ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:23 - 14/01/2020

لە تورکیا هەموو میدیایەک یەک خاوەنی هەیە ئەویش لە کۆشک دادەنیشێت‌

پەیسەر

باری نائاسایی لە تورکیا و بە تایبەتی لە باکووری کوردستان هەرچەندە بەپێی بەرپرسانی تورکیا بێت، کۆتایی هاتووە، بەڵام بەردەوامە و ڕۆژنامەنووسان قوربانی سەرەکین.

حکومەت لە ٢٠ی تەمموزی ٢٠١٦دا بە فەرمی باری نائاسایی ڕاگەیاند و ٧ جار بە فەرمی درێژکرایەوە. هەرچەندە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٨دا بە فەرمی هەڵوەشێنرایەوە، بەڵام بۆ کورد و بە تایبەتی ڕۆژنامەنووسان بەردەوامە.

هەرچەندە حکومەتی تورکیا ئیمزای لەسەر ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیەکان بۆ پاراستنی یاسای ڕۆژنامەنووسی کردووە، بەڵام لە ئێستادا بە یەکێک لە وڵاتە هەرە دواکەوتووەکان لە بواری ڕۆژنامەنووسی و راگەیاندندا دادەنرێت.

حکومەتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە ١٠ ساڵی ڕابڕدوودا زۆر جار بانگەشەی گۆڕینی دەستووری بنەڕەتی و فراوانکردنی یاساکانی  تایبەت بە ئازادی ڕاگەیاندنی کردووە، بەڵام بە پێی ئامارە سەربەخۆکان ئێستا ٩٤٪ی ناوەند و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتدان.

ئێستا ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگه‌ریی لە دۆخێکدایە کە دەسەڵات پارە دەدات و ناوەندەکانی ڕاگەیاندنیش بانگەشەی بۆدەکەن.

دۆخێک دروست بووە هەموو ئه‌و ڕیکلامە بازرگانیانه‌ی بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەدرێن، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت پەسەندی بکەن. بەو شێوەیە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کۆنتڕۆڵدەکرێن و ناوەندێکی تایبەتیش بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەم ڕاگەیەندنەکانی تورکیا دامەزرێنراوە کە هەموو هەواڵە فەرمیەکان و بە تایبەت ئەو بانگەشانەی بەرامبەر کورد دەکرێت، لەو ناوەندەوە دەردەچن و پێویستە ڕاگەیاندنه‌كان بە پێی ئەو زانیاریانە مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و زانیاریەکاندا بکەن.


لە کۆی ١٨٢ وڵات ئێستا تورکیا لە ڕووی ئازادی ڕۆژنامەنووسیەوە لە ڕیزی ١٥٧مین دایە و ١١ هەزار ڕۆژنامەنووس لە کارەکانیان دەرکراون.

حکومەتی ئاکەپە لە ٤ ساڵی ڕابردوودا هەوڵیداوە هەموو ناوەندەكانی چاپەمەنی و ڕاگەیندنه‌کانی ئۆپۆزسیۆن دابخات، لەو چوارچێوەیەدا ١٧٤ دەزگای داخستووە کە زۆربەیان کوردین، گرنگترینیشیان  ئاژانسی ژینها، دیها، ڕۆژنامەی ئوزگور گوندەم، ئازادیا وەڵات، ئوزگوندەم تی ڤی، ئی مە جە تیڤی، تی ڤی ١٠، دەنگە تی ڤی، ئازادی تی ڤی، وان تی ڤی، دیجلە تی ڤی بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی رێکخراوی چاودێری میدیا تورکیا، حكومه‌ت لێپرسینەوەی لەگەڵ ٣١٥ ڕۆژنامەنووس، نووسەر و بەرپرسی میدیا کوردیەکاندا کردووە.


بە پێی ئامارێکی دەستپێشخەری ڕۆژنامەنووسانی ئازادی باکووری کوردستان بە تەنها لە ساڵی ٢٠١٨ دا ١٩٢ ڕۆژنامەنووسی کورد دەستگیرکراون و دەیان ڕۆژنامەنووسیش غه‌رامه‌كراون.

بەم شێوه‌یە هیچ میدیایەکی سەربەخۆ لە تورکیا نەماوە، میدیاكان یەک خاوەنیان هەیە کە ئەویش لە کۆشک دادەنیشێت و ناوی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانە.

لە ساڵی ٢٠١٢وە هیچ هەواڵێک لەسەر گەندەڵیەکانی بەرپرسانی حکومەت، بە تایبەتی خێزانەکەی ئەردۆغان بە بێ سزا بەسەر ئەو ڕۆژنامەنووس و میدیایانەدا تێنەپەڕیوە.

دەیان ڕۆژنامەنووس سزای زیندانیی ٣ بۆ ٨ ساڵیان بەسەردا سەپێنراوە و هەندێکیان تا ئێستاش لە زینداندان. بە کۆی گشتی نزیکەی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار دۆلار سزا بەسەر ڕۆژنامەنووساندا سەپێنراوە و هەموو ئەو پارەیەش بۆ حکومەتی داد و گەشەپێدان دەڕوات.