ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:16 - 14/01/2020

١٠ جیاوازى خۆپیشاندانه‌كانى ئێستاى ئێران‌

پەیسەر

شارەکانی ئێران، جارێکی دیکە بوونەوە بە گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، دژ بە دەوڵەت. دوو مانگ دوای ناڕەزایەتییەکانی کۆتایی ٢٠١٩ کە گەورەترین ناڕەزایەتی بوون لە مێژووی ٤٠ ساڵەی کۆماری ئیسلامیدا و زۆربەی پارێزگاکانی ئەو وڵاتەیان گرتەوە، بە وردبوونەوە لە هەڵسوکەتی خەڵکی ناڕازی و کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی ناڕازییان، دەکرێ چه‌ند جیاوازى و تایبەتمەندییه‌كى ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە دەستنیشان بکەین.

ناڕەزایەتییەکان ده‌سه‌ڵاتى ناچاركردووه‌ به‌رده‌وام له‌ شه‌قام ئاماده‌یى هه‌بێت

یه‌كه‌م؛ کەمبوونەوەی ماوه‌ی  نێوان ناڕەزایەتییە گەورەکان لە ١٠ ساڵ جارێکەوە بۆ ٢ مانگ جارێک، ماوه‌ی نێوان ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٧٨ی هەتاویی کە بە دوای هێرشکردنە سەر بەشە ناوخۆیی خوێندکاران لە تاران سەری هەڵدا و ناڕەزایەتییە گەورەکەی دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ساڵ ٨٨ی هەتاویدا، ماوەی ١٠ ساڵ بوو. دوای ئەوە ماوەی ٨ ساڵی خایاند تاوەکوو ناڕەزایەتییەکی گەورەی خەڵک دژ بە حکومەت و لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی سەری هەڵ دایەوە.

ناڕەزایەتییەکانی کۆتایی ٢٠١٩ کە بەهۆی گرانکردنی نرخی بەنزین سەریانهەڵدا و بە خێرایی گۆڕان بۆ ناڕەزایەتی سیاسی دژ بە حکومەت، لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ٩٦ی هەتاوییدا تەنیا ماوەی دوو ساڵ مەودایان لە نێواندا بوو. ناڕەزایەتییەکانی ئێستاش لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی کۆتایی ٢٠١٩، ماوه‌ی دوو مانگیان لە نێواندایە.

ماوه‌ی نێوان ناڕەزایەتییە گەورەکانی خەڵک دژ بە دەوڵەت کەمتر دەبێتەوە. دووبارەبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان ده‌سه‌ڵاتى ناچاركردووه‌ به‌رده‌وام له‌ شه‌قام ئاماده‌یى هه‌بێت. 

تەکتیکی ترس و تۆقاندن کاریگەر نەبووە و وەڵامدەرەوە نییە بۆی

دووه‌م؛ ناکارابوونی تەکتیکی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن بە کوشتنی ژمارەیەکی زۆری ناڕازییانی کۆتایی ٢٠١٩.
کۆماری ئیسلامی لە ناڕەزایەتییەکانی کۆتایی ٢٠١٩، بە خێرایی و لە کاتژمێرەکانی سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکاندا، کە زانی پەرە دەسێنن و سەرانسەری وڵات دەگرنەوە، دەستی دایە تەقەکردنی بەربڵاو و راستەوخۆ لە ناڕازییان و لە ماوەی کەمتر لە ٥ رۆژدا ٣٧٠ کەس کوژران بەپێی ئاماری رێکخراوەکان، بەڵام میدیا نێودەوڵەتییەکان دەڵین هه‌زار و ٥٠٠ ناڕازی لە سەرانسەری ئێران-دا کوژراون لەو پێنج رۆژەدا.

ناڕەزایەتییەکانی چەند رۆژی رابردوو دژ بە کۆماری ئیسلامی پیشانی دەدەن؛ تەنانەت ئەگەر حکومەت تەکتیکی ترس و تۆقاندنیش بگرێتە بەر، ئەو تەکتیکە کاریگەر نەبووە و وەڵامدەرەوە نییە بۆی و ناتوانێت لەو رێگەیەوە بەر بە چوونەوە سەر شەقامی ناڕازییان بگرێت.

سێیه‌م؛ پێداگری لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی رابەر، سەرەڕای ئەوەی واژۆکەرانی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی رابەر، دەستبەسەر کراون.
ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران، لە ساڵی ٢٠١٩دا کە لانیکەم پێک هاتبوون لە دوو گرووپی ١٤ کەسیی، لە نامەیەکدا داوای دەستلەکارکێشانەوەی عەلی خامەنەیی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد. کۆماری ئیسلامی زۆربەی واژۆکەرانی ئەو نامەیەی دەستگیر و دادگایی کرد، بە هیوای ئەوەی لە رەگەوە فشار دروستکردن بۆ دەستلەکارکێشانەوەی رابەر لە ناو بەرێت.

گوتاری ناڕازییانیش شۆڕشگێڕانەتر و رووخێنەرتر بووە

دەستلەکارکێشانەوەی خامەنەیی داواكارى سه‌ره‌كى و سیماى ناڕه‌زاییه‌كانى ئه‌مجاره‌یه‌، وەک رابەر و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، کە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە گەشتیارییە ئۆکراینییەکە و کوژرانی ١٧٦ کەسی بێتاوان، لە ژێر فەرماندەیی راستەوخۆی ئەودا روویان داوە.

چواره‌م؛ پەڕینەوەی ناڕازییان لە گوتاری ریفۆرمخوازی و سەرهەڵدانی گوتاری روخاندن
ئاوڕدانەوە لە دروشمەکانی ناڕازییانی ٩٦ی هەتاویی و بە دوای ئەودا ناڕەزایەتییەکانی کۆتایی ٢٠١٩ و سەرەتای ٢٠٢٠، پێشان دەدەن کە زۆربەی ئەو دروشمانەی ئێستا دەبیسترێن بە پێچەوانەی ناڕەزایەتییەکانی ٨٨ی هەتاویی، لە بازنەی گوتاری روخاندندان.

لە ساڵی ٨٨ی هەتاویدا، دروشمی سەرەکی ناڕازییان بریتی بوو لە "دەنگی من لە کوێیە" و "دەنگەکەم بدەرەوە".ئێستا زۆربەی دروشمەکان دژی رابەر و سوپای پاسداران و خودی سیستەمی کۆماری ئیسلامیین. بە هەمان ئەندازە کە حکومەت لە سەرکوتکردنی ناڕازییان جدیتر بووە، گوتاری ناڕازییانیش شۆڕشگێڕانەتر و رووخێنەرتر بووە.

سوپای پاسداران و هێزە تایبەتەکانی، ئەمجارەش باسکی سەرەکی سەرکوتکردنن

وا دەردەکەوێ هەڵسوکەوتی حکومەتی رۆحانی و بێدەنگی و دەستەوستانی زۆربەی ریفۆرمخوازان لە بەرامبەر ناڕەزایەتییەکانی ٩٦ی هەتاوی و کۆتایی ٢٠١٩دا، بوونە هۆی ئەوەی لە خواستە هەنووکەییەکانی خەڵک دوور بکەونەوە. گرنگینەدانی خەڵک بە رەتکردنەوەی کاندیدەکانی ریفۆرمخوازان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و لە لایەن ئەنجومەنی پاسەوانی دەستوورەوە، یەکێک لە نیشانەکانی لەناوچوونی لەسەرخۆی ریفۆرمخوازان و گوتاری ریفۆرمخوازییە لەناو ناڕازییانی لایەنگری رووخاندنی حکومەتی سەرکوتکاردا.

پێنج؛ پەراوێزکەوتنی کابینەی رووحانی لە قەیرانی نێوان ناڕازییان و رابەر و سوپادا.
ناڕەزایەتییەکانی کۆتایی ٢٠١٩ و سەرەتای ٢٠٢٠، پیشانى ده‌ده‌ن کە حکومەتی حەسەن رووحانی لە پرسی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژ بە حکومەتدا، کەنارگیر و پەراوێز خراوە. ناڕازییان نە حکومەت دەبینن، نە دروشمێک لە دژی دەڵێن. (لە حاڵێکدا پێشتر دژی رووحانی دروشم دەوترا). هەروەها سوپا و رابەریش لە بڕیاردان بۆ سەرکوتکردنی ناڕازییان، بەشداریی بە حکومەتی حەسەن رووحانی ناکەن.

حکومەت و وەزارەتە ناوخۆکەی وەک بەشی لۆجستی و پەسەندکەری بڕیاری سەرکوت دەبینرێن و بڕیارە سەرەکییەکانی په‌یوەندیدار بە سەرکوتکردن لە دامەزراوەکانی دەرەوەی حکومەتدا دەدرێن. بوونی حەسەن رۆحانی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیدا بەواتای ئەوە نایەت بۆچوونەکانی ئەو لەبارەی چۆنێتی رووبه‌ڕووبوونەوەی ناڕازییان کاریان پێدەکرێت. هەرچەند لە ناڕەزایەتییەکانی ٢٠١٩دا بینرا کە رووحانی و حکومەت لە سەرکوتکردنی ناڕازییاندا بە کردار شوێنکەوتوو و هاوتەریبی بۆچوونەکانی رابەر و سوپای پاسدارانن کە توندترین رووبەڕووبوونەوەیان بە پێویست زانی.

شه‌ش؛ سوپای پاسداران و هێزە تایبەتەکانی، ئەمجارەش باسکی سەرەکی سەرکوتکردنن، هێزە تایبەتەکانی پاسداران بوو کە لقێکی سوپای پاسدارانە لە ناو هێزە ئینتیزامییەکاندا، هەروەها سوپا خۆی و هێزەکانی بەسیجیش ئامادە بوون. فەرماندەیی ئەو باسکە لە قەرارگای ساروڵای تاران بە دەست عەمید محەممەد کەوسەرییە و لە شارەکانی دیکەیش بە دەست فەرماندەکانی دیکەی سوپایە.

ئەزموونی دەستگیرکردنەکانی ٢٠١٩ ئاشکرای کرد کە بە پێچەوانەی ئەوەی لە رواڵەتدا وەک ناکۆکی نێوان دەزگای ئیتڵاعاتی سوپا و وەزارەتی ئیتڵاعاتدا دەبینرێ، هەم ئیتڵاعاتی سوپا و هەم وەزارەتی ئیتڵاعات لەسەر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ناڕازییه‌كان هاوڕا و هاوتەریبن.
زۆربەی دەستگیرکردنەکانی ناڕەزایەتییەکانی کۆتایی ٢٠١٩ و دوای ئەویش بە هاوکاری ئەو دوو دامەزراوە هەواڵگریی و سەربازییە کراون، هێشتا ئاماری دەستگیرکراوەکانی ٢٠١٩ کە لانیکەم بە هه‌شت هەزار کەس مەزەندە کراوە، رانەگەیەنراوە.

حه‌وت؛ نیگەرانی دەوڵەت لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان بۆ ناوچە و چین و توێژەکانی سەرانسەری وڵات و کەمبوونی هێزه‌ بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، ئەزموونی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی کۆتایی ٢٠١٩ و سەرکوتکردنی خوێناویی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ئاشکرایکرد کە یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی، پەرەسەندنی جیۆگرافیای ناڕەزایەتییەکانە، بە جۆرێک کە هەموو پارێزگاکانی ئێران بگرێتەوە.

ئەم نیگەرانییە دوو هۆکاری لە پشتە: یەکەم، پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان بۆ ژمارەیەکی زیاتر لە پارێزگاکان، بە واتای ئەوە دێت کە ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵک بە حکومەت و رابەر و سوپا ناڕازین و رەوایەتییان دەخەنە ژێر پرسیارەوە. دووەم، ناڕەزایەتییەکان هەرچی زیاتر بۆ پارێزگا و شارەکانی دیکە پەرە بسێنن، کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنیان پێویستی بە هێزی زیاتر دەبێ و دەرفەتی گواستنەوەی هێز لە پارێزگایەکەوە بۆ پاریزگایەکی دیکە یا لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە بە مەبەستی سەرکوتکردنی ناڕازییەکان کەمتر دەبێت.

گرنگی ئەم بابەتە بۆ کۆماری ئیسلامی لە ناڕەزایەتییەکانی کۆتایی ٢٠١٩دا دەرکەوت، کاتێک بۆ یەکەمجار و بۆ سەرکوتکردن تووشی کەمبوونی ژمارەی هێزەکانیان بوون و دیسان بۆ یەکەمجار ناچار کران بۆ پاراستنی بینای شوێنە هەستیارەکان، هێزەکانی سوپای نیشتمانی (ئەرتەش) بەکار بێنن، ئەوەیش بۆ ئەوەی هێزەکانی پۆلیسی ئاسایی ئەرکیان لە پاراستنی بیناکانەوە بگوازرێتەوە بۆ سەرکوتکردنی ناڕازییەکان. کە ئەوە خۆی حاڵەتێکی دەگمەن بوو، چونکە کاری سەرکوتکردن بەردەوام بە هێزە تایبەتە ئینتیزامییەکان کراوە.

هه‌شت؛ پێشڕەوبوونی زانکۆکان و خوێندکارەکان لە ناڕەزایەتییەکانی کۆتایی ٢٠١٩، هەڵەی شیکاری چینایەتی و پێکهاتەیی بۆ ناڕازییان ئاشکرا کرد، لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی کۆتایی ٢٠١٩دا، ژمارەیەکی زۆر لە شرۆڤەکاران جەختیان لە سەر ئەوە دەکرد کە ناڕازییان لە "توێژی هەژار و دەستکورتی کۆمەڵگا" و  "چینی نەخوێندەوار و قەراغنشینی شارەکان"ن. بەڵام دەبینین ئێستا ناڕەزایەتییەکان لە زانکۆکان و بە تایبەت لە دوو زانکۆی ئەمیر کەبیر و شەریف – ەوە سەریان هەڵداوە کە بە دوو زانکۆی سیاسیی ئێران ناسراون.

پێشڕەوبوونی خوێندکاران لە ناڕەزایەتییەکاندا، ئەو شیکارییە بەرپەرچ دەداتەوە کە دەڵێت "چینی رووناکبیر و مامناوەندی شارەکان، لەگەڵ خۆپێشاندەران نەبوون". وەک دەرکەوت نە ناڕەزایەتییەکانی کۆتایی ٢٠١٩ تەنیا "چینی نەخوێندەوار و هەژار" کردوونی و نە ناڕەزایەتییەکانی سەرەتای ٢٠٢٠ تەنیا خوێندکاران کردوویانە. لە راستیدا چین و توێژی جۆراوجۆری خەڵک دەنگی ناڕەزایەتییان هەڵبڕیوە، بەڵام ناڕەزایەتییە خوێندکارییەکانی کۆتایی ٢٠١٩ زیاتر و خێراتر لە ناڕازییان و ناڕەزایەتییەکانی دیکە بەرچاو کەوتوون.

کۆماری ئیسلامی وەڵامی هیچ خواست و داواکارییەکی ناڕازییانی نەداوەتەوە

نۆ؛ پشتگیریکردنی ناڕەزایەتییەکان لە لایەن هونەرمەندانی ناسراو و بایکۆتکردنی فێستیڤاڵی ساڵانەی فەجر لە رۆژی یەکەمی ناڕەزایەتییەکانی سەرەتای ٢٠٢٠، ژمارەیەک لە دەرهێنەران و هونەرمەندانی سینەما لەگەڵ ناڕازییانی دیکە و لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەرامبەر زانکۆی ئەمیرکەبیر ئامادە بوون. هەروەها رەخشان بەنی ئیعتماد دەرهێنەری ناسراوی ئێران، داوای کرد وەک رێزگرتن لە قوربانیانی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، خەڵک لە گۆڕەپانی ئازادی تاران کۆ ببنەوە، کە بانگەوازەکەی بە هۆی هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکان هەڵوەشایەوە.

روویەکی دیکەی هاوتەریببوونی هونەرمەندان لەگەڵ ناڕازییان، پاشگەزبوونەوەی یەک لە دوای یەکیانە لە بەشداریکردنی فێستیڤاڵی ساڵانەی فەجر. مەسعود کیمیایی دەرهێنەری بەناوبانگی سینەمای ئێران رایگەیاند؛ بە هۆی ئەو بارودۆخە و خەمێک کە  خەڵکی داگرتووە، ئامادە نییە فیلمە نوێکەی خۆی لە فێستیڤاڵی فیلمی فەجر نمایش بکات.
ژمارەیەکی دیکەیش لە دەرهێنەران، داوەران، هونەرمەندان و گرووپە شانۆییەکان، رایانگەیاندووە کە بەشداریی فێستیڤاڵی فەجر ناکەن. هونەرمەندان دەزانن کە ئەو جۆرە هەڵوێستوەرگرتنەیان باجی خۆی دەبێ، بەڵام وایان بە باشتر زانیوە کە لە نێوان خەڵکی ناڕازی و دەوڵەتدا راشکاوانە بەرەی خەڵک هەڵبژێرن.

ده‌یه‌م؛ پێداگریکردنی کۆماری ئیسلامی لە سەر نەبیستنی دەنگی ناڕازییان و بەردەوامبوونی لە سەرکوتکاریی، لە بری کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەکان بوو بە هۆی بەردەوامبوونیان،

 سیاسەتی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا کوشتن و دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی ناڕازییان بووە

رووبه‌ڕووبوونەوەی توندی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ناڕازییان و هەوڵدانی بۆ سەرکوتکردنیان و کۆتاییهێنان بە ئامادەبوونیان لە شەقامەکاندا، پێشان دەدات کە سیاست و ستراتیژی حکومەت بریتییە لە نەبیستنی دەنگی ناڕازییان، کۆماری ئیسلامی وەڵامی هیچ خواست و داواکارییەکی ناڕازییانی نەداوەتەوە، نە لە ناڕەزایەتییەکانی رابردوو و نە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا. سیاسەتی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا کوشتن و دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی ناڕازییان بووە.
سەرچاوە: رادیۆ فەردا