ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:56 - 17/01/2020

دەوڵەت شەڕێکی کلتوری لەدژی گەنجانی ئێران بەڕێوەدەبات‌

پەیسەر

بۆ تێگەیشتنی باشتر لەوەی هەر کۆمەڵگەیەک چۆن بیر لە داهاتووی خۆی دەکاتەوە. دەبێ سەرنجی سیاسەتەکان و ئاراستەکانی ئەو وڵاتە لە ئاست گەنجەکانی بدرێت.

ئەو دۆخەی لە ئێران بۆ گەنج هەیە؛ کار کردن بە منداڵان، بە شوودانی زۆرەملێی کچان لە تەمەنی منداڵیدا، هەڵسوکەوتی خراپی حکومەت لەگەڵ پەروەردە و پرسەکانی گەنجان. ئاوێنەیەکە کە ئاسۆکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆمەڵگەی ئێران وێنا دەکات.

منداڵانی کار یا کۆیلایەتی نوێ
مردنی دڵتەزێنی دوو مێرمنداڵی مەریوانی کە بە هۆی دەستکورتی خێزانەکەیان، ناچار بوون کۆڵبەری بکەن. جارێکی دیکە پرسی منداڵانی کاری لە ئێران زیندوو کردەوە و پێشانی دا کە چ دۆخێکی زاڵمانە بە سەریاندا زاڵە.

ئێستا لە چوار مێرمنداڵی ئێرانی، یەک کەس یا هەر نەچووەتە بەر خوێندن، یا بەرلەوەی قۆناغی ناوەندی تەواو بکات، بێ ئەوەی شارەزاییەکی لە هیچ بوارێکدا بە دەست هێنابێت، لە خوێندن دەکشێتەوە.

وازهێنان لە خوێندنگە و خوێندن، یەکێک لە ڕووە گرنگەکانی نایەکسانییە جۆراوجۆرەکانی سیستەمی پەروەردە و جیاکاری ئاشکرایە کە گەنجانی ئێران لەگەڵی دەژین. بەشێکی ئەو مێرمنداڵانە بە ناچاری و لە تەمەنێکی کەمدا دەکەونە ناو بازاڕەکانی کارەوە و بە هۆی ئەوەی شارەزایی پێویستیاین لە کارکردندا نییە و یاساکانی ئەو بوارەیش لاوازن، دژوارترین و نامرۆڤانەترین مەرجەکانی کارکردن قبوڵ دەکەن.

دیارە باسی میلیۆنێک و نیو کچ و کوڕی مێرمنداڵ دەکەین کە لە  شەقامەکان و کێڵگەکان و کارگەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا بە مووچەیەکی کەم، کاری زۆر قوڕس دەکەن.

هاوسەرگیری منداڵان: کۆیلایەتی سێکسی           
بە پێی دوایین سەرژمیری لە ئیران، لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، پێشان دەدات کە ساڵانە بە شێوەی مامناوەند ٣٥ هەزار کچی منداڵ لە خوار تەمەنی ١٥ ساڵییەوە و ١٦٠ هەزار کچی مێردمنداڵ لە تەمەنی نێوان ١٥ تا ١٨ ساڵیدا ناچار بە شووکردن کراون.

کۆمەڵگەی ئێران سەدان هەزار کچی مێرمنداڵی تیادایە کە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵە و لە بری خوێندنگە و پۆل، یا لە ماڵی مێردن و خاوەن منداڵن، یا بێوەژ کەوتوون و یا تەڵاق دراون.

ئەو کۆیلایەتییە سێکسییەی منداڵان و مێرمنداڵان کە بە زۆری خێزانە هەژارەکان و شارەکان و ناوچە گەشە نەسەندووەکانی گرتووەتەوە. لە ژێر سایەی بنەما دینییەکاندا دەکرێت. سەرەڕای ناڕەزایەتی هەڵسوڕاوانی بواری ژنان و منداڵان. شارەزایانی کاروباری کۆمەڵایەتی و ژمارەیەک ئەندام پەرلەمان، بە هۆی سووربوونی ئەنجومەنی پاسەوانی دەستوور و ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی، تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچانی منداڵ هێشتا هەر ١٣ ساڵە و یاساکانی کۆماری ئیسلامی رێگەیان خۆش کردووە بۆ پەرەسەندنی یاسایی ئەم کارەساتە مرۆییە کە دژ بە منداڵان و مێرمنداڵان دەکرێت.

