ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

07:52 - 17/01/2020

خامنەیی لە وتاری نوێژی هەینیدا خەڵکی ناڕازی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێهیوا کرد‌

پەیسەر

عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئیڕان، ئەمڕۆ دوای هەشت ساڵ و بۆ یازدەهەمین جار لەو کاتەوەی لە پێگەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیدایە، وەک پێشنوێژ و وتاربێژی نوێژی هەینیی تاران، چووە سەر مینبەری پێشنوێژی. ئەمڕۆ دەقاودەق چلەمین ساڵوەگەڕی یەکەمین پێشنوێژیی خامنەیی لە نوێژی هەینیی تاران بوو.

خامنەیی بۆ یەکەمجار لە ١٨ی کانوونی دووهەمی ١٩٨٠ وەک پێشنوێژی تاران، خوتبەی هەینی خوێند و ئەمڕۆش لەو ساڵوەگەڕەدا کە دەبێتە ١٧ی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٠ بۆ جارێکی دیکە  وتاری هەینی خوێند.

لەو کاتەوە کە خامنەیی لە پێگەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیدایە، تا ئەمڕۆ، هەر کاتێک هەستی بە مەترسییەک کردبێت، یان هەر کاتێک هەندێک رووداوی زۆر گرنگ لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران ڕووی دابێت، وەک پێشنوێژ و وتاربێژ چووەتەسەر مینبەری نوێژی هەینی لە زانکۆی تاران و هەر جارەو بە شێوەیەک هەوڵی داوە پاساو بهێنێتەوە بۆ ڕووداوە ناوخۆییەکان و سەرکوتکردنەکان و  ئەو فشارانەی لەسەر خەڵکن. بەرامبەر بە دەرەوەش بەردەوام هەوڵی داوە لە پێگەی هێزەوە قسە بکات و ڕووی قسەی لە زوڵم و زۆرداری و داگیرکاریی ئەمریکایە  و باس لە پێویستیی لەناوبردنی ئیسڕائیل دەکات.

لە وتاری ئەم هەفتەی نوێژی هەینیشدا وەک چاودێران دەڵێن دیسانەوە درێژەی بەو ڕەوت و شێوازەدا کە ساڵانێکی درێژە گرتوویەتە بەر و قسەکانی زیاتر دووپاتە و چەند پات کردنەوەی هەڵوێستە پێشووەکانی بوو بەرامبەر بە ناوخۆ و دەرەوە.

گرنگترین ئەو خاڵانەی کە  لە وتار نوێژی هەینی ئەمجارەدا هەڵوەستەی لەسەر کرد بەم شێوەیە بوون:
یەکەم: سوپای قودس ڕێکخراوێکی ئاسایی نییە. قاسم سلێمانی خۆی ڕێبازێکە. سوپای قودس هێزێکی بێ ‌سنوورە و یارمەتی یارمەتی هەر میللەتێک دەدەن. هەر ئەوان بوون کە سێبەری شەڕ و تیرۆریان لە وڵات دوور خستەوە. بەشێکی گرنگی ئاسایشی ئێران لە سایەی ئەوانەوەیە.
دووەم: سێ وڵاتی ئەوروپی وتوویانە پرسی ناوەکیی ئێران دەبەنە  ئەنجومەنی ئاسایش. ئەم سێ وڵاتەش هەر ئەوانەن کە سەردەمی شەڕ، پشتیوانییان لە سەدام دەکرد، کە مەبەستی وڵاتانی فەڕەنسا و بریتانیا و ئەڵمانیایە.

سێیەم: ئێمە کێشەیەکمان لەگەڵ دانووستان نییە، دانووستان دەکەین. بەڵام نەک لەگەڵ ئەمریکا. ئەوانەی کە دێنە سەر مێزی دانوستان، هەمان ئەو کەسانەن کە تیرۆرەکەی فڕۆکەخانەی بەغدایان ئەنجام دا.

چوارەم: تاکە بژاردەی بەردەم ئێران، بەهێز بوونە، بەهێز بوونیش تەنیا لە هێزی سەربازیدا نییە.  بەڵکو هێز لە ئابووری و پێشكەوتنی زانستییشدایە.

خامنەیی لە قسەکانیدا گرنگییەکی زۆری بە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی قاسم سولەیمانی و مووشەکبارانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دا و ئەو رۆژەی بە "یوم‌اللە" واتا ڕۆژی خودا ناو برد. بەڵام بە تاکە ڕستەیەکیش باسی ئەو هەفتاوچەند کەسەی نەکرد کە لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنەکە دا کوژران و بە سەریدا تێپەڕی.

سەبارەت بە گرنگترین ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوخۆی ئێرانیش جگە لە ئاماژەیەکی کورت بە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە، کە هەموو کەس چاوەڕوانیی ئەوەی لێدەکرد بەرپرسیارێتییەکەی بگرێتە ئەستۆ و داوای لێبوردن لە نێوخۆ و دەرەوە بکات.  بەڵام خۆی لێ نەبان کرد. لەم بەشە لە قسەکانیدا تەنانەت لەبری دەستەواژەی خستنەخوارەوە دەستەواژەی کەوتنەخوارەوەی بەکارهێنا و گوتی: "لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوە ئەو فڕۆکە ئۆکڕانییەدا هەندێک ناڕوونی هەیە، سپاسی برایانی سوپا دەکەین کە بۆ خەڵکیان شی کردەوە و هەڵبەت دەبێ هەوڵ بدرێ پێش بە دووبارە بوونەوەی ڕووداوی لەو جۆرە بگیردرێت."

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژانی ڕابردوو و پاش خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە و قبووڵکردنی نابەدڵانەی بەرپرسیارێتییەکەی لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ بەبیرهێنانەوەی هەڵوێستی خامنەیی سەبارەت بە لێدان و خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئەیرباسی ئەی ٣٠٠ لە لایەن ئەمریکاوە لە ٣ی تەمووزی ١٩٨٨، ڤیدیۆیەک لە قسەکانی ئەو سەردەمەی خامنەییان بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوە دەدا کە گوایە ئەمریکییەکان دەڵێن بە هەڵە لەو فڕۆکەیان داوە و ئەویش لە وەڵامدا بە توندی دەیگوت ئێوە زۆر بێجاتان کرد بە هەڵە لێتان دا، و لە بەرانبەردا بە هیوا بوون سەبارەت بە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکەش، هەڵوێستێکی گونجاوتر بنوێنێ.

لە وتارەکەی ئەمرۆیدا خامنەیی چوار جار ئەو خەڵکانەی کە نەیاری خۆی و دەسەڵاتەکەین لە پێگەی دوژمن دانا. جاری یەکەم گوتی ئەوانەی دروشمی "نە غەزە نە لوبنان" دەڵێنەوە، کەسانی فریوخواردوون. دواتر ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەو کەسانە دا کە وێنەکانی خامنەیی و قاسم سلێمانییان دڕاند و ئاگریان تێبەرداوە و گوتی "ئەوانە خەڵکی ئێران نین". سێیەم جار باسی ئەوانەی کرد کە پشتوێنی ڕووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئۆکڕاین بوون و گوتی کەسانی فریوخواردوون و لەژێر کاریگەریی میدیا بیانییەکاندان. دواجاریش خێزانی قوربانییەکانی ڕووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی کرد بە دوو بەشەوە و سوپاسی ئەو بەشەی کرد کە بە وتەی خۆی "تەسلیمی ویستی دوژمن نەبوون."

خامنەیی لە خوتبەی دووەمدا کە بە زمانی عەرەبی قسەی کرد و بە وتەی خۆی "برا عەرەبەکان"ی کردبووە بەردەنگ دوای ئەوەی پەسنێکی تەواوی سوپای پاسدارانی دا و ئاماژەی بە لێدان و مووشەکبارانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە لایەن سوپاوە کرد گوتی، وەڵامی بنەڕەتیی ئەمریکا  دەبێ ئەوە بێ کە لە ناوچەکە بکرێتە دەرەوە و باسی لەوە کرد کە دوژمن هەوڵدەدات گەلانی ئێران و عێراق بکەن بە گژ یەکدا، بەڵام وەک خۆی گوتی" شەهیدبوونی سولەیمانی و ئەبوو مەهدی" سەرجەم هەوڵەکانی ئەوانی کردە بڵقی سەرئاو. لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "هێزی ئیسلامی، واتا هێزی ئێمە و ئێوە، دەتوانین پێکەوە دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان تێک بشکێنین" و بە ئاشکرا داوای لە "برا عەرەبەکان" کرد بۆ سەقامگیریی ناوچەکە پشتیوانی لە ڕیبازی ئێران بکەن.

بەشێک لە بەکار هێنەرانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان کە هیوایان بەوە بوو لانیکەم ئەمڕۆ هەندێک شتی جیاوازتر لەوەی ساڵانێکە دەیبیستن، ببیستن لە کاردانەوە بە وتاری ئەمڕۆی نوێژی هەینی تاراندا دەڵێن: "چەندین ڕۆژە بانگەشە بۆ وتارێکی "مێژوویی"  دەکەن، بەڵام هیچ دەرەنجامێکی نەبوو و  هەروەک هەمیشە نەک داوای لێبوردنی لە خەڵکی تازیەبار نەکرد، کەچی خەڵکی توڕە و ناڕازی بە مونافیق و دوژمن ناساند.

سەرنجڕاکێشترین بەشی ڕێورەسمی نوێژی هەینیی ئەمڕۆش لە ڕوانگەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەوە بوو کە سەرۆک کۆمار حەسەن ڕووحانی، بەرلەوەی خامنەیی بە تەواوەتی سڵاوی نوێژەکەی بداتەوە، سڵاوی نوێژی دایەوە و بە پەلە شوێنەکەی جێهێشت و بێ ئەوەی چاوەڕێی ئاوڕدانەوەی خامنەیی بکات، لە ڕیزی نوێژکەران هاتە دەرەوە.

وتارەکەی ئەمڕۆی خامنەیی بە وتەی زۆربەی چاودێران هیچ نەبوو جگە لەوەی خەڵکی ناڕازی بێهیواتر کرد لە چاکسازی و هەروەها کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بە تایبەت ئەمریکای بێهیوا کرد لە دانووستان و رێککەوتن لەگەڵ تاران.