ڕاپۆرتی کوردستانی

07:07 - 18/01/2020

دەوڵەت شەڕ بۆ دەرەوە و پەکەکەش بۆ ناوەوەی تورکیای دەگوازنەوە‌

پەیسەر

دوای ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا بە تەواوی تێکچوو، دەوڵەتی تورکیا بە هەموو هێزێکیەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا و باکووری کوردستان دەستی بە هێرش و ئۆپەراسیۆنە سیاسی و سەربازییەکانی لەبەرامبەر گەریلاکانی پەکەکە و ئەندامانی هەدەپە کرد.

لە دوایین هەوڵەکانیدا سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان بە ناوی ئۆپەراسیۆنی (چنگ١ و ٢ و ٣) لە خواکوڕک و حەفتەنین و دەڤەری بارزان، دەستی بە هێرشەکانی لەدژی گەریلاکانی پەکەکە کرد و شەڕ و پێکدانان لەو ناوچانە تا ئێستاش بەردەوامە.

لە ناوخۆی باکووری کوردستانیش لە شار و شاخەکان دەوڵەتی تورکیا دەستی بە (ئۆپەراسیۆنی چۆکپێدادان) کرد و شەڕی و پێکدادان لە باکووری کوردستانیش بەردەوامە.

لە لایەکی ترەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی لە دەوروبەری شاروچکەی گرێ سپی و سەرێکانی و هەرێمی عەفرین و شەهباش هێرشەکانی سوپای تورکیا و میلیشیاکانی لەدژی شەڕڤانان بەردەوامە.

دەوڵەتی تورکیا بە دروشمی (لە دەرەوەی سنورەکان بەرژەوەندیەکانمان دەپارێزین) دەیەوێت لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان، گورزی گەورە لە پەکەکە بدات و لە ئیستادا لە دەرەوەی سنورەکانی زیاتر شەڕ دەکات.

تا ساڵی ٢٠١٦ هەر کاتێک ئۆپەراسیۆن و فشارەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر پەکەکە زیادیان دەکرد، لە شارە تورکییەکان گروپێک بە ناوی هەڵۆکانی ئازادی کوردستان – (تەیرەبازێن ئازادیا کوردستانێ - تاک) دەستیان بە هێرشکردن دەکرد و تەقینەوەی گەورەیان ئەنجامدەدا.

هەڵۆکانی ئازادی کوردستان (تاک)
تاک لە ساڵی ٢٠٠٤ لە شارە گەرەکانی تورکیا دامەزرا. وەک ئەندامەکانی دەڵێن، تاک هێزێکی تۆڵەسەندنەوە و لەدژی کۆمەڵکوژی و فشارەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر گەلی کورد دامەزراوە. هیچ سەرۆکێکی دیاری نییە، بەڵام عەبدوڵلا ئۆجالان وەک ڕێبەری خۆیان قبوڵ دەکەن.

دەوڵەتی تورکیا وەک بەشێک لە پارتی کرێکارانی کوردستان لەقەڵەمیدەدات، بەڵام خۆیان دەڵێن، 'پەکەکە هێزێکی چالاک نییە لەدژی دەوڵەتی تورک و هەندێک جار سیاسی بیردەکاتەوە، بەڵام ئەوان هێزی تۆڵەسەندنەوەن. چەند جارێکیش پەکەکە تەقینەوە و هێرشەکانی تاکی ئیدانە کردووە.

یەکەم چالاکی تاک لە ١٦ی تەموزی ٢٠٠٥ لە شاری ئایدنی تورکیا ئەنجامدرا و ئۆتوبوسێکیان تەقاندەوە و ٣ هاوڵاتی تورک کوژران و ٢ گەشیاریش برینداربوون.

كردەوە دیارەكانی ئەندامانی تاک لە ٢٠٠٥ەوە تا ٢٠١٦
٥ی نیسانی ٢٠٠٦ تەقینەوەیەکیان لەدژی ناوەندی فەرمی پارتی داد و گەشەپێدان لە ئەستەنبوڵ ئەنجامدا.
٢٨ی نیسانی ٢٠٠٦ لە مەڕمەڕە لەدژی هێزەکانی تورکیا هێرشێکیان ئەنجامدا.
٢٨ی تەموزی ٢٠٠٦ لە ئەنتاڵیا لەدژی هێزەکانی تورکیا هێرشیان ئەنجامدا و ٤ پۆلیس کوژران.
٢٢ی حوزەیرانی ٢٠١٠ لە ئەستەنبوڵ لەدژی هێزەکانی پۆلیس هێرشیان ئەنجامدا.
٢٠ی ئەیلولی ٢٠١١ لە ئەنقەرە لە هێزەکانی پۆلیسیاندا و ٣ کەس کوژران و ٣٤ کەس برینداربوون.
٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠١٥ لە فڕۆکەخانەی سەبیها گوکچەن لە ئەستەنبوڵ هێرشیان ئەنجامدا، کەسێک کوژرا و کەسێکیش برینداربوو.
لە ١٧ی شوباتی ٢٠١٦ دا لە ئەنقەرە تەقینەوەیەکیان لەدژی هێزەکانی پۆلیس ئەنجامدا و ٢٨ پۆلیس کوژران.
لە ١٣ی ئازاری ساڵی ٢٠١٦ دا لە ئەنقەرە لەدژی هێزەکانی پۆلیس هێرشیان ئەنجامداوە و ٣٧ پۆلیس کوژران.
لە ٢٧ی نیانی ٢٠١٦ دا لە بورسا چالاکیەکی خۆکوژی ئەنجامدرا، بەڵام دەوڵەت ئاماری کوژراو و بریندارەکانی بڵاونەکردەوە.
لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٦ لە ئەستەنبوڵ هێرشێک ئەنجامدرا و ٥ پۆلیس کوژران و ٦ کەسی مەدەنی برینداربوون.
لە ٦ی ئەیلولی ٢٠١٦ و ٢٤ی تشرینی دووەم و ١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠١٦ سێ تەقینەوە لە ئەستەنبوڵ ، ئەدەنە و ناوچەی بەشیکتاشی ئەستەنبوڵ ڕوویاندا و لە ئەنجامی سێ تەقینەوەکەدا نزیکەی ٤٠ کەس لە هێزەکانی پۆلیس و خەڵکی مەدەنی کوژران و زیاتر لە ٤٠ کەسیش برینداربوون.

هەڵۆکانی ئازادی کوردستان دوای ساڵی ٢٠١٦ هەرچەندە هەندێک بەیاننامەیان دەرکردووە، بەڵام هیچ چالاکیەکی دیاریان ئەنجامنەداوە و بە پێی هەندێک سەرچاوە، زۆربەی ئەندامانی تاک لە شەڕەکانی ڕۆژئاوادا ڕوویان لەو پارچەی کوردستان کردووە و زۆریان شەهید کراون.

لە ساڵەکانی ٢٠١٧، ٢٠١٨ و ٢٠١٩ دا شەڕێکی زۆر قوڕس لەنێوان پەکەکە و سوپای تورکیادا ڕوویداوە، بەڵام پەکەکە و هیچ هێزێکی تر لەناوخۆی تورکیادا واتە لە شارە تورکیەکان چالاکی و هێرشیان ئەنجامنەداوە.

بەڵام لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ و سەرەتای ئەمساڵەوە، هەندێک گروپ هاوشێوەی (تاک) لە شارە تورکییەکان دەرکەوتوون و لەدژی بەرژەوەندیەکانی حکومەت و هێزەکانی پۆلیس چالاکی ئەنجامدەدەن کە ناویان (یەکینەکانی تۆڵەسەندنەوەیە).

یەکینەکانی تۆڵەسەندنەوە کێن؟
یەکینەکانی تۆڵەسەندنەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە شارە تورکیەکان کار دەکەن. لە هەر شارێک بە ناوی شەهێدێکەوە گروپێک پێکهێنراوە. نمونە (یەکینەکانی تۆڵەسەندنەوەی شەهید سۆرۆ ئامەد، یان یەکینەکانی تۆڵەسەندنەوەی شەهید سۆرخوێن ڕۆبۆسکی). ئەم گروپانە بەم شێوەیە لە هەموو شارەکان لەدژی حکومەت هێرش ئەنجامدەدەن. جیاوازی ئەم گروپانە لەگەڵ تاک ئەوەیە، بە ئاشکرایی دەبینرێت کە سەر بە پەکەکەن واتە هەر گروپێک لە شارێک ناوی شەهیدێکی پەکەکەیان لەخۆیان ناوە.

لە ماوەی مانگێکی ڕابردوودا ئەم یەکەیانە ژمارەیەک هێرشی گەورەیان لەدژی حکومەتی تورکیا ئەنجامداوە.

لە ماوەی مانگێکی رابردوو، بە دەیان کارگەی دروستکردنی کەلوپەل و جلوبەرگی سەربازی لە ئەستەنبوڵ، ئەنقەرە و شارەکانی تر بوونەتە ئامانجی ئەم گروپانە. خاوەنی هەندێک لە کارگاکان کوژراون و کارگەکان و ئۆتۆمبێلەکانیان سووتێنراون.

هەروەها ئامانجێکی تری ئەم گروپانە هێزەکانی پۆلیس و ئەندامانی هەواڵگری تورکیا (میت)ـە. چەند ڕۆژی ڕابردوو لە شاری عوسمانیە و شاری ئەستەنبوڵ لەدژی هێزەکانی پۆلیس و ئەندامانی میت هێرشیان ئەنجامدا و لە ئەنجامدا ٣ پۆلیس و دوو ئەندامی میت کوژران.

بەم شێوەیە پێدەچێت پارتی کرێکارانی کوردستان لە زیادکردنی چالاکیەکانی لە ناوخۆی تورکیا و باکووری کوردستان، رێگە لە پەلهاوێشتنی سوپای تورکیا بۆ دەرەوەی سنورەکانی بگرێت و بە ئاشکرایی دەبینرێت، دەوڵەت شەڕ بۆ دەرەوە و پەکەکەش بۆ ناوەوەی تورکیا دەگوازێتەوە.