سیستەمی پەروەردەی پڕ لە جیاکاری
زیانەکان تەنیا منداڵانی کار و مێرمنداڵانی دوورکەوتوو لە خوێندن، یا ئەو کچە منداڵانە ناگرنەوە کە لە بری خوێندنگە نێردراون بۆ ماڵی مێرد. ئەوانەش کە لە ناو سیستەمی پەروەردەدا ماونەوە، بە جۆرێک قوربانیی ئەو گوتارە پەروەردەیی و وانانەن کە ناوەڕۆکێکی بێزارکەر و بە دوور لە دنیای ئەم سەردەمەی گەنجانیان هەیە و بە پێداویستییە کلتورییەکانی ئەوان نامۆن.

سەپاندنی دینێکی حکومی بە سەر سیستەمی پەروەردە و تەرخانکردنی ٢٥%ی کاتی خوێندن بۆ بانگەشەی دینی و سیاسی، جیاکارییەکی ئاشکرایە لە دژی کەمینە فەرمی و نافەرمییە مەزهەبییەکان و لە دژی ئەو کەسانەی لەگەڵ دینی حکومی ناگونجێن، ئەویش دینێک کە کۆماری ئیسلامی پێناسەی دەکات، هەروەها دژی ئەو کەسانەیە کە لەگەڵ دین و دینداریدا نین.

هەموو ئەو چین و توێژانە ناچارن لە چالاکییە پەروەردەییە فەرمییەکاندا، دینی سەپێنراو قبوڵ بکەن، بە بێ ئەوەی کەس لێی پرسیبێت ئایا بەو دینە ڕازین یا ناڕازین. ئەوە توندوتیژییەکی بەدامەزراوەبووە کە بە شێوەیەکی ڕۆتینی لە سیستمی پەروەردەدا لە دژی ملیۆنان گەنج بە کاردەهێنرێت کە دەچنە خوێندنگە و زانکۆکان و دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندی تاک لەگەڵ ئەخلاق و مەعنەوییەت و هەموو ئەو بابەتانەی بە ئایین و حکومەتی ئایین و دینداری بەستراونەوە زیانی پێ بگات و پڕ کێشە بێت.

ئامادەبوونی ئایینی حکومەتی، کۆمەڵێک قەدەغەکراو و ئەگەر و مەگەر و سنوور دەباتە ناو کەشی پەروەردە و کۆمەڵگەوە کە قۆناغی گەنجێتی زۆر دژوار و پڕ کێشە دەکات.

لە خوێندنگەکاندا، باسی هونەر، سەما، میوزیک و چالاکییە هونەری و کلتورییەکانی دیکە لە ئارادا نییە و گەنجان ناچارن ئەو هونەر و کەتوورەی بە دڵی بەرپرسانی حکومەتی ئایینی نییە، بە نهێنی فێری ببن و چێژی لێ ببینن.

بوونی کەلتووری ژێرزەمینی و نیوە شاراوەی گەنجان، بە ئاشکرا هەواڵی جەنگێکی کەلتووریمان پێ دەدات کە لە هەناوی کۆمەڵگەی ئێراندا روو دەدات. تەنانەت چوونێکی ئاسایی کچان بۆ یاریگەی وەرزشی بۆ ماوەی دەیان ساڵ کێشەی گەورە بوو و تەنیا فشارەکانی فیفا بەرپرسانی ئێرانی ناچار کرد پاشەکشێ لە بڕیاری رێگریکردن لە چوونی کچان بۆ یاریگە بکەن. بابەتێک کە لە وڵاتانی دیکەی جیهان بۆ کچان و کۆڕان زۆر ئاساییە.

نادادی لە پەروەردەدا
لایەنێکی دیکەی زیانەکانی سیستەمی پەروەردە، پەرەسەندنی نادادی پەروەردییە لە ئێراندا. سیستەمی پەروەردە یەکێک لە سەرەکیترین دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مۆدێرنە کە دەتوانێت تا ڕادەیەک دەرفەتی یەکسان بۆ نەوەی نوێ بڕەخسێنت.

لە سیستەمی پەروەردەدایە کە گەنجان دەتوانن بە بەشداریکردنی چالاکانە و داهێنەرانە بەو شارەزایەتییانە بگەن کە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتییان بۆ دێنێتە دی.

