كاندین، ته‌قینه‌وه‌كان فشارێكی ئه‌وه‌نده‌ زۆریان دروستكردبوو، ده‌رگاكانی حه‌شارگه‌كه‌یان ده‌هێناو ده‌برد و ده‌یاندان به‌یه‌كدا."

ستاسی و هاوڕێكانی ئه‌و شه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی مه‌رگ بوونه‌ته‌وه‌، ئه‌و له‌باره‌ی ژماره‌ی مووشه‌كه‌كانه‌وه‌ وتی، "حه‌وت مووشه‌ك زۆر له‌نزیك ئه‌و شوێنه‌وه‌ كه‌وتنه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ خۆمان تێدا حه‌شاردابوو، هه‌ركاتێك مووشه‌كێك ده‌ته‌قییه‌وه‌ ئێمه‌ی زۆر به‌ توندی ڕاده‌ته‌كاند، به‌ڕاستی زۆر ترسناك بوو."

حه‌وت مووشه‌ك زۆر له‌نزیك ئه‌و شوێنه‌وه‌ كه‌وتنه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ خۆمان تێدا حه‌شاردابوو

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا "هۆكاری نه‌بوونی كوژراو و بریندار له‌ ڕیزه‌كانی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكادا بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟ شانستان هه‌بوو یان مه‌شقتان پێكرابوو، یان ڕێوشوێنی خۆپارێزیتان گرتبووه‌ به‌ر؟" ستاسی ده‌ڵێت، "له‌ ڕاستیدا هه‌موو ئه‌وانه‌ هۆكاربوون، خودا ئێمه‌ی پاراست، پاراستنی خودا و كه‌مێك له‌ هۆشداری و ئاگاداكردنه‌وه‌ی پێشوه‌خت ئێمه‌یان پاراست. له‌ دوای ئه‌مانه‌ش چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌كی زیره‌ك كه‌ له‌ بنكه‌كه‌دا له‌گه‌ڵمان بوون ده‌ستبه‌جێ بڕیاریاندا كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ دووربخه‌نه‌وه‌، ئه‌وان له‌و كاته‌دا ئه‌و بڕیاره‌ كتوپڕ و زیره‌كانه‌یان دا."

ته‌نها ئه‌وه‌نده‌مان له‌ده‌ستهات هۆشداری پێشوه‌خته‌ بده‌ین له‌وه‌ی كه‌ پێده‌چێت بۆردومان بكرێین و به‌دوایدا هێرش بكرێته‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌كه‌مان

ستاسی له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی "چۆن وه‌سفی ئه‌وه‌ ده‌كه‌یت كه‌ ڕوویدا؟ یان له‌مه‌ودوا چ ڕێوشوێنێكی ئه‌منی ده‌گرنه‌ به‌ر؟" ده‌ڵێت "وه‌ك وتم، ده‌مانزانی شتێك ڕووده‌دات، به‌ڵام به‌ ته‌واوی نه‌مانده‌زانی بۆردومانده‌كرێین، تا ده‌هات ئه‌و هه‌سته‌مان لا زیاتر ده‌بوو، زیاتر بیرمان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ شتێك ڕووده‌دات، به‌ڵام ئێستاش دڵنیا نین، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌مان له‌ده‌ستهات هۆشداری پێشوه‌خته‌ بده‌ین له‌وه‌ی كه‌ پێده‌چێت بۆردومان بكرێین و به‌دوایدا هێرش بكرێته‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌كه‌مان، له‌به‌رئه‌وه‌ ناچاربووین هێزه‌ ئه‌منییه‌كانمان و پاسه‌وانه‌كانمان له‌ ده‌ره‌وه‌ بهێڵینه‌وه‌ تا دڵنیابین له‌وه‌ی كه‌ هێرشمان كرایه‌ سه‌ر پارێزراو ده‌بین، له‌به‌رئه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر چه‌كدارمان له‌ده‌ره‌وه‌ و به‌ چوارده‌وری بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ و له‌ناو فڕۆكه‌خانه‌كه‌شدا بڵاوكرده‌وه‌."

ژماره‌یه‌كی زۆر چه‌كدارمان له‌ده‌ره‌وه‌ و به‌ چوارده‌وری بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ و له‌ناو فڕۆكه‌خانه‌كه‌شدا بڵاوكرده‌وه‌

ئه‌مه‌ش بۆ هه‌موو كه‌سێك هاوشێوه‌ی په‌یامنێره‌كه‌ی سی ئێن ئێن مایه‌ی سه‌ر سوڕمانه‌ كه‌ چۆن ئه‌و سه‌ربازه‌ ئه‌مه‌ریكیانه‌یان له‌به‌ر ڕه‌حمه‌تی موشه‌كه‌كانی ئێراندا له‌ده‌ره‌وه‌ی حه‌شارگه‌كان هێشتووه‌ته‌وه‌. لێره‌دا په‌یامنێره‌كه‌ به‌ سه‌روڕمانه‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ ژه‌نه‌ڕاڵ ستاسی ده‌كات و ده‌ڵێت "لێره‌ و له‌م ده‌وروبه‌ره‌ و له‌به‌رده‌م مووشه‌كه‌كانی ئێراندا ئه‌وانتان جێهێشت تا به‌رگریتان لێبكه‌ن و بتانپارێزن؟" ستاسی بێ دوودڵی وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت "به‌ڵێ ئه‌وان به‌درێژایی بۆردومانه‌كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ مانه‌وه‌ و پارێزگارییان لێده‌كردین."

ئه‌وه‌ی ئه‌م پاسه‌وان و سه‌ربازانه‌ی له‌و مووشه‌كانه‌ پاراستووه‌ ته‌نها شانس بووه‌ و هیچی تر، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان سه‌قفێكیان به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بوو جگه‌ له‌ ئاسمان، ته‌نانه‌ت سوودیان له‌ هۆشداری و ئاگاداركردنه‌وه‌ی پێشوه‌ختیش وه‌رنه‌گرتووه‌.

ئێستا كه‌ تا ڕاده‌یه‌ك دۆخه‌كه‌ ئارام بووه‌ته‌وه‌ و ئه‌گه‌ری هه‌ڕه‌شه‌ و هێرشی تر بۆ سه‌ر بنكه‌ی عه‌ینولئه‌سه‌د له‌ئارادا نییه‌، به‌ڵام سه‌ربازه‌كان و فه‌رمانده‌كانی بنكه‌كه‌ هه‌ر له‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشیدان.