ڕاپۆرتی کوردستانی

07:24 - 15/01/2020

ئازایەتی سەرکردەیەکی کورد فەڕەنسییەکانی تووشی سەرسوڕمان کرد‌

پەیسەر

لە مێژووی گەلی کورددا لە چوار پارچەی کوردستان بە هەزاران شەڕ و هێرش و پەلامار ڕوویانداوە و گەلی کوردیش لەدژی هێرشەکان بەرگرییەکی زۆری کردووە و ژمارەیەک سەرکردە و شەڕڤان بە شێوەیەکی زۆر قاڕەمانانە لەپێناو گەل و وڵاتدا گیانیان بەخت کردووە.

لەم ڕاپۆرتەشدا بە پشتبەستن بە گێڕانەوەی نووسەرێکی گەورەی فەڕەنسی باس لە قاڕەمانێتی سەرکردەیەکی گەنجی کورد دەکەین کە لەدژی عوسمانییەکان شەڕی کردووە و کاتێک بەدیل گیراوە، بۆ ئەوەی حەشارگەی هاوڕێکانی ئاشکرابکات، لە ناو مەنجەلێکی گەورەدا کۆڵاندوویانە، بەڵام جگە لە دروشمی دژی عوسمانیەکان هیچ شتێکی بەدەمدا نەهاتووە.

کریس کۆچەرا نووسەر، ڕۆژنامەنووس و مێژووناسی فەڕەنسی کە لێکۆلینەوەی لە سەر مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عوسمانی و کورد کردووە لە بەرهەمێکیدا باس لە هەندێک گەشتیاری کۆنی فەڕەنسی دەکات کە سەردانی ئەو ناوچانەیان کردووە کە لە ژێر دەسەلاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدابوون.

 

کریس کۆچەرا لە نووسینەکەیدا باس لە گەشتی لێکۆلەرێکی فەڕەنسی بە ناوی (بابیستان پوژولا) دەکات کە لە ساڵی ١٨٣٧ سەردانی کوردستانی کردووە کە ئەو کاتە لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بووە و شەڕێکی سەخت لە نیوان سوپای عوسمانی و میرنشینە کوردەکاندا هەبووە.


کریس کۆچەرا دەڵێت ، بابیستا پوژولا لە ساڵی ١٨٤٠ گەڕاوەتەوە بۆ فەڕەنسا و نووسین و بەسەرهاتەکانی لە کوردستان و ناوچەکانی تر لە کتێبێکدا بە ناوی (گەشتەکەم) چاپ کردووە و باسی ڕووداوی زۆر گرنگ و تراژیدی کردووە کە لە لایەن سوپای عوسمانیەوە ئەنجامدراون.

کریس کۆچەرا لەسەر زاری بابیستا پوژولا باس لە شەڕی کوردەکان لە شاروچکەی ڕەواندوز لەدژی دەوڵەتی عوسمانی دەکات کە هەوڵیانداوە میرنشینی رەواندوز بڕوخێنن.
بابیستا بەم شێوەیە باس لە شەڕەکە دەکات:
" حافز پاشا لە ساڵی ١٨٣٧ فەرماندەی هەموو سوپای عوسمانی بوو لە ناوچەکە (باشووری کوردستانی ئەمڕۆ). بە بڕیاری ئیمپراتۆری عوسمانی، سوپای تورک بە سەرۆکایەتی حافز پاشا پەلاماری میرنشینی رەواندوز دەدەن  و شەڕێکی سەخت لە نێوان هەردوولادا ڕوودەدات.

دوای ئەوەی بەشێک لە سەرکردەکانی رەواندوز خۆیان ڕادەستی عوسمانییەکان دەکەن، چەند فەرماندەیەکی گەنج و شەڕڤان تۆڕە دەبن و بە شێوەیەکی زۆر کاریگەر لەدژی سوپای عوسمانی شەڕ دەکەن."

بابیستا دەڵێت، "شەڕڤانە کوردەکان بە شێوەیەک شەڕیان دەکرد کە سوپای عوسمانی لە ترسا نەیاندەتوانی دەست بە ئۆپەراسیۆن بکەن و سەریان سوڕمابوو. شەڕەکە بە شێوەیەک سەخت ببوو کە نە کوردەکان و نە عوسمانیەکان گوێیان بە یاساکانی شەڕ نەدەدا و دیلەکانیشیان دەکوشت. بە تایبەتی عوسمانیەکان بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە کوردەکانیان ئەشکەنجە دەدا تا ئاستی مردن.

 

هەروەها باسی ئەوەش دەکات، شەڕەکە سێ مانگ بەردەوام بووە. سوپای عوسمانی ٤٠٠٠ سەربازی لێ کوژرا. بە سەدان گوندی کوردەکان وێرانکران و سوتێنران.

بابیستا باس لە نزیکەی ٤٠٠٠ کورد دەکات کە ژن و پیاو و منداڵ و پیریان تێدابووە و لە لایەن عوسمانیەکانەوە بەدیل گیرابوون و دەڵێت، "نیوەی دیلەکان بێ جلوبەرگ بوون و پێڵاویان لەپێدا نەبوو. زۆر پەرێشان و لە دۆخێکی ناخۆش دابوون. هاوار و قیژەی منداڵ و ژنی کورد جەهەنەمی دەهێنایە بەرچاوم.

دیلەکان شەش ڕۆژ لە چۆڵەوانیەک لەبەر گەرمای سەختی هاوین بە بێ نان و ئاو هێڵرانەوە. ٢٠ منداڵی شیرەخۆرە گیانیان لەدەستدا.

ئازایەتی سەرکردیەکەی کوردی بێناو و نیشان
بابیستا دوای ئەوەی باسی ئەو تراژیدیایە دەکات کە بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا هاتووە. هەروەها ئاماژە بە کەسێک دەکات کە لە لایەن عوسمانیەکانەوە بە برینداری لە شەڕدا بەدیل گیراوە.

 

بابیستا دەڵێت، گەنجێکی باڵابەرز و چوارشانە و شەڕڤانێکی زۆر بوێر بوو. دیار بوو سەرکردەیەکی سەربازی بوو.

بابیسا کە ڕووداوەکەی بە چاوی خۆی بینیوە و شایەدی ڕووداوەکە بووە بەم شێوەیە باس لەو گەنجە کوردە دەکات:
"تەمەنی گەنجە کوردەکە خوار ٣٠ ساڵ بوو. بە برینداری لەلایەن سوپای عوسمانییەوە دەستگیر کرابوو و هێنابوویان بۆ لای حافز پاشا. من سەرنجم زۆر دایە قسەکانی نێوان حافز پاشا و ئەو سەرکردە گەنجەی کورد.

حافز پاشا داوای لێکرد، شوێنی هاورێکانی ئاشکرا بکات و باس لە شێوەی پلانەکانی شەڕڤانانی کورد بکات. بەڵام ئەو گەنجە کوردە دەڵێت: "بۆ من لە خایین ئەچم؟". حافز پاشا پێشنیاری بۆ دەکات، ئەگەر هاوکاریان بکات لەناو سوپاکەیدا دەیکات بە ژەنەڕالێکی گەورەی عوسمانی و هەرچییەکی دەوێت پێشکەشی دەکات. بەڵام گەنجەکە دەڵێت: " شانسەکەم وابوو بکەومە دەستی ئێوە، من خیانەت لە هاوڕێکانم ناکەم و فەرموون چیتان لەدەست دێت بیکەن".

حافز پاشاش فەرمان دەدا ٥٠٠ دار لە ژێر  قاچی بدەن بۆ ئەوەی قسە لەسەر هاوڕێکانی بکات، بەڵام دوای کۆتاییهاتنی ئەشکەنجە، گەنجە کوردەکە داوای جگەرەیەک دەکات و جگەرە دەکێشێت و بەرامبەر ئەو هەموو لێدانە یەکجاریش هاوار ناکات و تا دەتوانێت پێدەکەنێت.

حافز پاشاش توڕە دەبێت و فەرمان دەکات، گەنجە کوردەکە بکەنە ناو مەنجەڵێکی گەورەوە و پڕی کەن لە ئاو و ئاگر لەژێریدا هەڵکەن و وردە وردە بۆ ئەوەی ئاوەکە گەرم بێت و گەنجە کوردەکە قسە بکات.

 

بابیستا دەڵێت، "سەرکردە گەنجەکەی کورد تا لە ناو ئاوەکەدا کوڵا، قسەی نەکرد و بەو شێوەیە گیانی لەدەستدا".

بابیستا پوژولا لە کتێبەکەیدا بەسەرهاتی ئەو سەرکردە گەنجە کوردەی بە نمونەی ئازایەتی و قاڕەمانێتی شەڕڤانی کورد هێناوەتەوە و دەڵێت: " سەرکردەی ڕۆم و یونان و تورکم زۆر بینیەوە، بەڵام هیچیان وەک سەرکردە کوردەکان نەبەز و ئازا نین".


کریس کۆچەرا کە ڵێکۆلینەوەی لە مێژووی کورد کردووە و چەند کتێبێکی لەبارەی کوردەوە هەیە کێیە؟
کریس کۆچەرا بە ناوێکی تر (پوڵ مابیج) لە ١٣ی ئایاری ١٩٣٨ لە شاری بۆیس گولیامی فەڕەنسا لەدایکبووە و لە ٣١ی تەموزی ساڵی ٢٠١٧ لە فەڕەنسا کۆچی دوایی کردووە.
لێکۆلەر، نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی دیاری فەڕەنسا بووە و ڵێکۆلینەوەیەکی زۆری لەبارەی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان کردووە.
ڵێکۆلینەوەکانی لە ڕۆژنامەی  Le Monde Diplomatique و گۆڤارەکانی وەک The Middle East،  El Wasat،  El Mundo بڵاوبوونەتەوە. ئەو و هاوسەرەکەی بە ناوی (ئەدیز) چەندین کتێبیان لەبارەی ژیان و ڕاپەرینە کوردیەکان نووسیوە.

گرنگترین بەرهەمەکانی ئەمانەن
Le Mouvement national kurde, Flammarion, 1979
Le Défi kurde ou le Rêve fou d'indépendance, Bayard Éditions, 1997
Le Kurdistan, Guide littéraire, Éditions Favre, 1998
Le Livre noir de Saddam Hussein, Oh ! Éditions, 2005
Stories Kurdistan Histoires, 2007
La Longue Marche des Kurdes 40 ans de reportage au Kurdistan, JePublie, 2011

سەرچاوەکان
https://ku.wikipedia.org/wiki/Chris_Kutschera
https://www.rudaw.net/kurmanci/world/040820172
http://www.bitlisname.com/2015/11/19/rebere-kurd-e-heri-celeng-le-benav-2
/