لە ئێران، بە پەرەسەندنی پەروەردەی کەرتی تایبەتی کە کەمتر لە ١٥%ی خوێندکاران دەگرێتەوە، ئەو کچ و کوڕانەی لە خوێندنگەی حکومی دەخوێنن، بە تایبەت لە ناوچە گەشە نەسەندووەکان و گوندەکان، ئاستێکی زۆر نزمی پەروەردە و پێداویستییەکانی پەروەردەیان بۆ دابین کراوە. چاوخشاندنێک بە ئاماری ئەو کەسانەی لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و بە تایبەت لە زانکۆ حکومییەکاندا وەرگیراون، پێشان دەدات کە پشکی خوێندنگە حکومییەکان و ناوچە گەشە نەسەندووەکان و منداڵانی خێزانە هەژار و دەستکورتەکان، زۆر کەمە و خوێندکارانی خوێندنگە تایبەتەکان زۆرترین دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە تاوەکوو لە تاقیکردنەوەکانی چوون بۆ زانکۆدا سەرکەوتوو بن.

ئێستا لە ئێران لە ٤ کەس تەنیا ١ کەس لە زانکۆی حکومی دەخوێنێت. کەسانێکیش کە نەتوانن بچنە ئەو زانکۆیانە، تەنیا لە حاڵێکدا دەتوانن بچنە ناوەندە باڵاکانی خوێندن کە دۆخی داراییان باش بێت.

گوتاری ئایدۆلۆژی پەروەردە
هەواڵێک بڵاو کرایەوە لە بارەی ئەوەی گۆڕانکاری نوێ لە ناوەرۆکی وانەکانی خوێندن دەکرێت و هەندێک کەسایەتی ناوداری ئەدەبیی ڕابردوو و ئێستا لە وانەکان لادەدرێن و بابەتی پەیوەندیدار بە ئایین و سیاسەت دەخرێتە شوێنیان، کە دیارە هات و هاوارێکی زۆری ناوەتەوەی نموونەیەکە پێمان دەڵێت؛ دۆخی پەروەردە بەرەو کوێ دەچێت.

ئەو جۆرە ئاراستە وەرگرتنە کە هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ٧٩وە دەستی پێ کرد و تا ئێستا بەردەوامە، کەم تا زۆر پەیامەکەی ڕوونە و پێمان دەڵێت: دەبێ گەنجان لە بری خوێندنی بەرهەمی شاعیرانی گەورەی وەکوو نیما، شاملو، ئەخەوان سالس، سایە، فروغ فروخزاد، سیمین بێهبەهانی، شەهرنووش پارسی پوور، فەرەیدوون موشیری و زۆری دیکەیش، بابەتەگەلێک بخوێنن کە هەندێکجار نەک هەر بەهایەکی ئەوتۆی ئەدەبیی و ئەکادیمییان نییە، بگرە بۆ کەلتوور، تێگەیشتن و داهاتووش زیانبەخشن.

دەموچاوە دینی و سیاسییەکان (شەهیدانی شۆڕشی ئیسلامی) لە بەشی (ناوداران)ی وانەی فارسی قۆناغی سەرەتاییدا، شوێنی سەرەکییان بۆ تەرخان کراوە. خوێندکاران لە بری ناسینی ژیان و بەرهەمەکانی مریەم میرزاخانی زانای بواری ماتماتیک، محەممەد عەلی فروغی زانا و رۆشنبیری گەورە، جەمالزادە رچەشکێنی چیرۆکی مۆدێرن، فرووغ فروخزادی شاعیری سەرکێش و تەنانەت مەولەوی شاعیری جیهانی، دەبێ ژیاننامەی شەهیدان و سەردارانی شەڕی ئێران و عێراق بخوێننەوە و کەسایەتییە دینییەکانی سەرەتای ئیسلام یا خومەینی، رەجایی دووەم سەرۆک کۆماری حکومەتی ئیسلامی، توندگویانی وەزیری نەوتی کابینەی رەجایی، باهونەری دووەم سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ئیسلامی، حوجەجی کوژراوی شەڕی سووریا بە دەستی داعش و شێخ فەزلوڵای ئاخوندی شەریعەتخوازی شۆڕشی مەشرووتە بخوێنن و ئەوانە بکەن بە نموونە بۆ ژیانی خۆیان.

 

بەو شێوەیە کەسایەتی و دەموچاوە خاوەن ناوە ئەدەبیی و زانستییەکانی ئێران و جیهان هێواش هێواش لە وانە دەرسییەکان لا دەدرێن یا رووبەرێکی زۆر کەمیان پێ دەدرێت.

بۆ نموونە لە وانەی نوێی فارسی پۆلی چوارەمی سەرەتاییدا، بابەتێک لە بارەی (سومەییە ژوبێرت)وە دانراوە کە خەڵکی فەڕەنسایە و بەم دواییە چووەتە سەر دینی ئیسلام، کە وا دێتە پێش چاو زیاتر لە بەها ئەدەبییەکەی، بە مسوڵمان بوون و ئەوەی جەختی لە سەر کراوە واتە (دەسەڵاتی خوداوەند)، لە هەڵبژاردنی بابەتەکەدا رۆڵی هەبووە.

هەر لەم کتێبەدا، گێڕانەوەی نوێی چیرۆکی ئارەشی کەمانگیر (پاڵەوانی ئەفسانەیی ئێران) بە شیعری سیاوەشی کەسرایی، چەند بەشێکی لێ بڕاوە کە بە ئاشکرا پەیامی شاعیر دەشێوێنێ.

بەتاڵکردنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی کتێبەکان و گوتارە پەروەردەییەکان لە واتا و بابەتی پڕبەهای پەروەردەیی، ئەدەبیی و کۆمەڵایەتی و، پشتبەستنی زیادەڕۆیانە بە دین بابەتی دینی و تاکلایەنە و باگەشەکارانە، بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی وانەکان لە رووی چۆنایەتی و لە رووی ستاندەرە خوازراوە پەروەردەییەکانەوە. ئەمە ئەو ئاراستە تاکلایەن و ئایدۆلۆژی و دینییەیە کە لە هەموو تێکستە پەروەردەییەکانی ئێراندا وەک ئامانجی سەرەکی و کاری هەرە لە پێشی پەروەردە گیراوەتە بەر.

لە پێشەکی کتێبە نوێکاندا نووسراوە؛ وانەکان لە سەر بنەمای ئاراستەی گشتی بەرنامەی دەرسیی نیشتمانی واتە (باڵاکردنی فیترەتی ئیلاهی) دانراون و بە لەبەرچاوگرتنی پێنج توخمی (زانست، بیرکردنەوە، ئیمان، ئەخلاق و کردار) رەهەندەکانیان لە چوار بواری (خود، خەڵک، بوون و خودا)دا نووسراون.

بەشێکی گرنگی قەیرانی ناسنامە کە لە توێژینەوە مەیدانییەکانی سەبارەت بە گەنجاندا باسی دەکرێت. لە ئەنجامی ئاراستە وەرگرتنی تاکلایەنە و زۆر ئایدۆلۆژیایی و بانگەشەکارانەی سیستمی پەروەردەیە کە کاری سەرەکی خۆی بە سەپاندنی دینی حکومەتی و جۆرێکی تایبەت لە دینداری خوازراوی حکومەت دەزانێ.

دوور کەوتنەوەی گەنجان لە گوتار و دامەزراوە فەرمییەکان بابەتێکی نامۆ نییە بۆ ئێران. بەڵام بەشێکی بەرچاوی بەرپرسان لە بری پێداچوونەوەی ڕەخنەگرانە و گەڕان بە دوای هۆکارەکانی ئەو دوورکەوتنەوە و پشتتێکردنە فراوانی گەنجان، بڕوایان وایە تەنیا بە زیادکردنی بابەتە ئایینیەکان و بانگەشەی زیاتری ئایدۆلۆژیای حکومەتی دەتوانن ئەوەی لە دەستیان چووە، بیگەڕێننەوە.

 

لە ئێران، سیستەمی پەروەردە و ژیانی کۆمەڵایەتی لەگەڵ دامەزراوە و میدیا فەرمییەکان، دۆخێکی دژوار، پڕ لە گرژی و هەندێکجار تۆقێنەر بە سەر گەنجاندا دەسەپێنن.

بەشێکی سەرلێشێواوی و دەستەوەستانی گەنجان دەگەڕێتەوە بۆ ژیان لە کۆمەڵگەیەکدا کە نەک هەر بووە بە ئیمپراتۆرییەتی قەدەغەکراوەکان، هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ گەنجەکان وێنا ناکات. ڕەنگە کەم وڵات هەبێ کە بەو ئاستی داهات و ئابوورییەوە، گەنجەکانی بەو شێوە فراوانە ڕوو لە کۆچ بکەن و حەز بە خۆدەربازکردن بکەن.
حکومەت ڕاستەوخۆ لە دۆخی ئیستای پەروەردە و ئەو لەناوچوونانە بەرپرسە کە گەنجان و کۆمەڵگەی ئێران گیرۆدەی بوون.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا