ڕاپۆرتی کوردستانی

05:29 - 13/01/2020

موهتیلا بەگی کورد، فریشتەی ڕزگارکەری ئەرمەنیەکان‌

لەبارەی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان و پەیوەندی نێوان کورد – ئەرمەن و ئەو بانگەشانەی کە دەڵێن کورد بەشداری لە کۆمەڵکوژیەکەدا کردووە، زۆر کتێب و بەڵگە بڵاوکراونەتەوە و ئەو بانگەشانە ڕەتدەکەنەوە.

لە ساڵى ١٩١٥ دا و لە سەردەمى سوڵتان عەبدولحەمیدى دووەمى عوسمانیدا و بەپێى پلانەکانى ئەنوەر پاشا، تەلعەت پاشا و جەمال پاشا و تەشیکلاتى مەخسووسى عوسمانی (دەزگاى هەواڵگریى عوسمانییەکان) و سوپاى حەمدییە لە شارەکانى ئیستەنبوڵ، یوزگات، ئەنقەرە، قەیسەری، موغڵا، وان، سیواس، بەدلیس، موش، ئەدەنە، ترابزۆن، هاتای، ئیزمیر، ئەفیون، ئیزمیت، ئەسکیشەهیر، مانیسا، کاستامۆن و زیاتر لە ٥٠ شار و ناوچەى ترى ژێر دەستى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئەرمەنى کۆمەڵکوژکران و نزیکەى ٥٠٠ هەزار ئەرمەنیى تریش لە شوێن و ماڵى حاڵى خۆیان بۆ ناوچە دوورە دەستەکانى وەک دێرزور و بیابانەکانى ناوەڕاستى سوریا ڕاگوێزران و ژمارەیەکی زۆریش بۆ وڵاتانی ناوچەکە هەڵهاتن.

یەکێک لەو بەڵگانەش پەرتوکێکی حەسەن سەردی (هۆشیار) لە کتێبی "بۆچوون و بیرەوەریەکانیدا" کە خۆی شایەدی هەندێک ڕووداوی ئەو کاتەیە باس لە بەرگریکردنی گەلی کورد لە برا ئەرمەنەکانیان دەکات.

حەسەن سەردی باس لەوە دەکات، سەرۆک هۆزە کوردییەکان و کەسایەتیەکانی باکووری کوردستان، توانیویانە زیاتر لە ١٦٥ هەزار ژن و پیاو و منداڵی ئەرمەن لە مردن و کۆمەڵکوژیەکە ڕزگار بکەن و لە ژێر چنگی عوسمانیەکان بیانپارێزن.

بە پێی بەڵگە مێژووییەکان ئەو کاتە شێخ سەعیدی پیران، فتوایەکی بۆ گەلی کورد دەکرد و ڕایگەیاند، پێویستە ئەرمەنەکان بپارێزرێن و لە ئەرک زیاتر فەرزە یارمەتی و هاوکاری ئەرمەنەکان بدرێت.

موهتیلا بەگی کورد، فریادڕەسی ئەرمەنەکان
لە سەر فتوای کەسایەتیە ئایینیەکان و سەرکردە کوردەکان گەلی کورد لە باکووری کوردستان، دەستی هاوکاری بۆ برا ئەرمەنەکانی درێژ کرد و وەک ئەوەی لە کتێبی حەسەن سەردیشدا باسی لێدەکرێت، ژمارەیەکی زۆری گەنجی کورد لە پێناو پاراستنی ئەرمەنکاندا گیانیشیان لەدەستدا.

یەکێک لەو کەسانەش کە ڕۆڵێکی زۆر باڵای لە پاراستنی ژیانی ئەرمەنەکاندا هەبوو، موهتیلا بەگی خەڵکی شاری وانی باکووری کوردستان بوو.

کاراکین بەکچیان سەرۆکی کۆمەڵەی ئەرمەنیەکانی ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠١٢ دا، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا وتارێک پێشکەش دەکات و باس لەوەدەکات، لە ناوچەی موکسی وان کەسێک بە ناوی موهتیلا بەگ هەبووە کە سەرۆک هۆزێکی کورد بووە و هیچ کاتێک گوێی بە فەرمانەکانی عوسمانییەکان نەداوە.

بەکچیان لە وتارەکەیدا، هەموو ئەو بانگەشانە ڕەتدەکاتەوە کە کورد بەشداری لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا کردووە و دەڵێت" موهتیلا بەگ یەکێک لە فریادڕەسەکانی ڕزگارکردنی ئەرمەنەکان بووە و ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی لەپێناو برا ئەرمەنەکانیدا خستووەتە مەترسیەکی زۆر گەورەوە.
بە پێی هەندێک بەڵگە و گێڕانەوە کۆنەکان، موهتیلا بەگ توانیویەتی ٤٤٥٩ پیاو، ژن و منداڵی ئەرمەن لە کۆمەڵکوژییەکە ڕزگار بکات و هەندێک جار بۆ ئەوەی عوسمانییەکان دەستیان بە ئەرمەنەکان نەگات، بە نهێنی بۆسەی بۆ سوپای عوسمانی داناوە و شەڕی کردووە تا کاروانی ئەرمەنەکان بۆ شوێنێکی تر خۆیان ڕزگار بکەن.

موهتیلا بەگ لە مێژووی باکووری کوردستاندا وەک بەخشندەترین پیاو دادەنرێت کە زۆرترین ئەرمەنی لە کوشتن ڕزگارکردووە و لە لایەن زۆرێک لە مێژوونووسە ئەرمەنەکانەوە ڕێزی لێدەگیرێت.

کەسایەتیەکی ئەرمەنی بە ناوی گازاریان گارەگین لە بیرەوەریەکانیدا باسی هەوڵەکانی موهتیلا بەگ بۆ ڕزگارکدنی ئەرمەنەکان دەکات و دەڵێت "ئەو کاتە تەمەنی ١٠ ساڵ بووە. موهتیلا بەگ ژن و منداڵانی بە سەر ماڵە کوردەکاندا دابەشدەکرد و بە کوردەکانی دەوت، کەس جیاوازی لەنێوانیاندا نەکات بۆ ئەوەی عوسمانییەکان هەست بەوەنەکەن، ئەوان ئەرمەنین و پیاو و پەککەوتەکانیشی لە ئەشکەوت و دۆڵ و دارستانە سەختەکانی ناوچەکەدا دەشاردەوە و خوارن و پێداویستی بۆیان دابین دەکرد.

کەسایەتیەکی تری ئەرمەنی بە ناوی کارلانێ چاچان کە ئەو کاتە لەگەڵ خانەوادەکەی بەرەو ڕووسیا هەڵهاتوون، لە بیرەوەریەکانیدا باسی موهتیلا بەگ دەکات و دەڵێت"٧٥ گوند لە ژێر دەسەڵاتی موهتیلا بەگدا بوون. کاتێک جووڵەیەکی عوسمانیەکان لە ناوچەکەدا ڕوویدەدا. بە زودترین کات هەواڵەکە دەگەیشتە موهتیلا بەگ و ئەویش دەستی بە ئامادەکاری دەکرد، باسی ئەوەش دەکات هەر ئەرمەنێک لە ناوچەکە لە مردن ڕزگاری بووبێت، دەستی موهتیلا بەگی تێدایە.

یەکێکی تر لەو کەسانەی کە موهتیلا بەگی بینیوە و وێنەشی گرتووە، کارڵ فریدریچ لەهمان هایپوتور گەشتیار و لێکۆڵەری ئەڵمانییە کە لەنێوان ساڵی ١٩1٥ بۆ ١٩١٧ سەردانی وانی کردووە و باسی بیرەوەریەکی دەکات.

 

هایپوتور دەڵێت، کاتێک موهتیلا بەگ بیستی لە ناوچەیەک خەریکە ژمارەیەک ئەرمەنی دەکەونە دەستی عوسمانییەکان بە زودترین کات ئەسپێک ئامادە دەکات و دەچێت و ڕێگری لە کوشتنی ژمارەیەک ئەرمەنی دەکات.

لە لایەکی ترەوە ئولفریڤ جێگری نوێنەری ڕووسیا لە پارێزگای وان، کە پەیوەندی زۆری لەگەڵ موهتیلا بەگ هەبووە، لە بیرەوەریەکانیدا باسی پەیوەندی دۆستایەتی لەنێوان کورد و ئەرمەن دەکات و دەڵێت، موهتیلا بەگ کەسێکی زۆر بەویژدان و خێرخواز بووە. زۆر بە باشی بە ئەرمەنی قسەی دەکرد. ڕێزێکی زۆری لە ئەرمەنییەکان دەگرت و ئەوانی خۆشدەویست. هەموو ڕێگایەکی بۆ ڕزگاکردنی ئەرمەنەکانی وان تاقیکردەوە. لە هەرێمەکانی ژێردەستی موهتیلا بەگدا کەمترین ئەرمەنی زیانیان بەرکەوت.

زۆر کەسی تریش بە تایبەتی لە ڕووسیا و ئەڵمانیا و ئەرمینیا باسیان لە ئازایەتی و بەخشندەیی موهتیلا بەگ کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ کەسێک لێکۆڵینەوەی لەبارەی لەدایکبوون و کۆچی دوایی ئەو کەسایەتیە گەورەیە نەکردووە.

هەوڵەکانی موهتیلا بەگی موکسی نیشانەیەکی ترە کە کوردەکان، هیچ کاتێک لەگەڵ کوشتنی ئەرمەنەکاندا نەبوون و هەوڵیانداوە بیانپارێزن، بەڵام هەندێک مێژوونووسی تورک بە دەستی ئەنقەست مێژوو پێچەوانە دەکەنەوە و وەک ئەوەی سوارەکانی حەمیدیە نوێنەرایەتی سوپای کوردی کردووە و بەشداری لە کوشتنی ئەرمەنەکاندا کردووە و بەو شێوەیە دەیانەویت پیشانی جیهانی بدەن کە کورد ئەرمەنەکانی کۆمەڵکوژ کردووە.

نمونەیەکی تری ئەوەی کە کورد خەمخۆری ئەرمەنەکان بووە، ئەوەیە، بەدیعوززەمان (سەعیدی کوردی) ئەو کاتە لە دەشتی بیلانخی وان فەرماندەی سوپای کورد بووە. ژەنەڕاڵیکی تورک فەرمانی پێکردبوو کە هەرچی ئەرمەنی دەستگیری بکات و بیانکوژێت.

بەدیعوززەمانیش ١٥٠٠ ئەرمەنی کۆکردەوە و پەیامی بۆ سوپای ڕووسەکان ناردووە کە بێن و ئەوان ڕزگار بکەن. کاتێک ئەرمەنەکان دەچنە لای ڕووسەکان، پێیان دەڵێت، 'کێ بوو ئێوەی ڕزگار کرد، ئەوانیش دەڵێن کورد بوون. ژەنەڕالی گەورەی ڕووسیش دەڵێت، 'کورد جەنگاوەرێکی زۆر ئازایە، هیچ کاتێک دیلەکان ناکوژن.