ڕاپۆرتی کوردستانی

06:59 - 13/01/2020

یەکێتی دوای کۆنگرە، ساردوسڕە‌

پەیسەر پرێس

یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، دواى یه‌كه‌م هه‌نگاوى كۆنگره‌ى چوار، سبه‌ینێ له‌ كه‌شى ساردى سلێمانى یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى خۆى ده‌كات، كۆنگره‌ زۆربه‌ى ئه‌ركه‌كانى بۆ ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه‌ جێهێشتووه‌ كه‌ دواى ٢٠ رۆژ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ ده‌كات و هه‌نگاوه‌كان ساردو سڕ ده‌نێت، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ش سه‌رۆك و جێگره‌كانى و ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ش كه‌ بڕیاره‌ جێگه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى بگرێتەوە یه‌كلاناكرێنه‌وه‌، یه‌كه‌م كارى سه‌ركردایه‌تى نوێ به‌ هه‌مواركردنى په‌یڕه‌و ده‌ستپێده‌كات.

کۆنگره‌ یه‌ك كارى كرد و هه‌موو ئه‌ركه‌كانى دا به‌ كۆڵى سه‌ركردایه‌تى نوێدا

یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، دواى مشتومڕێكى شه‌ش ساڵه‌ كۆنگره‌ى گرت، به‌ڵام كۆنگره‌ یه‌ك كارى كرد و هه‌موو ئه‌ركه‌كانى دا به‌ كۆڵى سه‌ركردایه‌تى نوێدا، ئه‌وانیش كه‌ هێشتا كه‌فوكوڵى ده‌رچوون به‌رى نه‌داون، ئه‌ركى دروستكردنه‌وه‌ى هه‌یكه‌لى یه‌كێتییان پێ سپێردراوه‌، كۆنگره‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى دایه‌ سه‌ركردایه‌تى، هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك و جێگره‌كانى دایه‌ ده‌ست سه‌ركردایه‌تى، دیاریكردنى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێكردنیشى دیسان دایه‌ ده‌ست سه‌ركردایه‌تى، ته‌نانه‌ت سه‌ركردایه‌تى نوێ ده‌توانێت ژماره‌ى ئه‌ندامه‌كانى خۆى زیاد بكات. بۆیه‌ جارێ یه‌كێتى زۆرى ماوه‌و كه‌میكردووه‌. 

سه‌ركردایه‌تى نوێ سبه‌ینێ له‌ هه‌موارى په‌یڕه‌وى ناوخۆى یه‌كێتی-یه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌ لیژنه‌یه‌ك ده‌سپێرێت تا ئه‌و لیژنه‌یه‌ كاره‌كان ته‌واو نه‌كات و په‌یڕه‌وه‌كه‌ په‌سه‌ند نه‌كرێت، ده‌ست بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك و به‌رپرسه‌ باڵاكانى دیكه‌ نابات. ره‌هبه‌ر سه‌ید برایم ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى بۆ په‌یسه‌ر گوتى، تائێستا به‌رنامه‌ى كارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ نازانێت به‌ڵام ئاگاداره‌ كه‌ هه‌موارى په‌یڕه‌وى ناوخۆ له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ى سبه‌ینێوه‌ ده‌ستپێده‌كات و دواتر سه‌ركردایه‌تى كاره‌كانى دیكه‌ ده‌كات. سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك و جێگره‌كانى و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێكردن گوتى، تائێستا هیچ دیار نییه‌و ده‌بێت په‌یڕه‌و ته‌واو بكرێت.

گریمانه‌ى ئه‌وه‌ش كه‌ یه‌كێتى نه‌توانێت سه‌رۆك هه‌ڵبژێرێت گریمانه‌یه‌كى دوور نییه‌

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس تائێستا رێككه‌وتن نه‌كراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كێ بكه‌نه‌ كه‌سى یه‌كه‌مى حزبه‌كه‌؟ ناوى سه‌رۆك بێت یاخود سكرتێر؟ ده‌سه‌ڵاته‌كانى چى بن؟ بۆیه‌ كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى به‌ كراوه‌یى ده‌هێڵدرێته‌وه‌و درێژده‌كرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وكاته‌ى رێككه‌وتن ده‌كرێت له‌ناوخۆى حزبه‌كه‌.

تائێستا زانیارى هه‌یه‌ كه‌ كاندیدى به‌هێز بافڵ تاڵه‌بانییه‌ و مه‌یلى زۆرى هه‌یه‌ كه‌ كورسییه‌كه‌ى باوكى وه‌ربگرێت، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى لاهور شێخ جه‌نگى بووه‌ ئه‌ستێره‌ى كۆنگره‌و زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى سه‌ركرایه‌تى نزیكى جه‌نگین. به‌ڵام خه‌ونى كوڕه‌ گه‌وره‌ى تاڵه‌بانى بێ ئۆكه‌ى و ره‌زامه‌ندى لاهور شێخ جه‌نگى هه‌روا ئاسان نییه‌، به‌رهه‌م ساڵحیش تائێستا چانسى له‌ده‌ست نه‌داوه‌، گریمانه‌ى ئه‌وه‌ش كه‌ یه‌كێتى نه‌توانێت سه‌رۆك هه‌ڵبژێرێت و سوكانه‌كه‌ بده‌نه‌ ده‌ستى ده‌سته‌یه‌كى چه‌ند كه‌سیى، گریمانه‌یه‌كى دوور نییه‌ بۆئه‌م دۆخەى یه‌كێتى.

 ناڕازییه‌كان یاداشتێكیان داوه‌ته‌ حزب و چاوه‌ڕێى چاره‌سه‌رن

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ ناڕازییه‌كانه‌ تائێستا به‌ره‌و پێشچوونى نوێ نییە به‌ دیدى ئه‌وان چونكه‌ دڵنیاییان پێنه‌دراوه‌، ناڕازییه‌كان چاوه‌ڕێى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تین به‌ڵام هیواى زۆریان پێى نییه‌. عوسمان بانیمارانى یه‌كێك له‌ كاندیده‌ ده‌رنه‌چووه‌ ناڕازییه‌كان بۆ په‌یسه‌ر گوتى، به‌شێك له‌ نیگه‌رانى ئه‌وان له‌ خودى سه‌ركردایه‌تییه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كه‌یه‌. سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه‌ ئایا ده‌سه‌ڵاتدرانى یه‌كێتى ئه‌وانه‌ى كۆنگره‌یان به‌ڕێوه‌برد هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كیان كردووه‌ بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى ناڕازییه‌كان بانیمارانى گوتى:"موئامه‌ره‌كه‌ ئه‌وان كردیان، به‌شێكیان هه‌وڵیانداوه‌ وه‌ك دڵدانه‌وه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ كردووین به‌ڵام ئێمه‌ دڵدانه‌وه‌ قبوڵ ناكه‌ین".

ئه‌و ده‌رنه‌چووه‌ ناڕازییه‌ گوتى، ئه‌و هیچ چاوه‌ڕوانییه‌كى نییه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تى نوێ و هیچ داواكارییه‌كیشى نییه‌ له‌وانه‌ى وه‌ك خۆى ده‌ڵێت"موئامه‌ره‌"یان كردووه‌. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر ده‌رنه‌چووه‌ ناڕازییه‌كان یاداشتێكیان داوه‌ته‌ حزب و چاوه‌ڕێى چاره‌سه‌رن، ده‌یانه‌وێت پێكه‌وه‌ هه‌ڵوێست بنوێنن، یه‌كێك له‌و چاره‌سه‌رانه‌ى كه‌ باسكراوه‌ زیادكردنى ژماره‌ى ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تییه‌ بۆ ١٣١ كه‌س. 

كۆنگره‌ كێشه‌ى زۆرى بۆ یه‌كێتى قوتكرده‌وه‌

پێشتر فه‌رید ئه‌سه‌سه‌ر ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى به‌ په‌یسه‌رى راگه‌یاندبوو، پێشنیار هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى دواى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى لیژنه‌یه‌ك دروستبكرێت و گوێ له‌ ناڕازییه‌كان بگرێت، به‌گوته‌ى ئه‌و چه‌ند چاره‌سه‌رێك پێشنیاركراوه‌ به‌ڵام به‌وجۆره‌ نا كه‌ ناڕازییه‌كان كوتومت ده‌یانه‌وێت به‌ڵكو چاره‌سه‌رى مامناوه‌ندین.
 
پێش كۆنگره‌ به‌شێك له‌ به‌رپرسه‌كانى یه‌كێتى به‌رده‌وام ده‌یان گوت، كۆنگره‌ هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات. له‌ ڕاستیدا كۆنگره‌ كێشه‌ى زۆرى بۆ یه‌كێتى قوتكرده‌وه‌و حزبه‌كه‌ى بێ سه‌رئێشه‌ جێنه‌هێشت. ئه‌گه‌رچى سه‌ركردایه‌تى نوێى ده‌ستكراوه‌ كردووه‌ بۆ چارسه‌ر به‌وپێیه‌ى هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكى پێبه‌خشیوه‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌وه‌ى دیاره‌، ته‌نها ئه‌نجومه‌نێكى به‌ ته‌سكییه‌ سه‌رخراوى سیاسییه‌ و سه‌ركردایه‌تییه‌كى قه‌ره‌باڵغى سارد و سڕه‌، سەر و کەلەو ده‌مووچاوى حزبه‌كه‌ش نادیاره‌.